دوو شێوەکار بە تابلۆکانیان چاوی منداڵانی ئۆتیزم پڕ ڕەنگ دەکەن

ئەم دیواربەندە جێگەی دڵخۆشی من و ڕۆزای هاوکارم بوو، چونکە ئەم کارەمان جیاواز لە هەر کارێکی تر بوو کە لە پێشتردا کردبوومان، یەکەمین خزمەتمان بوو بە منداڵانی ئۆتیزم.

 

هەوار محەمەد

گەرمیان- دوو شێوەکاری گەنج تابلۆی دیواربەندی سەنتەرێکی خۆبەخش بۆ خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی لە شارۆچکەی دەربەندیخان لە هەرێمی گەرمیان ئەنجامدەدەن.

ڕۆزا نوری و لانە لوقمان دوو گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانن، کاری هونەری وێنەکێشان دەکەن و زۆربەی دیوارەکانی دەربەندیخانیان بە تابلۆکانیان رەنگین کردووە، وەک رۆزا دەڵێت: "پێشتر دیواری قوتابخانەکان وشەی نەشیاویان لەسەربوو، بەڵام ئێمە توانیمان بە هونەر ڕۆح بە بەر دیوارەکاندا بکەینەوە".

زۆربەی کارەکانیان بە شێوازی گروپ لەگەڵ ژنانی گەنجی دیکەی وێنەکێش ئەنجامدەدەن، وەک دیواری ڕاگری تونێلی دەروازەی قەزاکە، سەیرانگاکان، ناو بازار و بەشێک لە قوتابخانەکان، لە تازەترین کاریشیاندا کارێکی خۆبەخشی تابلۆی دیواربەندییە بۆ سەننتەری هیممەت بۆ ڕاهێنانەوەی منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی.

ڕۆزا و لانە، وەک دوو گەنجی قەزاکە و بە هەستی بەرپرسیارێتیی و ئەرکی مرۆڤانەیان، ڕەنگ کردنی دیواری ڕێکخراوەکەیان گرتە ئەستۆ و نزیکەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام کاریان لە کێشانی تابلۆکاندا کردووە  .

ڕۆزا باس لە یەکێک لە بەسەرهاتەکان دەکات و دەڵێت: لە کاتی کێشانی یەکێک لە تابلۆکانی سەر دیواری ڕووی دەرەوەی بیناکە، لانەی هاوڕێم کەوتە خوارەوە، بەڵام باشبوو کە زیانی جەستەیی نەبوو، ئەوەش ڕووداوێکی ناخۆش بوو بۆمان، ڕۆزا باسی لەوەش کرد، هەندێکجار لە کاتی کێشانی تابلۆ دیواربەندییەکاندا لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی رەخنە دەبنەوە، بەڵام هەرگیز ڕۆژێک بیرمان لەوە نەکردووەتەوە وازی لێبێنین، بەڵکو هەوڵی زیاترمان بۆ داوە و بەردەوام بووین .

داواش لە ژنانی گەنج دەکات کە دەست بە کارێک دەکەن لە ڕێگە و پێگەی خۆیانەوە بە باشی کارەکانیان بکەن و بەردەوامبن، تا ئاستەنگی و ڕیگرییەکانی ژیانیان کەم بکەنەوە، سەبارەت بە نەخۆشانی ئۆتیزمیش دەڵێت: "هەموو نەخۆشانی ئۆتیزم پێویستیان بە هاوکاری هەیە"، پەیامیشی بۆ هاوڵاتیان ئەوەیە کە لەگەڵ نەخۆشانی ئۆتیزمدا بە شێوازێک هەڵسوکەوت نەکەن کە ڕووخێنەر بێت.

ڕۆزا باس لە یەکێک لە تابلۆکان دەکات کە لەسەر دیوار کێشاوێتی، ئەویش منداڵێکی ئۆتیزمە لە ئامێزی دایک و باوکیدا و بە چەندین پارچە ڕەنگی جیاواز کێشراوە، ڕۆزا گوزارشتی خۆی لەو ڕەنگە جیاوازانە دەکات و دەڵێت: "منداڵی ئۆتیزم پێویستی بە هاوکاری هەیە لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە.

لانە لوقمان، وێنەکێش، باس لە دەستپێکی پرۆژەکە دەکات و دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە لە سەرەتادا دەستمان پێکرد داواکاری بەرێوەبەری سەنتەرەکە بوو، جێگەی دڵخۆشی من و ڕۆزای هاوکارم بوو بۆ ئەم کارە دیواربەندییە، چونکە ئەم کارەمان جیاواز لە هەر کارێکیتر بوو کە لە پێشتردا کردبوومان وە یەکەم خزمەتمان بوو بە منداڵانی ئۆتیزم.

لانە باس لە یەکێک لە تابلۆکان دەکات کە کێشاوێتی، ئەویش بریتییە لە کۆمەڵێک رەنگی نیشانەی پەلکەزێڕینە لە کەلە سەرێکەوە هاتووەتە دەرەوە و دەڵێت: منداڵانی ئۆتیزم کارێکی زۆر لەسەر  ڕەنگی پەلکەزێڕینە و وردەکارییەکان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆی قەڵەم و کەرەستە رەنگینەکانی تر بۆ خەون و خولیای منداڵەکان دەگەڕێتەوە.

 

ت.پ