دڵسۆزی دایک، ئیلهامی تابلۆکانی ژوانە

دایک و دڵسۆزی بۆ ڕۆڵەکەی و قوربانییەکانی، بووەتە ئیلهامی دەستی ژوان و هێزی جوڵاندنی فڵچەکەیی، ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت لە قوتابخانەکەندا هیچ گرنگی بە وانەی هونەر نادرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- شێوەکارێک بەم شێوەیە چیرۆکی ژیانی باس دەکات:

من ناوم ژوان باقییە، تەمەنم ٢٧ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥ دەستم بە هونەری شێوەکاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٧ هاتوومەتە گروپی گەلەری دڵخواز و زیاتر چوومەتە ناوی هونەری شێوەکاری.

هەر لە منداڵیەوە حەزم لە شێوەکاری بووە، بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتایی خوێندندا، تەنانەت لەگەڵ مامۆستاکانی هونەردا پەیوەندییەکی باشترم هەبوو، ئەو کاتەی ڤیستیڤاڵەکانی قوتابخانە دەکرایەوە هەموو ساڵێک وێنەی من هەبووە.

ژوان دەڵێت: بە داخەوە لە قوتابخانەکاندا وانەی وەرزش و هونەر گرنگی پێنادرێت، لە زۆری قوتابخانەدا مامۆستای هونەر هەر نییە، زۆرینەی ساڵەکان مامۆستای هونەرم نەبووە، لە کاتێکدا بوونی وانەی هونەر زۆر گرنگە، بۆ پشوودانی مێشکی منداڵ و ئامادەیی بۆ وەرگرتنی زانیاری دیکە بۆ وانەی داهاتوو، لە قۆناغە سەرەتاییەکان ئەگەر بایەخ بە وەرزش و هونەر بدرێت، نەوەیەک بەرهەم دێت کە دۆستی هونەر و وەرزش بێت.

پێم وایە بە گشتی، لە کوردستاندا هونەر بێ بایەخ کراوە، ئێستا تەنها کۆمەڵێک پێشانگای کرچوکاڵ دەکرێتەوە و بەشێک لە هونەرمەندەکان لە یەکتر عاجزن، لەمیدیاکانیشدا بەرنامەیەکی هەفتانەی تایبەت بە شێوەکاری نییە، یەکێکی دیکەش لە کێشەکان ئەوەیە هەندێک کەس تەنها بە گۆرانییەک یاخود دانانی چەند ڕەنگێک لەسەر تابلۆییەک پێیان دەوترێت هونەرمەند.

لە درێژەی قسەکانیدا ژوان دەڵێت: هونەر جوانە، شتێکی نەشازە بڵێی من بێزار دەبن لە تابلۆیەکی پڕ ڕەنگ، لە هەموو ژاوەژاوەکانی دەرەوە بێزار دەبیت، بەڵام لە هۆڵێکی پڕ لە تابلۆ و ژیان بێزار نابیت.

ستایل هونەری کوردی و جیهانی جیاوازە بە تایبەت لە بەکارهێنانی ڕەنگەکاندا ئەگەر سەیری بکەیت ڕەشبینیمان لە تابلۆکانیشماندا ڕەنگی داوەتەوە، زیاتر ڕەنگە ماتەکان بەکار دەهێنین، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا تابلۆکانیان هەست بە گەشبینی دەکەیت لە دانانی ڕەنگەکانیاندا.

دەربارەی تابلۆکانیشی وتی: تابلۆکانم زیاتر باس لە هێزی ژن و ئەو ئاڵانگارییانەی سەر ژیانی ژن دەکەن، لە کۆتایدا ژن دایک و هاوژین و خوشکە، باس لە جەنجاڵیەکانی ژیانی ژن دەکات، کە ڕووبەڕووی فشار دەبێتەوە، بەڵام هێزی خۆی کۆدەکاتەوە و ڕووبەڕووی هەموو سەختییەکان دەبێتەوە.

ڕۆڵ و دڵسۆزی دایک وام لێدەکات لە بارەی ژنەوە تابڵۆ بکێشم، دایک هەموو کات خۆی دەکاتە قوربانی ڕۆڵەکەی، کە بەهێزبێت و جوان پەروەردەی بکات بۆ داهاتوو.

ت.پ