"بە پەرۆشین بۆ کاری کولتووری و هونەری بە زمانی دایکمان"

فێستیڤاڵی شانۆیی ئامەد کۆتایی هات و تێیدا هەزاران کەس ئامادە بوون و وتیان: بە پەرۆشین بۆ کاری کولتووری و هونەری بە زمانی دایکمان، پێویستە ئەم فێستیڤاڵه له هەموو شار و گوندەکان ئەنجام بدرێت.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد کە ئەمساڵ بە دروشمی " "بە بوونی خۆمان، بە خۆبوونی خۆمان" بەڕێوەچوو، سەرنجی گەلی ڕاکێشاو لە فێستیڤاڵەکەدا ١٨ شانۆگەری نمایشکران و چاوپێکەوتن و پانێڵ بەڕێوەچوون، کە لە ١٨ی نیسان دەستی پێکرد و لە ٢٧ی نیسان کۆتایی هات، گروپە شانۆییەکانی شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەشدارییان لە فیستیڤاڵەکەدا کرد کە شانۆی فرەزمان و چوار شانۆی ژنانی تێدابوو، ئەو بینەرانەی بەپەرۆش بوون بۆ هەر خولەکێکی فیستیڤاڵەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ماوەیەکی زۆرە هیچ چالاکییەکی لەو شێوەیەیان نەبووە و وتیان: دەبێت ناوەڕۆک و ئامانجی فیستیڤاڵەکە بەسەر کاری بوارەکانی دیکەدا دابەش بکرێت و بەرنامەکان زیاد بکرێن.

 

"دەمەوێت منداڵەکانم بە زمانی دایکیان گەورە ببن"

عایشە بایکوشاک، یەکێک لەو بەشداربووانەی کە ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوو، وتی: خۆشحاڵ بووم بە سەیرکردنی شانۆکان بە زمانی دایک و بەشداریکردنی هەزاران کەس، شانۆکانیش بە زمانەکانی سۆرانی و زازاکی نمایشکران. هەرچەندە تێنەگەیشتم، بەڵام بەشداریم کرد، چونکە هەستێکی زۆر خۆش بوو بۆ بیستن و ناسینەوەی ئەم زمانە، ئێمە دەمانەوێت کارە هونەرییەکان لەم دەوڵەمەندییە کولتوورییەدا ببینین، بەتەنها بەشداریم نەکرد، منداڵەکانم هێنا، چونکە ئەوەی لێرەدا گرنگە پاراستن و بڵاوکردنەوەی زمانی دایکە، دەمەوێت منداڵەکانم لە ژینگەیەکی ئاوادا گەورە ببن، با هەم زمانی دایک و هەم کولتووری خۆیان بزانن.

 

"قەیوم دەرفەتەکانی سنووردار دەکرد"

عایشە بایکوشاک ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە دوای قەیوم بەڕێوەچوو و خۆشحاڵییەکی زۆری بە گەل بەخشی و وتی: بەهۆی قەیوم ناوەندی کۆنگرە بۆ ماوەیەکی زۆر بەکارنەهێندرا، ئەوە ڕاستە کە شانۆی کوردی نمایشکرا، بەڵام بەداخەوە دەرفەتەکان سنووردار بوون. ئێستا دەرفەتی زیاتر هەیە و شانۆ کوردییەکان زیاتر بینەریان هەیە، ئەوەی منی زۆر دڵخۆش کرد لێرە گوێگرتن بوو لە شانۆ لە زمانە جیاوازەکانەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە دەوڵەمەندمان دەکات، هیوادارم ئه م کاره چه ندین جار ئه نجام بدرێت.

 

"بە پەرۆشین بۆ کاری هونەری و کولتووری بە زمانی دایکمان"

ئەمەل کۆکلو، کە لە دەرەوەی ئامەدەوە چووبوو بۆ سەیرکردنی شانۆ، دەربارەی فێستیڤالەکە وتی: لە دەرەوەی شارەکەوە بەشداری ئەم فێستیڤاڵەم کرد، ئەوە ژینگەیەکی زۆر خۆشە شانۆ بە زمانە جیاوازەکان بن، هەروەها من ئەکتەرێکم و ئەم فیستیڤاڵە بووە گۆرانکارییەکی زۆر جیاواز لە ڕووی گەشەکردنی منەوە، بۆ من زۆر گرنگە کە زمان و کولتووری جیاواز بزانم، هەروەها خەڵکی زۆر جوانم لێرە بینی، هەموو شانۆکان زۆر باشن و کاری زۆر ئەنجام دراون، هەموویان زۆر سەرکەوتوو بوون، ئامەد خاوەنی کولتوورێکی گەورەیە، فێستیڤاڵی فرە کولتووری ئەنجام دەدرێت هەروەها پێویستە خەڵک لە ڕووی کولتووری و زمانەوە خۆیان دەوڵەمەند بکەن لەم ڤیستیڤاڵانەدا، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەیە لە شارەکە، ئەم کارە نابێت کۆتایی پێبێت و پێویستە دوای فێستیڤاڵەکان بەردەوام بێت، بە پەرۆشین بۆ کاری هونەری و کولتووری بە زمانی دایکمان.

 

"چەندین ساڵە بە پەرۆشین بۆ کاری هونەری و کولتووری بە زمانی دایکمان"

موکادەس ئاکین ئاماژەی بەوەکرد، لە ماردینەوە هاتووە و لەگەڵ منداڵەکانی سەیری شانۆ دەکات، وتی: نابێت ئەم فیستیڤاڵە تەنها لە ئامەد سنووردار بکرێت و دەبێت بۆ گوند و شارەکانی دیکە بڵاوببێتەوە، ئەو تیمانەی کە هاتبوون زۆر سەرکەوتوو بوون. زۆر دڵخۆش بووم بە کۆبوونەوەی کولتوورە جیاوازەکان، لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە کارە زۆر جیاوازە. لەگەڵ خێزان و منداڵەکانم بەشداری فێستیڤاڵەکەم کرد، چەندین ساڵە بە پەرۆشین بۆ کاری هونەری و کولتووری بە زمانی دایکمان، ئەم کارە پێویستە چەندین جار ئەنجام بدرێت، ئەم فیستیڤاڵە دەبێت لە هەموو شار و گوندەکاندا ئەنجام بدرێت، وەک گەل زۆر دڵخۆش بووین و دەمانەوێت بەردەوام بین، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم فیستیڤاڵەدا کاریان کردووە.