پرۆسەی ئاگربەست و ئەنجامەکانی....٤
کردنەوەی دەرگای ئاشتی لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تەنها بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ نەبوو، بەڵکو بەدوای ڕێگەچارەسەرێکی بەردەوام دەگەڕا بۆ بنەبڕکردنی ئەو تەنگەژە قوڵ و ئاڵۆزانەی کە ڕەگ وڕیشەیەکی مێژووی و دێرینی هەیە.

سروە نێرگز
ناوەندی هەواڵ-ئاگربەست ئەو هەنگاوەی وەستاندنی شەڕ و قۆناغی ئاشتی بەدوادا دێت، لە نێوان هەر لایەنێکدا ببەسترێت، دەبێت کاولکاری و کۆمەڵکوژی کۆتایی پێبێت و سەردەمی ئاوەدانی، بەرەوپێشچوون و خزمەتی کۆمەڵگە لەدوای شەڕ دەستپێبکات، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بۆ کورد سەرەڕای خواستی توند بۆ پێکهێنانی، بەڵام هەر بە هەڵبەستراوی مایەوە و بە تایبەت زیاتر لە ٥٠ ساڵی تێکۆشانی بێ وچانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ تا ٢٠١٣ بێ وەڵام و ئەنجام مایەوە.
قۆناغی بڕیاردان لەسەر ئاگربەست و چەک دانانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە ساڵەکانی ١٩٩٣، ١٩٩٥، ١٩٩٨، ١٩٩٩، ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ بەڕێوەچوون، بەڵام تا ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لەو باوەڕییەدا بوو کە دەتوانێت وەک شۆڕشەکانی ڕابردووی کورد، گەل سەرکوت بکات، نەکەوتە ناو قۆناغی ئاگربەست و تەنانەت کۆتا ئاگربەست و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٥ و لە دواین قۆناغدا، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هێزی کوردی لە نەورۆزی ئامەددا بینی، وتی؛ “نە ڕێککەوتنی دۆڵمەباخچە و نە کۆبوونەوەکانی ئیمرالی هیچ مانایەکیان نییە” و ئاماژەی شەڕی دا.
یەکەم دەرگای ئاشتی لەلایەن کوردەوە، لە ١٧ی ئاداری ١٩٩٣دا کرایەوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شارۆچکەی بار ئەلیاس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، یەکەم ئاگربەستی تاکلایەنەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی ڕاگەیاند. دوای ئەوەش کە تورگوت ئۆزال بەرەوڕووی دەرگای ئاشتی هەنگاوینا، لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانی لەدەستدا و جگە لەوەش لەسەر فەرمانی شەمدین سەکیک کە بە چەتەی قرکەر ناسراو بوو، ٣٣ سەرباز کوژران. ئەو دوو ڕووداو بوونە هۆی کۆتایی هاتنی ئاگربەستی تاکلایەنە.
کردنەوەی دەرگای ئاشتی لەلایەن ڕێبەری گەلانی ئازادیخوازەوە، تەنها بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ نەبوو، بەڵکو بەدوای ڕێگەچارەسەرێکی بەردەوام دەگەڕا بۆ بنەبڕکردنی ئەو تەنگەژە قوڵ و ئاڵۆزانەی کە ڕەگ وڕیشەیەکی مێژووی و دێرینی هەیە، سەرەڕای پوچەڵکردنەوەی یەکەم پڕۆسەی گەلی کورد بۆ ئاشتی، هەموو هەوڵێک درا بۆ کۆتایهاتنی ململانێکان، بەڵام بێ ئەنجام بوو دواتر لە ٨ی حوزەیرانی هەمان ساڵ ڕێبەر ئۆجالان بە فەرمی کۆتای هاتنی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند.
ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد، شەڕ تادەهات قورستر بوو، سەرەرای ئەو هەموو کارە نەرێنییانە، ڕێبەر ئاپۆ پێداگری لەسەر ئاشتییەکی بەڕوومەت کرد، کاتێک دەوڵەت خۆی بۆ پڕۆسەیەکی نوێ ئامادە دەکرد، ڕێبەر ئاپۆ گونجاوترین کاتی بینی بۆ گەیاندنی ئەم ئامرازە بۆ زەمینەیەکی دیموکراتیک و ئاشتی، لەسەر ئەم بنەمایە، لە ١٥ـی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥ ئاگربەستی دووەمی ڕاگەیاند.
ڕێبەری گەلی کورد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی چارەسەرێک لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا، دەستی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ئەوروپا کرد، ڕێبەر ئۆجالان داوای ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکەی کرد، بەم شێوەیە گۆڕەپانێکی خەبات بۆ ئەوەی هەوڵی دیپلۆماسی بۆ ئاشتی و دیموکراتیک بەڕێوەبچێت کرایەوە، بەم پرۆسەیە لە ڕێگەی ڕێبەر ئاپۆوە ئاگربەست لە پرسێکی ناوخۆییەوە بۆ ڕای گشتی ئەورووپا گواسترایەوە.
ڕێبەر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستدا جەختی کردەوە کە: "یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی سەردەمی ئێمە کورد و تورکە، ئەو دوو نەتەوەیەی کە گرنگترین ڕۆڵیان لە مێژوودا هەبووە، لە ناو شەڕ و ململانێی گەورەدان، بەهۆی زۆرێک لە کێشە سیاسییەکانەوە، کۆتایی هاتنی ئەم ململانێیانە لە ڕێگەی ئاشتییەکی کورد-تورکەوە کە لەسەر بنەمای ڕێکخستنبوونی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیادنرابێت، مومکینە".
دوای ئەوەش تیمەکەی تانسو چیلەر لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦دا هەوڵی تیرۆرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیان دا، دەرکەوت کە ئیتر هیچ دەرفەتێک بۆ پەکەکە نەما بۆ درێژەدان بەم ئاگربەستە. دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێ و خوێناوی و ئەم هەوڵە تیرۆرکردنەش؛ ڕەنگدانەوەی سیاسەتی جیهانی بوو لە دژی گەلی کورد.
ئاگربەستی کە لە ساڵی ١٩٩٨دا گۆڕدرا بۆ ئاگربەستی تاک لایەنە، سەرەڕای ئەوەی تەنها لەلایەن پەکەکەوە جێبەجێ دەکرا تاکو دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بوو، بەڵام لە ڕادەستکردنی ڕێبەر ئۆجالان بە تورکیا و لە سەروبەندی کۆنگرەی شەشەمی پەکەکەدا ڕاگەیەندرا لە ئاگربەستی تاک لایەنە کۆتایی پێدێت و شەڕی سەرتاسەری ڕادەگەیەنرێت.
ئەم قۆناغەش، بووە قۆناغی بێ وەستانی گەریلا ئازادەکان و لە کوردستان و تورکیا و هەموو ئەو شوێنانەی کە کورد تێیدا دەژیا، چالاکی ئەنجامدرا. دەوڵەتی تورکیاش نەیتوانی کۆنترۆڵی چالاکییەکان و پێکدادانەکان بکات، ناچار بوو پاشەکشەی بۆ دواوە کرد.
سەرەرای ئەو مێژووە تاریک و پڕلە داگیرکارییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەو نەژادپەرستیەیی کە بەردەوام لە هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی بەتایبەت کورددا بوو، ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان کۆڵی نەدا لەوەی کە بیەوێت ئاگربەست درێژە پێبدات و پرسی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک بە جیهانی بکات. بەڵام پیلانەکانی ناتۆ و تورکیا دوور بوون لە چارەسەری پرسی کورد و بونیادنانی پڕۆسەیەکی نوێ. بگرە قۆناغێکی فشاری گەورە جێگەی ئەم هیوایەی گرتەوە، فەرماندەی گشتیی تورکیا هەڕەشەی لە ئیدارەی دیمەشق کرد؛ “سەرۆکی پەکەکە سنوورداش بکەن، ئەگینا شەڕ ڕوودەدات.” ئاتیلا ئاتەش، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانیش، لە شاری ڕەیحانلی ئەو هەوڵەی زیاتر نیشاندا. بۆیەش ئەو قۆناغە و جێهێشتنی سووریا وەها هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرا، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شوێنێکی ئارام بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نییە.
