دووەمین پێشەنگای روەیدە حسێن لە ئامێدی کرایەوە

دووەمین پێشەنگای شێوەکاری هونەرمەند وەیدە حسێن بە ناوی "ڕەنگ و ڕوخسار" کرایەوە، تێیدا وێنەی ژنان، شەڕڤانان، منداڵان و چەندین وێنەی دیکە نمایشکران.

دووەمین پێشەنگای شێوەکاری هونەرمەند روەیدە حسێن بە ناوی "ڕەنگ و ڕوخسار" کرایەوە، تێیدا وێنەی ژنان، شەڕڤانان، منداڵان و چەندین وێنەی دیکە نمایشکران.

 

تەوار پێنجوێنی

ناوەندی هەواڵ- دووەمین پێشەنگای شێوەکاری هونەرمەند ڕوەیدە حسێن بە ناوی "ڕەنگ و ڕوخسار" لە قەڵای ئامیدی لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لە ٧ی حوزەیران کرایەوە.

لە پێشەنگاکەدا کە لە شوێنێکی کراوەی ئامێدیدا بەڕێوەچوو، ٢١ تابلۆی شێوەکاری هونەرمەند نمایشکرا.

تابلۆکان پێکهاتبوون لە نیشاندانی ئازارەکانی ژنان، وێنەی شەڕڤانان، ژنانی ئێزدی و منداڵانی کورد.

یەکێک لە تابلۆکان وێنەی محەمەدی ١٣ ساڵ بوو کە لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەم/١٠ی ٢٠١٩ بۆسەر سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە چەکی فۆسفۆر برینداربوو و گیانی سوتا.

هەروەها وێنەی کارمەندانی تەندروستی کێشابوو کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

شێوەکار ڕوەیدە وێنەکانی بە بۆیەی زەیتی لەسەر کانڤاس دەکێشێت، دەربارەی دووەم پێشەنگای خۆی بۆ ئاژانسی ژنها دوا و وتی: پێشەنگای ڕەنگ و ڕوخسار باس لە ژیان دەکات، باس لە منداڵێک دەکات کە تا گەورە ببێت چەندە گۆڕانکاری و کارتێکەری کۆمەڵگە و ژیان لەسەر ڕوخساری دەردەکەوێت، من ویستم ئەو ڕوخسارانە نیشانی بینەر بدەم، چونکە هەر ڕوخسارێک چیرۆکێکە، زیاتریش ڕەنگی ژیانی هەژاران و زوڵملێکراوانم خستووەتە ڕوو.

ئەو هونەرمەندە بانگ لە ژنان دەکات کە بەهرەیەکیان تیایە، کار بە بەهرەکانیان بکەن و نەوەستن: ساڵانە چەندین دەرچووی زانکۆ و پەیمانگامان هەیە، بەڵام لە کاری هونەری دوور دەکەونەوە، هیوادارم کار بە بەهرەکانیان بکەن و لە ڕێی هونەرەوە خزمەت بە خەڵک و کۆمەڵگە بگەیەنن، گوێ بەو ڕەخنانە نەدەن کە دەڵێن کاری هونەری بەهای نییە، بە هەریەک لە ئێمە کاری خۆمان بکەین و خزمەت بە کۆمەڵگە بکەین.

ڕوەیدە حسێن دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە، ماوەی ٥ ساڵە خوێندنی تەواوکردووە، یەکەمین پێشەنگای شیوەکاری تایبەتی لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ کردووەتەوە، لە چەند پێشەنگایەکی دیکەدا بەشداری کردووە لە دهۆک، زاخۆ، سلێمانی و کفری، هەروەها لە پێشەنگای نێودەوڵەتی لە چین و ئۆکرانیادا بە تابلۆکانی بەشدار بووە.

ت.پ