بەشداری ژنان لەناو دنیای سینەمای کوردیدا

هەریەک لە ڤیان مایی، بێری شەڵماشی، پوران درەخشندە و ... لەو دەرهێنەرە ژنانەن، فیلمەکانیان باس لە ژیانی ژنان دەکەن و بە بیری خۆیان وێنای زەحمەتیەکانی ژنان دەخەنە بەرچاو .

سلێمانی

 

ژنانی کورد تەنها لە چوارچێوەی ڕۆڵێکی لاوەکی لە فیلم و دراماکاندا، یاخود ڕۆڵی سەرەکی بە هاوبەشی لەگەڵ پیاوێکدا نەماونەتەوە، بەڵکو وەک دەرهێنەری فیلمەکان رۆڵیان گێڕاوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنە دەرهێنەری کورد پووران درەخشەندە، دەرهێنانی بۆ کۆمەڵێک کار کردووە لەوانە پەیوەندی ١٩٨٦، باڵندەی بچوکی بەختەوەری ١٩٨٧، تێپەڕان لە تەم و مژ ١٩٨٩، زەمانی لە دەستچوو ١٩٨٩، سەرجەمی ئەم بەرهەمانە بە زمانی فارسی بەرهەم هاتوون و ناوەڕۆکی فیلمەکانی باسی ژن دەکات لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا، بە گشتی پووران درەخشەندە فیلمەکانی دەربارەی بابەتی کۆمەڵایتی و خێزانین، یەکێکی دیکە لە فیلمەکانی عەشقی بێسنوور ١٩٩٨، زمانی فیلمەکە فارسیە و دەربارەی ژنێکە کە پیشەی ڕۆژنامەنووسیە و کارەکەی ئەبێتە مەترسی بۆ سەر هاوژین و مناڵەکەی.

 

پوران نمونەی دەنگی ژنانی ڕۆژهەڵاتە

پوران درەخشەندە کە دەرهێنەر و سینەماکارێکی کوردە هەمیشە پاڵپشتی ژنی کردووە و لە ساڵانی ٢٠٠٠دا کۆمەڵێک کاری کردووە و بەگشتی فیلمەکانی ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە، لەوانە مۆمێک لە بادا ٢٠٠٣، خەونی تەڕ ٢٠٠٥، منداڵانی هەمیشەیی ٢٠٠٦، بێدەنگ کچان ناقیژێنن ٢٠١٢، لەژێر سەقفی دوکەڵاوی ٢٠١٦، کە سەرجەمی ئەم فیلمانە بە زمانی فارسی بەرهەمی هێناون، ئەویش بە هۆی سیاسەتی حوکمەتی ئێران و ڕێگریەکانی بۆ فیلمسازانی کوردانی ڕۆژهەڵات، نەیتوانیوە لە فیلمەکانیدا بە زمانی کوردی کار بکات، لە نێویاندا فیلمی بێدەنگ کچان ناقیژێنن و لەژێر سەقفی دوکەڵاوی ناوبانگێکی زۆریان پەیدا کرد، کە یەکەمیان دەربارەی سەرقاڵی باوک و دایکانە و بێیاگاییانە لە منداڵەکانیان و دەسترێژیکردنە سەر کچانە لە تەمەنێکی مناڵیدا، دووەمیش فیلمێکی کۆمەڵایەتییە، باس لە پیاوێک دەکات کە دوو ژنی هەیە و لەبەر ژنی دووەمی هیچ گرنگیەک بە ژنی یەکەمی نادات.

 

ڤیان مایی ئازارەکانی ژنان نیشان دەدات

ساڵی ٢٠٠٦ کورتە فیلمی مردن و شەرەف بەرهەمهینرا لە دەرهێنانی ڤیان مایی، فیلمەکە باس لە ئابڕوو و ڕەوشتی کۆمەڵگە دەکات، باسی ئەوە دەکات، کاتێک ژن دەگاتە تەمەنی ١٧ ساڵ و لە هەموو ئەو ئارەزووانەی هەیەتی بێبەشی دەکەن بە بیانووی ئەوەی حەرامە و تاوانە، بەڵام پیاو مرۆڤ دەکوژێت و ئەژی بە حەڵاڵی و مافی ئەوەشی هەیە، بە هەموو ئارەزووەکانی بگات.

 

ڤیان مایی لە ساڵی ٢٠٠٩ دەرهێنانی بۆ فیلمێکی تر کرد بە ناوی  كەڤوكا سپی، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە كێشەی كوشتنی ژنان دەكات بە بیانووی شەرف، ساڵی ٢٠١٤ کورتە فیلمی خونچە بەرهەمهێنرا، لە دەرهێنانی جوانە سەعید، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لەو کچانە دەکات کە دەبنە قوربانی هەوا و هەوەس و ئارەزووی پیاوانێکی دڕندە، دەروون نەسڕەدین وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لەم فیلمەدا بەشدارە .

