ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا...تونس
لە نێوان جەنجاڵی یاسایی و ڕاستی بێ سزادا، ژنانی تونس بێ وەستان بەرەنگاری توندوتیژی دەبنەوە، ئەوان پێیان وایە ئەم خەباتە مسۆگەری ڕاستەقینەی تونسێکی دیموکراتییە و تەنها لە ڕێگەی ئەو خۆڕاگریەوە دادپەروەری و یەکسانی بەدیدێت.
زهور مەشرقی
تونس- گومانی تێدا نییە کە توندوتیژی دژی ژنان لە تونس دیاردەیەکی نوێ نییە، ژنان هەر لە منداڵییەوە لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا دەژین و لە دژی جیاکاری ڕەگەزی و دوورخستنەوە و هەموو جۆرە توندوتیژییەک خەبات دەکەن، لە دوای سەربەخۆیی تونسەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵیان داوە دامەزراوەی تایبەت بە ژنان و مافی مرۆڤ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخەنە سەر توندوتیژی دژی ژنان و ئاشکراکردنی بیانووە بنەڕەتییەکانی، سەرەڕای ئەمەش باسکردنی "توندوتیژی" بۆ چەندین ساڵ بە قەدەغەکراوی مابووەوە، پاساو سەرەکییەکانی ئەم بێدەنگییە "شەرمەزاری" و "شەرەف" بوون.
پێش ساڵی ٢٠١١ تەنانەت وتنی دروشمی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی مەترسییەکی بەرچاو بوو، ڕژێمی بن عەلی لە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر بە ژنان ڕێبازێکی ڕەق و تایبەتی پەیڕەو دەکرد، جیاکاری ڕەگەزی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا باو بوو و بەم شێوەیەش ناڕاستەوخۆ توندوتیژی یاسای پێدرا، ڕژێمی پاوانخوازیش بێدەنگی و ترسی لە کایەی گشتیدا سەپاند، سەرەڕای ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانە، ژنان هەوڵی بێوچانیان دا بۆ دروستکردنی شوێنی خەبات، بە ئامانجی دەرکردنی یاسایەک کە لە توندوتیژی و خراپ بەکارهێنان بیانپارێزێت.
ئەو دەستکەوتە یاساییانەی کە بزووتنەوەی ژنان لە تونس لە ساڵانی شەستەکانەوە بەدەستی هێناوە، ناتوانرێت بە کەم سەیر بکرێت، ئەم دەستکەوتانە لە قۆناغێکی سەختدا سەریان هەڵدا کە بە ململانێی سیاسی چڕ لە نێوان بزووتنەوەی نەتەوەیی پێشکەوتنخواز و هێزە نەریتییە کۆنەپەرستەکاندا لەسەر مافەکانی ژنان لە دوای سەربەخۆییەوە دیار بوو، ئەم ململانێیە بە ڕوونی لە پەسەندکردنی یاساکانی پاراستنی مافەکانی ژنان، وەک یاسای باری کەسی ساڵی ١٩٥٦ و لە هەوڵەکانی هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەی تونسدا دەرکەوت.
تێگەیشتنێکی ژنان لە دەوڵەت
دەوڵەت هەوڵیدا یاسا بەسەر ژناندا بسەپێنێت و دەستبەرداری سیاسەتە دژە دیموکراتیەکانی نەبوو و بەردەوام بوو لە پاراستنی پێکهاتەی دژە دیموکراتی، ئایینگەرایی و سێکسیزم و ناسیۆنالیزمی پیاوسالاری بوونە ئایدۆلۆژیای ژیانی کۆمەڵایەتی، لەمڕۆشدا ئەم عەقڵیەتە لە تونسدا کاریگەر دەمێنێتەوە، کە توندوتیژی دژی ژنان بە ئاسایی دادەنرێت، تەنانەت وەک "ئامرازێکی دیسیپلین" سەیر دەکرێت و بەهۆی ئەو نەریتانەی کە بە تێگەیشتنێکی تایبەت لە ڕەگەز لە قاڵب دراون، یاسای پێدەدرێت، بەپێی ئەم ڕوانگەیە، ژنان و منداڵانی کچ بە "کەمی عەقڵ و تێگەیشتنی ئایینی" دادەنرێت، پێدەچێت ئیرادەی ئازادیان نییە، هەر بۆیەش کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی ئەو پیاوانەی کە دەسەڵاتیان پێدراوە "دیسیپلین"یان دەکەن، پیاوان لە ناو خێزان بڕیار دەدەن و ڕێنمایی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە دەکەن، لە هەموو بارودۆخێکدا دەبێت هەژموونی پیاو بمێنێتەوە.
