دووەمین پێشانگای شێوەکاری بە ٨٥ تابلۆی جۆراوجۆر دەرازێنرێتەوە

بە ئامانجی پێشخستنی بەهرەی گەنجان دووەمین پێشانگای هونەریی بۆ تابلۆکانی ژنانی کورد، سروشت و کەلەپووری کورد، لە کۆبانێی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرایەوە.

کۆبانێ

 

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی حوزەیران، ناوەندی چاند و هونەری خادۆ دووەمین پێشانگای هونەری بۆ تابلۆکاری ژن، سروشت و کەلەپووری کوردی لە شاری کۆبانێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردەوە، ئامانجیش لێی پشخستنی توانای هونەرمەندان و بەهرەکانیانە.

 

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بایەخی تایبەت دەدرێت بە پێشکەوتنی هونەرمەندان و بەتایبەت هونەرمەندانی تازە هەڵکەوتوو، لەم ماوەیەشدا چەندین پێشانگا کراوەتەوە و زۆربەی ئەو تابلۆیانەی لە پێشانگاکاندا نمایش دەکرێن هەڵقوڵاوی هەقیقەت و ژیانی هاوڵاتیانن.

لە پێشەنگاکەدا ٢٠ خوێندکار لە بەشی هونەری ناوەندی خادۆ بە ٨٥ تابلۆ بەشداربوون، لە ماوەی کردنەوەی پێشەنگاکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایەوە بەشداربووان، هەروەها گروپی چاند و هونەری بۆتان چەندین گۆرانییان پێشکەشکرد.

دوو لە بەشداربوانی پێشەنگاکە بۆ ژنها دوان، یەکێک لەوانە جیهانی بەکی تەمەن ٢٠ ساڵ بوو، دەربارەی کارە هونەرییەکانی وتی: ماوەی ٣ ساڵە دەستم بە کاری وێنەکێشان کردووە و بەردەوام پەرەم بە بەهرەکانم داوە تا بتوانم لە پێشەنگایەکدا بەشدار ببم، من پێم وایە مرۆڤ چی لە ناخیدا بێت ڕەنگدانەوەی لەسەر وێنەکانی دەبێت، من وێنەی ئەو کارەساتانە دەکێشم کە بەسەر خەڵکەکەماندا هات لە کۆبانێ، یەکێک لە وێنەکانم گوزارشتە لە یەکێک لە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستی ژن-یەپەژە، هەروەها وێنەی کلتوری کوردیم کردووە لەناو منداڵاندا.

یەکێکی دیکە لەو ژنە گەنجانەی لە پێشەنگاکەدا بەشداربوو هێلین ئەحمی عەباسی تەمەن ٢٠ ساڵە، ئەمە دووەم پێشەنگایە بەشداری دەکات و دەڵێت هەموو ساڵێک ئەم پێشەنگایە دەکرێتەوە بەڵام ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێکنەخرا.

 

هێلین دەربارەی وێنەکانی ئاماژەی بەوەدا من بابەتە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی ژنەوە دەگێڕمەوە، تابلۆم هەیە لەبارەی سروشتەوە، بۆیەئاوییەکان بەکاردەهێنم کە گوزارشت لە خۆشی دەکات، هەروەها خەڵوز و ڕەنگی نەوت بەکاردەهێنم بۆ وێنەکانم، هێلین دەیەوێت بە وێنەکانی پەیامێک بداتە کۆمەڵگا کە ژنان لە هەموو بوارەکاندا توانای خۆسەلماندنیان هەیە.

 

پێشانگاکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی یەک لەدوای یەک لە ناوەندی چاند و هونەری خادۆ لە شاری کۆبانێ بەردەوام دەبێت، یەکەمین پێشەنگای کارە هونەرییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو.

 

ت.پ