"ژن وەکو بەدیهێنەرێکی پیرۆز و خوداوەند لە مێژووی مرۆڤایەتیدا" ...٣

لە مێژوودا ژنان خاوەن کۆمەڵێک پێگەی باڵا بوون بەو هۆیەوە ناوی خوداوەندی ژن-یان لێدەنرا، لە دواتردا بە گۆڕانکاری مێژوو و گەشەسەندنی زهنیەتی پیاوسالاری وهەوڵی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتدا، زۆر وێنایی کۆمەڵایەتی لەسەر ژن گۆری.

 

تارا عەزیز - کەرکوک

لە مێژوودا ژنان خاوەن مێژوویەکی پڕ شکۆ بوون، پیرۆزییەکەیان وای کردووە بە خوداوەندی گەردوون و ژیان دابنرێن، بەڵام ئەو بەڵگانەی بمانگەیەننە ئەو ڕاستییە، لە بەردەستدا نین، یاخود ونکراون و لەناوچوون، بەو لێکۆڵینەوانەی دەکرێت لە شوێنەوارە بەجێماوەکان و ئەو پەیکەرانەی دەدۆزرێنەوە، ئەوە دەردەکەوێت سەرەتای مرۆڤایەتی سەردەمی دایکسالاری و باڵادەستی ژنان بووە و ژیان و پەرەسەندن لەسەر دەستی ئەوان بووە.

 

شوێنەوارناسێک لە زانکۆی کالیفۆرنیا بە ناوی "ماریا گیمبوتاس" دەڵێت توانیویەتی ٣٠ پەیکەری بچووکی ژن بدۆزێتەوە کە لە قوڕ و ئاڵتوون و کاری بەردین دروستکراوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، هەروەها ڕێژەیەک لە پەیکەری خواوەندی ژن لە ناوچەی کاتال هویوک، کە تورکیای ئێستا دەکات دۆزراوەتەوە، بەشێک لە پەیکەرەکان لە وێنەی ژنی دووگیاندان کە دەگەڕێنەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش زاین، لە هەریەک لە ناوچەکانی وادی دون- لە ڕووسیا و عێراق و ئەنادۆڵ دۆزراونەتەوە.

 

عشتار، خوداوەندی خۆشەویستی و جوانی، جەنگ و قوربانیدان

هەریەک لەم بەڵگە مێژووییانە پیرۆزی پێگەی ژنمان لە مێژوودا بۆ دەخەنە ڕوو کە بە پانتاییەکی بەرفراوان لەو ناوچانەدا بڵاوبوونەوە، بەپێی ئەم شوێنەوارناسە، دەتوانرێت گرنگییە ئاینییەکەی هەریەک لەم پەیکەرانە بزانرێت لەڕێی ئەو پارچە نووسینە ئەدەبییانەی لەو کاتەدا نووسراون، وەکو یەکێک لەو دوعایانە کە خەڵکی بابل لە عێراقی کۆندا دەپاڕانەوە بۆ خواوەند "عشتار" دەیانوت کە عشتار ئەوکات ژنە خواوەندی خۆشەویستی و جوانی و جەنگ و قوربانیدان بووە لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیادا:

 

ئەی عشتاری پیرۆز، کە گەردوون بەڕێوە دەبەیت

ئەی عشتاری مەزن، کە مرۆڤایەتی دەهێنیتە بوون

کە پێشڕەوی مەڕوماڵاتەکانمان دەکەیت، کە شوانەکانت خۆشدەوێ

دادوەری دەکەیت بۆ بەشخوراوان، یەکسانیت بۆ ئەوکەسانەی ئازار دەچێژن

بەبێ تۆ؛ ڕووبارەکە ناکرێتەوە و ناڕژێتە خاکمان

ئەو ڕووبارەی کە ژیانێکی دانەخراومان پێدەبەخشێت

بەبێ تۆ بەنداوەکەمان ناکرێتەوە بەڕوومان

ئەو بەنداوەی مرۆڤە سەرگەردانەکان لێی دەخۆنەوە و بۆ خاکەکەمان بوونێکی نەبڕاوەیە

عشتار، ئەی میهرەبانترین ژن

گوێمان لێبگرە و سۆزمان پێببەخشە..

 

لەم پاڕانەوەیدا، ڕادەی مەزنی خواوەند عشتار دەبینین لە سیفاتەکانی و میهرەبانی و باڵادەستی بەسەر ژیانی مرۆڤەکاندا.

 

لە عێراقی کۆندا، خەڵک لە خواوەندی عشتار دەپاڕانەوە تا چارەسەریان بکات لە نەخۆشییەکانیان، لە کاتی نەهامەتی و دەردەسەری و کارەساتدا، پەنایان بۆ دەبرد، هەروەها لە کاتی بڕیارە گەورەکانی وڵات وەکو بڕیاری ڕاگەیاندنی جەنگ، خەڵک پەنایان دەبردە بەر عشتار تا ڕێنوێنیان بکات و هاوکاریان بێت لە بڕیارە قورسە چارەنووس سازەکانیان.

