ژنان لە فیلمە سینەماییە کوردییەکاندا چۆن ڕۆڵیان دراوەتێ؟

ئەو فیلمە سینەماییانەی دەربارەی ژنان بەرهەمهێنراون باس لە ژنانی قارەمان، تێکۆشەر، یاخود ئەو ژنانە دەکات بەهۆی زەبری کۆمەڵگەوە ئازار دەچێژن.

سلێمانی

 

ئەگەرچی دایک-ژن رۆڵی بەرچاوی لە پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵگەیە هەیە، بەڵام کۆمەڵگەی کوردی ژینگەیەکی وای نەخوڵقاندووە کە ژنان سەرباری ڕۆڵە گەورەکەیان بتوانن بە ئازادانە ژیانی خۆیان بکەن و لە هەموو کایەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت، زەبر و زەنگی کۆمەڵگە بۆ سەر ژنان ئاستەنگیەکە وژیانیان پڕ لە نەهامەتی دەکات، فیلم دەتوانێت ببێتە دەنگ و ڕەنگێک تا ئازاری ئەو ژنانە بخانە پێش چاوی بینەر لەو فیلمانە:

 

لە ساڵانی حەفتاکاندا فیلمی ژن بە ژن بەرهەم هێنراوە لە دەرهێنانی جەمال محەمەد، فیلمەکە دەربارەی کێشە و پرسی ژنە بەڵام بەهۆی نەبونی ئەکتەری ژن سەرجەم ئەکتەرانی ئەو فیلمە پیاو بەرجەستەی دەکات لە بەرگی ژندا و  ڕۆڵی ژن دەبینن.

 

پاشان هەر لە ساڵانی حەفتاکاندا بەرهەمی تەلەفیزیۆنی فیلمی خانزاد بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی عادل عەبدوڵڵا، کە فیلمێکی مێژووییە و خانزاد لەدوای کوژرانی براکەیەوە دەبێتە میری میرنیشینی سۆران و تۆڵەی کوژرانی براکەی دەکاتەوە، لەم فیلمەدا خەرمان محەمەد فەرەج وەک ئەکتەری سەرەکی ڕۆڵی تێدا دەبینێت.

 

ساڵی ٢٠٠٥ فیلمی شیوەنی بەفر بەرهەمهێنراوە لەلایەن سینەماکاری کورد جەمیل ڕۆستەمی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، باس لە چیرۆکی ئەو ژنانە ئەکات بونەتە قوربانی دواکەوتویی و نەخوێندەواری کۆمەڵگای کوردی و بەشێک لە خەم و ئازارەکانی ژن بوون لە نیشتیمانی کوردان پیشان دەدات، هەریەک لە دڵنیا فەرەجپوور، شادی واریانی بەشدارن تیایدا.

 

فیلمی دیکۆمێنتی دایکانی من لە دەرھێنانی هەردوو سینەماکارانی کورد ئیبراھیم سەعیدی و زەھاوی سنجاوی، بەرهەمێکی هاوبەشی ئێران و کوردستانە، دایکانی من باس لە ژیانی سەخت و دەردەسەری ژنە بارزانیەکان دەکات دوای جینۆسایدکردنی هاوسەرەکانیان و ئەنفال کردنیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.

 

لە باشووری کوردستان دەرهێنەری کورد هونەر سەلیم لە ساڵی ٢٠١١ فیلمێکی بە ناوی ئەگەر بمریت دەتکوژم دەرهێناوە کە فیلمەکە بە زمانی کوردی و فەڕەنسیە، دەربارەی کچێکی پەنابەری کوردە بە ناوی ئەڤەداڵ لەگەڵ  فیلیپ-ی فەرەنسی و بەر لە ماوەیەک لە زیندان بەر بووە و یەکتر دەناسن، ئەڤداڵ بۆ تۆڵە سەندنەوە بە دوای یەکێک لە تاوانبارانی جەنگی عێراقدا دەگەڕێت، کە گوڵشفتە فەراهانی ڕۆڵی ئەڤەداڵ دەگێڕێت.