دوای هەڕەشەکانی ئاتیلا، فەرماندەی وشکانی ئەوکاتی تورکیا بۆ سەر سووریا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ناچار بوو سوریا بەجێبهێڵێت، تا ئەوکاتە ئاگربەستی تاکلایەنە سەرەڕای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بەردەوام بوو. بەڵام جێهێشتنی سووریا ئاگری شەڕی گەریلاکانی ئازادی هەڵگیرساندەوە و کۆتایی بە ئاگربەستەکە هات.
پرۆسەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ەوە دەستیپێکرد، وەک ئۆپەراسیۆنێک بۆ بەرژەوەندیی هێزە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەچوو، بووە هۆی ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کینیا و ڕادەستکردنی بە تورکیا لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا، ئەمەش ئاگری چالاکیی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری کوردستان و جیهاندا کردەوە و لە دژی ئەو پیلانگێڕییە بە دەیان کەس لە دڵسۆزی و خۆشەویستیان بۆ ڕێبەر ئۆجالان لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان ئاگریان لە جەستی خۆیان بەردا و شەقامەکانیشیان بە هاواری ئازادی پڕ کرد.
لە دوای ڕفاندنی ڕێبەر ئۆجەلان تەڤەگەری ئازادی شەشەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا. ڕایگەیاند کە کۆتایی بە ئاگربەستی تاکلایەنەی خۆی دەهێنێت و شەڕی سەرتاسەری ڕادەگەیەنێت
یەکەم ئاگربەست دوای پیلانگێری نێونەتەوەیی چۆن بەڕێوەچوو؟
لە ١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٩ پەکەکە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی چوارەمین ئاگربەستی خۆی ڕاگەیاند و بڕیاریدا هێزەکانی گەریلا لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا بکشێنێتەوە. جگە لەوەش لە وەڵامی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، وەک نیشانەی نیازپاکی دوو گرووپی ئاشتی کە لە ٢٠ کەس پێکهاتبوون لە شاخ و ئەوروپاوە ڕەوانەی تورکیا کران، دوای بانگەوازی ڕێبەر ئۆجەلانیش، لە ١ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا یەکەم گروپ لە شاخەکانی کوردستان چوونە تورکیا و لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩دا گرووپی دووەمی ئەوروپا چوونەوە تورکیا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە جیاتی بەدەمەوەچوو، سزای گروپەکانی دا و هیوای ئاشتیی تێکشکاند.
دواتر پەکەکە لە حەوتەمین کۆنگرەی نائاساییدا بڕیارنامەی پڕۆژەی ئاشتی دیموکراتی پەسەند کرد و چەندین جار داوای ئاشتیی کرد، بەردەوام بوو لە گەڕان بەدوای ئاشتی و پڕۆژەی پێشکەش کرد، پرۆژەی ئاشتی لە ٢٠ی تشرینی دووەمی سالی ٢٠٠٢ دەرچوو، پلانی بەپەلەی کاری ئاشتی و دیموکراسی لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ دەرچوو، لە بەرامبەریشدا تورکیا کە بانگەوازەکانی پەکەکەی بۆ ئاشتی و دیالۆگ بە لاوازی لێکدەدایەوە، بەبێ پچڕان بەردەوام بوو لە سیاسەتەکانی لەناوبردنی گەلی کورد.
لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤دا پەکەکە کۆتایی بە ئاگربەستی تاکلایەنە هێنا، ستراتیژی خۆپاراستنی ڕەواشی دەستپێکردەوە، ئەو هەنگاوەش لەکاتێکدابوو کە لە دوای ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردن، ئومێدێکی ئەوتۆ نەمابوو بۆ زیندووبوونەوەی پرسی کورد لە تورکیادا.
