هەوڵ دەدات لە ڕێگەی وێنەی دیوارەوە دەنگی گەلی غەززە بگەیەنێت

سەرەڕای شەڕ و گەمارۆ و سەختییەکانی غەززە، نیگارکێش ڕەماح ئەلعامودی دەیەوێت بەو وێنانەی کە دەیکێشێت دەنگ و ئازار و هیوای گەلی فەلەستین و منداڵان بە هەموو جیهان بگەیەنێت.

نەغم کەراجە

 

غەززە- لە ماوەی ١٠ مانگی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئەوانەی لەم شەڕەدا دەژین، شێوازی جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئازار و سەختییە پەرەپێدەدەن، هونەر ئامڕازێکی گرنگە بۆ ژنان و منداڵان بۆ دەربڕینی خۆیان و بیستنی دەنگیان لە هەلومەرجی شەڕذا، نیگارکێش ڕەماح ئەلعامودی پێی وایە هونەر زمانێکی گشتگیرە و دەتوانێت سنوورەکان ببڕێت.

 

 بە هونەرەکەی تیشک دەخاتەسەر کاریگەرییەکانی شەڕ

ڕەماح ئەلعامودی لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەوە دەنگی خۆی بۆ جیهان دەرببڕێت و وتی: دەمەوێت هەموو جیهان بزانێت ئێمە لێرە لەچیدا دەژین و هەست بە ئازارەکانمان بکەن، غەززە تەنها دیمۆگرافیای شەڕ نییە، بەڵکو شوێنی مرۆڤە خاوەن خەونەکانە، مافی خۆیانە بە ئارامی بژین. هونەر ڕۆڵێکی کارا دەبینێت لە بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکانی غەززە و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، لە ڕێگەی وێنەکێشانەکانمەوە دەمەوێت لایەنی مرۆیی شەڕی سەخت و بەردەوام لابەم و تیشک بخەمە سەر زۆرترین بەشەکانی زیانلێکەوتوو، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی کە دەبنە زیانبەرکەتووی شەڕ و ململانێ.

 

"سوورم لەسەر هونەرەکەم"

 لە درێژەی قسەکانیدا، ڕەماح ئەلعاەمودی ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی هەموو شوێنێکی غەززە بە ڕێژەی ٨٥% وێران بووە، زەحمەتە دیوار بدۆزرێتەوە، وتی: تەنانەت دیواری تەندروستیش نادۆزرێتەوە، زۆرجار بۆ درێژەدان بە هونەرەکەم سەیری دیواری قوتابخانە و شەقامەکان دەکەم، لە لایەکی ترەوە دۆخی دارایی و دابینکردنی کەرەستەی هونەری بەربەستن لەبەردەممدا، سەرەڕای هەموو ئەمانەش لە هونەرەکەمدا خۆڕاگرم و دژی بارودۆخی ئێستا وەستاوم، ناچارم لە ژێر خۆری گەرمدا وێنە بکێشم، ئەمەش کارەکانم قورستر دەکات و لە ڕووی جەستەییەوە ماندووم دەکات، بەڵام ئەم دۆخە وا دەکات زیاتر سووربم بۆ بەردەوامبوون و گەیاندنی دەنگ و نامەکەم بە جیهان”.

 

وێنەکانی سەر دیوارەکان باس له چیرۆکی گەلی غەززە دەکەن

ڕەما ئەلعامودی ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت کەشێک بۆ منداڵان دابینبکات کە بتوانن بە شێوەیەکی داهێنەرانە هەستەکانیان دەرببڕن و بتوانن پەیوەندی لەگەڵ هەموواندا بکەن، نیگارکێشان تەنها چالاکیەکی هونەری نییە، بەڵکو شێوازێکی چارەسەری دەروونیشە.

 

ڕەماع ئەلعامودی لە دوایین وێنەی خۆیدا بابەتی منداڵی گرتەبەر، منداڵێکی کچ میزەڵانی ڕەنگاوڕەنگی پێیەو یەک بە یەک لە ئاسماندا ڕەنگی دەکرد، ئەم وێنەیە تایبەتە بە زەوتکردنی منداڵان لە بچووکترین مافەکانیان.

هەروەها وێنەیەکی لەسەر دیوارێک دروستکردووە کە ژمارەیەک ژن نان دەخۆن و دەموچاویان سەرسام بووە، ئەم وێنەیە باس لە خۆڕاگری ژنانی فەلەستینی دەکات کە نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکەن لە هەموو بارودۆخە ئابوورییەکان و فشارەکانی ڕۆژانەدا.

 

ڕەماح ئەلعاموودی لە کۆتاییدا وتی: وێنەکانی سەر دیوارەکان تەنها وێنەکێشان نین، بەڵکو دەنگی ڕاستی ئازارەکانیانەو چیرۆکی خەڵکی غەززە دەگێڕنەوە.