شۆڕشی کشتوکاڵ، لەسەر دەستی دایک-ژن بەرپابوو

شۆڕشی کشتوکاڵ بناغەیەک بوو بۆ درێژەپێدانی ژیانی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی، ئەم بەرەوپێشچونە لەسەر دەستی ژن بونیادنرا، ژن ڕەنجی کێشا و خۆراکی کردە پیرۆزییەک و بەهایەکی گرنگ بۆ مرۆڤایەتی و ژیان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دۆزینەوەی کشتوکاڵ شۆرشێک بوو بۆ درێژەدان بە ژیان، بۆیەش هەر کەسێک وەک مێژووی وڵاتەکەی پێناسەی دەکات تا ئەو دەستکەوتە مێژووییە بکەنە موڵکی خۆیان، لە کۆندا پێیان وابووە کشتوکاڵ لە ناوچەیەکەوە سەریهەڵداوە و دواتر بۆ ناوچەکانی دیکە گوازراوەتە، بەڵام لێکۆڵینەوەی نوێی مرۆڤ ئەمە ڕەتدەکاتەوە و پێیوایە لە هەرجێیەک مرۆڤ هەبووبێت کشتوکاڵ هەبووە، بەڵام ئەو ڕاستییەش ناشاردرێتەوە کە کشتوکاڵ لەسەر دەستی دایک-ژن لە میزۆپۆتامیا دۆزرایەوە و درێژەی پێدرا.

 

مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ سروشتدا خۆی گونجاندووە، پێی وابووە هۆکارێکی گرنگە بۆ مانەوە و ئاسانترکردنی ژیان، هەربۆیە چ ناوچەیەک شیاو بوبێت بۆ کشتوکاڵکردن، تێیدا نیشتەجێ بووە.

 

ئەوەی پێویستە بوترێت دەستپێک و سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵە کە لەکوێوە بووە، دەستپێکی شۆڕی کشتوکاڵ تەنها شۆڕشێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی فکریش بوو، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٩٠٠٠ ساڵ پێش زاین و لە دەشتەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا بەرپاکراوە.
 

مێژووی شۆڕشی کشتوکاڵ

بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەرکەتووە مێژووی دەستپێکی شۆڕشی کشتوکاڵ لە ڕووباری دیجلە و فورات دەستپێدەکات، ئەو ناوچەیەی پێی دەوترێت میزۆپۆتامیای سەروو، میزۆپۆتامیاش دەشت و بەرزاییەکانی نێوان زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس پێکدەهێنێت، ئەو ناوچانە بە گونجاوترین ناوچە دانراون بۆ ئەنجامدانی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ تیایاندا، دەستپێکی ئەم شۆڕشە، گۆڕانکارییەکی نوێ بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

 

ئەم ناوچانە لە ڕووی دانەوێڵە و ماڵیکردنی ئاژەڵەوە خاوەن کلتووری دەوڵەمەندن، کەشوهەوای تەواو گونجاویان هەیە کە دەیسەلمێنێت سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و کەوانی زێڕین.

 

٢٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا و پاش کۆتایی پێهاتنی دوا قۆناغەکانی سەهۆڵبەندان، چاخی میزۆلیتیک سەریهەڵداوە، کە دەکەوێتە نێوان چاخی بەردینی کۆن و نوێ، دواتر چاخی نیولۆتیک دەستی پێکردووە کە زەوی و وشکانی دروستبووە، بووەتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ئەزموونی مرۆڤایەتی بۆ گۆڕانکاریکردن لە چاندنی دانەوێڵە و ڕووەک.

 

بەمە مرۆڤایەتی دەرفەتێکی باشی بۆ ڕەخساوە بۆ ئەنجامدانی شۆڕشی کشتوکاڵی و داهێنان و دابینکردنی خۆراکی پشتبەستراو و بەڕێوەبردنی خۆی و بووە بناغەیەک بۆ پێکهێنانی شارستانیەتیەکانی گوند، شار، نەتەوە، ئیمپراتۆریەتی، نووسین، ئەدەب، یاسا تا دەگاتە زانست.

 

کشتوکاڵ لەسەر دەستی ژن لەم ناوچەیەدا سەریهەڵداوە

پێویستی ژیان و بوونی جوگرافیایەکی گونجاو دەرفەتێک بوو بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ لەسەر دەستی دایک-ژن، ماڵیکردنی ئاژەڵ، بەخێوکردنی منداڵ، پێشخستنی کلتوری کڵان و کێڵگە لەسەر دەستی ژنان بووە و ڕۆڵێکی گرنگی تێداگێڕاوە.

