پانۆراما، بە چالاکییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی مافی ژنان دەدرێت

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە بەڵام بەردەوامن لە هەوڵ و چالاکییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان دەبنەوە.

 

شنیار بایز

ناوەندی هەواڵ- پانۆڕامای ساڵێک (٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ – ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١) چالاکییەکانی ژنان لە باشوری کوردستان دەخەینەڕوو.

 

چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠

ژنانی گەرمیان لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان گردبوونەوە و داوایانکرد داواکاری گشتی لە کەیسەکانی ژناندا ڕۆڵ ببینێت، شۆخان ڕۆستەم بەناوی بەشداربووانەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەکەیاند "کوشتنی ژنان ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشانێکی ترسناکدایە، ئەمساڵ حەوت ژن بوونەتە قوربانی لە گەرمیان و سزای تاوانباران نەدراون".

 

شاری کەرکوک

کۆمەڵەی هیوای عێراق لەسەر قەڵای کەرکوک فێستیڤاڵێکیان بۆ هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕێکخست و درەختەکانی باخچەی قەڵا چەندین دروشم بەرزکرانەوە، ئاماری ١١ مانگ خرایەڕوو کە ٤٤ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون لە کەرکوک.

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک خۆپیشاندانیان ڕێکخست و ئیدانەی ئەو یاسا و کلتورانەیان کرد کە ڕێخۆشکەرن بۆ توندوتیژی و داوای یەکڕیزیی ژنان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژییەکان کرا.

 

شاری سلێمانی

لە باخچەی ٢٥ تشرینی دووەم لە پارکی هەواری شار بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان بە هاوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیان ڕاگەیاند، بەڵام هیچ ڕاپۆرت و ئامارێکی تایبەت نەخرایەڕوو، هۆکاری ئەمەشیان گەڕاندووە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنی تەندروستی.

 

لە باخی گشتی بە دروشمی "جیهان پرتەقاڵی دەکەین" گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە هەرێمی کوردستان و جیهان زیادیکرد.

 

هەر لەبەردەم باخی گشتی کەمپەینی "یەکڕیزیی ژنان دژی توندوتیژیی و داگیرکاری" گردبوونەوە و دروشمەکانی "ژن، ژیان ئازادی" وترانەوە، گروپی کەوانی زێڕین سەر بە ڕێکخراوی نوێگەر شانۆییەکیان سەبارەت بە توندوتیژی بۆ سەر ژنان پێشکەشکرد.

 

گروپی ویژدان لە پارکی دایک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەست و ئاماژەیان بەوەدا لە سەدەی ٢١ ژنان بە دەست ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کەلتوریەوە دەناڵێنن، ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژیی بوونەتەوە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ زیاتر لە ٢٠ هەزار ژن لەژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریدا کوژراون.

 

لە هەڵەبجە، کۆیە، کەلار و چەمچەماڵـیش چالاکی جۆراوجۆر ڕێکخرا، لە چەمچەماڵ سەردانی مەزاری دوو خوشکە کوژراوەکە کرا کە لەلایەن باوکیانەوە کوژران، لە هەڵەبجە داوای ئاشکراکردنی ئامار و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرنگربوونەوەی توندوتیژیی کرا.

 

لە شارۆچکەی کۆیە، ناوەندی هاوبەشی ڕێكخراوەكانی ژنانی کۆیە، کۆبوونەوەیەکیان لەسەر توندوتیژیی دژ بە ژنان ئەنجامدا و لەبارەی توندوتیژییەکان و چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی گفتوگۆ کرا، جەخت لەسەر پێکەوە کارکردن بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان کرا.

 

لە شارۆچکەی سەیدسادق، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە چوارچێوەی کەمپەینی "بۆ توندوتیژیی ئێمە دەڵێین نا" سیمینارێکیان لەبارەی توندوتیژییەکانی دژ بەژنان لە ڕێکخراوی ڕێنووس ئەنجامدا، جەخت لەسەر خۆبەهێزکردنی ژنان کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی.

 

لە شاری هەولێر، ژنان بە ڕێپێوان لەناو بازاڕی شاری هەولێرەوە چوونە سەر قەڵای هەولێر و داوای کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان-یان کرد، هەروەها مۆمیان بۆ یادکردنەوەی ئەو ژنانە داگیرساند، کە لە ماوەی ڕابردوودا کوژراون و بوونەتە قوربانی کلتوری کۆمەڵگا و دەسەڵاتی پیاوسالاری.