ئێستاش کاریگەرییەکانی ئەم تێگەیشتنە لە زۆرێک لە بزووتنەوەکانی ژناندا دیارە کە لە تونسدا سەریان هەڵداوە، دەوڵەت هەندێک "دامەزراوەی فەرمی ژنان"ی بە ئامانجی پاراستنی کۆنترۆڵی ژنان دامەزراندووە، لەو چالاکییانەی کە ئەم دامەزراوانە ڕێکدەخەن، پیاوان ڕۆڵی ڕێبەر و ڕاهێنەر دەگرنە ئەستۆ، ئەمەش دۆخێک کە بۆ ژنانی بەشداربوو ئاسایی بووەتەوە، تەنانەت هەندێک ئەم ڕۆڵە بە تایبەت و دەرفەتێک دەزانن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، کە دەیانباتە ناو خەیاڵێکی قووڵەوە،هەروەها سیاسەتەکانی تونس بەرامبەر بە ژنان هاوشێوەی سیاسەتەکانی میسرن، ڕواڵەتێکی ڕووکەش دیموکراتیانە دەگرێتەبەر لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ژنان بەرەو شێوازێکی ورد و قووڵی ژێردەستەیی پاڵدەنێت.
یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە تونس
جگە لەوەش زۆر گرنگە تیشک بخەینە سەر سەرکەوتنەکانی ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە دانیان بەوەدا ناوە کە توندوتیژی پیاوان لە بنەڕەتدا ڕەگ و ڕیشەی لە نمایشکردنی دەسەڵاتدا هەیە کە لە پێکهاتەی پیاوسالاری دەوڵەتەوە سەرچاوەی گرتووە، سەرەڕای فشاری توند و سنووردارکردنی ئایدیۆلۆژی، خەباتەکانیان بەرهەمی هێنا و لە ساڵی ٢٠١٧دا بە دەرکردنی یاسای ژمارە ٥٨ گەیشتە لوتکە کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، ژنان لە شەڕی خۆیاندا بۆ ئەم یاسایە، سەرەڕای گرتن و دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕەزایەتییەکان، خۆڕاگر بوون، بەمەش زەمینە بۆ شۆڕشێکی ڕاستەقینەی ژنان لە تونس خۆشکرا، بۆ ژنانی تونس دوو قۆناغی سەرەکی هەیە: پێش و دوای ساڵی ٢٠١٧.
بەپێی داتاکانی پەیمانگای نیشتمانی ئامار، ٤٧.٦٪ی ژنانی تونس لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا تووشی توندوتیژی بوون، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە توندوتیژی خێزانی لەگەڵ توندوتیژی جەستەیی و دەروونی لە بەربڵاوترین جۆرەکانی توندوتیژیدایە.
ڕەتکردنەوەی مافی لێپێچینەوە لە دەستدرێژکارەکانیان لە ڕزگاربووان
سومەیە بلحاج، پسپۆڕی دەروونناس پێیوایە، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەروونی لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن، کە چیتر جۆرێکی شاراوەی توندوتیژی نییە کە ڕەنگە قوربانییەکان تەنانەت هەستی پێنەکەن، ئێستا نیشاندەرەکانی لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕەوە دەستنیشان دەکرێن، وەک هەستکردن بە ئازار و ناڕازیبوون لە خۆیان.
سومەیە بلحاج ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان نابێت توندوتیژی بە ئاسایی بزانن، بەڵکو دەبێت بەرەنگاری هەموو ئەو ڕێبازانە ببنەوە کە یارمەتیدەرن بۆ ئاساییکردنەوەی، پێویستە بەدوای پزیشکی پسپۆڕدا بگەڕێن بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەیان و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەنجامدەرەکە تۆماربکەن، چونکە توندوتیژی دەروونی شێوازێکی سەربەخۆی توندوتیژییە و لە نێو کاریگەرترین جۆرەکاندایە بۆ ژنان.
