بە پەرتوکخانەی نەتەوەیی کولتووری ڕەققە دەپارێزرێت

پەرتوکخانەی نەتەوەیی ڕەققە پشتیوانی لە فێمینیستە ڕۆشنبیرەکان و کەسانی پەیوەندیدار بە وێژەوە دەکات و ڕۆڵیان بەهێزتر دەکات، پەرتوکخانەکە بە بینا مێژووییەکەی سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان سەردانی دەکەن.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە-پەرتوکخانەی نەتەوەیی ڕەققە کە لەلایەن دەستەی کولتوورو شوێنەواری دامەزراوە، یەکێکە لە شوێنە گرنگەکانی کولتوورو ناونیشانێکی دەوڵەمەندە بۆ پاراستنی کولتووری خوێندنەوە.

 

پەرتوکخانەکە لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن دەستەی کولتوورو شوێنەواری کرایەوە، وەک شوێنی ئەرشیفی بیرو مێژووی گرنگترین شارستانیەتەکان پێناسە دەکرێت، ١٢ هەزار پەرتوکی بابەت و هۆنراوەو چیرۆکی تێدایە،  هەروەها بەشەکانی فەلسەفە، مێژوو، سینەما، هونەر، مۆسیقا و نەتەوەی دیموکراتیک هەیە، ژوورێک بۆ خوێندنەوە و نووسینی چیرۆک و هۆنراوە هەیە، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بینای پەرتوکخانەکە لە سەردەمی عەباسیەکانەوە ماوەتەوە، بە بەردی خشت دروست دەکران کە لە کورەی "هەرگلا" لە ڕۆژئاوای ڕەققە دروستکرابوون.

 

"ڕەققە بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناسراوە"

سەبارەت بە ئامانجی کردنەوەی یەکەم پەرتوکخانە لەسەر ئاستی هەرێم، سەنا عەبد عەباس، بەڕێوەبەری پەرتوکخانەی نەتەوەیی، وتی: شاری ڕەققە بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناسراوە، چونکە دوای ڕزگارکردنی شارەکە لە دەستی چەتەکانی داعش، گرنگییەکی زۆر بە کولتوور درا بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێت پەرە بە توانا کولتوورییەکانی خۆی بدات.

 

"زۆرێک لە ژنانی ڕۆشنبیر بوونەتە ئیلهامبەخش بۆ ئێمە"

سەنا عەبد عەباس سەبارەت بە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە ناوچەکەدا وتی: ژنان لە هەموو ڕووەکانی ژیان، سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و ڕۆشنبیری خۆیان سەلماندووە، ژنان لە زۆرێک لە ئێوارانی هۆنراوەو وێژەیی و هەروەها لە پانێڵە ڕۆشنبیرییەکان بەشدارییان کردووە، زۆرێک لە ژنان ڕۆشنبیرانی وەک فەوزیە ئەلمێرای و مریە ئەلیسلی و میدیا سولەیمان هەن کە لە زۆرێک لە بەرهەم و پەرتوکی وێژەییدا بەشدارییان کردووە، ئەم ژنە وێژەییانە بۆ زۆرێک لە ژنانی دیکە بوونە نموونە.

 

"بەشداری ژنان لە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان بووە هۆی زیادبوونی متمانەیان"

لە درێژەی قسەکانیدا، سەنا عەبد عەباس وتی: بەشداری ژنان لە بواری ڕۆشنبیری و پانێڵەکانی هۆنراوەدا ڕێگەی دا متمانەیان زیاتر بێت و بۆچوونی کۆمەڵگە بۆیان بگۆڕێت.

 

 سەبارەت بە ژمارەی ئەو ژنە گەنجانەی کە سەردانی پەرتوکخانەکە دەکەن، وتی: لەکاتی کردنەوەی پەرتوکخانەکەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی گەنج سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، ژوورێکی تایبەت بۆ ژنان هەیە، دەتوانن زیاتر خۆیان پەرەپێبدەن.

سەنا عەبد عەباس وتیشی: ژنان بناغەی کۆمەڵگەن و نەوەی نوێ پەروەردە دەکەن، بۆیە پێویستە ژنان شارەزا بن بۆ ئەوەی بتوانن خێزانێکی شارەزا بونیاد بنێن و لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگە بەئاگا و زانا دەبێت.

 

لە کۆتاییدا داوای لە سەرجەم ژنان کرد بچنە پەرتوکخانەو توانا وێژەییەکانیان دەوڵەمەند بکەن و بۆ پلانەکانی داهاتووش وتی: هەوڵدەدەین بەشێکی تایبەت بۆ وێژەی ژنان و بۆردێک بکەینەوە بۆ چالاککردنی بەرنامە و چالاکییەکان.