 

شارەدێی ڕزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە هۆڵی کتێبخانە سیمینارێکیان بۆ دکتۆر ڕابیعە عەباس، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ڕێکخست، تێیدا باس لە جۆرەکانی توندوتیژی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی کرا، بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە هۆکاری توندوتیژی دانران.

 

٢٨ی مانگ، هەولێر/ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا کۆنفرانسێكی بە ناونیشانی (پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و باڵانسی جێندەر) ئەنجامدا، تێیدا پرسی ژنان لە ڕووی یاسایی، یەکسانی جێندەری و ڕۆڵی ژنان لە ڕووی ئابووریی و یاساییەوە خرانەڕوو.

 

٢٩ی مانگ، سلێمانی/ لە ڕێستۆرانتی داوا ۆرکشۆپێک بە ناونیشانی "ڕووبەڕووبوونەوەی هەراسانکردنی سێکسی لە شوێنی کاردا" لەلایەن ڕێکخراوی دابین بۆ مافەکانی مرۆڤ بە پاڵپشتی ڕێکخراوی ئینتەرنیوز و بەشداری ٣٠ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و ژنان ئەنجامدرا.

 

هەمان ڕۆژ، لە پارکی نالی شاری سلێمانی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان دژی بەشوودانی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە پیاوێکی تەمەن ٤١ ساڵ لەبری قەرز گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، لەلایەن کەسانی حزبیەوە هەوڵدەدرێت کەیسەکە پەردە پۆشبکرێت.

 

٣٠ی مانگ، سلێمانی/ لە هۆڵی گەلەری ئەمنەسورەکە پێشانگایەکی شێوەکاریی بۆ ٢٠ ژنی باشوری کوردستان بە ناونیشانی "سۆزی ژن" لەلایەن ڕژاکەوە کرایەوە، ٣٥ تابلۆ نمایشکران گوزارشتیان لە گۆڕستانی بێنازەکان، جوانی سروشت و ژن، ئادارەکانی ژنان دەکرد.

 

٥ی کانونی یەکەم، سلێمانی/ پانێڵێک بە ناونیشانی "توندوتیژی ڕاگرن" لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی ڕێکخرا، تێیدا توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان و ئەو ژنانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

 

 

٧ی مانگ، هەڵەبجە/ لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە كۆنفرانسێك سەبارەت بە توندوتیژیی دژی ژنان و كاركردنیان لە دامەزراوەكانی ڕاگەیاندندا بەڕێوەچوو، ڕەخنە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن گیرا کە ڕێژەیەکی کەم ژنیان تێدایە و هۆکارێکە بۆ بەرەوپاشچونی دۆزی جێندەر.

 

٩ی مانگ، شارۆچکەی دەربەندیخان/ ژنانی شارۆچکەکە بە ئامانجی ڕێگریکردن لەو تانکەری سوتەمەنیانەی بەناو دەربەندیخاندا تێدەپەڕن و سودیان بۆ شارۆچکەکە نییە خۆپیشاندانیان کرد و ڕێگای کەلار-سلێمانیان داخست.

 

٩ی مانگ، سلێمانی/ لە سیتی سەنتەر ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتانی کوردستان، ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان و ڕێباز فاوندەیشن لە درێژەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سیمینارێکیان لەبارەی سەرچاوەکانی بڵابوونەوەی توندوتیژیی لە ڕابردوو و لە ئێستادا بۆ دکتۆر عالیە فەرەج، دکتۆرا لە کۆمەڵناسیدا ڕێکخست.

 

١٢ی مانگ، سلێمانی/ لە هۆتێل ڕامادا پانێڵێک دەربارەی بەشوودانی منداڵان لەلایەن ڕێکخراوی ئازادیی مافی مرۆڤ بۆ نوێنەرانی سێ ئاینی  سەرەکی و ڕێکخراو و لایەنی یاسایی ئەنجامدرا و ئاماری ڕێکخراوی یونسێفی نێودەوڵەتی خرایەڕوو کەلە ساڵی ٢٠١٩دا ٪٢٨ی هاوسەرگیری لە عێراق لەخوار ١٨ ساڵییەوە بووە.

 

١٣ی کانوونی یەکەم، سلێمانی/ لە پارکی ئازادی  بەشێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بۆ شەرمەزار کردنی ڕووداوی ئەو کچە ١٥ ساڵەی لە گوندێکی ناوچەی کەرجەوسی پارێزگای ئێلح، لە لایەن ٢٧ کەسەوە دەستدرێژی سێکسی کرایەسەر چالاکییەکیان ئەنجامدا.

