بۆ یەکەمجار ڕۆماننووسێکی هیندی خەڵاتی نێودەوڵەتی بوکەر دەباتەوە

ڕۆماننوسی هیندی گیتانگالی شری بوو بە یەکەم کەس لە هیندستانەوە کە خەڵاتی نێودەوڵەتی بوکەر بەدەستبهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆماننووسی هیندی گیتانگالی شری خەڵاتی نێودەوڵەتی بوکەری بردەوە و بووە یەکەم کەس لە هیندستان کە ئەو خەڵاتە بباتەوە، گیتانگالی شری بە ڕۆمانی "گۆڕێک لە لم"، کە چیرۆکی ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ لە دوای مردنی  هاوژینەکەی دەگێڕێتەوە، بووە براوەی خەڵاتەکە.

 

"گۆڕێک لە لم" یەکەمین ڕۆمانە بە زمانی هیندی کە گەیشتە لیستی کورتەی خەڵاتی بوکەر و یەکەم ڕۆمانەکەی گیتانگالی شریە کە لە بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە و ساڵی ٢٠١٨ لە هندستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

 

دەربارەی سەرکەوتنەکەی گیتانگالی شری تەمەن ٦٤ ساڵ کە سێ ڕۆمانی تر و چەندین کۆکراوەی داستانی بڵاوکردووەتەوە، وتی: من هەرگیز خەونم بە بوکەرەوە نەبینیوە، چونکە پێم وا نەبووە بتوانم بەدەستیبهێنم، من دڵخۆشم و هەست دەکەم کە ڕێزلێنانێکی گەورەم وەرگرتووە، هەستێکی زۆر خۆشە کە ببیتە یەکەمین نووسەری هیندی بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە.

 

گیتانگالی ئەوەشی خستەڕوو، "لە پشت من و لە پشت کتێبەکەمەوە مێژوویەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی هەیە بە زمانی هیندی و زمانەکانی تر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەدەبی جیهانی دەوڵەمەند دەبێت کە هەندێک لە باشترین نووسەرانی ئەو زمانانە بناسن.

 

ڕۆمانی "گۆڕێک لە لم"ی ٧٢٥ لاپەڕەیی گیتانگالی شری بەرامبەر پێنج نووسەری دیکە بە ناوەکانی میکۆ کواکامی، بۆرا چونگ، جۆن ڤۆس، کلاودیا بێنیرۆ و ئۆلگا تۆکاروسک براوەی پێشوو کێبڕکێی کرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

خەڵاتی بوکەر هەموو ساڵێک دەبەخشرێت بە کتێبێکی وەرگێڕدراوی ئینگلیزی کە لە بەریتانیا و ئیرلەندا بڵاوکراوەتەوە.