 

دەرهێنەرانی کورد ئازاری ژن و نیشتمان دەردەخەن

ساڵی ٢٠١٦ فیلمی هاوارێک لە سەربانەوە بەرهەمهێنرا، لە دەرهێنانی بێری شەڵماشی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، فیلمەکە باس لە چیرۆكی خۆشەویستی نێوان كوڕ-فەرهاد و كچێكی كورد-شیرین دەکات لە کاتی ڕاپەڕینی خەڵکی هەولێر لە ساڵی ١٩٩١، كە قوربانی بە هەموو شتێك دەدەن بۆ بەیەكگەیشتن، بەڵام لەم فیلمەدا شیرین ئەمجارە قوربانی بە عەشق و خۆشەویستی دەدات بۆ ڕزگاركردنی خاك و نیشتیمان، ژنە ئەکتەری بەڕەگەز تورک ڕۆڵی سەرەکی لەم فیلمەدا دەبینێت بە ناوی گۆنجا قەرەسوو.

 

ساڵی ٢٠١٨ فیلمی حەیات بەرهەمهێنرا لە دەرهێنان و نوسینی کاردینا هێمن، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە کچێک دەکات کە دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر، لەم فیلمەدا کاردینا خۆی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت.

 

کاردینا هەر لە ساڵی ٢٠١٨ نوسین و دەرهێنانی بۆ فیلمی بۆنی خوێن کرد، کە ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە گرفتەکانی ژنان دەکات لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا، بەهۆی ئەوەی لە فیلمەکەدا چەند دیمەنێک هەیە هیچ ژنە ئەکتەرێک ئامادە نەبووە ئەو ڕۆڵە ببینێت، هەر بۆیە کاردینا خۆی ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا بینیوە.

 

ساڵی ٢٠١٩ فیلمی ڕۆژیک لە ڕۆژان لە کوردستان بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی ژینۆ هادی، ناوەڕۆكی فیلمەكە باس لە كێشەی كۆمەڵایەتی و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان دەكات.

 

ساڵی ٢٠١٩ فیلمی دیکۆمێنتی بەڵێنی من بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی شیلان سەعدی، دەرهێنەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی باس له‌و ژنە ئێزیدییانە ده‌كات له‌ كۆمه‌ڵكوژی داعش ڕزگاریان بووه، ئەم فیلمە لە تورکیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا کاری بۆ کراوە، ‌‌‌حه‌وت کچ بەشدارییان تێدا کردووە، لە ناویشیاندا پێنجیان چوون بۆ ئەوروپا و دووانیان لە تورکیان.

 

سینەمای چیا

لەگەڵ باسکردنی ئازار و دەستدرێژییەکانی سەر ژنان، باس لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی شۆڕشگێڕی کوردیش دەکرێت و چەندین فیلم لەو بارەیەوە بەرهەمهاتوون لەوانە:

 

ساڵی ٢٠١٨ فیلمی کچانی خۆر بەرهەم هێنرا، لەلایەن دەرهێنەری فەڕەنسی ئێڤا ئۆسۆن، کە فیلمێکی جەنگییە بە تەوەری ژن، وێنەیەكی ڕاستەقینە لە ڕووداوەكانی شەڕی ژنانی کورد دژ بە داعش پیشان دەدات، لەهەمان كاتیشدا پەیامێكی ئەرێنی هەیە و باسی شایستەیی و لێهاتوویی و تواناییەكانی ژنان دەكات، ژنە ئه‌كته‌ری بەڕەگەز فارس گوڵشیفته‌ فاراهانی ڕۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌گێڕێت.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩  فیلمی خوشکانی جەنگ بەرھەم ھێنراوە، لە دەرهێنانی ڕۆژنامەنووس و دەرھێنەر کارۆلین فۆورێستە، باس لە خەبات و بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە دەکات، هەر یەک لە دیلان گۆین، ئەمیرە کەسەر، کۆکماز ئەرسلان، مایا سانسا، نانە بلۆندێل، ئێشفێر گێڕال، کامێلیا جۆڕدانا، نووش سکۆگێن بەشداریان لەم فیلمەدا کردووە .

 

ساڵی ٢٠٢٠ فیلمی ژ بۆ ئازادی بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی ئەرسین چەلیك، ئەم فیلمە دەربارەی ئەو شەڕڤانە كوردانەی ئامەدە لە ساڵی ٢٠١٦ ڕووبەڕووی پۆلیسی توركیا بونەوە ‌و دژیان جەنگان بۆ پاراستنی ناوچەكەیان، ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیە نزیكەی سێ مانگ دەخایەنێت ‌و بە وێرانكردنی بەشێكی زۆری ناوچەكە لەلایەن پۆلیسی توركیاوە كۆتایی دێت، ڕوبار شەڕڤان و جیهان سەڤەر یەكێكە لەو شەرڤانانەی لە فیلمەكەدا ڕۆڵی بینیوە.