 

١٩ی مانگ، سلێمانی/ ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادیی بە هاوكاری ڕێكخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی كۆنفرانسێكی بەناوی "ڕەوشی كار و كرێكاری مێینە لە كەرتی  تایبەت لە هەرێمی كوردستان" ڕێكخست، بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەکیان لە نێوان ١٥٠ ژندا ٦٥٪ی ژنان لەکاردا كێشەی بۆ دروستبووە، ٦٠٪ دووچاری گێچەڵی سێكسی بونەتەوە، ٧٨٪یان مافی دەستەبەری كۆمەڵایەتیان بۆ دابین نەكراو، هەروەها ٩٠٪ی ژنانی كرێكار ئەندامی سەندیكای كرێكاران نین.

 

٢٩ی کانوونی یەکەم لەپێناو پێشخستنی توانا فکرییەکانی ژنانی گەنج و پێشخستنی هزریان، ستافی گۆڤاری تروسکە کێبڕکێی بەهێزترین وتاریان بۆ نووسەرانی گەنج ڕێکخست، سارا مەجید بووە براوەی باشترین وتار.

 

ساڵی ٢٠٢١

٧ی کانوونی دووەم، هەولێر/ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەرئەنجامی پرۆژەیەکی بەدواداچوون و توێژینەوەی ڕێکخراوی PAO  - پاو بە پاڵپشتی ڕیکخراوی ئینتەرنیوز و پرۆژەی دەنگەکان خرایەڕوو لەسەر پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ژنان دەکرێت، دەرئەنجامەکەی ئەوەبوو، ٪٥٣ بەشداربووانی ڕاپرسییەکە لەناو تۆڕەکاندا جنێو و قسەی نەشیاویان پێدراوە، ٪٦٢ ژنان ڕووبەڕووی تەشهیر و هەراسانی سێکسی بوونەتەوە بە ناردنی وێنەی سێکسی و کۆمێنتی نەشیاو..

 

٩ی مانگ، شەنگال/ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٢ ژنی گەنج و لە هەفتەیەکدا ٤ ژنی گەنج لە کەمپی ئاوارەکانی دهۆک خۆیان کوشت، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لەسەر زیادبوونی خۆکوشتن لە کامپی ئاوارەکان لە دهۆک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: خۆکوشتن چارەسەر نییە، هەر کێشەیەک چارەسەرێکی هەیە.

 

١٠ی مانگ، سلێمانی/ ، پانێڵی ئەزموونی ژنانی هونەرمەند و ڕوانگەی ژنۆلۆژی لە هۆڵی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بەڕێوەچوو، ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوان و هونەرمەندان و ژنانی توێژە جیاوازەکان بەشداری پانێڵەکە بوون، خستیانەڕوو کەلە ڕێی هونەرەوە دەتوانن پەنجە بخەنەسەر کێشەکان و چارەسەری بخرێتەڕوو.

 

١١ی کانوونی دووەم، هەڵمەتی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر" لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن بزوتنەوەی ژنی کورد لە ئەوروپا دەستیپێکرد، بە پێشەنگایەتی  ڕژاک، ژنانی باشوری کوردستانیش دەستیان بە واژۆ کۆکردنەوە بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا کرد.

 

١٢ی مانگ، سلێمانی/ لە کارگەی جگەرەکە ناوەندی ژنۆلۆژی، چالاکییەکی هونەری بۆ نمایشکردنی کێشانی تابلۆی "شیوەنی خاک"ی زەهرا دۆغان هونەرمەندی باکوری کوردستان ڕێکخست، تێیدا دیمەنی گۆڕستانی بێنازەکانی کێشا.

 

٣١ی کانوونی دووەم، لەیلا عومەر، لەدوای خانەنشین بوونی "عومەر قەڵادزێی"بووە جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی، بەمەش یەکەمجار بوو ژنێک ئەو پۆستە لە پارێزگای سلێمانی وەربگرێت.

 

١ی شوبات، سلێمانی/ تۆڕی ڕاهێنەرانی کوردستان پانێڵێکیان دەربارەی میدیای ئەلیکترۆنی و ئەو کێشانەی ڕووبەرووی ژنان دەبنەوە و کێشەی نەبوونی یاسا ڕیکخست، نووسەر کنێر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا بەپێی ئەو توێژینەوانەی ئەنجامیداوە بەشداری ژنان لە ناوەندی بڕیاردان و دیاریکردنی ستراتیژی دەزگا ڕاگەیاندنەکان لە سەدا سفرە.

