هونەر لە هەناوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا

"ژن، ژیان، ئازادی" هاوارێک کە لە  شاری سەقز و لەسەر مەزاری ژیناوە بووە ئاگری شۆڕشێک، لەلایەن هەموو ئەو کەسانەی کە هاواری ئازادی لە ناخیان ساڵانێک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کپ ببوو، بەرزبووەوە، هاوارێک کە تۆزی خۆڵەمێشی بێ هیوایی لەسەر ژیان و خەیاڵیان لابرد.

سلێمانی

 

"ژن، ژیان، ئازادی"، مانیفێستۆی بوون، سێ وشە، بەڵام دەریایەک لە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا کە هەموو بنەماکانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک لەخۆدەگرێت، دەریایەک کە دەتوانێت تینوویەتی هەر کەسێک بۆ ئازادی بشکێنێت. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسەر خاکێک دەستی پێکرد کە یەکەم دا‌هێنان و دۆزینەوە ئەرێنییەکانی ژنی تێدا هەڵکەوتووە، هەر لە سەر ئەم خاکە یەکەم پێکهاتە نەرێنییەکانی دژ بە ژنیش سەری هەڵدا؛ هەر بۆیە ژنان بەم شۆڕشە هەر لەو شوێنەی کە تێیایدا ژیانیان بنیادنا، بە دوای حەقیقەتدا گەڕان و درکیان بەوە کرد تێکۆشان لە سەر بنەمای "ژن، ژیان، ئازادی"، ئەنجامی سەرکەوتن و ئازادی دەبێت.

 

تێکۆشانی ژن لە دژی هەموو جۆرە پەراوێزخستن و جیاکارییەک لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکی درزی خستە ئەو ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەی کە دەسەڵاتداری لە سەر کۆمەڵگە دروستی کردبوو، هەر بۆیە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی ژنان توانی ببێتە کابووسی ڕژێمی ئێران و ئاگری ئەو شۆڕشە بە تێپەڕبوونی دوو ساڵ، هەرچەندە بە شێوازی جیاوازیش بێت بە حەلکراوی ماوەتەوە و ئەو کەسانەی کە هەستیان بە گەرمای ئاگری ئەم شۆڕشە کردبێت، ئیتر سەرمای هیچ زستانێک ناتوانێت پاشەکشەیان پێبکات.

 

ژینا یەکەمی شۆڕش بوو، بەڵام بەردەوامی هەیە

چروسکی یەکەمی ئەم شۆڕشە بە کوشتنی ژینا دەستی پێکرد، بەڵام ژینا کۆتا کەس نەبوو، چۆن دەڵێن ئازادی قوربانی دەوێت، ئەو ڕووخسار و ناوانەی کە لە پێناوی ئەم شۆڕشەشدا گیانیان بەختکرد و بە دەنگ و ڕەنگیان ناڕەزایەتیان دەربڕی، تا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامە و دووبارە دەبنەوە.

 

"جیاوازییەکی کەم لە نێوان سازی هونەرمەند و چەکی جەنگاوەرێکدا هەیە"

بە بەردەوامی مێژووی مرۆڤایەتی هونەر ڕێگایەکی دەربڕینی مرۆڤ بووە، ژیان، کارەسات، هەڵوێست بوون لەسەر دیوارە هەڵکۆڵدراوەکان دۆزراونەتەوە، شۆڕشی ژیناش بەو هەبوونە واتادارییەیەوە هونەر نەیتوانی چاوی خۆی لێدابخات، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت:" پێویستە بزانرێت کە هونەر ئەنجامەکانی بە خوێن و ئارەق بەدەست دێن، جیاوازییەکی زۆر کەم لە نێوان سازی هونەرمەندێک و چەکی جەنگاوەرێکدا هەیە، هەردووکیان بانگەوازی شۆڕش دەکەن، ئاگر بەسەر دوژمندا دەبارێنن".

 

شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" نۆرم و بیروباوەڕی کۆمەڵەیەکی گەورەی خەڵکی گۆڕی و هەڵوێستی هونەرمەندانیش بێکاریگەر نەبوو لەم شۆڕشە و بوونە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم شۆڕشە لە جیهاندا.

 

ڕاوەستان و هاوپشتی ئەو کەسایەتییە ناسراوانە لەگەڵ ژنان نەک هەر حکومەتی توڕە کرد، بەڵکو دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکانی ناچار کرد بە هەر نرخێک بێت تۆڵەیان لێبکەنەوە، دۆسیەیان بۆ تۆمار بکەن، هەڕەشەیان لێبکەن، تەرانه عەلیدۆستی، هەنگامه قازیانی، ئەفسانه بایگان، کەتایون ڕیاحی، فاتمه مۆعتەمد ئاریا، مەریەم بوبانی، باران کەوسەری، ئابان عەسکری، ڕەخشان بەنی ئعتماد و و زۆرێک لە ناوەکانی تر لە بواری هونەردا، کەسانێک بوون کە پاڵپشتیان لەم شۆڕشە کرد.

