دەنگ هەڵبڕە، بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی

گۆرانی دەنگ هەڵبڕە، کە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە ئامادە کراوە، پەیامێکە بۆ هاتنە دەنگی ژنان و بەگژداچوونەوەی توندوتیژییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری ڕیکخراوی NPAی نەرویجی تازەترین ڤیدیۆ کلیپی خۆیان بۆ ٨ی مارس بڵاوکردەوە، کە گۆرانییەکە بە ناوی "دەنگ هەڵبڕە" و تێیدا پەیامی بەگژداچوونەوەی توندوتیژییە و هاتنە دەنگی ژنان دەدات، تا چیتر ژنان لە ئاست زوڵم و ستەم و کوشتن بێدەنگ نەبن.

 

گۆرانییەکە بە ناوی "دەنگ هەڵبڕە"یە و لە وتنی لاڤە واحیدە، تێکست نوسەری ژن ڕۆژە حەسەن ئامادەی کردووە، میلۆدی لەلایەن دیاری قەرەداغی و مۆسیقا بڵند قەرەداغییە، دەرهێنەری گۆرانییەکە ڕێباز موتابچی‌یە.

 

ئەم بەرهەمە کە تایبەتە بە ٨ی مارس و ئاماژە بە مێژووی ژنان دەکات کە سەرەڕای ئاوابوونی ژیان لە باوەشی دایک-ژن‌ەوە بەڵام ئەو مێژووە ون کراوە، پەیامێک دەداتە ژنان تا لە ئاست سڕینەوەی مێژوو دژ بە ئازار و توندوتیژییەکان بێدەنگ نەبن و دەنگ هەڵبڕن.

 

 

دەنگ هەڵبرە          

كەس مێژووی بێدەنگی نانوسێتەوە

با گوێم لەمێژوی خنکاوت بێت

با دەست لە قوڵایی ئازارت بدەم.

پڕیت لە ڕەنگ

بەسەر ئاوەدانیدا بڕژیِ

هەرچی کانییە لە قوڵایی تۆوە هەڵئەقولێت

 

تۆ بوكەڵەی تاریكی نیت

لە تروسكایی ئومێد بچێنە

لە ئومێد شۆرشێ یەكسانی

 

دەنگ هەڵبڕە

ئازار ئەبێت كڵپەی هەبێت

ئاگر ئەبێت تیشكی هەبێت.  

ناسكی، شەرم، نیانی،

 پێدراوی مێینەیین

 هەستە وەك شەپۆل

بێدار بە وەك ئاگایی

زیندو بە وەك گۆرانی

لە گەروی مێژودا

ئاوازێكی نەبڕاوە بە

بێكەس ئاسا، هاوار بكە

نێرو مێ هەردوو بە جوتە

بۆ وەتەن هەولێك نەدەن

دوورە دەرچونی لە دیلی مەل بە باڵێك نافرێت

 

 

ت.پ