چارەنووسی پەرلەمانێکی تەمەن ٣٢ ساڵە و کەوتنە ناو دەستی تورکیا
٣٢ ساڵ بەسەر یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوەو دەبوو دوای چەندین جار دواخستن، لە حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەم بکرایە، بەڵام ڕێگرییەکان جارێکی تر دوایان خست.
لاڤە کوردە
سلێمانی- دوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەماوەی دوو ساڵ و چوار مانگدا پێنج مەرسوومی بۆ دەرچووەو تا ئێستاش هەڵبژاردنەکە ئەنجام نەدراوە، هەرچەندە هیچ یەک لە خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکات و وادەی خۆیاندا بەڕێوە نەچوون، بەڵام دواکەوتنی ئەم خولەی پەرلەمان، قەوارەی هەرێمی کوردستانی خستووەتە ژێر مەترسی و ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن، دەسەڵاتی ئەوەیان نەماوە هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.
بیانووی هەر جارێکی دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەم جۆرە بوون: تۆماری دەنگدەران واتە ڕێکخستنەوەی ناوی مردوو و دووبارە، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران، بەسەرچوونی وادەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، یاسای هەڵبژاردن، بازنەکانی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتا بووە، بەلام هەموو ئەمانە دیارە کە بیانوویەکن و ئەگەر سووربوون هەبووایە بۆ هەڵبژاردنەکە ئەوا هەموو ئەم کێشانەی باسی دەکرێت، دەکرا لە چەند مانگێکی کەمدا چارەسەر بکرێن.
هەڵبژاردنی خولەکان:
خولی یەکەم، بەبڕیار و فەرمانی بەرەی کوردستانی لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢بەڕێوەچوو.
خولی دووەم، لەپاش ڕێککەوتنی ١٩٩٨ی واشنتن لەنێوان یەنەکەو پەدەکەودانانەوەی ئەندامی نوێ لە پەرلەمان بەبێ هەڵبژاردن لەلایەن یەنەکەو پەدەکەوە لەساڵی ٢٠٠٢ بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان، لەپاش رووخانی رژێمی سەدام بڕیاردرا خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان له رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەوەش هەڵبژاردنی خولی دووەم لەپاش ١١ ساڵ لە وادەی خۆی بەڕێوەچوو.
خولی سێیەم، سەرۆکایەتی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا داوای لە سەرۆکی هەرێم کردبوو، رۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٠٩داهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، پاش ئەوە بە فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٠٩ بە ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا و لەو ڕۆژەدا هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئەو بەروارە، وادەی هەڵبژاردنی خولی سێیەم، ٦ مانگ و ٥ رۆژ دواکەوتووە.
خولی چوارەم، بەفەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٣ بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارهمی پهرلهمانی كوردستان دیاریکرا و هەڵبژاردنەکە لەو رۆژەدا بەڕێوەچوو، بەوەش هەڵبژاردنی خولی چوارەم، دوو مانگ و چوار رۆژ دواکەوتووە.
خولی پێنجەم، وادەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەبڕیاری ئەنجوومەنی شوورای هەرێم، بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکرایەوە. لەو دوو ساڵەدا پەرلەمانی کوردستان داخرا. بەهۆی رووداوەکانی ریفراندۆمەوە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ دا دابەشکران و دەسەڵاتی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان درا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەرسوومی ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠١٨، رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا بەڕێوەچوو، بەوەش وادەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵ دواکەوتووە.
خولی شەشەم: تا ئێستا وادەی خولی شەشەم دوو ساڵ و چوار مانگ لە کات و وادەی خۆی دواکەوتووە.
لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئێستا ١٢ جار هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دواکەوتووە، پێنجیان لە خولی شەشەم بووە، پەرلەمانی کوردستانیش ٨ جار وادەی یاسایی خۆی بۆ ماوەی نزیکەی ٦ ساڵ درێژکردووەتەوە، دواینیان درێژکرانەوەی خولی پێنجەم بوو، ڕۆژی ٦ی تشرینى دووەمى ٢٠٢٢ کۆتایی دەهات، بەڵام لە ٩ی تشرینى یەکەمى ٢٠٢٢، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی شەشەمى پەرلەمانى تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژکردەوە.
سەرەڕای بیانووەکانی کە لەسەرە باسکران بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، هۆکارە دیارو شاراوەرکان ڕوونن و یەکێک لەوانە، پێشتر دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق بڕیاری دابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ١٠٠ کورسی کەم بکاتەوە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە، کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: ھەولێر، ٣٤ کورسی، سلێمانی ٣٨، دھۆک ٢٥ و ھەڵەبجەش سێ کورسی.