بۆیەش ئەم هەنگاوە بە دووەم سەردەمی ژیانەوە لە مێژووی پەکەکەدا دادەنرێت، هەرچەندە ڕێبەر ئۆجالان ڕەخنە لە درەنگکەوتنی ئەو هەنگاوە دەگرێت، چونکە پێشتر لە سەروبەندی هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاکەپەدا، ڕێبەر ئۆجالان داوای کردبوو سێ مانگ مۆڵەت بە حکومەتی نوێ بدرێت بۆ ئەوەی هەنگاو بۆ دیموکراتیزەبوون بنێت، بەڵام ئاکەپە هیچ هەنگاوێکی لەو ڕووەوە نەنا.
لە کۆتایی ئەم پڕۆسەیەدا دیاری کرا کە بۆ ئەوەی ئاگربەستێکی دیکە ڕابگەیەندرێت، دەبێت دوولایەنە بێت و بڕیار درا کە گەریلا مافی وەڵامدانەوە بە پشت بەستن بە مافی بەرگریکردن لە خۆیان، جێبەجێ بکەن، بەم شێوەیەش ئەو ئاگربەستەی لە ١ی ئەیلوولی ١٩٩٩ ڕێککەوتنی لەسەر کرا، لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ کۆتایی هات.
هەنگاوی یەکەمی حوزەیران بەرەو کوێ چوو؟
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کادێک (کۆنگرەی ئازادی و دیموکراسی کوردستان) لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٣، نەخشەڕێگایەک دامەزرا کە لە سێ قۆناغ پێکهاتبوو بۆ دەستەبەرکردنی مەرجەکانی ئاگربەست و قۆناغی کۆتایی چەکداماڵین. کاتێک کە کادێک دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەی ڕاگەیاند، هۆشداری دا کە "ئەگەر تورکیا ئەم نەخشەڕێگایە قبوڵ نەکات، شەڕ بەردەوام دەبێت". لەو ماوەیەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و گوشارەکانی سەر ڕێبەری گەلان زیاتر بوو، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ کۆبوونەوە و بڕیاریاندا کە کۆتاییان بە ئاگربەستی تاکلایەنە هێناوە و مافی خۆیان بۆ وەڵامدانەوە بەکار دەهێنن.
پەرلەمانی تورکیا لە سەردەمی نوێدا بڕیاری جەنگی دەرکرد کە بە ڕێککەوتنی واشنتۆن لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ دەستی پێکرد، سوپای داگیرکەری تورکیا چەندین جار ناوچەکانی پاراستنی مەدیای بۆردومان کرد و لە ٢١ی شوباتی ٢٠٠٨ یەکەم ئۆپەراسیۆنی لەشکرکێشی بۆ سەر باشووری کوردستان و ناوچەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکرد
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، جارێکی دیکە داوای کرد سێ گرووپی ئاشتی بچنە تورکیا بۆ پێشخستنی پرۆسەکە. کەجەکە لە وەڵامی بانگەوازی ڕێبەر ئۆجەلان، ڕایگەیاند کە گرووپی ئاشتی لە قەندیل، مەخمور و ئەوروپاوە ڕەوانەی تورکیا دەکەن. لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا گروپە ئاشتیەکان لە ڕێگەی دەروازەی سنووری خابورەوە پەڕینەوە بۆ تورکیا و لەلایەن ملیۆنان هاوڵاتیەوە پێشوازییان لێکرا. بەڵام لەگەڵ پەڕینەوەیان بۆ تورکیا، فشارەکانی پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری زیاتر بوون بۆ سەر خەڵک و جگە لەو داوا یاساییانەی کە دەستیپێکرد، بەشێک لە ئەندامانی گروپە ئاشتیەکان دەستگیر کران. ئەوانی تریش بەو پێیەی مەرجی مانەوەیان لە تورکیا لابرابوو، هاتنە باشووری کوردستان.