 

٥ی شوبات، ڕێکخراوی داکۆکی لە کرێکارانی بیانی ڕایگەیاند لە ماوەی یەک هەفتەدا چوار ژنی کرێکاری بیانی وڵاتانی غانا، تانزانیا و نیپاڵ لە هەرێمی کوردستان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، دووانیان دووگیان بوون، کە دواتر قەرەبووی ماددی کراونەتەوە و گەڕێندراونەتە وڵاتەکەی خۆیان.

 

٦ی مانگ، سلێمانی/ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم باخی گشتی کەمپینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری ئاماژەیان بەوەدا بازرگانیکردن وکۆمەڵکوژی لەسەر ژنان ڕوو لە هەڵکشانە و بەردەوامیدان بەم دۆخە کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبات.

 

٧ی شوبات، سلێمانی/ شاندێکی نوێنەرایەتی هەدەپە ڕیزە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و لایەنە سیاسییەکان کرد، لەو ڕۆژەشدا شاندەکە بە یاوەری ناهیدە ئەرمیش، ئەندامی نوێنەرایەتییەکە مزگین ئارین سەردانی یەکێتی ژنانی کوردستان و تۆڕی ڕێکخراوەکانی ژنان و یەکێتی ژنانی کوردستان کرد.

 

١٠ی شوبات، سلێمانی/ لە هۆڵی تەلاری خێزانی بۆردی ژنانی ئەکادیمی و یەکێتی ژنانی کوردستان، پانێڵێکیان بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژن لە کایە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکاندا" ئەنجامدرا.

 

١٩ی مانگ، کەلار/ لە کافێ میللەت کۆمەڵەی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ژنانی سنورەکە سیمینارێکیان دەربارەی بارودۆخی ژنان لە باشوری کوردستان و تێکۆشان لە دژی ڕەگەزگەرایی ڕێكخست.

 

٢٣ی شوبات، سلێمانی/ کەمپەینی "یەکڕینی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری" لە نوسینگەی سەرەکی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە تەلاری هونەر ٢٤٥ واژۆیان ڕادەستی بریکاری وەزارەتەکە کرد دژی بازرگانیکردن بە ژنان لە فیلم و دراما و ڕیکلامە و دەزگا ڕاگەیاندنەکان، ڕۆژانی دواتر سەردانی شاری هەولێریان کرد و واژۆکانیان پێشکەش بە چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار کرد.

 

لە ٢٤ی مانگیشدا، ناوەندی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان چەند کۆرسێکی پەروەردەیی بۆ ژنان کردەوە، بە مەبەستی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و بایەخدان بە هۆشیاریی ژنان و تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای ژنان لە کوردستان.

 

چالاکییەکانی مانگی ئادار/مارس

٨ی ئادار، سلێمانی/ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە هۆڵی تەوار پێشەنگایەکی شێوەکاری بەناوی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ١٠ ژنی هونەرمەند بە ٢٦ تابلۆ کردەوە، کە گوزارشتیان لە مەینەتییەکانی ژن، کۆمەڵگای پیاوسالاری، ڕەنج و بەرهەمەکان ژنان و جوانی سروشت

 

هەمان ڕۆژ لە ناوەندی نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە و نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار سیمینارێکیان بۆ زیاتر لە ٣٠ ژن ئەنجامدا، لە شاری کەرکوکیش تەڤگەری ئازادی بەهەمان مەبەست سیمینارێکیان پێشکەشکرد.

 

٢ی مانگ، سلێمانی/ لە ناوەندی ڕژاک سیمینارێک بۆ پیاوان ڕێکخرا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، تەوەری سیمینارە بریتی بوو لە بنەماکانی هاوژیانی ئازاد و توندوتیژیی و ڕوانگەی سیستمی دەسەڵاتداریی بەرامبەر ژنان، ڕۆژێک دواتر لەناو بازاڕی شاری سلێمانی گوڵیان بەخشییەوە.

 

٦ی ئادار، بەردەقارەمان/ ئاهەنگێکی هونەری بە دروشمی "کات کاتی پاراستنی ژنی ئازاد و کۆمەڵگای ئازادە" لەلایەن ڕژاک و نوێگەرەوە ڕێکخرا و چەند چالاکییەکی هونەری پێشکەشکرا.

 

لە هەمان ڕۆژدا، لە هۆڵی خاک بەدەستپێشخەری کەمپەینی "بەسە ژن کوشتن"، پانێلێك لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە بوارەكانی (كۆمەڵایەتی، یاسایی، ئابووریی ‌و ڕێكخراوەیی) بەڕێوەچوو بە دروشمی "ژنان لە ڕابەرایەتیدا ئایندەیەکی یەکسان بەدیدەهێنن".