سەرەڕای ئەو ڕێژە زۆرە، بەرپرسان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کەیسەکانی توندوتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لەو کاتەوەی یاسای ژمارە ٥٨ لە ساڵی ٢٠١٧ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەم لێدوانانە بە کاردانەوەی تووڕەیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەوڕوو بووەوە، کە بە جۆرێکی تری توندوتیژییان زانی کە ئاراستەی ژنان دەکرێت، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە داتا بڵاوکراوەکان ڕەنگدانەوەی ڕاستی نین و ژمارە ڕاستەقینەکان لەلایەن دەوڵەتەوە دەشاردرێنەوە، ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن کۆمەڵەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە هاوبەشکراون، ئاماژەن بۆ زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی توندوتیژی لە ساڵانی ڕابردوودا.
یاسای ٥٨ کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چەپڵەی بۆ لێدرا و لەلایەن وڵاتانی دیکەی وەک مەغریبەوە وەرگیرا، ئێستا ڕووبەڕووی پرسی جێبەجێکردن بووەتەوە، ژنانی زیانلێکەوتووی توندوتیژی لە مافی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر تاوانبارەکە بێبەش دەکرێن، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ بدرێت.
دەوڵەت بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان
بە بەراوردکردنی ئەمە بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ژنانی خێزاندار لەم ساڵدا توندوتیژی زیاتریان بەسەردا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژنانی خێزاندار ٤٦٪ی \یانلێکەوتووەکان پێکدەهێنن، دوای ئەویش ژنانی بێ هاوژین بە ٤٢٪.
سەبارەت بە جۆرەکانی تری توندوتیژی، توندوتیژی دەروونی زۆرترین بڵاوبووەتەوە بە ڕێژەی٣٢٪، دواتر توندوتیژی جەستەیی بە ڕێژەی٢٨٪، دواتر توندوتیژی سێکسی بە ڕێژەی١٦٪، ئەمەش زیادبوونی بەرچاوی بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ تۆمارکردووە، کاتێک ڕێژەی توندوتیژی سێکسی لە٥٪ زیاتر نەبووە، ئەم ئامارانە کە لەلایەن ڕێکخراوی "دەنگی ژنان"ەوە بڵاوکراونەتەوە، هاوتەریبن لەگەڵ ژمارەکانی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس، کە ئاماژە بەوە دەکەن کە مانگانە لەنێوان سێ بۆ چوار ژن دەکوژرێن و توندوتیژی خێزانی٧٠٪ی کەیسەکان پێکدەهێنێت.
بانگەوازەکان بۆ تاوانبارکردنی ژنکوژی لە زیادبووندایە
کۆمەڵەکان پێیان وایە کە توندوتیژی ڕەگەزی بەردەوام دەبێت لە پەرەسەندن تا ئەو کاتەی دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕێبازە سنووردارەکەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە بپارێزن و تا ئەو کاتەی سیاسەتەکانی حکومەت نەتوانن گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە چوارچێوەی یاسایی کە ئاسانکاری بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان بکەن.
هەروەها چالاکوانانی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان داوای دانپێدانانی ڕوونی زاراوەی "ژنکوژی" دەکەن وەک ناونانی یاسایی ڕوون بۆ ئەم تاوانانە، بەو پێیەی ژنان بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج چونکە ژنن، ئەم هەموارکردنە ئامانجی ئاسانکارییە بۆ پرۆسەی دادوەری و دڵنیابوون لەوەی کە تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت بەپێی بڕگەکانی یاسای ژمارە ٥٨، کە ڕەنگدانەوەی قورسایی و واتای ڕاستەقینەی تاوانەکە دەبێت.
