سەرەتای ساڵی تازە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتنی ژنانی ئێزیدی، بۆ؟

تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا سێ ژنی ئێزیدی لە کامپەکانی دهۆک خۆیان کوشتووە، هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو حاڵەتانە بڵاو نەکردووەتەوە و تۆڕی ژنانی ئێزیدیش گومانی لەو حاڵەتانە هەیە و داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە خۆکوشتنی ژنانی ئێزیدی بکرێت.

 

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- کوشتن و خۆکوشتنی ژنان کردەیەکی بە پلانی چەند هەزار ساڵەیە، دەسەڵات و سیستمی پیاوسالاری جگە لەوەی خۆیان بکوژی ڕاستەوخۆی ژنانن لە ڕووی فیزیکی و دەروونییەوە، لەگەڵ ئەوەدا بە سیستمێکی داڕێژراوی ڕاگەیاندنی لە هەوڵدان، ڕاستینەی ژنان ون بکەن و بە پرۆسەی بە مۆدێلکردنی ژنان تێکۆشان لە هەمبەر ئازادی و مافەکانیان لەناو ببەن، بەو وێنایەی بۆ ژنە مۆدێلێک و ئەکتەرێک داڕێژراوە و لە ڕێی فیلمێکەوە پیشانی کۆمەڵگە دەدرێت، هەوڵی تێکدانی دەروونی ژنان دەدەن، لەگەڵ ئەمەشدا باڵادەستی پیاو و خۆبەخاوەن دیتنی پیاوان بۆ ژنەکانیان مافیان بۆ هەموو توندوتیژیەک بە ڕەوا دەبینێت و دەسەڵاتیش هاوکارە لەو توندوتیژییەدا، هاوکارییەکانی دەسەڵات بۆ درێژەدان بەم توندوتیژیانە لەلایەکەوە ئەوەیە هیچ یەکێک لە تاوانباری کەیسەکانی دەستدرێژی سەر ژنان و کوشتنیان بە بیانوی شەرەف و لەژێر هەر ناوێکی دیکەدا نەگەشتوون بە سزای خۆیان.

لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵات لە ڕێی پیاوەکانی خۆیەوە دەستدرێژی و توندوتیژییەکانیان بۆ سەر ژنان بەردەوامە و هەر ڕۆژەی هەواڵیک دەبیستین کە یەکێک لە پیاوانی دەسەڵات دەستدرێژی و هەراسانی سێکسی دەکاتە سەر ژنان لەناو دەمودەزگا و شوێنە تایبەتی و گشتییەکان و تەنانەت کونج بە کونجی کۆڵان و ماڵەکانی شاریش، لە نمونەی ئەوەشدا، کچە هەشت ساڵانەکەی هەولێرە، دوای ئەوەی دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر دەکرێت و تاوانباران دەستگیر دەکرێن، بەڵام لە دواییدا دەرکەوت تاوانبارەکان کەسی نزیکی دەسەڵاتن و بە هەڵهاتنی منداڵ و باوکەکە لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی و بە سزا نەگەیاندنی تاوانباران کەیسەکە داخرا.

 سەرەتای ساڵە و ژنانی ئێزیدی پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن

سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی خوێناوی بوو بۆ ژنانی گەنجی ئێزیدی کەمپنشین، سێ ژن لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە کامپەکانی شاری دهۆک خۆیان کوشتووە، بە ناوەکانی ئەسمەهان – ٢٠ساڵ، ئەحلام خێرۆ – ١٥ ساڵ لە کەمپەکانی ئیسیان و شاریا بە پەت خۆیان دەخنکێنن، سەلما سوعاد والی – ١٥ ساڵ لە كۆمەڵگەی بریسڤی شارۆچکەی زاخۆ و گەنجێکیش بە ناوی شەمۆ بەدەل سلێمان – ٢٠  ساڵ لە کەمپی قادیا، کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن، لەگەڵ ژنانی ئێزیدیدا، ژنێکی دیکەی ٢٥ ساڵ لە قەزای زاخۆ لە شوقەکەی خۆیەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە، ژنێکیش بە فیشەک لەلایەن مێردەکەیەوە دەکوژرێت و دەوترێت لە کاتی پاککردنەوەی چەکەکەیدا بووە، هەموو ئەمانە لە سنورەکانی پارێزگای دهۆک ڕوویانداوە وتا ئێستاش ئەو ڕووداوانە بە تەمومژاویی ماونەتەوە و پەردە لەسەر هۆکارەکانی پشت خۆکوشتنیان لانادرێت.