 

هونەرمەندان بە تایبەت ژنان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان بە بێ لەچک، بە بێ باڵاپوشی زۆرەملێ لە شوێنە گشتییەکان بوونە دەنگی ژنان. تەرانە عەلیدوستی، کە یەکێک لە یەکەم کەسایەتییەکان بوو پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم شۆڕشە دەڕبڕی، ڕژێمی ئێران بۆ بێدەنگکردنی پەنای بۆ گرتن و زیندانی کردنی برد.

 

دیمەنی هەنگامە قازیانی لەناو شەقامدا لە کاتی بەستنەوەی قژی کە وەک سەمبولێکی لێهات بووە هێزی پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و لە بەرامبەردا ڕژێمی ئێران قەدەغەی دەرچوونی لە ئێران بەسەردا سەپاند.

 

ژنانی هونەرمەند فەرمانی ڕژێم ڕەت دەکەنەوە

دوای ئەوەی ژنان و کچان هاتنە سەر شەقامەکان و لەچکەکانیان سوتاند، ڕژێمی ئیسلامی پێی وا نەبوو کە ساڵانێک هەوڵەکانی بۆ ئایدۆلۆژیا و بە سیاسیکردنی سینەما لەگەڵ ئەم کردەوەی هونەرمەندان تێک و پێک بدرێت، هەر بۆیە وەزیری پێشووی ئیرشاد چەندین جار وتی؛ لە سینەمای ڕژێمی ئیسلامیدا جێگایەک بۆ ژنانی بێ باڵاپۆش نییە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە خانە سینەمای ئێران، لە ٩ ئەیلوولی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند کە سێ سەد چالاکوانی بواری سینەما دوای دوو ساڵ و دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو هێشتا دۆسیەی دادوەری کراوەیان هەیە. بەڵام ئەو ژنە هونەرمەندانەی کە لەچکی ستەمی حکومەتیان لەسەر لابرد، پاشەکشەیان نەکرد و لە ئێستاشدا هونەرمەندانێک وەک باران کەوسەری و ڕەخشان بەنی ئیعتماد، لە مەراسیمە فەرمییەکان و لەبەردەم کامێراکان بێ لەچک دەردەکەون.

 

دوای شۆڕشی "ژن، ژیان ئازادی"، سینەماکاران و ئەکتەرەکان کە ئەرکی خۆیان بە کارەکانیان لەگەڵ حکومەتدا ڕوونکردەوە، دەستیان کردووە بە دروستکردنی بەرهەمی سینەماکاری ژێرزەمینی، بەرهەمێک کە هەرگیز خەیاڵ نەدەکرا لە ژێر دەسەڵات ڕژێمی ئیسلامیدا نمایش بکرێن.

 

هەروەها لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زۆرێک لەو گۆرانییانەی ئیلهامیان لە ژینا ئەمینی وەرگرتبوو و لە کاتی ناڕەزایەتیەکاندا، دەبوون بە دەنگی خواستی خۆپێشاندەران و هێز و ورەیانی بەرز دەکردەوە، وەک "فریاد ازادی، برای، زن زندگی ئازادی".

 

ساڵی ٢٠٢٣ کۆمەڵەی سینەماکارانی سەربەخۆی ئێران فیلمێکی بە ناوی "من، مریەم، منداڵ و ٢٦ کەسی دیکە"ی بردە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان؛ فیلمێک کە بە توندی وتوویەتی نەخێر بۆ سنووردارکردن و گوشارەکانی سانسۆری ڕژێمی ئێران و ئەکتەرەکانی چیرۆکی مرۆڤە ڕاستەقینەکانی ناو ئێران بە بەرگێکی خوازیاری و بێباکانە پیشان دەدەن، هەروەها فیلمی "دانە انجیر معابد" لە دەرهێنانی موحەمەد ڕەسول ئێف چیرۆکێکی بەم شێوەی هەیە.

 

فیلمێکی دیکە بە ناوی "کێکی دڵخوازی من" هەمان ڕێبازی گرتەبەر و تیمی بەرهەمهێنان ڕێساکانی ڕژێمی ئیسلامییان پشتگوێ خست، ئەمە لە کاتێکدایە لەم ماوەیە چەندین کورتە فیلم بۆ نیشاندانی بارودۆخی خۆپیشاندەران و قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکرایەتەوە.

 

شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، شۆڕشێک بوو کە چەند سێدارە، سەرکوت، کۆشتن و قوربانی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا، بە تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەردەوامییەکەی بەدی دەکرێت. شۆڕشێک کە هەموو ژنان و ئازادیخوازانی هاودەنگ کرد و بە یەکڕێزی هەنگاویان بەرەو رێگای ئازادی نا و لەم ڕێگایە بەردەوامن.