 

گیردا لیرنەر، گریمانەی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئاینی ناوچەی میزۆپۆتامیا هەڵقوڵاوی بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان بووە لە سەدەی چواری پێش زاین و دواتریشی، ئەزموونەکان و کەسایەتییە مێژووییەکان ڕەنگدانەوەیان بەسەر بیروباوەڕی ئاینی خەڵکدا هەبووە، ئاماژە بەوەش دەکرێت کە دەتوانرێت بە پێی بیر و باوەڕە ئاینییەکان شوێن زنجیرەی ئەزموون و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی مێژوو بکەوین، وەکو گۆڕانکاری لە پێگەی ژن لە کۆمەڵگا تا دەگاتە نێرینە کردنی خواوەندەکان.

 

گریمانەکەی لیرنەر دەڵێت "لەگەڵ پێشکەوتنی کشتوکاڵ ململانێکان دەستی پێکرد بەمەش بیروباوەڕە ئاینییەکان و ڕەمزەکانیان نوێبوونەوە"، نموونەی تێبینیکراویش لە دابەزینی پێگەی خواوەندە ژنەکان و بەرزبوونەوەی پێگەی مێرد، یان منداڵە کوڕەکاندا دەبینرێت، کە دواتر وەک لە ئاماژەکانیاندا شیدەکرێتەوە خوداوەندی ژن لەگەڵ خوداوەندی گەردەلول کە پیاوبووە، یەکیانگرت و بەدیهێنەرێکی نێرینەیان هێنایە ئارا، بەمەش هێز و پلەی دروستکەر و بەرهەمهێنەر لە خوداوەندی ژنەوە درا بە خوداوەندی پیاو.

 

لە دوای شۆڕشی کشتوکاڵ، پێگەی ژن لاواز کرا

لەگەڵ تێپەرینی سەردەمەکان و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و کشتکوکاڵکردن و هاوشانبوون لە کارەکاندا، خوداوەندەکان هاوبەشبوونیان بەخۆوە بینی لە نێوان خوداوەندی ژن و خوداوەندی پیاو، لە پاش پەیدابوونی کشتوکاڵ و دیاردەی موڵکی تایبەت، بیرکردنەوەکە فراوانتر بوو کە ململانێ و حەزی دەسەڵات و داگیرکاری پارچە زەوی زاڵبوو، شیکردنەوەکان دەڵێن کە لە جەنگەکاندا پیاوان ڕۆڵی زیاتریان دەگێڕا و شەڕیان دەکرد، بۆیە بوون بە جەنگاوەر و پارێزگاریان لە شار دەکرد. لێرەدا ڕۆڵی خوداوەندی ژن یەکەم هەنگاوی پاشەکشەی نا لەناو کۆمەڵگاکاندا، ڕەمزی هێزیش بەرەو لای پیاودا دەشكێندرایەوە، مێژوونووسان ماوەی ئەم گۆڕانکاریانە بە هەزار ساڵ دەخەمڵێنن.

بە پێی لیرنەر، سەرکەوتنی خوداوەند "ئانلیل" لەوانەیە هۆکاری ئەو ململانێیانە بێت لە ناوچەی نەیبوری سەر بە عێراق هەبوو، کە سەنتەری پەرستنی ئەم خوداوەندە بوو لەگەڵ ناوچەی ئەریدۆ لە عێراق، کە خوداوەند "ئەنکی" تێدا دەپەرسترا، لە ئەفسانەی دروستبوونی بابلیەکان مەردوک ڕێبەری کۆمەڵێک خواوەندی تر دەکات و "تەعامە" دەکوژێت کە خواوەندی دایک و هاوسەرە.

 

گەر وردبینەوە لە داستان و ئەفسانەکانی پێشوو، دەزانین کە باسی پەرستنی ژن و پیرۆزی پێگەکەی لە کۆمەڵگا تەنها دێڕێک نەبوون، بەڵکو هەڵقوڵاوی شارستانییەتێک بوون لە ڕوانگەی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان سەبارەت بە ژیان، مردن، سروشت، پەیوەندییەکان و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان، بەمەش دەکرێت وەکو بەڵگەیەک لەسەر پەیوەندی و ژینگەی ڕۆشنبیری مرۆڤەکانی هەزاران ساڵ پێش ئێستا تەماشایان بکەین کە لە پاش تێپەرینی سەردەمانێکی زۆر، ژن لە پێگەی خۆی داماڵرا و وەک چۆن لە ئەفسانە مێژووییەکاندا ڕۆڵی جەنگاوەر لە ئینانا دەسەنرێتەوە و تەنها دەبەسترێتەوە بە سیفاتە دایکانە و مناڵهێنەکەی.

ئەم سیستمە لەگەڵ پەیدابوونی شارە گەورەکان و بەرپابوونی سیاسەت و ئابوورییە ئاڵۆزەکان، کاڵبووەوە و بەرەو لەناوچوون هەنگاوی نا، بەم جۆرەش ژن لە کۆمەڵگادا لە پلەی پیرۆزبوون و ڕابەرییەوە داماڵڕا تا ئەم ئاستەی ئێستای پێگەی ژن لە جیهانی مۆدێرن هەروەها ڕاستینەی ژیان هەڵگێردرایەوە بۆ بەڕێوەبەری پیاو و پێکهێنانی وڵات لەسەر سیستمی هەرەم و چینایەتی و ژیانی سادەی کشتوکاڵی بەکۆتا هات، مێژووش لەژێر سێبەری ئەم سیستمەدا چاوی لە خواوەندە دایکەکان پۆشی و هێز و دەسەڵاتی شارستانییەتییەکانی تۆمارکرد.

 

ت.پ