 ژنێکی دانیشتووی یەکێک لە کەمپەکانی دهۆک قسەی بۆ ژنها کرد و نەیویست ناوەکەی بڵاوبکرێتەوە، ئاماژەی بەوەدا: "گەنجانی ناو ئەو کەمپانە کەموکورتییەکی زۆریان هەیە و ژیانیان بە ئەستەم تێدەپەڕێنن لە ژێر خێمەدا، بۆیە بەتایبەت گەنجان بێزار دەبن و پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن"، لە درێژەی قسەکانیشیدا باسی لەوە کرد ئەو کەمپانە هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە و گەنجان ناتوانن لە دەرەوەی کەمپەکانیشدا کار بەدەستت بێنن، گەنج هەیە ئەگەر ئیشی ڕۆژانە نەکات هیچ دەستکەوتێکی ماددی تری نییە و دەست بەتاڵ دەمێنێتەوە.

هەرچی دەربارەی ژنانی گەنجە ئەو ژنە وتی: "ژنانی گەنج هیچ کارێکیان نییە بیکەن، ڕووبەڕووی بیزاری دەبنەوە و لە ناو کەمپیشدا کارێک نییە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن، یەکێک لەو ژنانەی کە خۆیان کوشتووە دراوسێمان بووە، هیچ کێشەیەکەی لەگەڵ خێزانەکەیدا نەبووە، نازانرێت بۆچی خۆی کوشتووە".

 

" سیستمی پیاوسالاری دەبنە هۆکاری کوژرانی ژن"

تۆڕی ژنانی ئێزیدی گومانی هەیە لە زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و داوا دەکات هەرچی زووە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پشت خۆکوشتنی ژنانی گەنج بکرێت، چونکە وەک خۆیان دەڵێن: خۆکوشتن لە ئاینەکەیاندا تاوانە، بەڕێوبەری تۆڕی هاوکاری ژنانی ئێزیدی ڕیحام حەسەن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز ئەوەی خستۆتە ڕوو: کێشەکانی سیستمی پیاوسالاریی دەبنە هۆکاری کوژرانی ژن بەدەستی پیاو یان ئەوەی، کە ژنان کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن، وتووشیەتی: ئەگەر ژنێکی گەنج لە دەستی چەتەکانی داعش هەڵهاتووە و ڕووی لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە کردووە، ڕووبەڕووی ئەم ڕووداوانە دەبێتەوە، جێی گومانە، ئەمە ڕوو ڕەشییەکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێم، هەلومەرجی ژیانی ژنانی ئێزیدی لەو کەمپانەدا زۆر زەحمەتە، دەسەڵات ڕێگەیان پێنادات بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.

 

پەدەکە ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدیەکان

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و هەڵهاتنی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکە و داگیرکردنی شەنگال لە لایەن چەتەکانی داعشەوە، زیاتر لە پێنج هەزار ژنی ئێزیدی کەوتنە دەست داعش و وەک کەنیزەک مامەڵەیان پێوەکرا، دوای ڕزگارکردنیشیان بەشێکیان تا ئیستا لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە شەنگال لە چەتەکانی داعش پاککراوەتەوە، بەڵام بەپێی وتەی دانیشتووانی کەمپەکە، پەدەکە ڕێگرییان لێدەکات بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و ئەوانیش ناچاربوون ژیانێکی سەخت لە کامپەکاندا بگوزەرێنن بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی و هەلی کارەوە، بەشێک لە ئێزیدیەکان بۆ خۆڕزگارکردن لە ژیانی ژێر خێمە ڕێگای ئەوروپا دەگرنە بەر و هەر لەو ڕێگەیەشدا گیان لەدەست دەدەن.

هەفتەی ڕابردوو ژنێکی ئێزیدی دوای ئەوەی لەگەڵ ١١ کەسی دیکەی خانەوادەکەیدا لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێدەکەون، لە دەریای ئیجەدا دەخنکێت، بە پێی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، ژنەکە ناوی خاتوون موراد بووە و تەمەنی ٢٧ ساڵ بووە و لە شارۆچکەی زاخۆ نیشتەجێ بووە، دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی ڕەوانەی زاخۆ کراوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدا تەنها لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بە سێ ژنە گەنجە ئێزیدیەکەوە ١٢ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراون کە زۆرینەی قوربانییەکان ژن بوون، تا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژەیە بڵاونەکردووەتەوە.

 

ت.پ