ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا...تورکیا
لە شەڕەکانەوە تا هەژاری، لە توندوتیژی دەوڵەتەوە تا سیاسەتی شەڕی تایبەت، ژنان لە هەموو بوارێکدا دەکرێنە ئامانج، لە کاتێکدا کە بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢٥ "ساڵی خێزان" بێت، بوو بە ساڵێک کە تێیدا ژنان دەکوژرێن، بەڵام ساڵێکە کە ژنان تێیدا خەباتی خۆیان چڕتر کردەوە.
ساریا دەنیز
ناوەندی هەواڵ- لە کاتێکدا شەڕ و ململانێ و تیرۆر و قەیرانە ئابوورییەکان جیهان دەلەرزێنن، ژنان و منداڵانی کچ جارێکی دیکە قورسترین باج دەدەن، بەگوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەک لە سێ ژن لە جیهاندا تووشی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی دەبێت، زۆرجار لەسەر دەستی ئەو پیاوانەی کە نزیکترینیان لێیان، ئەم توندوتیژییە تەنها ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو شێوازێکی سیستماتیکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە کە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووری تێکدەدات و شوێنەواری قووڵ لەسەر ویژدانی کۆمەڵگەکان بەجێدەهێڵێت.
ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان کە لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت، هێمای خەباتی ژنانە نەک تەنها بۆ یە، بەڵکو بۆ جیهانێکی دادپەروەر و یەکسان و ئازاد، ژنان بەردەوامن لە ڕۆڵی گرنگ لە ناوچە جێناکۆکەکاندا وەک ئاشتیخواز و پایەی گەشەپێدانی ئابووری و بریکاری گواستنەوەی دیموکراتی، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا بەشدارە لە ئاشتییەکی بەردەوام و بەردەوامتر دوای کۆتایی هاتنی ململانێکان.
ڕاستیەکە بەهۆی نەبوونی دادپەروەرییەوە شێواوی دەمێنێتەوە
سەرەڕای ئەو ڕۆڵە گرنگەی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا دەیگێڕن، بەڵام زۆربەیان هێشتا لە ژینگە نائارامەکاندا کاردەکەن بۆ موچەیەکی کەم و ڕووبەڕووی بەربەستی بەرچاو دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان، بوونی ئەوان لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا سنووردارە و بەس نییە، لە ڕووی یاساوە، داتاکان دەریدەخەن کە لە کۆی ١٦٥ وڵات، تەنها ١٠٤ وڵات یاسای گشتگیریان هەیە کە باس لە توندوتیژی خێزانی دەکەن، لە کایەی سیاسیدا یاساکانی جیاکاری، چەشنە ڕەگەزییە کۆنەپەرستانەکان و هەژاری بەردەوامن وەک بەربەستێک کە ڕێگری لە نوێنەرایەتی دادپەروەرانە و کاریگەرانەی ژنان دەکەن.
شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە کۆمەڵگەکان بە سەرۆکایەتی ژنان دادپەروەرتر و خۆڕاگرتر و ئارامترن، هەر بۆیە ٢٥ی تشرینی دووەم تەنها ڕۆژی یادکردنەوە نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ بەرگریکردن لە ژیانی ژنان و مافەکانیان و داوای نوێنەرایەتی یەکسان.
قەیران لە تورکیا
ڕاپۆرتی جیهانی بۆشایی ڕاگەزی ساڵی ٢٠٢٥ی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، زانیاری ورد لەسەر یەکسانی ڕەگەزی لە وڵاتە جیاوازەکاندا دەخاتە ڕوو، دوایین ڕاپۆرتیش بە ڕوونی هەڵوێستی تورکیا لەم بوارەدا ئاشکرا دەکات و ئاماژە بە قەیرانێکی ڕاستەقینە دەکات، تورکیا هەشت پلە دابەزیوە و لە کۆی ١٤٨ وڵاتدا پلەی ١٣٥ی بەدەستهێناوە، واتە لە ڕیزبەندی یەکسانی ڕەگەزی جیهانیدا جێگەی خۆی لەدەستداوە و ئێستا دوا وڵاتی ئەوروپایە.
