بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ...١
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ژنانی ئێران و یاخیبوونیان لە دژی ڕژێم، نیشانی دەدات کە جیاوازییەکی بەرفراوان لە نێوان مێژوو و واقیعی ژنانی ئێراندا بوونی هەیە.
مالڤا محەمەد
ناوەندی هەواڵ- سەرەڕای ڕۆڵی گرنگ و ناسراوی ژنانی ئێران، لە هەموو ناوەندەکانی بڕیاردان و بوارەکانی دیکەی ژیاندا ئامادەیی کەمیان دەبینین و ئەمڕۆش لەگەڵ دەسەڵاتداران لە ململانێیەکی سەختدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە کۆمەڵگەیەکدا جیهانێکی دەسەڵاتخواز و کۆنترۆڵکراوی پیاوسالاری بۆ دروستکردوون.
ژنانی ئێران لەو پیلانگێڕییە کە ژنانی جیهانی کردبووە ئامانج و سەرەتا بە ململانێی نێوان کۆمەڵگەی نیۆلیتیک و شارستانیەتی مەرکەزییەوە نوێنەرایەتی دەکرا، دابڕێندرابوون، فەیلەسوفی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە چوارەمین "مانیفێستی شارستانیەتی دیموکراتیک"دا جەختی لەوەکردەوە، "سەرچاوەی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە کێشەی ژنانە و بەبێ ژن کێشەکان چارەسەر ناکرێن".
زۆر هۆکار هەن کە ڕێگرن لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان کە گرنگترینیان تێڕوانینی کۆمەڵگەی ئێرانە بۆ ژنان. بە بڕوای ئەوان پیاوان بناغەی كۆمەڵگە و خێزانن و ژنان بە ژێردەستەی پیاوان و كەمتر لە پیاوان دەبینن، ئەمەش مافی كۆنتڕۆڵكردنی ژن بە پیاو دەدات. جگە لەوەش، نەبوونی متمانە بە ڕەوتی سیاسی باڵادەست لە وڵاتدا لە جیاوازی ڕەگەزی، هەربۆیە زۆرجار بواری بەشداریکردنی ژنان لە چالاکییە سیاسییەکان و چوونە ناو هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دیکە نادات.
سیستمی پیاوسالاری مێژوو و بیری ژنانی شێواند و ڕێگەیدا ژنان خۆیان بە کەمتر و لاوازتر لە پیاوان ببینن و پێیان وایە سەرکردایەتی تەنیا بۆ پیاوان بێت، لهسهر ئهم بنهمایه، پرسی دهستڕاگهیشتنی ژنان به گشتی له پێگهی بڕیاردان، یهکێک له گرینگترین ئاڵنگارییهکانی بهردهم ئێرانه، ژنان لە ڕێگەی کارەکانیان لە سیاسەتدا ئامانجیان گۆڕینی یاسا ناڕەواکانی دژ بە ژنان و زاڵبوونە بەسەر قۆرخکاری پیاوان لەسەر ناوەندەکانی بڕیاردان و ئەو یاسایانەی کە تەنیا خزمەت بە پیاوان دەکەن.
لە سەدەکانی ڕابردوودا ڕێگای یەکسانی و مافە سەرەتاییەکان بۆ ژنانی ئێران ئاسان نەبووە، ئەوان بۆ هەموو مافەکانیان خەباتیان کردووە و تا ئێستاش لە خەباتدان، ژنانی ئێران توانیان خاڵی وەرچەرخان لە زۆر ڕووداودا بهێننەدی، کە ئەو وڵاتە پێیدا تێپەڕی، گرنگترینیان بەشداریکردنیان بوو لە شۆڕشی دەستووری ساڵی ١٩٠٥. ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوو لە ئێراندا. بزووتنەوە فێمینیستەکان لەو ماوەیەدا چالاک بوون و توانیان یاساکانی خێزان بگۆڕن و مافی خوێندن بدەن بە کچان.
لە سەردەمی ڕەزا شای پەهلەویدا ژنان مافی ئەوەیان هەبوو هەرچی جلوبەرگیان بوێت لەبەری بکەن. پاشان لە ساڵی ١٩٦٢ مافی دەنگدان بە ژنان درا و دەیانتوانی پۆستی بڕیاردان بەدەستبهێنن. بەڵام دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩، دۆخی ئەوان گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەرداهات و وڵات وەک کۆمارێکی خاوەن سیمایەکی ئیسلامی ڕاگەیەندرا و لەم قۆناغەدا هەموو جۆرەکانی شارنشینی و ئازادی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا نەهێڵدرا.
