توندوتیژی، گرفتە چارەسەرنەکراوەکەی ژن...٤
دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕۆڵێکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دەبینێت، کەمتەرخەمی لە دابین نەکردنی پێداویستییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نابنە هاوکار لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکاندا، یاساکانیش دەتوانن لە ڕێگای دەقەکانیانەوە کار بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بکەن.
تەرزە تەها
سلێمانی- دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سیستمی حکومڕانیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی ناو کۆمەڵگادا، لەبەرامبەردا لاوازی و کەمتەرخەمی لە پایەکانی ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا تاوان و توندوتیژییەکان زیاد دەکات.
لەگەڵ ئەوەی بۆ چارەسەری کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان چەندین چارەسەری وەک هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا بنەمای سەرەکییە، بەڵام ڕێگاکانی هۆشیارکردنەوە لە قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکانەوە تا ڕێکخراوەکان و ڕاگەیاندنەکان، دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەتوانێت بە بەهێزکردن و دانانی ڕێنمای بەکاریان بهێنێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی ناو کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان.
لە ئێستادا شەش بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان هەیە، ٢٨ نوسینەگەش هەیە،چوار ماڵی داڵدەدانی ژنان هەیە، هاوکات هێڵی گەرمی ١١٩ هەیە، لە نوێترین کاریشیاندا دروستکردنی ئەپڵیکەیشنی "سەیڤ یو"ە.
سەرباری ئەم هەوڵانە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان و هاوکاری ژنان، بەڵام هێشتا هەر ساڵێک لە ئاست ساڵی ڕابردوودا ئاماری توندوتیژییەکان بەرزتر دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دامەزراوانە کەموکورتیان تێدایە.
"ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێداویستییەکانمان دابین دەکەن"
ڕاز فریا، لێپرسراوی پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی، باس لەوەدەکات، کە بەڕێوەبەرایەتییەکان چەندین کەموکورتی وەک نەبوونی ئۆتۆمبێل و کەمی کارمەندیان هەیە، ئەوان تا توێژەری کۆمەڵایەتییان زیاتر هەبێت، دەتوانن باشتر هاوکاری ئەو ژنانە بکەن کە داوای هاوکاری دەکەن.
کردنەوەی خول بۆ کارمەندەکان بە یەکێکی دیکە لە ڕێگا چارەکان بۆ تازەکردنەوەی زانیاری کارمەندەکان و بەتاڵکردنەوەی توێژەرە کۆمەڵایەتییەکانیش دادەنێت، هاوکات جەخت لەوەدەکاتەوە، کە دەبێت هەر کارمەندێک لەو دەزگایەدا بێت باوەڕی بە پرسی ژن هەبێت، "ئەوەی کە لێرەیە دەبێت بڕوای تەواوی بەو پرسە هەبێت، چونکە ئەگەر بڕوای پێنەبێت، ناتوانیت کێشەی ئەو کەسە چارەسەر بکات".
ئەم دامەزراوەیەوە ئەگەر هەوڵی جدی تێدابدرێت، دەتوانێت هاوکاربێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، بەڵام وەک ڕاز فریا ئاماژەی پێدەکات، ئەو بودجەیەی بۆیان دەرخاندەکرێت، زۆر کەمە، ئەوەی بەڕێوەیان دەبات ڕێکخراوەکانن، دەشڵێت "بەردەوام پێویستمان بە هاوکاری هەیە".
جەختیش لەوە دەکاتەوە، ئەگەر یاساکان باشتر بکرێن و باشتر جێبەجێبکرێن ئەوا توندوتیژییەکان کەم دەبنەوە.
پێشکەوتنی یاساکان دەبێت هاوتەریب بێت بە پێشکەوتنی دامودەزگاکانی دیکە
یاسا دوا قۆناغی ئەنجامدانی تاوانێکە، کاتێک باس لە هەر سێکتەرێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەکرێت بۆ ئەوەی توندوتیژییەکە ئەنجام نەدرێت.
یاسا دوای ڕوودانی تاوانەکە و ئەنجامدانی توندوتیژییەکەیە، وەک کیژان محەمەدی پارێزەر ئاماژەی پێدەکات، یاساکان دەبێت سزاکانیان بە جۆرێک بێت تا ئەو تاکە جارێکی دیکە بیر لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە نەکاتەوە.
لە هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەیە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵ بۆ هەموارکردنەوەی دەدرێت، بەڵام وەک ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێدەکات، یاساکان نابێت بەردەوام هەموار بکرێنەوە، چونکە ئەمە متمانەی تاک بە یاساکان لاواز دەکات، دەبێت لە کاتی دەرچواندنی یاساکەدا سەرجەم لایەنەکان لەبەرچاو بگیرێت.
وەک کیژان ئاماژەی پێدەکات دەبێت پێشکەوتنی یاساکان هاوتەریب بن لەگەڵ پێشکەوتنی سەرجەم کەرەستەکانی دیکەی وەک پەروەردە و چاودێری کۆمەڵایەتی، "یاسا لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت بەشێوەیەکی هاوتەریب دەڕۆن، واتە کاتێک یاسا پێشدەکەوێت دەبێت هەموو کەرتەکان بچنە پێشەوە، چونکە ئەگەر یاساکان چەند توندوتۆڵبن ناتوانن چارەسەری ناخی کەسیک بکەن، کە لە بنەڕەتدا توندوتیژی تێدایە".
جەختیش لەوەدەکاتەوە، کە یاسا بە تەنها ناتوانێت هۆکاری کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بن، بەڵکو "یاسا دەتوانێت بە دەق و بڕگە کەرتی پەروەردە ناچار بکات بەوەی کە سیستمێکی توندتر دابڕێژرێت، کەرتی چاودێری کۆمەڵایەتی ناچار بکات کە ئاگاداری زڕوفی تاکەکان بێت، ئەو لایەنانەی کە تایبەتن بە لێکۆڵینەوەی خێزانی وردتر لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی خێزان بکەن".
هاوکات یاسا دەتوانێت لە ڕێگای سزاکانەوە "چاوترسێنی" کەسەکان بکات، بەوەی جارێکی دیکە بوێری نەبێت ئەو تاوانە ئەنجام بدات.
ت.پ