ئەم دابەزینەی ڕیزبەندییەکە ڕەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە سنووردارەیە کە لە سیاسەتەکانی پشتیوانیکردن و پاراستنی ژناندا بەدەست هاتووە، هەروەها بە ڕوونی ڕادەی کەلێنی سیاسەتەکانی پەیوەست بە ژنان نیشان دەدات، ڕیزبەندیی تورکیا لە پشت عەرەبەکانەوەیە کە لە مێژە ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەهۆی سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ژنان، بە توندی تیشک دەخاتە سەر گەورەیی ئەو قەیرانەی کە وڵاتەکەی پێی گەیشتووە.
لە "ساڵی خێزان"دا، ژنان کوژران
لە "ساڵی خێزان" کە سەرۆک کۆماری تورکیا بە "نیشانەیەکی باش" ناساند، توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام بوو لە پەرەسەندن، هەروەها ئەو سیاسەتانەی کە خێزانیان لەسەر حیسابی ژنان لە پێشینەدا بوو، لە نێوان نەبوونی پاراستن و سیاسەتی ژنانی لاواز و قسەی دوژمنکارانە و کۆنەپەرستانە و بڕیارە دادوەرییە گفتوگۆیاویەکانەوە بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٥ جێبەجێ کران.
ژیانی ژنان و نداڵانی کچ پشتگوێ خرا و لەناو ماڵەکانیاندا کوژران، کە بە "شوێنی پارێزراو" پێناسە دەکرا، تاوانباران وەک هاوژین، باوک، کوڕ، یان خزم و کەسی پلە یەک دەستنیشانکراون، زۆربەی ژنکوژییەکان لە ناو خێزانەکەدا ڕوویانداوە، ئەمەش قووڵایی قەیرانی پێکهاتەیی لە پاراستنی ژنان و مسۆگەرکردنی مافی ژیانێکی پارێزراویان ئاشکرا دەکات.
لانیکەم ٢٩٦ ژن کوژراون
هەروەها ئەمساڵ وەزارەتەکان هیچ داتایەکی فەرمییان لەسەر ژنکوژی بڵاونەکردووەتەوە، بەپێی ئامارە مانگانەیەکان کە لەلایەن ژننیوز بە پشتبەستن بە هەواڵە بڵاوکراوەکان کۆکراوەتەوە، لە ٢٥ی تشرینی دووەم تا ئێستا ٢٩٦ ژن لە تورکیا لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، مردنی ٢٢٠ ژنی دیکە بە "گوماناوی" تۆمارکراوە.
ماڵپەری "ئێمە ژنکوژی ڕادەگرین" بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا ٣٣٦ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، لە نێویاندا نۆ ژن لە کاتی تاوانەکەدا لە ژێر پاراستنی یاساییدا بوون، شەپۆلی توندوتیژی تەنها لە ژناندا سنووردار نەبوو، هەروەها منداڵان کرانە ئامانج، لەو ماوەیەدا ٢٤ منداڵ کوژراون و گیانلەدەستدانی ١٩ منداڵیش بە گوماناوی دادەنرێت.
لە نێو ئەو ژنانەی کە کوژراون، هەندێکیان فەرمانی پاراستنی یاساییان هەبووە، داتاکانی ساڵی ٢٠٢٤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە کۆی ٣٩٤ ژن کە لەو ساڵەدا کوژراون، ٢٠ ژنیان لە ژێر پاراستنی یاساییدا بوون، ئەمەش شکستێکی ڕوون لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی پاراستن و دڵنیابوون لە پارێزراوی ژنان ئاشکرا دەکات.
منداڵانی کچ تووشی هەراسانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دەبن
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی "ساڵی خێزان"ی تورکیا، خێراکردنی خێرایی هاوسەرگیری و زیادکردنی ڕێژەی هاوسەرگیری و کەمکردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوە بوو، بەڵام هەندێک لە قسە و پراکتیکەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارییان لە پێشخستنی و ئاسانکاریکردنی هاوسەرگیری منداڵان کرد.
