"سیستمی حکومڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەوڵ بۆ تێکدانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بیری ژنان دەدات"
ڕوناک مەجید، چالاکوانی مەدەنی دەڵێت: لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا هەوڵ بۆ جینۆسایدکردنی ژنان دەدرێت، ڕاگەیاندن و دراماکان و چەندین بابەتی کات بەسەربردن، کۆمەڵگەی کوردی بە چەندین ئاقاری خراپدا گوزەر پێدەکەن.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ژنان لە سەرتاسەری جیهان ڕۆژانە ڕوبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، بە پێ ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٠ خولەک جارێک، ژنێک بە دەستی پیاوان دەکوژرێن، ژنان سەرەڕای ئەوەی لایەن پیاوانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، دووبارە لە ڕێگەی جەنگەکانەوە ڕووبەڕووی کوشتن و توندوتیژی دەبنەوە، جەنگەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆکارە بۆ نەبوونی ئازادی جەستەیی و بیری ژنان لە ناوچەکەدا، هەروەها لە ئێستادا لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، هەوڵ بۆ جینۆسایدکردنی ژنان دەدرێت، هەموو توندوتیژیەکانی بەرامبەر کۆمەڵگە دەکرێت ڕاستەوخۆ ڕوو لە ژنان دەکات.
" لە ڕێگەی بە کاڵاکردنەوە، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەکەنەوە"
ڕوناک مەجید، چالاکوانی مەدەنی لە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، تەواوی هێرش و جەنگەکانی لە ناوچەکاندا ڕوودەدات ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، وتی: ژنان لە ڕێگەی هێرشەکانی سەر کۆمەڵگە لە ڕێگەی دەوڵەتانی دیکەوە ڕوبەڕووی توندتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، لە هەموو جەنگەکاندا ژنان ڕوبەڕووی کۆیلەکردن و دەستدرێژی جەستەی دەبنەوە، ژنان لە دوای ساڵی ١٩٩١، لە باشووری کوردستان بە ئومێدی بەرەو ئازادی کارکردن و ڕادەربڕین، بەرەو ئەو ئازادیانەی ژنان لە تەواوی جیهاندا هەنگاوی بۆ دەنێن بەو ئومێدەوە هەنگاویان بەرەو ئازادیەکان ناوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و سیستمی سەرمایەداری بارودۆخ و ئازادی ژنانیان بە ئاقارێکی دوور لە خەونەکانی ژنان بردووە، بە چەندین هۆکار لە ڕێگەی بە کاڵاکردنەوە ژنان ڕوبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەکەنەوە، داتاکانی توندوتیژی لە چەندین ساڵی ڕابردوو تا ئێستە ئاستێکی بەرزی بەخۆیەوە بینیوە، دەسەڵاتداران پاڵنەرن بۆ کوشتن و دەستدرێژیە سێکسییەکان بۆسەر ژنان، یان پاڵنەری دەروونین بۆ خۆکوشتنی ژنان.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کوشتنەکانی ژنان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو زیادبوون هەنگاو دەنێت، لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، سیستمی حکومڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەوڵ بۆ تێکدانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی خێزانەکان دەدات، لە ڕێگەی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق هەوڵ بۆ تێکدانی شیرازەی خێزانی کورد و جینۆسایدکردنی ژنان دەدات، لە ئێستادا ژنان لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاساکان و مەزهەب گەراییەوە مافی دایکایەتی لە ژنان دەسەندرێتەوەو هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا دەکرێت، لە ڕێگەی دینگەرای و دەسەڵاتی خۆسەپێنەوە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ناسەقامگیری بۆ ژنان دەدەن.
" ڕێکخراوەکان هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکی خێزانەکان بدەن"
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا، سیستمی دەسەڵات ڕێخۆشکەرە بۆ توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە باشووری کوردستاندا، سیستمی سەرمایەداریش کار لەسەر تێکدانی ژیانی هاوڵاتیان دەدات، وتیشی: سیستمی سەرمایەداری بۆ لە ناوبردنی شکۆی کۆمەڵگە، هەموو بوارەکان لە کەسێکدا دەبینێتەوە، هەروەها بە سزا نەگەیاندنی بکوژان لە دادگاکاندا هۆکارێکی دیکەی زیادکردنی کوشتنی ژنانە، کاتێک ژنێک دەکوژرێت، تۆمەتبار ڕووبەڕووی سزای یاسایی ناکرێتەوە، کە ڕێگە خۆشکەرە بۆ زیابوونی توندتیژی و کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە، هەروەها لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و دراماکانەوە چەندین بابەتی کات بەسەربردن کۆمەڵگەی کوردی بە چەندین ئاقاری خراپدا گوزەر پێدەکەن، سیستمی حکومڕانی هەوڵ بۆ لە ناوبردنی کۆمەڵگە و لە ناویاندا ژنان دەدەن، هەوڵ بۆ گۆڕینی کولتووری کۆمەڵگەکەمان دەدەن.
لە کۆتاییدا وتیشی: هۆشیار کردنەوەی تاکەکان گرنگە و پێویستە ژنان ئەو ڕاگەیاندن و درامایانەی کە هەوڵ بۆ لە ناوبردنی پێگەی ژن دەدات بایکۆت بکەن، بایکۆتی ئەو سیستمە سەرمایەداری و بە کاڵاکردنە بکەن کە هەوڵ بۆ لە ناوبردنی کۆمەڵگە و پێگەی ژن دەدات، هەر تاکێک لە کۆمەڵگە ئەرک و مافی هەیە، هۆشیاری کۆمەڵگە لە ئەرک و مافەکانیان کاری ڕێکخراوەکان قورستر دەکات، بەڵام پێویستە تەواوی ڕێکخراوەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکی خێزانەکان لە ڕێگەی سیمینارەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگە بدەن.