 

لە باکووری کوردستان ساڵی ٢٠١٢ فیلمی بێدەنگ بەرهەمهێنراوە لە لایەن دەرهێنەری بە ڕەگەز کورد ڕەزان یەشلباش، فیلمەکە باسی سەردەمی ساڵی ١٩٨٤ دەکات، زەینەب بەلجم بیلگین لە شاری دیاربەکر لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا دەژی، بەڵام مێردەکەی لە زیندان دەستبەسەرە و هەموو ڕۆژێک سەردانی دەکات، زەینەب تورکی نازانێت بەو هۆیەوە ناچارە بە بێدەنگی هەڵسوکەوت لەگەڵ پاسەوانەکانی زیندان بکات.

ساڵی ٢٠١٢ فیلمی شیرین و فەرهاد بەرهەمهێنراوە لە دەرهێنانی حەسەن عەلی، فیلمێکی کوردی-ڕۆمانسیە و باس لە چیڕۆکی خۆشەویستی و پێکگەیشتن و جیابوونەوەی دوو گەنج دەکات تا ڕادەیەک لە کەلتورەکەی خۆیان جیاوازن، لەم فیلمەدا بەیان عوسمان ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و هەریەک لە نەرمین کاوانی، ڕووبار خالید وەک ئەکتەری ژن بەشدارن.

 

ساڵی ٢٠١٢ کورتە فیلمێکی بەڵگەنامەیی بە ناوی ژنە لەبیرکراوەکان بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی جەمال پێنجوێنی، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە ژیان و ئازاری ئەو ژنانە دەکات کە كەسوكاریان بووەتە قوربانی تیرۆر، لەو كورتە فیلمەدا ژنانی بێكەس كەوتووی كەركووك و موسڵ، بە زمانی خۆیان باس لە ئازار و نەهامەتییەكانی ژیانیان دەكەن و داوای هاوكاری و بە هاناوەچوونیان دەكەن.

 

لە ساڵی ٢٠١٣ فیلمی وڵاتە تیژە شیرینەکەم بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی هونەر سەلیم کە فیلمەکە بە زمانی کوردیە، باس لە كێشەی ئافرەت و پەروەردە دەكات بۆ پێشخستنی كۆمەڵگا، کە ڕۆڵی سەرەکی ژنە ئەکتەری فارس گوڵشفتە فەراهانی دەیبینێت.

 

فیلمی ئەمریکانۆ لە ساڵی ٢٠١٣ حەسەن عەلی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە ھاتنەوەی کچێکی کورد دەکات لە ئەمریکاوە بۆ دێیەکی کوردستان و دەچێتە ماڵی یەکێ لەھاوڕێکانی باوکی، لەوماڵەدا بەھۆی کلتووری جیای ئەمریکا و کوردستان کچەکە کێشە بۆ ماڵەکە دەنێتەوە و تەنانەت دەبێتە ھۆی جیابوونەوەی خاوەن ماڵ بەوەی خاوەن ماڵەکە تووشی خۆشەویستی دەبێت لەگەڵی.

 

ساڵی ٢٠١٤ فیلمی یەک مۆمک، دوو مۆمک بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی جانۆ ڕۆژبەیانی، باس لە لە شۆڕشی مێینەی ژنانی كورد دەكات بۆ بەدەستهێنانی یەكسانی لە ژیانی هاوسەری و  بەهێزتركردنی ژنانی كورد، چیرۆكەكە لەوە دەست پێدەكات كچە لاوێك دژی كلتووری كۆنەپەرستی دەوەستێتەوە لە گەڕانیدا بەدوای خۆشەویستیدا، مینا ئیبراهیمزادە، نالین کۆبانی، تارا عەبدولڕەحمان، دڵسۆز ماوەتی وەک ئەکتەری ژن بەشدارن .