لە ماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا ٢١٨ منداڵ تووشی جۆرەها دەستدرێژی سێکسی بوون لەلایەن پیاوانەوە، بەپێی دوایین داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا "TÜİK"، ٦ هەزار و ٥٠٥ منداڵ کچ لە تەمەنی ١٥ بۆ ١٧ ساڵدا منداڵیان بووە و ١٣٠ منداڵی کچی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ منداڵیان بووە، ئەم ئامارانەئەوە دەردەخەن کە ئەم منداڵانە بوونەتە قوربانی دەستدرێژی سێکسی.
کەیسی شۆککەر لە ڕاگەیاندنەکاندا باسکراوە، لەوانە یەکێکیان لە زۆنگوڵداک کە دەستدرێژی کراوەتە سەر منداڵێکی کچی تەمەن ١٤ ساڵ و منداڵی بووە، یەکێکی دیکەش کە منداڵێکی کچی تەمەن ١٦ ساڵە دوای ئەوەی چووەتە نەخۆشخانە و باسی لە ئازاری سکی کردووە منداڵی بووە، لە نەخۆشخانەی جیهان منداڵێکی کچ لە حەمامدا منداڵی بوو، بە بێ ئەوەی بزانێت کە چی ڕوویداوە، هەروەها لە نەخۆشخانەی پەروەردە و توێژینەوەی کارامان، منداڵێکی کچی تری تەمەن ١٤ ساڵان منداڵی بوو.
ئەم ژنانە سزادراون بە هەژاری
سەرەڕای هەندێک چاکسازی کە لە ساڵی ٢٠٢٥ جێبەجێکرا، دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بناغەی بۆ سوودگەیاندنی ژنان نەناوە، بە بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتانەی کە ژنان لە خێزاندا قەتیس دەکەن و لە ماڵەوە دەیانهێڵنەوە، بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا "TÜİK" بەشداری ژنان لە بازاڕی کاردا لە ساڵی ٢٠٢٥دا تەنها ٣٦.٨٪ بووە، بەڵام کارەکانی ژنان تا ڕادەیەکی زۆر بە نەبینراو و پەراوێزخراو ماونەتەوە.
لە ناوەڕاستی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و بارودۆخێکی ناڕەوادا، ژنان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری هەژارییان لەسەرە، ئەوان ناچار دەکرێن لە بارودۆخێکی ناپارێزراو و تۆمارنەکراودا کار بکەن، لە کاتێکدا کاری ناوماڵیان بە تەواوی پشتگوێ دەخرێت، کۆمەڵگە و دەوڵەت بە سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە"، جۆرێک لە "کۆیلایەتی سەردەمی" بەسەر ژناندا دەسەپێنن، هەروەها چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە گوێڕایەڵ و ملکەچ بن.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیاندن، لە ماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، هەزار و ٧٣٧ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستداوە کە ١١٤یان ژن بوون، ئەم ژمارانە بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە ناجێگیرەی کارکردنە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە و نەبوونی پاراستنی کاریگەر بۆ مافەکانیان لە ژیان و کاری شایستەدا.
توندوتیژی دەوڵەت
هەروەها ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێک بوو کە توندوتیژی دەوڵەتی دژی ژنان بە ئاشکرا دەرکەوت و بابەتێکی دووبارەبووەوە لە وتاری گشتیدا، ژنانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان بە هۆکاری جۆراوجۆر دەستبەسەر و پشکنینی جل و بەرگی دانەپۆشراویان بۆ کراوە، هەروەها ژنانی دەستبەسەرکراو ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.