لە ٣ی ئەیلولی ٢٠٠٨ دیداری ئۆسلۆ لە نێوان پەکەکە و تورکیا بە دەستپێشخەریی دامەزراوەی ناوبژیوانی جنێف لە نەرویج دەستیپێکرد، هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، سویسرا و نەرویج پشتیوانییان لێ دەکرد. تا ساڵی ٢٠١١، ١٠ گەڕی دانووستان لە نێوان تورکیا و پەکەکە لە ئۆسلۆ بەڕێوەچوون، پەکەکە لە هەموو دانووستانەکاندا جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد دەکاتەوە، ئەوەش بە چەند میکانیزمێک، لەوانە هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا و هاتنەپێشەوەی جددییانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، بەڵام دەوڵەتی تورک زیاتر یاری بە کات دەکات لە دانووستانەکاندا و هیچ هەنگاوێکی کرداریی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی پرسی کورد-دا نانێت.
ئاگربەستی ٢٠١٣ و دۆلمەباخچە ئاکەپە بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١١ حسابی نەهێشتنی تەڤگەری ئازادی دەکرد. پاشان کاتێک پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێکردەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ پەیوەندی بە ڕێبەر ئۆجەلانەوە کرد. لە لایەک ئاکەپە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کۆدەبووەوە و لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵکوژی پاریسی ئەنجامدا. هەوڵیدا کۆمەڵکوژییەکە بخاتە ئەستۆی گروپی فەتحوڵڵا گولەن. ڕێبەری گەلانیش ویستی پڕۆسەیەک پەرە پێبدات و ئاماژەی بەوەکرد "ئەگەر دەگونجێت با کاری پێویست بۆ ئاشتی بکرێت". پلانێکی سێ قۆناغی داڕێژرا. پرۆسەی گفتوگۆ کە لە نەورۆزی ٢٠١٣ دوای پەیامی نەورۆزی ڕێبەری گەلان دەستی پێکرد تا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بوو.
دیارترین قۆناغی ئاشتیی لە مێژووی پەکەکە و تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣ بوو، سەرنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی ئەنقەرە، ئیمرالی و قەندیل بوو، ڕێبەر ئۆجالان بڕیاری دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێ دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش مەیدانی نەورۆزی ئەوساڵەی ئامەد دەبێتە وێستگەی ڕاگەیاندنی پەیامی ئاگربەست و دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتیی لەلایەن ڕێبەر ئۆجالانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەکەکە، تورکیا و پەدەکە ڕێکدەکەون گەریلا لە باکوورەوە بەرەو باشووری کوردستان پاشەکشەی پێ بکرێت.
دوای نەورۆزی ٢٠١٥ ئەردۆغان وتی؛ “نە ڕێککەوتنی دۆڵمەباخچە و نە کۆبوونەوەکانی ئیمرالی هیچ مانایەکیان نییە” و ئاماژەی بە شەڕ دا. بەر لە هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیرانی هەمان ساڵیش هێرش بۆ سەر گردبوونەوە و باڵەخانە و کاروانەکانی هەدەپە لە ناوچەی چوکرئۆڤا، ئامەد و دەریای ڕەش ئەنجامدا. لە ٢٠ی تەمموزدا کۆمەڵکوژی سوروچ ئەنجامدرا. سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی باکوور و شکستی داعش لە ڕۆژاڤا بووە هۆی ئەوەی حکومەتی ئاکەپە لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ کۆتایی بە پڕۆسەی دیالۆگ بێنێت و شەڕی دەستپێکردەوە.
هێرشەکان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەبێ پچڕان بەردەوام بوون. لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ بوومەلەرزەیەک لە شاری مەرەش ڕوویدا و بەهۆیەوە دەیان هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ملیۆنان هاوڵاتی ناچاربوون کۆچ بکەن. کەجەکە لە ماوەی وەهادا بڕیاری راگرتنی چالاکیدا . سەرەڕای ئەم دۆخە دەوڵەتی تورکیا بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی قەدەغەکراو بەردەوام بوو لە هێرشە جینۆسایدییەکانی دژی ناوچە گەریلاکان.
