ڕێڕەوی بازرگانی لە میزۆپۆتامیادا ڕێگە خۆشکەربووە بۆ داگیرکاری ئینگلیزەکان
لە ساڵانی ١٨٠٠کاندا بەریتانیا چاوی خستبووە سەر داگیرکردنی خاکی میزۆپۆتامیا و لەگەڵ گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بووە بەشێکی دانەبڕاوی سیستمەکانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی.
بێریڤان کەمال
ناوەندی هەواڵ- لەساڵانی پێش جەنگە جیهانییەکان و تا جەنگی جیهانیی یەکەمیش، چاوی بەریتانییەکان-ئینگلیز لەسەر باشووری ئاسیا و کەنداوی فارس بوو، بەمەش میزۆپۆتامیا جێی خۆی کردەوە لەناو ئەجێندای بەریتانیادا، لە ساڵانی ١٨٣٠کانەوە بەریتانییەکان تەواوی کاریگەریی ئەوروپییەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردبوو لە میزۆپۆتامیا و ناوچە دراوسێکانی دوورگەی عەرەبی و کەنداو.
لە ساڵانی ١٨٠٠کاندا بەریتانیا چاوی خستبووە سەر داگیرکردنی خاکی میزۆپۆتامیا و لەگەڵ تەشەنەکردنی شەڕ و ململانێ و گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو خاکە بووە بەشێکی تەواوکەر و دانەبڕاوی هەریەک لە سیستمەکانی ئیمپراتۆریی بەریتانی و هیندی، ئەم دەسەڵات و کاریگەرییە لە هەردوو ڕێگەی بازرگانانی بەریتانی و دەسەڵاتی دەریایی بەریتانییەوە تەشەنەی کرد.
ڕێڕەوی بازرگانی بە درێژای مێژوو لە میزۆپۆتامیادا ڕێگە خۆشکەربووە بۆ بەریتانییەکان
لە سەردەمی قاجارییەکاندا بەهۆی هەناردەکردنی براندە بیانییەکانەوە لەلایەن بەریتانییەکانەوە، بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئێران بەتەواوی شکا، لەسەردەمی سەفەوییەکان زیاتر لە ٩٠٪ی کاڵای بەکاربەر لە ئێراندا بەشێوەیەکی خۆماڵی بەرهەمهێنراوە و هەناردەکردنێکی زۆری کاڵا هەبووە لە بەرهەمەکانی پیشەسازی چنین و کانزایی.
سەفەوییەکان بنەماڵەیەک بوون کە بەسەر ئێراندا فەرمانڕەوایییان لە درێژترین ماوەدا لە ساڵانی ١٥٠١- ١٧٣٦ بەردەوامی پێدا، سەفەوییەکان نەک هەر لە ئێران بەڵکو دەسەڵاتیان هەبوو لەو وڵاتانەی ئێستا بە ئازەربایجان، بەحرەین، ئەرمەنستان، ڕۆژهەڵاتی جۆرجیا و بەشەکانی باکووری قەفقاز، عێراق، کوێت، ئەفغانستان، بەشەکانی تورکیا، سوریا، پاکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان ناودەبرێت.
لەو کاتەوەی ئینگلیز و بەریتانییەکان توانیان بێنە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کرانەوەیەک بۆخۆیان دروستبکەن، لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە توانیان ناوبانگێک بۆ کاڵای بیانی لای خەڵکی ناوچەکە پەیدابکەن و ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی خواستی کڕیار بۆ بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکان، چونکە لەو سەردەمانەدا کاڵا بیانییەکان لە وڵاتەکانی وەک هیندستان بەرهەمدەهێندرا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هیندستانیش ڕێگە و ڕاڕەوی بازرگانیی بەریتانییان دەپاراست و ئاگربەسێکی دەریاییان بەسەر کەنداودا سەپاندبوو و پاشان هاوردەی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرا، وەک: ئێران و عێراق، یوجین فلاندن، شوێنەوارناسی فەڕەنسی، لە ساڵی ١٩٣٠ لە سەردەمی محەمەد شا قاجاردا هاتووەتە ئێران باسی لێوەکردووە کارگەی ڕستن و چنین و چەک و پۆشاکی ئێران بەرهەمەکانیان هەناردەی هەموو ڕۆژهەڵاتی جیهان دەکرا، بەڵام بە هاتنی بەریتانییەکان بەرهەمە ناوخۆییەکان بەرەو لەناوچوون ڕۆشتن، چونکە کاڵا بیانییەکان بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە کاڵا ناوخۆییەکان دەفرۆشران.