بزووتنەوەی ژنان و ئازادی ڕۆژنامەگەری
فەرمانی ژمارە ٥٤ بەشداری کردووە لە بەرتەسککردنەوەی فەزای ڕۆژنامەگەری و مەترسییەکی جددی لەسەر پراکتیزەکردنی ڕۆژنامەگەری ئازاد لە تونس دروست دەکات. ئەم دۆخە نیگەرانی زیاتری لە بازنەکانی میدیادا دروست کردووە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە بەڵگەنامەیان لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەیە، بەهۆی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانیانەوە هەڕەشە و هەراسان دەکرێن. لە ئەنجامدا تونس دابەزی بۆ پلەی ١١٨ لە کۆی ١٨٠ وڵات لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری جیهانی ٢٠٢٤، لە پلەی ١٢١ی ساڵی ٢٠٢٣. ئەم دابەزینە مەترسییەکی بێ وێنەیە بۆ سەر دەستکەوتەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری کە لە دوای شۆڕشی تونسەوە بەدەست هاتوون.
لە بەرامبەر ئەم تەحەددایانە، ژنە ڕۆژنامەنووسەکان خۆیان لە ژێر فشاری زیاتردا دەبیننەوە. ئازارەکانیان لە سنووردارکردنی یاسایی و بارودۆخە ئابوورییە سەختەکان زیاترە و جۆرەها هەراسانکردن و هەڕەشە و جیاکاری لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە لەناو دامەزراوە میدیاییەکان دەگرێتەوە. ڕاپۆرتەکانی سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی تونس ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بۆ لێپێچینەوە و هەراسانکردنی پیشەیی، بەتایبەتی لەگەڵ خراپبوونی قەیرانی ئابووری، کاریگەری لەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەهلی هەیە و وایکردووە زۆرێک کارەکانیان لەدەست بدەن یان ناچاربن لە بارودۆخێکی ناجێگیردا کاربکەن.
یۆسرا بێلالی، ڕۆژنامەنووسێکی پسپۆڕ لە پرسەکانی ژنان، ڕایگەیاندووە کە بزووتنەوەی ژنان لە تونس بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زۆر لە دوای سەربەخۆیی، کە لە یاسای باری کەسییەوە دەستیپێکردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کۆدە نوێنەرایەتی هەوڵێک دەکات بۆ پاراستنی ژنان بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. ژنانی تونس درێژەیان بە خەباتیان دا بۆ مافی یەکسانی میرات و هەوڵیان دا کۆدەکە پەرەپێبدەن بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعە هاوچەرخەکاندا بگونجێت. جگە لەوەش داوای دەرکردنی یاسای دژە توندوتیژی دژی ژنانیان کرد لە ساڵی ٢٠١٧دا کە ئەو بە بەرهەمی ئەم خەباتە بەردەوامەی زانی.
ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە بەس نییە، چونکە زۆرجار یاساکان بەپێی ڕەچاوکردنی تایبەت داڕێژراون، مافەکان دەشێوێنرێن و دەستکەوتەکان تێکدەدرێن. ژنان بوونەتە قوربانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، لەوانەش کوشتن و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری لە ڕادەبەدەر قورس بووە کاتێک ژنێک ڕووبەڕووی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەبێتەوە- دەروونی، جەستەیی، ئابووری، یان سیاسی.
ئاماژەی بە زیادبوونی توندوتیژی دیجیتاڵی یان ئەلیکترۆنی دژی ژنان لە سۆشیال میدیا و بەتایبەتی چالاکوانان و ئەو چەوساندنەوە و ناوزڕاندنانەی کە لە ئەنجامی هەڵوێستە سیاسی یان مافی مرۆڤەکانیان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. جەختی لەوە کردەوە کە "هەرچەندە یاساکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە هەردوو داهێنەری ناوەڕۆکی نێر و مێ لەخۆ بگرێت، بەڵام ژنان زۆرینەی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بزووتنەوەی ژنانی تونس لە وڵاتانی دیکە پاڵپشتیی پرسی ژنانی دەکرد و بەرگری لێدەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لێکچوونێک لە دابەزینی دەستکەوتەکان و سەرهەڵدانی توندوتیژی دژی ژنان دەبینێت. دەشڵێت: "ئاساییکردنەوەی پێشێلکردنی مافەکان و جێبەجێکردنی توندوتیژی و نەبوونی جددی بەرامبەر بە دەستدرێژیکار یان بکوژ و بەرامبەر هێرشکردنە سەر ژنان کە مەترسیدارترین لایەنە، جگە لە ئاساییکردنەوەی کۆمەڵایەتی ئەم پێشێلکارییانە و توندوتیژی بەتایبەتی". یۆسرا بێلالی بە توندی پرسیاری ئەوەی کرد، جبەخانەیەکی یاسایی سوودی چییە ئەگەر بێتوانا بێت لە وەستاندنی توندوتیژی و کوشتن؟
