عەفرین یان ئەڤرین شارێکە کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە

شاری عەفرین دەوڵەمەندە بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی، هەروەها جێپەنجەی خۆی لە مێژوودا بەجێهێشتووە و بووە بە میرات و شانازی گەلی کورد

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- شاری عەفرین دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی لە دیوی باکووری ڕۆژئاوای سووریا، لەسەر سنووری سووریا و تورکیا هەڵکەوتووە، لە ڕۆژئاواوە دەکەوێتە ناو دەشتی ئەلئومیق، لە قەزای ئیسکەندەرون و ڕووباری ڕەش لە عەفرین، هێڵی سنووری ئەو ناوچەیە دیاری دەکات، لە باکوورەوە تاکە هێڵی لەگەڵ مەیدان ئەکبەز بەرەو کلیسە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو دەشتی عەزاز و لە باشوورەوە ناوچەی چیای سێمانە.

 

عەفرین ناوچەیەکی شاخاوییە و بەرزییەکەی لە نێوان ٧٠٠-١٢٦٩ مەتردایە، بەرزترین لوتکەی پێی دەوترێت چیای گەورە کە بەشێکە لە زنجیرە چیای تۆروس لە سووریا و ٪٢ی کۆی ڕووبەری سووریا پێکدێنێت.

 

جوگرافیا و دانیشتووانەکەی

ناوچەی عەفرین لە ڕووی جوگرافییەوە لە نێوان دەشت و شاخەکاندا هەمەچەشنە و ڕووباری عەفرین پێیدا تێدەپەڕێت کە ٨٥ کم بە سووریادا درێژ دەبێتەوە، ئەم ڕووبارە و لقەکانی بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم ناوچە کشتوکاڵییە دادەنرێت، ناوچەی عەفرین لە ڕووی ئیداریەوە وابەستەی پارێزگای حەلەبە و ناوەندەکەی شاری عەفرینە کە ٨٥ کم. دوورە لە حەلەبەوە، هەروەها ئەم ناوچەیە لە ٧ شارۆچکەی (شەرا، بلبیل، چندرێس، ڕێکۆ، مابێتە، شییە و شێروا) پێکدێت و ٣٦٦ گوندی هەیە، عەفرین بەهۆی جوگرافیا ستراتیژییەکەیەوە ناوچەیەکی بەپیتە بۆ کشتوکاڵ، هەروەها گرنگترین بەروبووم کە هەرێمی عەفرینی پێ بەناوبانگە و بووەتە سیمبول، زەیتوونە، جگە لەوەش، هەموو جۆرە میوە و سەوزە و دانەوێڵەیەک لەسەر خاکەکەی دەچێنرێت.

 

ناو و مێژووی لە کوێوە هاتووە؟

عەفرین یان ئەڤرین وشەیەکی کوردییە، بە واتای دروستکردن و بەخشین دێت، ڕووباری عەفرین تا ئێستاش سەرچاوەی ژیان و پاداشتە، مێژووی عەفرین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانەکان و فەرەنسییەکان لە ساڵی ١٩٢٣دا کردیان بە شارێکی مۆدێرن، یەکەم دانیشتوانی عەفرین کورد و شازادەی ئێزیدی بوون، هەروەها بەشێک لە ئەرمەنییەکان کە لە ژێر چەوساندنەوەی تورکەکان هەڵهاتن و لە عەفرین نیشتەجێ بوون و ئەوانیش لە شارەکەدا کڵێسایەکیان هەبوو، لە سەردەمی داگیرکاری فەرەنسا ناوچەی کورد داغ دامەزرا، کە لە عوسمانییەکانەوە وەرگیراوە و لە سەردەمی عوسمانییەکاندا سەر بە ویلایەتی حەلەب بوو، بە زمانی عەرەبی بە جەبەل ئەلکورد واتە چیای کورد ناسراوە.

 

لەسەر زەوی و ژێر زەوی چەندین شوێنەوار و دەوڵەمەندی مێژوویی هەیە، لە ناوەندی عەفرین چوار ڕیانی کاوەی ئاسنگەر، وێتانی و نەورۆز هەیە، بەڵام بەداخەوە کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ عەفرینی داگیرکرد، بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافی و سەرکوتکردنی ناسنامەی ناوچەکە، هەموو شوناس و مێژووی عەفرینی گۆڕی.

 

"عەفرین زۆر خۆش بوو"

شیرین ئەحمەد، کە یەکێکە لە دانیشتوانی ناوەندی عەفرین، باسی ژیانی شارەکە و دابونەریتەکانی کرد و وتی: دابونەریتی سەرەکی عەفرین ئەوەیە کە خۆشەویستی لەناو دانیشتوانەکەیدا هەیە، عەفرین لە سووریادا ناوبانگێکی زۆری هەیە بە سروشت و درەختی شاخەکانی، هەروەها بە بووکی کوردستان ناسراوە، عەفرین میوەی جۆراوجۆری هەیە و زەیتوون بووەتە سیمبولی، کاتێک دانیشتووانەکەی سەردانی یەکتریان دەکرد زەیت و زەیتونیان دەبەخشییە یەکتر، ئەمەش کولتووری هاوبەشیکردن و یەکسانی نیشان دەدات.

 

هەروەها شیرین ئەحمەد باسی لەوەکرد، عەفرین ناوچەیەکی تێر ئاوە و لە هاویندا دانیشتووانەکەی دەچوونە دەرەوە بۆ سەیرانکردن، خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی عەفرینەوە دەیانویست ڕوو لە ناوچەکە بکەن و بگەنە جوگرافیا و سروشتەکەی، ژیان لە عەفرین خۆشبوو، بەتایبەتی دوای شۆڕش عەفرین وەک تابلۆیەکی مۆزایک سەیر دەکرا، چونکە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی لە باوەش گرتبوو و چەندین ڕەنگی تێدابوو، ژیانی یەکسان تێیدا بینرا، بۆیە هەمیشە هیوادارین ئەم ژیانە جارێکی تر لە عەفرین بگەڕێتەوە و حەسرەتی ساڵانێک دووری دانیشتووانەکەی لە شارەکەیان کۆتایی بێت.