دوژمنایەتی سیستماتیکی بەرامبەر بە ژنان لە دەستێوەردانەکانی پۆلیسدا بە شێوەیەکی بەرچاو دیار بوو، کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی بە ئەنقەستی ئەم قسە دوژمنکارانە بوو، تەنانەت لە ناو زیندانەکانیشدا ژنان لە توندوتیژی ڕزگاریان نەبوو، ڕاپۆرتەکان گەواهی ئەو ژنانەی لەخۆگرتبوو کە نەیانتوانیبوو دەستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک جلی ژێرەوەی پاک، پادی تەندروستی و سابوون بگات.
هەندێک لە ژنان ڕایانگەیاندووە، کە مامەڵەی خراپ لە کاتی گواستنەوە لە نێوان زیندانەکاندا و ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی لە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەدا، دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی کردووە بە ئەزموونێکی هاوشێوەی ئەشکەنجەدان، هەروەها ژنان لە ناو زیندانەکاندا پشکنینیان بۆ کرا و لە هەندێک کەیسدا کامێرا لەناو خانەکاندا دانرا بەبێ ئەوەی ڕەچاوی مافی تایبەتمەندییان بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، لانیکەم هەزار و ٤١٢ دەستگیرکراوی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا هەن کە ١٦١ ژن و هەزار و ٢٥١ پیاون، ئەم دەستگیرکراوانە مافی چاودێری تەندروستییان لێ زەوت دەکرێت و بارودۆخی دەستبەسەرکردنیان دەگاتە شێوازێکی ئەشکەنجەدان کە لە زیادبووندایە.
سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت
شەڕە بەرفراوانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهان بەردەوامن و بە شێوەیەکی ناڕێژەیی ژنان دەکەنە ئامانج، ئەم شەڕانە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژاری و چەوساندنەوەی و توندوتیژی بۆ ژنان و ناچاریان دەکات ئاوارە بن و ببنە ئامانجی ڕاستەوخۆی توندوتیژی، سەرەڕای هەموو ئەمانە، ژنان لە خەباتی خۆیان بۆ یەکسانی و ئازادی لە دژی سیستەمی حوکمڕانی پیاوسالاری بەردەوامن، ژنان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە خەبات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هاوکات ئامرازی بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتیشن.
ئەو ژنانەی کە دەبنە قوربانی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت، تووشی چەندین جۆری توندوتیژی دەبن، لە باکووری کوردستان و ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن، دەسەڵات سیاسەتەکانی دژ بە ژنان فراوانتر دەکات، دەوڵەت سوود لە دەسەڵاتی سەربازی خۆی وەردەگرێت بۆ بەئامانجگرتنی دیاریکراوی ژنانی گەنج، هەوڵدەدات بەهای ئەخلاقی و کولتوورییەکانیان تێکبدات، بە بەڵێنی درۆی هاوسەرگیری فریویان دەدان و دەیانفڕێنن و هەڕەشەیان لێدەکەن و وەک زانیاریدەر وەریاندەگرن، هەروەها ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی وەک ئامرازێکی زۆرەملێ بەکاردەهێنێت و ژنانی گەنج فشاریان لەسەرە بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان یان زۆرەملێی لەشفرۆشی.
لەگەڵ ئەوەی هێشتا دادپەروەری نەماوە، تاوانبارانی دۆسیەی گوڵستان دۆکو و ڕۆژین کابایش تا ئێستا نادیارە، بەڵام خۆڕاگری و چالاکی ژنان، دەسەڵاتی ناچار کردووە هەندێک کەیس بکەنەوە کە پێشتر پشتگوێ خرابوون، دۆسیەی ڕۆژین کابایش لە سایەی خەباتی ژنان و ئیرادەیان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆتە هێمای خۆڕاگری ژنان و بە کراوەیی ماوەتەوە.
