دەمەوێت ئەزموونەکانم ببەخشمە گەنجی خاوەن خولیا

فێرخوازێکی شێوەکاری داوا لە ژنانی گەنج دەکات تواناکانیان نەشارنەوە و بەهرەکانیان نیشانی کۆمەڵگا بدەن.

 

هەوار محەمەد

دەربەندیخان- بە ئارەزوویەکی زۆرەوە خۆی لە هونەری شێوەکاریدا بەرەوپێش دەبات و لە بواری هونەریدا دەیەوێت خۆی بسەلمێنێت، شادان پێزانینی بۆ هاوڕێ و خێزان و مامۆستا و کەسانی چواردەوری دەردەبڕێت و بە ئومێدەوە دەیەوێت لە داهاتوودا پەروەردەی هونەر بداتە گەنجان.

شادان بەکر تەمەنی ١٩ ساڵە و دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانە، خولیای بۆ هونەری شێوەکاری دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی، ئەو ئێستا خوێندکاری زانکۆیە و لە بەشی بیرکاری دەخوێنێت، نزیکەی ساڵێکە لە سەنتەری گەنجان سەر بە منداڵپارێزی کوردستان بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەستیکردووە بە کێشانی تابلۆ و خۆی پەروەردە دەکات.

 

شادان باس لەوە دەکات ئەو تابلۆیانەی دەیکێشێت تایبەتی نەکردووە بە  بوارێکی شێوەکاری، بەڵکو تابلۆی سروشت و پۆترەیت و کەرەستە کەلتورییەکان دەکێشێت و ئارەزوو دەکات بە شێوەیەکی گشتی خۆی فێری هونەرەکانی  شێوەکاری بکات.

سەبارەت بە  سەنتەری گەنجان دەربەندیخان دەڵێت: "جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە کە شوێنێکی واهەیە و لێرە تواناکانی گەنجان دەردەخرێت.

 

شادان لە پێشەنگایەکی هونەریدا کە بۆ نمایشکردنی تابلۆکانی ٢٤  ژنی گەنجی شێوەکار سازکرابوو لە دەربەندیخان، وەک یەکێک لە بەشداربووان  کۆمەڵێک لە تابلۆکانی نمایشدەکات و دەڵێت: "ئەمە یەکەم پێشانگامە کە بەشداری تێدادەکەم، جێگای دڵخۆشییە کە هاوڵاتیان کارەکانمیان بینیوە و دەستخۆشییان لێکردم"، هاوڕێ و خێزانەی شادان پاڵپشتی بەهرەکانی دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەو بەهرەمەندە، "دەمەوێت بە سەرکەوتنی زیاتر و کاری باشتر و جوانتر تواناکانم بۆ خێزانەکەم بسەلمێنم".

ئەو شێوەکارە، بە ئومێد و هیوایەکی گەشەوە باس لە پێشکەوتنە بەردەوامەکانی و توانای بۆ هونەری شێوەکاری دەکات دەربارەی یەکێک لە تابلۆکانی کە وێنەی ژنێکە، دەڵێت: ئەم تابلۆیەم یەکەم تابلۆمە کە بە پۆرترەیت و بە ڕەنگ بیکێشم، بە بۆیەی زەیتی لەسەر قوماشی کانڤارس کێشاومە و توانیومە تا ئاستێکی باش کاری تێدابکەم و دڵنیام لە تابلۆکانیترم باشتر کار دەکەم و بەرەوپێش دەچم.

شادان پەیامی بۆ ژنانی گەنج هەیە و داوایان لێدەکات لە ماڵ بێنە دەرەوە و ئەو توانایانەی کە هەیانە دەریبخەن، بەهرەو خولیاکانیان پەرە پێبدەن، هەروەها داواش لە خێزانەکان دەکات هاوکار و پشتگیری کچەکانیان بن چونکە پاڵنەرێکی دەرخستنی توانای ژنانە و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ژنانیش بێنە ڕووی کۆمەڵگە و تواناکانیان نیشان بدەن و خزمەت بە خۆیان و کۆمەڵگە بکەن.

ت.پ