بانگەوازی سەدەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
ئاشتی چەمکێکی کۆمەڵایەتییە. پەیوەندی بە تاک، پێکهاتە و هێزە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. کۆمەڵگەش بۆخۆی پێکهاتەیەکی فرەڕەنگی فرەجەمسەرە. پێکەوەیی و ناسینی یەکتر و پەسند کردنی فرەڕەنگی مەرجی بەدیهاتنی ئاشتی و پێکەوەییە. لەسەر ئەو بناغەیەک سەرەڕای چەندین ساڵ گۆشەگیری لە زیندانی ئیمڕالیدا، بەڵام ڕێبەری گەلانی ئازادیخواز بێ ئومێد نەبوو لە ئاشتی، تا ئەمڕۆش ئەو هەوڵانەی بە بەرپرسیارێتی مێژوویەوە دەخاتە سەرشانی خۆی.
٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ عومەر ئۆجالان، برازای ڕێبەر ئۆجالان یەکەمین دیداری لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد ئەنجامدا دوای گۆشيگیریەکی توندو بێ پچڕان، عومەر ئۆجەلان ڕایگەیاند ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: "گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێنرێت، من هێزی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی شەڕ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە سەر زەمینەی سیاسی و یاسایی
دوای ئەمەش هەوڵێکی نوێی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکرد و شاندی دەم پارتی بە پێشەنگایەتی پەروین بوڵدان، ئەحمەد تورک و سڕی سورەیا ئۆندەر، لە باشوور و باکوری کوردستان سەردانی لایەنەکان و ڕێکخراو و پارتەکان کرا، دواجار لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥دا ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنەکان و دامەزراوەکان گەیەندرایە ئیمڕاڵی و پەیامی سەدەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە ناوی پەیامی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جگە لە دەقی نووسراوی پەیامەکە، کە باس لە دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە دەکات، سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمڕالی باسی لەوەکرد، بە زارەکی ڕێبەری گەلی کورد ڕایگەیاندووە، کە "بێ گومان بە کردەوە دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پێویستی بە داننان بە سیاسەتی دیموکراسی و ڕەهەندی یاسایی هەیە"، ئەم کۆنگرەیە لە جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو، دەوڵەتە جیاوازەکانیش پێشوازییان لێکرد، بووە خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و مانشێتی ڕۆژنامە جیهانییەکانی تەنی و ئەوەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی و سیاسەتمەدارانی لێکەوتەوە بۆ دەربڕێنی دڵنیایی و پشتگیری کردنی ئەم پرۆسەیە.
دوای بانگەواییە مێژوویەکی ڕێبەر ئۆجالان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و دانانی چەک و گۆڕینی شێوازی خەبات و تێکۆشان لە چەکداری بۆ خەباتی سیاسی و یاسایی بونیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک لەسەر بناغەی ئەو بانگەوازییە، پەکەکە لە ٥ تا ٧ی ئایاری ٢٠٢٥، کۆنگرەی ١٢مینی خۆی ئەنجامدا و بە ئەنجامنامەیەک ڕایگەیاند؛ بنچینەی ئەو تێكۆشانە بێوچانەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەیان ساڵە بەڕێوەی دەبات، بنیادنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردە، دەیان دیدار و گفتوگۆ و دەستپێشخەری لە نێوان هێز و لایەن و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە چوار بەشی کوردستان بەڕێوەچوون، ئێمەش لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ، بە هەنگاونانی دەوڵەتی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی چەکەکانمان بێدەنگ دەکەین.
بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە بە تەوقەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ کورد ئاماژەی بۆ کرا، کۆتا قۆناغی ئاگربەستی نێوان دەوڵەتی تورکیا و گەلی کوردە، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە باسکردن لە رەخساندنی هەلمەرجی یاسایی و مەدەنی هەنگاویی سەدەی نا و تا ئەمڕۆش کورد لەسەر بنەمای بە ئەنجامگەیاندنی پرۆسەی ئاشتیدا هەتا ئاستی ئەنجامدانی پرۆسەی چەکدانانیش لەسەر بانگەوازی رێبەرەکەی گەشتووە و لە بواری یاسایی و سیاسیشدا گەلێک هەنگاوی چارەنووس ساز دراون.