بەهۆی شەڕەوە ٣.٥ ملیۆن منداڵی عێراقی ناتوانن بچنە قوتابخانە
هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە کە لە توندوتیژی و خراپ بەکارهێنان بپارێزرێن، سەدان هەزار منداڵ لە عێراق بە منداڵانی ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەرانەوە پێویستیان بە پاراستن لە توندوتیژی و پێشێلکاری و پشتگوێخستن هەیە.
ناوەندی هەواڵ
دۆخی منداڵانی عێراق لە بارودۆخێکی سەخت دایە، بە تایبەت لە ناوچەکانی باشووری عێراق، منداڵانی ئەو ناوچانە جگە لەوەی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، بەڵام بێبەشبوونیان لە خوێندن و نەبوونی کەرەستە پزیشیکییەکان، گوزەرانی منداڵانی عێراقی سەختتر کردووە، ئەمەش بۆ داهاتوو ئاستەنگ دەخاتە بەردەم ئابووری عێراق و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری.
بە گوێرەی دواین توێژینەوەی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە عێراق ڕێژەی ٪٥٠ی دانیشتوانی عێراق منداڵ و گەنجە، بەڵام ژیان و گوزەرانیان لە ژێر مەترسیدایە، بە جۆرێک ٪١١.٧ی دانیشتوانی عێراق کە دەکاتە ٤.٥ ملیۆن منداڵی عێراقی، بە هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی پەتای کۆرۆناوە لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
توێژینەوەکەی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەدات، ئەم ڕێژەی هەژاری منداڵانی عێراقە، هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ زیاتر لە ٪٣١.٧ لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ کە ڕێژەکەی ٪٢٠ بوو، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی ئابووری و گوزەرانی منداڵی عێراقی و ژمارەی هەژار لە عێراق کە زیاتر لە ١١.٥ ملیۆن کەسە.
کۆرۆنا ڕێژەی هەژاری بەرز کردەوە
کۆرۆنا بووە هۆی هەژاربوونی زیاتری منداڵی عێراقی، پێش لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا بۆ سەر گوزەرانی هاوڵاتی و منداڵی عێراقی، لەهەر ٥ مندالێک، تەنیا یەک منداڵ هەژار بوو، بەڵام دوای کۆرۆنا، لە هەر ٥ منداڵێک ٢-٣ منداڵ هەژار بوون، واتە ڕێژەیەکە دووهێندە بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیكەی ٧ ملیۆن منداڵی عێراقی كە دەكاتە سێیەكی كۆی منداڵانی ئەو وڵاتە پێویستیان بە هاوكاری هەیە و بەشێك لەو منداڵانەش وازیان لە خوێندن هێناوە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا ڕێژەی كاركردنی منداڵان زیادیكردووە، بەهۆی ئەوەی شەڕی داعش لە عێراق سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار ئاوارەی لێكەوتووەتەوە.
بەپێی یاسای کاری ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ دامەزراندنی منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ قەدەغەیە، ڕێگەدانیش بە دامەزراندنی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لەنێوان ١٥-١٨ ساڵدایە، لە ژێر مەرج و سزای داناوە بۆ خاوەنکار.
هۆکارەکانی کارکردنی منداڵان
هەژاری ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە دیاردەی کارکردنی منداڵاندا، هەرچەندە هۆکاری زۆر هەیە بۆ کارکردنی منداڵان، توێژینەوەکان دەریخستووە کە هەژاری هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیەیە، بەشێکی گرنگی بەشداریکردن لە داهات بۆ یارمەتیدان بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی خێزانەکە شایانی ئاماژەپێکردنە کە چارەسەرکردنی کێشەی هەژاری بەشێوەیەکی بەرچاو دیاردەی کاری منداڵان کەمدەکاتەوە.
گەندەڵی یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکان کە بەشداری لە بڵاوبوونەوەی کاری منداڵان دەکات، چونکە هۆکاری سەرەکی خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکانە و لە نزیکەوە پەیوەندی بە هەژارییەوە هەیە، پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریخستووە کە گەندەڵی زیانێکی بەرچاوی هەیە، لەوانە، خراپترکردنی هەژاری، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، نایەکسانی، زیادبوونی ناکۆکی، لاوازی لە چاودێری تەندروستی و پەروەردە و هتد، کە منداڵان دەبەنە کار بۆ دەربازبوون لە هەژاری و پاراستنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.
ڕێژەی بێکاریی بەرز دیاردەی کارکردنی منداڵان زیاد دەکات، چونکە نەبوونی هەلی کار بۆ دایک و باوکان لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە منداڵان بەدوای کاردا بچن بۆ دابینکردنی سەرچاوەی داهات بۆ خێزان، به تایبەتی کاتێک کارەکان لە دایک و باوکان بەرزتر بێت، یان هەندێک کار بۆ منداڵان گونجاوترە لە تەمەنی پێگەیشتن، لەلایەکی دیکەوە بێکاری دەبێتە هۆی بەشداری پێکردنی منداڵان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەدا، هەروەها شەڕی ناوخۆ ئابوری وڵات تێکدەشکێنێت و سەرچاوەکانی دەسوتێنێت، ڕۆڵی خۆی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەژاری لە نێوان تاکەکاندا هەیە، بۆیە دایک و باوکان ناچارن منداڵەکانیان بنێرن بۆ کارکردن بۆ دابینکردنی سەرچاوەی داهات کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزان دابین بکەن.