دواتر ٥ کورسی لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمان بۆ کۆتا گەڕایەوە و بەم شێوەیە دابەشکراوە کە بریتیین لە دوو کورسی بۆ ھەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانی و یەک کورسی بۆ دھۆک.
بایکۆتی پەدەکە لە مانگی حوزەیران
بەپێی چوارەم مەرسووم کە بڕیاربوو ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕیوەبچێت، بەڵام بۆ جاری چوارەم ئەو هەڵبژاردنە نەکرا، پەدەکە بایکۆتی کردو ئاماژەی بەوەکرد، بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات، ئەمەش کاردانەوەی کەسانی دیموکراتیخوازی لێکەوتەوە چونکە پارتێک بەناوی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام دوای چوار ساڵ و دوو مانگ لە دواکەوتنی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، ئامادەنییە بە پڕۆسەیەکی دیموکراسیانە هەڵبژاردن بکرێت.
ئەم بەشداری نەکردنەی پەدەکە هەر لە سەرەتاوە نهێنییەکەی ئاشکرابوو
پەدەکە کە دەسەڵاتی باشووری کوردستانی بەدەستە، هەموو ئەوەی ڕوودەدات لەدەستی ئەودایەو بە بڕیاری ئەوە، دواخستن و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بەرپرسیارییەتەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو، پارتێک کە هەمیشە خواستی دوژمنانی بەدیهێناوە، ئەمجارەش بۆ قایلکردنی دەوڵەتی تورک بایکۆتی کرد.
ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و دواخستی و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، زیان بە هەموو هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، پیلانگێڕی دوژمنان لەسەر خاکی هەرێم ئەوەندەی تر جێبەجێ دەکرێت، ئەمانە هەمووی زیانی بۆ گەلی کورد دەبێت، کەواتە ئەوەی پەدەکە دەیکات پشت کردنە گەلی کوردەو بەرەڕوو چوونی دوژمنانە بە تایبەت دۆستایەتی کردنی دەوڵەتی تورکە.
لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک
دوای ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی حوزەیران، شەوى ٢٣ی حوزەیران، کاروانێكی سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە لە سنووری ناوچەی بەرواری باڵاوە ڕەوانەی سنووری شارۆچکەی ئامێدی کران، بە ئاشکرا بەناو شار و شارۆچکەکانی سنووری دهۆکدا تێدەپەڕن و هیچ یەک لە حکومەتی عێراق و باشووری کوردستان، لە بەرامبەر ئەو لەشکرکێشییەی دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستێکیان نییە.
دوای ئەوەی سەربازانی تورکیا بازگەیان داناو داوای ناسنامەیان لە خەڵک کرد، ڕێکخراوی "سی پی تی" ئەمریکی ڕایگەیاند، سەربازانی سوپای تورکیا لە بازگەی تورکیا لە ڕێگەی "کانی بەلاڤێ"وە چوون بۆ ناو گوندی دەرگەلێ میسا بەگی لە بناری چیای مەتینا لە شارەدێی کانی ماسێ، بە دانیشتووانی گوندەکەیان وتووە، کە ئەگەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا گوندەکە چۆڵنەکەن، ئەوا بە هێز پێتان چۆڵ دەکەین و گوندەکە بۆردوومان دەکەین، بە ناچاری گوندنشینان دەستیان بە چۆڵکردنی گوندەکە کردووە و ٢٨ی حوزەیران بە تەواوی چۆڵکرا.
ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە وادەکات هیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ناوچەکەدا ڕوونەدات، ڕێگەی بۆ هاتنی سوپای زیاتری دەوڵەتی تورک بۆناو خاکی هەرێم کردووەتەوەو،چارەنووسی ئەو هەرێمە ٣٣ ساڵییە بە ڕاپەرینی گەل دروست بوو دەکەوێتە مەترسییەوە و زۆر خەمساردانە دەستی لەناو دەستی دوژمنەو پشتی لە گەلە، دەوڵەتى تورک بە هاوکاری پەدەکە دەستى بەسەر نیوەى باشووری کوردستاندا گرتووە و بایدنان بەتەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیەتى، هەر کاتێکیش وەک هاوڵاتیەکی هەرێم سەردانی هەولێرو دهۆک و زاخۆ دەکەیت بۆت ڕوون دەبێتەوە دەوڵەتی تورک دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە.
دەوڵەتى داگیرکەری تورک نزیکەى ٨٥ بنکە و بارەگا و هەزاران سەربازی لەسەر خاکی هەرێم جێگیر کردووە، بوونی سوپاسی بێگانە لەناو خاکی هەر وڵاتێکدا کە لە دەرەوەی یاسا نیودەوڵەتییەکانە جێی قبوڵ کردن نییەو ئامانج لێی لەناوبردنى کورد و داگیرکردنى خاکی کوردستانە.