"داستانی قارەمانی ژنی کورد" نوێترین سرودی شەیدا قەوامی بڵاودەبێتەوە

هونەرمەند شەیدا قەوامی لە پەڕەی فەیسبووکی فەرمی خۆی ئاماژە بە بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی دەدات کە باس لە شۆڕشی ژنانی کورد و قارەمانێتیان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەیدا قەوامی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئامادەکاری بۆ نوێترین بەرهەمی دەکات دەربارەی شۆڕش و قارەمانێتی ژنانی کورد.

 

لە بارەی کارە نوێیەکەیەوە شەیدا بۆ ژنها دوا وتی: ئەم بەرهەمەم بە شێوەی سرود ئامادە دەکەم تا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، سرودەکەش باس لە قارەمانێتی ژنان، بەرخۆدان و تێکۆشانەکانیان دەکات.

 

هەروەها وتیشی: لە بەشێکی سرودەکەدا ئاماژە بە ئەقڵیەتی فاشیست کراوە کە لە بەرامبەر ژناندا بە چۆکدا هاتووە و ژنی کورد بە تێکۆشانەکانی توانیویانە ئەو دەسەڵاتە فاشیستە تیکبشکێنن، هەروەها سرودەکە بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی ژنانی کوردی لەخۆگرتووە.

 

سرودی "داستانی قارەمانی ژنانی کورد" لە ئاواز و میلۆدی دلێر حسێنە و بەم نزیکانە بە ژێرنووسی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە.

 

شەیدا قەوامی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ئێستادا دانیشتووی کۆڵنی ئەڵمانیایە، چەندین گۆرانی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە، لەناویاندا گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی، لەگەڵ چەندین هونەرمەندی کورد و بیانی بەرهەم هێناوە.

ت.پ