بڵاوبوونەوەی سیستماتیکی ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی
بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٤ی ئەنجومەنی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان "دەبەپە"، بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتن لەگەڵ سێ هەزار و ٢٠٠ ژن، ماددەی هۆشبەر لە باکووری کوردستان بە ئاسانی دەستدەکەوێت، بەجۆرێکە تەمەنی هەڵگرتنی بۆ حەوت ساڵە و تەمەنی یەکەم بەکارهێنانی بۆ نێوان ١٢ بۆ ١٣ ساڵ دادەبەزێت، هەروەها لەشفرۆشی لە باکووری کوردستانیش بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، زۆرجاریش ژنانی کورد ناچاردەکرێن تێیدا.
هێزە ئاسایشییەکان لە ژێر پەردەی "خۆشەویستی"دا بۆ نامۆکردنی ژنان لە ناسنامە و خەباتیان پەیوەندی دادەمەزرێنن و دواتر تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییەکان بۆ ڕەشبگیریکردنیان بەکاردەهێنرێن، لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا ژنان لە ڕێگەی شارەوانییەکان و تەڤگەری ژنانی ئازاد" تەژەئا" خەباتێکی هاوئاهەنگیان ڕێکخستووە، بۆنە و کۆبوونەوەی ماڵانیان ئەنجامداوە.
لە ماوەی ساڵێکدا ژنان چالاکی جیاوازیان لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجامدا، دەستیان گەیشتووە بە ژنان و منداڵانی دەستدرێژیکراو، لە ڕێگەی هەڵمەتی "قسەمان کۆتایی نەهاتووە و پێکەوە توندوتیژی ڕادەگرین" کە لەلایەن کۆمیتەی ئیدارەی ناوخۆیی دیموکراتی دەم پارتی لە ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد، نزیکەی ١٢٥ هەزار ژن گەیشتنە دەستیان، شارەوانییەکانی سەر بە پارتەکە چەندین دامەزراوەی ژنانیان دامەزراند و هەنگاوی بەرچاویان لە دامەزراندنی ژنان و دروستکردنی وۆرکشۆپدا ناوە، کە ئەمەش بەهۆی هەوڵی ئەو ژنانەی کە لەناویاندا کاردەکەن، شارەکانیان پێگەی "شاری دۆستی ژنان" بەدەستهێنا.
ژن دەنگی ئاشتییە
لە بەدواداچوون بۆ چارەسەری پرسی کورد، ژنان یەکەم کەس بوون کە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"یان لە باوەش گرت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەرکرابوو، دوای ئەوەی بە چاوی خۆیان ئەزموونی پەرەسەندنی ململانێیان کرد بۆ توندوتیژی ڕاستەوخۆ لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، بوونە هێزی بزوێنەری ئەم ڕێگایە و هەوڵیان دا فراوانتری بکەن.
دوابەدوای بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان،گەریلاکانی پەکەکە مەراسیمێکی داماڵینی چەکیان ڕێکخست، ئاگرێکیان داگیرساند کە هێمای دووبارە لەدایکبوونەوە و دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بوو، وەک لە هەموو ساتێکی سەرەکیدا، ژنان لە پێشەنگی ئەم بۆنەیەدا بوون،هەروەها سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە، لە ژێر سەرکردایەتی ئەواندا، دەنگیان بەرزکردەوە بۆ چەسپاندنی ئەم ڕێگایە لە کۆمەڵگەدا، سەرەڕای دژایەتیی دەسەڵاتداران و داوای بەشداری چالاکانە لە بونیادنانی ئاشتیدا دەکەن.
دەستپێشخەری ژنانی "پێویستم بە ئاشتییە"
دوابەدوای وۆرکشۆپی "ژنان بۆ ئاشتی قسە دەکەن" کە لە ٢٢ و ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥ لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ژنان دەستپێشخەرییەکیان بە ناونیشانی"پێویستم بە ئاشتییە” دەستپێکرد، ئەوان ئەم دەستپێشخەرییەیان بەم شێوەیە پێناسە کرد: ئێمە کە خۆمان بە ئاشتیخواز و بونیادنەر دەزانین، کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی خەباتێک بۆ ئاشتی دابڕێژین کە ڕەنگدانەوەی خواستی ئێمەیە بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازاد و بەهێزمان دەکات بۆ ئەوەی خاوەندارێتی لە داهاتوومان بکەین پێکەوە و ڕێگاکانی بکۆڵنەوە.