سەپاندنی یاسای توند
ئەو گۆڕانکارییەی لە ژیانی سیاسی ئێراندا ڕوویدا هەموو لایەنەکانی گرتەوە و بە تایبەتی لە ژیانی ژناندا بەرچاو بوو، چونکە مافەکانیان کەم بووەوە و ئێستا ڕووبەڕووی ستەم و زۆرداری و هەڵاواردنێکی بەردەوام دەبنەوە، کۆمەڵگەی ئێران لە ئێستادا لە چوارچێوەی سیستمێکی توندی یاسا و سیستمە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بە ئایین و عەقڵیەتی پیاوسالاریدا دەژی، بۆیە دابونەریت و وانەی ئیسلامی کە لەسەر بنەمای عەقیدەی دوانزەی شیعە دامەزراون، بوونەتە یاسایەکی توندی جێبەجێکردن. ئەو یاسایانە خزمەتیان بە بەهێزکردنی سیستەمی پیاوسالاری لە وڵاتدا و زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژناندا کرد، مافی ئەوەیان بە پیاوان بەخشی کە کۆنترۆڵی هەموو وردەکارییەکی ژیانی ژنان بکەن و بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن.
دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە، ژنان دەستیانکرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین. لەم چالاکییانەدا فشاریان خرایەسەر و گازی فرمێسکڕێژ و تەنانەت فیشەکی زیندوویان لە دژ بەکارهات، سەدان چالاکوان کە بۆ ئازادی هاتبوونە شەقامەکان دەستبەسەر کران و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام هەموو ئەمانە ژنانی ئێرانی ڕانەگرت و تا ئێستاش هەروا ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوامە و داوای گۆڕانکاری لە واقیعدا دەکەن.
لە پێشتریشدا ژنانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، وەک وەڵامێک بۆ شکستی دۆخی ئابووری و سیاسەتی دەرەوەی ڕژێم کە بووە هۆی شکستی بارودۆخی ئابووری، بەشدارییان کرد.
کودەتایەک لە دژی چەمکەکانی ژنان
دۆخی ئێستای ئێران و سەرکوتکاری و بێ مافی بەسەر ژنان و کۆمەڵگەوە، دەرئەنجامی کودەتایەکە لە دژی سیستەمی نیۆلۆتیک کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر زاڵ بوو، کە شارستانیەتەکانی دێرین لەسەری بنیادنران و دادپەروەری و یەکسانییان بۆ دابینکرد. لەسەر بنەمای بەهاکانی ژن و پێگەی دایک لە گەشەسەندنی مرۆڤدا بوو کە مرۆڤی لەگەڵ سروشتدا یەکخستبوو. بەو پێیەی ژیان پیرۆزە، ئەوکات هەموو شتێک کە خزمەت بە بەردەوامی ژیان دەکات بە پیرۆز هەژمار دەکرا، بۆیە ئەو کەسانەی کە حەزیان لە زانست بووە، بەتایبەتی ژنان، وەسفێکی پیرۆزکردنیان پێدرا.
ئەم میراتە ئیلهامبەخش بوو بە ژنان بۆ گۆڕانکاری، بە تایبەت لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییانەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕی. کاتێک ژنان شانبەشانی پیاوان ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان گێڕا لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژن وەک یەکێک لە کاریگەرەکانی پرۆسەی گۆڕانکاری ناناسێت، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری جیاواز بوونەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەوڵدان بۆ خستنەڕووی وێنەی ژنانی ئێرانی کە لە مافی خوێندن و کارکردنیان بەهرەمەندن و لە بوارەکانی ئابووری و سیاسیدا گەیشتوونەتە پلەی پێشکەوتوو و لە ئاستەکانی بڕیاردان دادەنرێت، بەڵام ناکۆکییەکان لەبارەی دۆخی ژنان و مافەکانیان بەردەوامە، ئامار و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام واقیعێکی دوور لەم وێنەیەی کە هەیە ئاشکرا دەکەن و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لەدژی سەرپۆشی ناچاری و پێشێلکردنی مافی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان، باشترین بەڵگەن بۆ ئەمە.
سبەی: ژنانی ئێران و ئیمپراتۆریەتەکانی پێش زاین