 

بەهۆی ئەوەی ژنان داهێنەر و خوڵقێنەر بوون، بۆیە وەک پیرۆزییەک بە خوداوەند بەناو دەکران، بۆیە ئەوەی بەدیهێنەر بووە پیاوان نەبوون، بەڵکوو خوداوەندە ژنەکان بوون، زمانی ئاخاوتن ژنانە بووە، هێما و نیشانە سەرەتاییەکانیش هی ژنان بوون.

 

ئورفا، یەکەم ناوچەی لەسەر دەستی ژن، شۆڕشی کشتوکاڵی تێدا بەرپاکرا، ئەمەش لە ١٠ هەزار ساڵ پێش زاین بووە لە چاخی نیۆلۆتیکدا کە ١٢ هەزار ساڵ پێش زاین سەریهەڵداوە، هەبوونی سەدان تەپۆلکە، ئەشکەوت و بوونی ئاو وایکردووە ناوچەیەکی لەباربێت بۆ نیشتەجێبوون، زانایانیش سەلماندویانە لە هیچ شوێنێکی جیهان جێگەیەکی بەو شێوەیە گونجاو نادۆزرێتەوە.

خۆراک وەک پەرجوو پێشوازی لێکراوە

کاتێک باسی ئورفا دەکرێت دەستەواژەیەکی دیکە دێتە کایەوە کە "پیرۆزییە"، خۆراک لە زمانی سۆمەرییەکاندا پێی دەوترێت "کاوتا"، بە هەموو خواردن و خواردنەوەیەک کەلە ڕێگای کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بەدەستبێت، دەوترێت.

 

خۆراک لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە وەک "پەرجوو"یەک پێشوازی لێکراوە، چونکە مرۆڤ لە ڕێگای خواردنەوە درێژەی بە ژیان داوە، بە گوێرەی ئەوەی هیچ شتێک وەک ژیان بەهادار نییە ئەوا هیچ شتێکیش وەک خۆراک بەهادار نییە بۆ درێژەپێدانی ژیان، بۆیە خۆراک وەک پیرۆزی تەماشاکراوە، ئورفاش کە خاوەن مێژووی شۆڕشی کشتوکاڵە، دەستەواژەی پیرۆزی دراوەتە پاڵی.

 

لە بناغەی خۆراکدا ڕەنجی دایک هەیە

لە یەکەم هەنگاوەوە کە گوڵە گەنمەکان کۆکراونەتەوە و دواتر چاندن دۆزراوەتەوە، دایک-ژن بە خاوەنی ئەم داهێنەرییە دادەنرێت تا گەشتووەتە ئەم بەرەوپێشچوونەی ئێستای، بۆیە شۆڕشی کشتوکاڵ واتای بەردەوامیدان بە ژیان و مرۆڤایەتییە، تەنها شۆڕشێکی ئاسایی نییە بەڵکو شۆڕشێکی ئەفسوونیە کەبە پیرۆز دەبینرێت، بەو هۆیەش ژنیان وەک خوداوەندێک تەماشاکردووە.

 

سۆمەرییەکان خوداوەندەکانیان زەوتکرد

لە پاش شۆڕشی کشتوکاڵ کە لەسەر دەستی ژن بەرپاکرا، هەروەها ئاواکردنی کڵان و کۆمەڵگەیی بوون ژن وەک پیرۆزیی دانرا، وەک خوداوەند ناسێنرا، هەمیشەش بەرهەمهێنەر و دۆستبوون، بەڵام لە شارستانییەتی سۆمەرییەکاندا دەست بە ناوزڕاندنی ژنان کرا، وا لە ژن کرا لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا درکیان پێنەکرێت.

 

لە پەرستگای کاهینەکاندا خوداوەند(ژن)ەکان کرانە درۆزن و سزادەر، لە قاڵبی ڕاستەقینەی خۆیان دەرهێنران و بەناوی خراپەوە لە کۆمەڵگەدا ناسێنران، بەمەش چینی دەسەڵاتدار "پیاو" بەبێ ئەوەی ڕەنج بدەن، گەورە بوون، بونە سزادەر، چەوسێنەر، ڕەنج و بەرهەمی خەڵکییان زەوت دەکرد، بوونە فەرمانڕەوا و وەک چینی دەسەڵاتدار خۆیان جێگیر کرد، وتیان "جیهان هی ئێمەیە" و ژن لە پێگەکەی شكێنرا.

 

خوداوەندەکان کران بە خوداوەندی کۆمەڵگای چینایەتی، بە جۆرێک باس دەکران کە خراپەکاری بڵاودەکەنەوە، ئەمەش یەکەمین دەستدرێژی و داگیرکاری بوو کە کرایە سەر مێژوو و هۆشیاری مرۆڤایەتی بە لە پێگەدانی ژنان، دەستپێکردن بوو بە هۆنینەوەی تۆڕی درۆ و فشار.

 

ت.پ