ژنان بۆ گەورەکردنی دەنگەکانیان بۆنە و دەستپێشخەری جیاوازیان ڕێکخست، هەروەها بەشدارییان لە ١٥هەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی "هاوپشتی و برایەتی و دیموکراسی نیشتمانی" لە پەرلەمانی تورکیا کرد، کە تیایدا چارەسەری خۆیان سەبارەت بە ئاشتی و دیموکراتی خستەڕوو، جەختیان لەسەر ڕۆڵی ژنان وەک ئاشتیخوازان لە بەرامبەر توندوتیژیی پێکهاتەیی و سیاسیدا کردەوە.
دایکانی ئاشتی لە پێشەوە
لە ناوچە جیاوازەەکاندا ژنان پلاتفۆرمی ئاشتییان دامەزراند و دەنگی خۆیان بەرزکردەوە و داوای کۆتاییهێنان بەو گۆشەگیرییە دەکرد کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندرابوو، هەروەها داوای ئازادییان دەکرد لە ڕێگەی ڕێپێوان و سیمینار و کۆبوونەوەی گشتییەوە، "دایکانی ئاشتی" لە پێشەنگی ئەم تەڤگەریەدا بوون، بەردەوام پشتیوانیان لەو ڕێگایە دەکرد کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکردبوو و لە هەموو دەرفەتێکدا بەشدارییان دەکرد بۆ چەسپاندنی بانگەوازەکەی بۆ ئاشتی.
دوای ١٢ ساڵ دایکانی ئاشتی کۆنگرەیەکیان ئەنجامدا کە تێیدا پابەندبوونی خۆیان بە بەشداریکردن لە گۆڕینی ئاشتی بۆ کولتوورێکی کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند، لە میانەی کۆنگرەکەدا داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد و بەردەوامی خەباتیان تا گەیشتن بە ئاشتی دووپاتکردەوە.
هاوکات کۆمیتەی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پێکهاتەکانی ژنان لە پارتە سیاسییەکانی دیکە چڕتر کردەوە، لە چوارچێوەی کارنامەیەکدا کە تیشکی خستە سەر پرۆسەی ئاشتی، هەروەها تاڤگەری ژنانی ئازاد"تەژەئا" ڕێپێوانی ڕێکخست کە لە حەوت شوێنی جیاوازەوە دەستی پێکرد و داواکارییەکانیان بۆ ئاشتی دەربڕی.
ژنان، بەتایبەت ژنانی کورد، بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی دەنگی خۆیان بۆ ئاشتی، لە هەر شوێنێک بن دەبنە وتەبێژی ئەو وڵاتە، دووپاتی دەکەنەوە، کە ئاشتی بەبێ بەشداری چالاکانەی ئەوان بەدی نایەت.
ژن ژیان دەبەستێتەوە
تەنانەت لە تاریکترین ساتەکانی ستەم و شەڕ و هەژاری و توندوتیژیدا ژنان بەردەوامن لە هەڵگرتنی مەشخەڵی خۆڕاگری و ئاوەدانکردنەوەی ژیان، خەباتی ئەوان تەنها هی ئەوان نییە، سەرچاوەی هیوایە بۆ هەموو ئەوانەی تامەزرۆی دادپەروەری و ئاشتی و ئازادین.
لە جیهانێکدا کە دەنگی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی دوورەوە تا ڕۆژئاوا سەرکوت دەکرێن، ئەو دەنگانە لە یەک کاتدا دەنگ دەدەنەوە و سەرپێچی لە بێدەنگی سەپێنراو دەکەن، ژنان بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەهێزی ئیرادەی خۆیان ژیان بە دەستی خۆیان دەبەستنەوە و ئازار دەگۆڕن بۆ کردار و بێ هیوای بۆ هیوا و نەبوونی بۆ ئامادەبوونێکی نەبڕاوە.