دەستکەوت و ئاڵانگاریەکان
ئەمساڵ تونس شاهیدی سەرهەڵدانی هەڵمەتە دیارەکانی ژنان بوو کە تیشکیان خستە سەر پاراستنی شوێنی مەدەنی و زیندووکردنەوەی یادەوەری خەباتی ژنان، هەروەها ئەم هەڵمەتانە دەستپێشخەرییەکانی نەوەی نوێیان بەرەوپێش دەبرد کە پرسی ژنان بە مافی کەمینەکان و گروپە پەراوێزخراوەکانەوە دەبەستێتەوە، ئەم دەستپێشخەریانەی گەنجان و ژنان بە وتارێکی گشتگیرتر تایبەتمەند بوون، کە پرسەکانی داگیرکاری و هەڵاواردن و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەیەکەوە دەبەستنەوە، لەگەڵ جەختکردنەوەیەکی تایبەت لەسەر مافی کۆچبەران، بەتایبەتی پەنابەران، لە هەوڵێکدا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بزووتنەوەکانی ژنان.
کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس "ATFD" بەشداری کردووە لە بەڵگەنامەکردنی خەباتە سەربەخۆکانی ژنان و پاراستنی ئەرشیفی بزووتنەوەکانی ژنان، بەڵام ئەم داینامیکییانە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری ڕاستی بوونەتەوە، دیارترینیان بڕیاری دەسەڵاتدارانی مانگی تشرینی یەکەمەی ڕابردوو بوو بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس "ATFD" و کۆڕبەندی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تونس و ئەوانی دیکە بۆ ماوەی مانگێک، ئەم بڕیارە نیگەرانییەکی بەربڵاوی لای چالاکوانانی لێکەوتەوە، کە وەک بەشێک لە سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەوڵێک بۆ لاوازکردنی ئەندامە نێوەندگرەکانی دژبەری دەسەڵات تەماشایان دەکرد، چالاکوانان ئەم هەنگاوەیان بەستەوە بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی قابس کە داوای کۆتاییهێنان بە قەیرانێکی درێژخایەنی ژینگەیی دەکەن، ئەمەش بە هەوڵێک بۆ لادانی سەرنج لە پرسەکانی پیسبوون و دابەزینی هێزی کڕین دەزانن.
نیگەرانییە بەردەوامەکان
بێبایەخکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە تونس و تەنانەت دانپێدانانی دامەزراوە فەرمییەکان بە زیادبوونی توندوتیژی لە دوای قەیرانی کۆڤید-١٩، نیگەرانی گشتی لەو وڵاتەدا زیاتر کردووە، پەراوێزخستنی ژنان و ڕەتکردنەوەیان لە دەرفەتی یەکسان بەهۆی کۆت و بەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێتە هۆی کەم نوێنەرایەتییەکی بەرچاو، نەک تەنها لە دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا بەڵکو لە کایەی سیاسیشدا، بەمەش دەوڵەتی تونس لە هاوسەنگییەکی پیاوسالاریدا دەخاتە تەڵەوە.
ژنان پێشنیاری بەهێزکردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە پرسەکانی ڕەگەز و یەکسانی دەکەن، لەگەڵ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابووری، پتەوکردنی سەربەخۆیی ئابووریی ژنان و پەرەپێدانی بەرنامەیەک کە بەشداری ژنان لە بڕیاردانی سیاسیدا بەرزبکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سیاسی دەکەنەوە کە ڕێگری لە کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکوانان دەکات لە ڕێگەی هەڕەشە و بوختانەوە، ئەوان داوای وەستانەوە دژی هاندان دەکەن لە ڕێگەی وتار یان بڵاوکراوەیەکەوە کە هاندەری توندوتیژییە، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی لێپرسینەوە لە تاوانباران دەکەنەوە لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکانی پاراستنی مافەکانی ژنان و دڵنیابوون لەوەی کە بێ سزایی نامێنێت.