 

ساڵی ٢٠١٤ فیلمی کچی کافرۆش بەرهەمهێنرا کە فیلمێکی درامی-ڕۆمانسیە، تەنیا کەریم کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە، فیلمەکە لە چیرۆکێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە بە تێڕوانینی دەرهێنەر داڕێژراوەتەوە، باس لە کچێکی کورد دەکات لە سەدەی بیستەمی ڕابردوو، ئەو کاتەی کە بەڕیتانیا کوردستانی داگیرکردبوو، کچی کافرۆش کچێکی جوانی تەمەن ١٤ ساڵان بووە، لە ئێرانەوە هاتبوون و لە هەولێر دەژیان، بەڵام ئەفسەرێکی ئینگلیزی ئاشقی کچی کافرۆش دەبێت و بۆ بەدەست هێنانی دەیڕفێنێت و دەیگوازێتەوە بۆ بەریتانیا، سنور ئالانی وەک ئەکتەری ژن ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕێت.

 

ساڵی ٢٠١٥ کورتە فیلمی ونبون لە غوبار بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی سۆران ئیبراهیم، چیرۆكی فیلمەكە سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفالی كوردە و لە رێگەی چیرۆكێكی ئەویندارییەوە تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدی كورد دەگێڕێتەوە، ژنە ئەکتەر دیمه‌ن زه‌ندی بە ڕۆڵی سەرەکی بەشدارە.

 

ساڵی ٢٠١٥ فیلمی پەڕەسێلکە بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل، ئه‌م فیلمه‌ چیرۆكی كچێكی کورد-سویسڕی ده‌گێڕێته‌وه‌، ٣٠ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كوردێكی باشووری كوردستان له‌ وڵاتی سویسرا نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی سویسری ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێت، به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان ون ده‌بێت و هیچ هه‌واڵێك له‌باره‌یه‌وه‌ نازانرێت و ده‌ڵێن گوایه‌ كوژراوه، له‌م فیلمه‌دا كچه‌ ئه‌كته‌ری سویسڕی مانۆن پرونده‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌كی دەگێڕێت.

 

ساڵی ٢٠١٦ فیلمی ڕەشەبا لە دەرهێنانی حوسێن حەسەن بەرهەمهێنراوە، زمانی فیلمەکە بە عەرەبی و کوردیە، باس لە ڕفاندنی کجێکی کوردی ئێزێدی دەکات کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەگیرێت و دەفرۆشرێت، پاشان دەسترێژی سێکسی دەکرێتە سەر و دواتریش دەکوژریت، دیمەن زەندی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لەم فیلمەدا لەگەڵ هەریەک لە ژنە ئەکتەرەکانی وەک مەریەم بوبانی، نالین کۆبانی .

 

ساڵی ٢٠١٦ کورتە فیلمی بێدەنگی مێروولەكان بەرهەمهینرا كە لە دەرهێنانی سینەماكار سۆران ئیبراهیم، فیلمەکە سەبارەت بە مردنی فەریناز خوسرەوانییە ئەو کچە کوردەی لە پێناو پاراستنی شەرەفی خۆیدا ئومێدی ژیان لەدەست دەدات و وا بیردەکاتەوە جگە لە مردن هیچ ڕێگەیەک نەماوە بۆ ژیان کردن و کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، هەریەک لە دڵنیا كاموسی، چیا هەورامی وەک ئەکتەری ژن لەم فیلمەدا بەشدارن.

 

فیلمی سینەمایی زاگرۆس لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفەی خەڵکی شاری زاخۆیە، لە ساڵی ٢٠١٧ بەرهەمهێنراوە، ئەم فیلمە بەرهەمێكی هاوبەشی بەلجیكا و هۆڵەندایە،كە چیرۆكی شوانێك بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە، كە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو كوردستان بە هەشتە، بەڵام هاوژینەكەی هاڤین و كچەكەی ڕەیهان، ڕوو دەكەنە بەلجیكا، دواتر زاگرۆسـیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وڵاتە، لە بەلجیكا زۆر شتی نوێ لە بارەی هاوژینەكەیەوە دەزانێت و متمانەی جارانی پێ نامێنێت، بۆیە دەیەوێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، حەلیما ئێلتەر وەک ئەکتەری ژن ڕؤڵی سەرەکی لەم فیلمەدا دەگێڕێت .