کۆچکردن دەبێتە هۆی کارکردنی زیاتری منداڵان
کۆچکردنی شار ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە زیادکردنی دامەزراندن لە منداڵدا، ئەو کەسانەی بە هۆکاری جیاواز لە شارێکەوە بەرەو شارێکی دیکە کۆچ دەکەن، لەوانەیە ناچار بن لە شەقامەکاندا بژین و کاربکەن، چونکە ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خواردن و پەناگا دابینبکەن و توندوتیژی و دەستپێکردنی کاری نایاسایی وەک دزی، بێکاریی زۆر، ناتەواوی دۆخی تەندروستی و نەبوونی پەناگا هەموو منداڵەکان بەرەو کارکردن دەبات.
لەگەڵ ئەوەشدا كاركردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە هەرێمی كوردستان بە جۆرێك ڕووی لە زیادبوون كردووە، لەو حاڵەتەوە خەریكە دەبێتە دیاردە، هاوكات بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە ڕێگریكردن لە كاركردنی مندڵان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ منداڵی زیاتر لەسەر شەقام و ناو بازاڕەكان كاردەكەن، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لەو منداڵانە لە خوێندن دابڕاون.
عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن ڕێگری لە کاری منداڵان بکەن
لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی کەیسەکان و خزمەتگوزاری تایبەت بە منداڵ بۆ یارمەتیدانی ئەو منداڵانەی کە دەستدرێژییان دەکرێتەسەر یاخود دەچەوسێنرێنەوە و پشتگوێ دەخرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێن بوونی نییە، بەڵام ئەو ناوەندانە پێویستن تا خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی یەکسان دابەشبکرێت و منداڵێکی ئایندە ڕوون لە ژینگەیەکی تەندروستدا پەروەدە بکرێت.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، لە ٪٢٠ی قوتابخانەکان بەهۆی ناکۆکیەکانەوە داخراون، نزیکەی ٣.٥ ملیۆن منداڵی عێراقی ناتوانن برۆن بۆ قوتابخانە، لە هەرێمی کوردستانیشدا سەرەڕایی بوونی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠١ بۆ چاودێری مێردمنداڵان و یاسای ژمارە ١١ی هەمان ساڵ کە باس لە دابینکردنی بژێوی منداڵان و دەڵێت تا تەمەنی دیاریکراو لەسەر خێزان پیویستە چاودێری منداڵ بکات، بەڵام تائیستا یاسایەکی تایبەت بۆ قەدەغەکردن و ڕێگریکردن لە کارکردنی ئەو منداڵانە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی یاسای جێبەجێ ناکرێت.
ئەگەرچی هەموو وڵاتانی جیهان بانگەشەی مافەکانی منداڵ و دەستەبەرکردنی داهاتووی گەشیان دەکەن، بەڵام هەموو ئەو ئامارانە پێمان دەڵێت کە منداڵان لە چ باردۆخێکدا دەژین و هیچ بایەخێک بە داهاتوویان نادرێت، ئەمەش چەندین ڕەهەند و لایەنی جۆراوجۆری هەیە، کە هەرکام لەو بارودۆخانە لەژێر کاریگەری هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ئابوری، فەرهەنگی، ناوخۆی وڵاتان و جەنگ و داگیرکاریدایە، ئەمە لەکاتێکدا پەروەردە و وەبەرهێنان یەكێكە لە پایە بنەڕەتییەكانی گەشەسەندنی هەر وڵاتێك و لە كوێ وەك پێویست بایەخی پێنەدرێت و پلانی بۆ دانەنرێت، ئەوا ئەو كۆمەڵگەیە تووشی دەیان نەهامەتی دەكاتەوە.
ئەگەرچی دیاردەی منداڵانی سەر شەقام و كاركردنی منداڵ لە هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری بۆ لەخۆگرتنی پتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕ دەگەڕێتەوە، بەڵام منداڵانی سەرشەقام كە لە زێدی خۆیانن و خەڵكی باشووری كوردستانن، بەتایبەتی لەكاتی پشووی هاوینەدا ژمارەیان كەم نییە، ئەوەش داهاتووی ئەو منداڵانە رووبەڕووی مەترسی دەكاتەوە، بۆیە بە پێویست دەزانرێت کۆمەڵگا و حكومەت و خێزان پێكەوە بەرچاو ڕوونی بۆ ئەو نەوەیە دروستبكەن، هەتا بە شێوەیەكی تەندروست و زانستی لە ڕەوتی گەشەكردندا، خاوەنی خەون و ئاوات و ئامانج بن و بتوانن لە داهێنان و وەبەرهێناندا رۆڵێكی كاریگەریان هەبێت.