تا کۆتایی سەردەمی قاجار کار گەیشتە ئەو کاتەی جۆرج کێرزن سیاسەتمەدار و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کتێبی "ئێران و شتی ئێران"دا نووسیویەتی: جل و بەرگی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، لە پیاوانەوە بۆ ژنان، هەموویان لە ڕۆژئاواوە دێن، ئاوریشم و کەتان بۆ خانەدانەکان و لۆکە و پەمو بۆ چینەکانی دیکە، جلی گوندنشینێکی سادە لە مانچستەرەوە دێت و لە بەرزترینەوە تا نزمترین ئاستەکانی کۆمەڵایەتی بە دڵنیاییەوە پشت بە کاڵاکانی ڕۆژئاوا دەبەستن.
لە ساڵانی فەرمانڕەوایەتی شای ئێرانیشدا ئەو ڕێککەوتننامە بازرگانییەی کەوا کۆمپانیا بەریتانییەکان لەگەڵ شای ئێراندا واژۆی کرد، ساڵ بە ساڵ کاریگەری و دەسەڵاتی بەریتانیا لە کەنداوی فارسدا زیادیدەکرد.
عێراق بە درێژای مێژوو بەشێک بووە لە سیاسەتی دەسەڵاتە زلهێزەکان
بەشێکی پارێزگای بەغدا لە ساڵانی ١٦٢٠کاندا دەگەڕێتەوە بۆ ژێردەسەڵاتی سەفەوییەکان بەڵام دواتر تا سەرەتای سەدەی بیستەم وەک بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ماونەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٧٩٨بەریتانیا بریکارێکی هەمیشەیی ناردبوو بۆ بەغدا بۆئەوەی بە درێژایی میزۆپۆتامیا بەرەو هیندستان بەڕێبچێت.
مێژووی عێراق دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەت سیستمی حکومڕانی پاشایەتی پەیڕەوکرد و ٨٦ ساڵی خایاند، لەو ماوەیەدا بەغدا گەشەیەکی مەزنی بەخۆوە بینی، مەدحەت پاشا و نامیق پاشا، ساڵانی ویلایەتی مەدحەت پاشا لە ساڵی ١٨٦٩ تا ١٨٧٢ یەکێک بوو لە باشترین سەردەمەکان کە بەغدا گەشەی ئابووری و شارستانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام عێراق بە درێژایی مێژوو بەهۆی سەپاندنی سیاسەتی وڵاتانی زلهێز نەیتوانییوە خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆ بێت و لە ڕووی بازرگانی و بەرهەمهێنانیشەوە نەیتوانییوە بەرهەمهێن بێت و وڵاتانی ئینگلیز وەک وڵاتێکی بەکاربەر سودیان لێ بینیووە و ئەو گەشەسەندنە ئابووریەی عێراقیش هێندەی نەخایاند.
بەغدا لە ساڵی ١٩١٥-١٩١٧ کاتێک لە ژێر فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، لە بەرەبەیانیەکی مانگی ئاداردا لەلایەن سوپای بەریتانیاوە داگیرکرا و لەژێر فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی عوسمانیدا دەرهێنرا، کە ئیمپراتۆریەتێک بوو کە کۆنترۆڵی زۆربەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای دەکرد لە نێوان سەدەکانی چواردەیەم و سەرەتای بیستەم.
بەریتانیا بەردەوام چاوی لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا بووە بە تایبەتی خاکی کوردستان بەهۆی هەبوونی سامانی سروشتی تیایدا و بەچەندین ئەجێندای جیاواز سیاسەتی خۆیان لەم ناوچانەدا پەیڕەو کردووە، هەر لە پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانەوە تا پەیوەندییە سیاسیەکان لە خاکی عێراق، بە درێژای مێژوو لەسەردەمی هەموو فەرمانڕاوەیەتییەکاندا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان داوە و لە ساڵانی ١٨٠٠کانیشەوە لە ڕێگەی پەیوەندی پیشەسازی و بازرگانییەوە دەرگایان بۆ خۆیان واڵا کرد و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش لە هاوردەکردنی کاڵا و براندە بیانییەکان بۆ ناوچاکە و کردنی زمانەکەیان بە زمانی پێویستی و سەرەکی، تا هێنانی بەشێک لە کلتوری تایبەت بە خۆیان و ئاشناکردنی بە خەڵکی ئەم ناوچەیە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هۆکارێکە بۆ لەناوچوونی کلتور و هەبوون و پێکهاتەی ناوچەکە، کاریان کردووە.