 

ساڵی ٢٠١٧ فیلمی کەژاڵ بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی نیما یار، چیرۆکی فیلمەکە به‌سه‌رهاتى كچه‌ خوێندكارێكی كورد دەگێڕێتەوە‌ كه‌ به‌ هۆی ده‌ستكورتی و كێشه‌كانی خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ ناچارده‌بێت واز له‌ خوێندن بێنێت و ڕوو بكاته‌ پیشه‌ی پڕ له‌ مه‌ترسی كۆڵبه‌ری و ڕێگای سنووره‌كان بگرێته‌به‌ر، له‌ڕێى گێڕانه‌وه‌ى ژیانى كه‌ژاڵه‌وه‌، فیلمه‌كه‌ كێشه‌ و ده‌رده‌سه‌رى و ئازاره‌كانی كۆڵبه‌ران ده‌خاته ‌ڕوو، لەم فیلمەدا هەریەک لە سەمیرا زەکایی، مریەم بوبانی وەک ئەکتەری ژن بەشدارن.

 

ساڵی ٢٠١٨ فیلمی مەودای نێوانمان بەرهەمهێنراوە لە دەرهێنانی سینا محەمەد، چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە ژن و پیاوێک دەکات بەناوی شیرین و فەرهاد و دیمەنەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ ساڵانی ٧٠ کان، ئەم خێزانە بەهۆی کۆمەڵێک شتی ڕۆتینی ژیانەوە لەیەک دوردەکەونەوە و دەبێتە هۆی جیابونەوەیان، لەم فیلمەدا ڕۆژان حەمە جەزا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ کورتە فیلمی سێ تیرۆرست بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی فەرزین کەریم، فیلمەکە چیرۆکی ئافرەتێک دەگێڕدرێتەوە کە منداڵەکەی لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندراوە و لە بەرامبەر ڕزگارکردنی داوای کردەوەیەکی خۆکوژی لە دایکەکە دەکرێت،  سیما شەفیع ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ فیلمی پەیکەری دڵ لەلایەن شوان عەتووف کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، فیلمێکی ئەوینی درامایی و مۆسیقایی کوردیە، چیرۆکی فیلمەکە گێڕانەوەیەکی تێکەڵاوە لە رۆمانسییەت و کۆمیدیا و تراژیدیا، ئەکتەرە ژنەکانی ئەم فیلمە وەک نارین ئالان کە ڕۆڵی سەرەکی بینیووە لەگەڵ هەریەک لە ژیان ئیبراهیم، ڕۆژان جەزا بەشداریان تێدا کردووە .

 

فیلمی دیکۆمێنتی هاواری بێدەنگی لە دەرهێنانی ئەمیر تەها بەرهەمهاتووە، ناوەڕۆکی فیلمەکە خستنەڕووی كێشە و نەهامەتییەكانی ئەو ژنانەیە كە رۆژێك لە رۆژان تووشی هەڵە و كارەسات بوون.

 

فیلمی دیکۆمێنتی ئافرەتانی شەفا سەبارەت بە رەسم و یاسا و دابوونەریتی کوردەکانی ناوچەی هەورامانە کە لەم فیلمەدا هەوڵ و تێکۆشانی ئافرەتانی گوندێکی هەورامان بۆ بینەر دەگێرِێتەوە کە رزگارکردن و چارەسەرکردنی مرۆڤێک کە تووشی نەخۆشییەکی بێ چارە بووە، بەوپەڕی لە خۆبردووییەوە بە رێگای ئەستەم و سەختدا دەڕۆن، بۆ ئەوەی ئاو بۆ ئەو نەخۆشە بێنن تاکوو بە خواردنی ئەو ئاوە نەخۆشەکە شەفا پەیدا بکات و چاکبێتەوە و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی بدات، نووسەری سیناریۆکە کەیوان مەجیدی-ە.