"ژن وەکو بەدیهێنەرێکی پیرۆز و خوداوەند لە مێژووی مرۆڤایەتیدا" ...١

لە مێژوودا ژنان خاوەن کۆمەڵێک پێگەی باڵا بوون بەو هۆیەوە ناوی خوداوەندی ژن-یان لێدەنرا، لە دواتردا بە گۆڕانکاری مێژوو و گەشەسەندنی زهنیەتی پیاوسالاری وهەوڵی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتدا، زۆر وێنایی کۆمەڵایەتی لەسەر ژن گۆدرا.

لە مێژوودا ژنان خاوەن کۆمەڵێک پێگەی باڵا بوون بەو هۆیەوە ناوی خوداوەندی ژن-یان لێدەنرا، لە دواتردا بە گۆڕانکاری مێژوو و گەشەسەندنی زهنیەتی پیاوسالاری وهەوڵی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتدا، زۆر وێنایی کۆمەڵایەتی لەسەر ژن گۆڕدرا.

 

تارا عەزیز

کەرکوک- ژن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی هەبووە و خاوەن کۆمەڵێک ڕۆڵی بەرز بووە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان و شیکردنەوەی هێماکان، دەردەکەوێت لە مێژوودا گەیشتبوونە ڕادەی پەرستن و پیرۆزی لە مامەڵەکردندا، ئاماژەکان پێمان دەڵێن لە مێژوودا ڕوانین بۆ ژن لە چوارچێوەی سروشت و هێزێکی ڕۆحی و توانا بەرهەمهێنییەکەیەوە بووە کە ئەمەش بووە بە هۆکارێک بۆ وەرگرتنی زۆرترین بەرپرسیارێتی و ئەرک لە ژیاندا.

 

بە پێشکەوتنی زانستی مرۆڤایەتی، شیکاری زەوی و شوێنەوارەکانی کۆمەڵگا شارستانییەکانی مرۆڤەکانی ڕابردوو، ئەوە دۆزراوەتەوە کە کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکانی پێشوو بەشێوەیەکی گشتی لەژێر حوکمڕانی ژناندا بووە، ئەمەش لەو وێنا سروشتییەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەو سەردەمەدا بۆ ژن هەبووە و وایکردووە لە ڕابردوودا بگاتە ڕادەی پەرستن، هەروەها ژنان لە مێژوودا خاوەن کۆمەڵێک پێگەی باڵادەستی وەکو دادوەر، ڕێنوێنیکار، سەرپەرشتیاری ژیانی کۆمەڵایەتی و پاراستنی کۆمەڵگا بووە، بەم پێیەش ناوی "خواوەندی ژن" یان "دایکی گەورە"یان لێدەنرا.

 

ژن وەکو بەدیهێنەر لە جستەیەوە ژیان دێتە بەرهەم

ژن بۆ مرۆڤەکانی چاخی بەردین نموونەی خۆشەویستی و ئارەزووی ژیان بوو، بەپێی میتۆلۆژیا و ئەفسانەکان دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان خاوەن دیدگایەکی جیاواز بوون بۆ ژن، بە قوڵبوونەوە لە خەسڵەتەکانی ژنبوون، پێناسەیەکی تریان هەبووە بۆ ژیان. لەمێژوودا ژن وا دەناسرا کە بەدیهێنەرێکە و لە جەستەیەوە ژیان دێتە بەرهەم. لە منداڵدانیدا مرۆڤ دروست دەبێت و شیری ژیان دەبەخشێت بۆ گەورەبوون و مانەوە. خاکی بەرپێی، خاکێکە کە کشتوکاڵ و بەروبومی لێدەڕوێت، بەمەش ژن وەکو خاک وێنا دەکرا کە خۆراک دەبەخشێت بە ژیان، هەر بۆیە پێیان وابوو لەپشت بوونی سروشت و ژیانەوە، ژنێک هەیە کە دروستکەری هەموویەتی و ژیانی خوڵقاندووە.

لە مێژوودا ژن بە فریشتەی ئاسمان و خوداوەندی جەنگ دەناسرا، کە لەیەک کاتدا عاشقە و جەنگاوەریشە. وێنای ژن بەوە وەسف کراوە کە "دایکێکی دووگیانی میهرەبانە، مانگێکی پرشنگداری هەسارەی زوهرەیە، ڕووناکییەکی گەشە و سیمبولی درەوشانەوەیەکی هەمیشەییە، جەنگاوەر و ساڕێژکاری برینەکانە، پاکیزەیەکی ئەبەدی و بەدیهێنەری مرۆڤە و شای دانایی و زاناییە، ئاوازی جەستەی هاوتایە لەگەڵ ئاوازی سروشتدا" هەریەک لەم خەسڵەتانە مرۆڤی کۆنی گرێدا بە باوەڕییەک کە ژن وەکو خوداوەند دەپەرسترا.

 

ژن بەهۆی میهرەبانییەوە وا دەناسرا کە نێوەندگیری کردووە لە نێوان جیهانی مرۆڤ و جیهانی خوداوەندەکاندا، هەربۆیە کۆمەڵگاکان ڕێبەرایەتییەکانیان بەجێدەهێشت بۆ ژنان لە هەریەک لە بوارە ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەو هۆیەی کە ژنان کاتێکی زیاتریان بە گەڕان بەدوای گژوگیاکاندا بەسەردەبرد، بۆیە فێری بەکارهێنانی جۆری جیاوازی گژوگیاکان بوون بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان، بەمەش وەکو خواوەندی ساڕێژکەری برینەکان داوای چارەسەریان لێدەکرا و زیرەکییەکەی دەیگەیاندە ڕادەی پەرستن، لە سەرووی هەموو ئەمانەش خۆشەویستی و مامەڵەی دایک بە یەکسانی لەگەڵ منداڵەکانیدا، هۆکارێکی گەورە بوو کە ڕۆحیەتی یەکسانی و دادوەری تێدا چەکەرە بکات و بڕیار لەسەر دابەشکردنی سەروەت و بەخشینی یەکسان بەسەر هەموواندا بدات.

 

ت.پ