ڕۆژنامەنووسی ئەکادیمی کێ یە؟

پرسیارمان کرد ڕۆژنامەنووسی ئەکادیمی کێیە و تا چەند بڵاوکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن دەچێتە بواری ڕۆژنامەوانییەوە، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە وەڵاممان دەداتەوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- زیادبوونی ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتن بووەتە جێی گومان و مەترسی لەناو هاوڵاتیانی باشوری کوردستاندا، ڕوماڵکردنی ئەم هەواڵانە و ئاشکراکردن و پیشاندانی چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکەش لەلایەن دەزگاکانەوە، ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە، هاوڵاتیان و پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندنیش دەڵێن، ڕاگەیاندن هۆکارە بۆ ئاشناکردن و ئاساییکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەناو گەنجان و ژناندا.

لە ئێستادا لەناو ڕۆژنامەگەری کوردیدا شتێک هەیە بەناوی ڕۆژنامەنوسی ڕاستەقینە؟ بە کێ  دەوترێت ڕۆژنامەنووسی لێکۆڵەر یان بنکۆڵکار؟ چۆن بتوانین میدیایەکی ئەکادیمی بەرهەم بهێنین؟، ئەمانە و چەندین پرسیاری ترمان ئاڕاستەی دکتۆر هەتاو ساڵح، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە کرد.

 

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەموو جۆرە هەواڵێک و زۆربوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دکتۆر هەتاو ئاماژەی بەودا: لە ئێستادا ڕاگەیاندن لە جیهاندا زۆر بووە بەڵام بەشێکی کەمیان دەچنە ناو پۆلێنی ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینەی تەواو، ئەوەی کە هەیە ڕۆژنامەنووسان زیاتر وەک چالاکوان کار دەکەن، دەیانەوێت بچنە ناو خەڵک و زیاتر دەرکەون وەک لەوەی ڕۆژنامەنووسی بکەن، هەندێک ڕۆژنامەنووس هەیە کە وەک لێکۆڵەر کار دەکەن، هەندێک دەزگا و ڕۆژنامەنووس وەک دادوەر بڕیار دەدەن، دکتۆر هەتاو باس لە نمونەیەک دەکات کە چەند ساڵی ڕابردوودا لە کەیسی خۆسوتاندی ژنێکدا کاتێک ڕۆژنامەنووس دەچێتە لای و چەند وتەیەکی لێوەردەگرێت لە پێش لێکۆڵینەوە، کە ئەمەش دەبێتە جێی ناڕەزایی و هەرا لەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووس نابێت لە کاتی سەرە مەرگدا لێدوانێکی بەو شێوەیە وەربگرێت.

 

لەگەڵ ئەمەدا دکتۆرە هەتاو ئاماژەش بەوەدەکات، ڕۆژنامەنووس دەبێت ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری بکات بەڵام دەبێت لەگەڵیدا پارێزەری مافی خەڵکیش بێت.

 

لە بارەی جۆرێکی دیکەی ڕۆژنامەنووسەوە دکتۆر هەتاو دەڵێت؛ لە کوردستان ڕۆژنامەنووسی سیاسیمان زۆرە، بەڵام بە دەگمەن ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینەمان هەیە، کاری ڕۆژنامەنووس   ئەوەیە هەواڵ بەشێوەی ڕاست و دروست  بگەیەنێتە بینەر و بیسەر، ئەم ماوە باسی خۆکوشتن زۆر بووە و دەزگاکانیش هەموو ئەمانە ڕووماڵ دەکەن، ئەمەش جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە، بەمە ترس لای خەڵک دروستبووە، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.

 

ئەو سەرۆکەی بەشی ڕاگەیاندن باس لەوە دەکات لەگەڵ کۆمەڵێک لە پسپۆڕان گفتوگۆیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە و گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتن بەهای هەواڵیی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی خەڵک بەرەو خۆکوشتن ئاڕاستەبکرێن و حاڵەتەکان زیاتر ببن.

 

لەسەر زیادبوونی ئەم شێوە ڕۆژنامەنووس و هەواڵانە دکتۆر هەتاو ساڵح وتی: ڕەوتی تازەی میدیا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی زیادبوونی ژمارەی بینەر، لایک و کۆمێنت دەدات، بەبێ گوێدانە کۆمەڵگا کە چی سودی هەیە و چی زیانی هەیە بۆ کۆمەڵگا، سۆشیال میدیاکان تا ڕادەیەک کۆنترۆڵ ناکرێن، بەڵام دەزگاکان دەبێت سنورێک دابنێن بۆ کارەکانیان.

 

لە وەڵامی پرسیارێکی ژنهادا دەربارەی ئەوەی چی بکرێت بۆئەوهی ڕۆژنامەنوسان بە ئەرکی خۆیان هەستن، دکتۆر هەتاو وتی: ئێمە وەک بەشی میدیا و ڕاگەیاندن بەردەوام لە خەم و هەوڵداین خوێندکارەکانمان بە باشترین شێوە پێبگەیەنین، کۆتا چالاکیمان پێشوازی کردن بوو لە تیمێکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان کە هاتبوون خولێک بەڕێوە ببەن بۆ خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن، خولەکە لە لایەن سێ پسپۆڕ و ڕۆژنامەنوسی بە ئەزمونەوە وترایەوە.

 

دەربارەی کۆتا چالاکی

ڕۆژی پێنج شەممە تیمێکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی، سیمینارێکی ڕاهێنانیان بە شیوازی پێوەری دەزگاکانی دەزگای ڕاگەیاندنی بی بی سی بەریتانی و دۆیچە فیلەی ئەڵمانی پێشکەشکرد، لە سیمینارەکەدا، باسیان لە دروستکردنی هەواڵ کرد، کە چ شتێک دەکرێتە هەواڵ، هەروەها چیرۆکی ڕۆژنامەنووسی بەشێوەی پراکتیکی وترایەوە کە چ شتێک دەکرێتە هەواڵی ڕۆژنامەنووسی.

دکتۆر هەتاو دەربارەی خولی فێرکاری وتی: ئەم جۆرە خولانە سودێکی زۆریان بۆ خوێندکارانمان هەیە، چونکە ئەرکی ئێمەیە چۆن بیانکەین بە ڕۆژنامەنووسێکی سەرکەوتوو.

 

ت.پ