١٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەرزیە فەریقی تێپەڕ دەبێت

مەرزیە شەهاب عەبدوڵا ناسراو بە مەرزیە فەریقی، لە ٢٢ی ئایاری ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٠٥ لە ژێر نەشتەرگەریدا لە سوید کۆچی دوایی کردو لەسەر داوای خۆی تەرمەکەی هێنرایەوە کوردستان و لە سلێمانی بەخاک سپێردرا.

ناوەندی هەواڵ

 

مەرزیە خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەستپێکردووە و هەر لەتەمەنی ٩ ساڵیەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە، لە بۆنەکانی قوتابخانەکەی بەشداری کردوەو لە تیپی شانۆشدا چالاکی نواندووە.

 

مەرزیە لە سەرەتادا بە گۆرانی فارسی و گۆرانیەکانی فەتانە وەلیدی دەستی بە تێکۆشان کردووە، بەڵام لەبەر ئەو زوڵم و زۆرییەی کە دەسەڵاتداریی ئێران لەسەر کورد و زمان و ئەدەب و هونەری کوردی هەیبووە، مەرزیە وازی لە گۆرانی فارسی هێناوەو گۆرانی کوردی دەستپێکردووە.

 

مەرزیە دوای تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان، لەبەر ئەوەی ئەو شارە بچوک و دەرەتان بۆ خوێندن کەم بووە، بۆ درێژە دان بەخوێندن چووەتە شاری سنەیناوەندی پاریزگا، لەوێ چووەتە زانستە ئامادەییەکان و خوێندنی مامۆستایەتی  مامۆستایەتی تەواو کردووە، ھەر لەو شارە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ کۆڕی شانۆیی سنە چەندین جار چووەتە سەر شانۆ و گۆرانی گوتووە. پاش تەواوکردنی ئەو دەورەیە لە سنە، گەڕاوەتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێکی نزیک ئەو شارە بووە بە مامۆستا.

مەرزیە پاش دوو ساڵ وانەگوتنەوە گوازراوەتەوە بۆ سنە و لەوێ، لەو شارە لە قوتابخانەی سەرەتایی دامەزراوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کردووەتەوە.

 

ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسری ڕەزازی ژیانی ھاوسەری پێکدەهێنێت و لەبەر بەسەرداھاتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەگەڵ ناسڕ شانبەشان لە خۆنیشاندان و ڕێپێوان و خەبات دژی شای دەرکراو، خەباتی کردووە و کەوتووەتە ژێر چاوەدێری. کە ئێران ھاتووەتە سەر کار، لەگەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ ڕزگاریی کوردستان ھەر درێژە پێ داوە، بەڵام ئەمجارەیان گیراوە و بۆ ماوەیکی کورت کەوتووەتە بەندیخانە و کاری مامۆستایەتییەکەی لێ سێندراوەتەوە.

 

ساڵی ١٩٨٠ کە کۆماری ئیسلامیشارەکانی کوردستانی خستەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لەبەر ڕاوەدوونان و گرتن نەیتوانی لە شاردا بمێنێتەوە و چووە بۆ لای ناسر لە شاخ و ئەویش بوو بە پێشمەرگە، مەرزیە لەگەڵ ناسر و دوو منداڵیان دڵنیا و ماردین شانبەشان لە چیا، لە شۆڕشی کوردستاندا لەناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانیکوردستانی ئێران خەباتیان کردووە.

 

ناسر و مەرزیە بە خەباتی ھونەریی خۆیان لە چیا، لە ناو کۆڕی بانگەوازدا کۆمەڵێک گۆرانی و سرودی نیشتیمانی شۆڕشگێڕییان بڵاو کردووەتەوە کە بوونەتە وێردی سەر زاری پێشمەرگە و خەڵک و ڕادیۆکانی شۆڕشی کوردستان.

 

مەرزیە کە خاوەنی چەندین گۆرانیە لە بواری جیادا، یەکێک لە گۆرانیەکانی بۆ ژنە کە ئەم سرودە، ھۆنراوەی شێرکۆ بێکەسە، مەرزیە فەریقی بە بۆنەی  ٨ی مارس بڵاویکردەوە:

 

ژنان

ژن ئەی مایە و ماک و ھەوێن
ئێوە زەریان گەر بھەژێن
بوومە لەرزەن گەر بلەرزێن
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
ئەی ژنانی دایکی زەوین
ئەی ژنانی ڕەنج و کەوین
ئەی ژنانی زام و ئەوین
ئەستێرەمان لەئێوە زا
گەردنتانا شەو چرا
مێژووی ئێوە جیھانی بوو
زامی ئێوە بارانی بوو
دژی ئێوە نەزانی بوو
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
باڵاتان باڵای وڵاتە
سنگتان کەلی ڕۆژ ھەڵاتە
بوونات ڕۆژی پڕ لەھاتە
ئەستێرەمان لەئێوەزا
گەردنتانەشەو چرا

 

 ژنە ھۆنەرمەندی کورد مەرزیە فەریقی جیا، لە کاری ھونەری وەکوو ژنێک لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات لە بەرامبەر بابەتی مافی ژن چالاکانە بەشداری کردووە.