 

٧ی ئادار، ڕانیە و سلێمانی/ لەناو بازاڕی ڕانیە گوڵی پیرۆزبایی لەلایەن ڕژاک بەخشرایەوە، لە سلێمانیش سەردانی گۆڕستانی بێنازەکان کرا.

 

چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان

سلێمانی/ -ژنێکی گەنجی ١٥ ساڵ بە ناوی س. ت. خۆی سوتاند، لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی بەهۆی زۆری سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 

 

-ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان پشتگیریان بۆ کەمپەینی 'ناوی من ناوی دایکمە' کۆکردەوە کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دەستپێکرابوو، بۆ هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەک لە یاسای کارتی نیشتیمانی عێراقی ئامادەکرد، کە داوا دەکەن منداڵ بتوانێت ناوی دایکی هەڵبگرێت.

 

-یەکیتی نابینایانی کوردستان لە بینای یەکێتییەکەدا، مەڕاسیمێکیان بۆ ڕێزگرتن و خەڵاتکردنی ژنانی نابینا ڕێکخست، لە مەڕاسیمەکەدا ١٢٠ ژنی نابینا خەڵاتکران.

 

-٣٠ لە ژنانی ناو ماڵەکانی داڵدەدان پێشانگایەکیان بۆ کارە دەستیەکانیان بە هاوکاری ڕێکخراوی  un womem لە لە هۆڵی ئازاد شەوقی لە سلێمانی کردەوە.

 

- کەمپەینی "یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری" لە شەقامی سەهۆلەکە گردبوونەوە، ملپێچی مۆریان کرد و بە یەکدەنگ هاواری "ژن، ژیان، ئازادی"یان کرد، داواییان کرد ژنان لەسەر بنەمای یەکڕیزی و بەیەک دەنگی دژی ستەم تێبکۆشن و ئازادییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن.

 

کەلار/ -کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان سەربە حزبی شیوعی شیرینیان بەسەر ژنانی ڕەنجدەر و خاوەنکاردا بەخشییەوە و مێژووی ٨ی ئاداریان بەو ژنانە ئاشناکرد.

 

-هەر لە شارۆچکەی کەلار بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی-گەرمیان، پانێڵێکیان بۆ خستنە ڕووی هۆکارەکانی توندوتیژی سەر ژنان و دۆزینەوەی چارەسەری ڕێکخست.

 

شارۆچکەی چەمچەماڵ/ چالاکییەکی هونەری بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان، ساڵیادی ڕاپەڕین و ڕزگاربوونی چەمچەماڵ لەدەست ڕژێمی بەعس ئەنجامدرا، پێشەنگایەکی شێوەکاریش بۆ چەند فێرخوازێک کرایەوە و چەند پارچە میوزیکێکیش پێشکەشکرا. 

 

کۆیە/ بەشی یاسا لە فاکەڵتی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی زانکۆی کۆیە بە هاوبەشی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و یەکێتی ژنانی کوردستان، پانێلێکیان لەسەر زیادبوونی فشارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە ژنان ڕێکخست، لێپرسراوی لقی هەولێری یەکێتی ژنانی کوردستانیش داوا دەکات یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان هەمواربکرێنەوە.

 

٩ی ئادار، سلێمانی/ لە هۆڵی تەوار ڕێکخراوی نوێگەر شانۆییەکی بە ناونیشانی "چاپی نۆهەمینی گەوهەرەکان" نمایشکرد، لە نواندنی شانۆ مەحمود و دەرهێنانی بەرهەم کاکەزاڵ، ناوەڕۆکی شانۆییەکە باس لە ئازارەکانی ژنان دەکات لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا، پەیامێکی توندیش بوو دژ بە خەتەنەکردنی مێینە و پەیامی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دا.

 

١٠ی مانگ، هەولێر/ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و داوای هەموارکردنەوەی یاساکانی باری کەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیان کرد.

 

هەمان ڕۆژ، سلێمانی/  بەدروشمی (ژنان یەکەمین قوربانی گەندەڵین)، بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەند و کەسایەتی سیاسی، گروپی هونەری دڵخواز پێشانگایەکی هاوبەشی بۆ ٣٨ ژنە هونەرمەندی شێوەکار کردەوە کە لە شارەکانی هەولێر، خانەقین، شارەزوور، سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی باشوری کوردستانەوە بە ٥٦ تابلۆ و چەند کارێکی پەیکەرسازی بەشدارییان لەپێشانگاکەدا کردبوو.

 

هەمان ڕۆژ لە یادی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، لە هۆڵی ئازادی لەناو کۆمیتەی حزبی شیوعی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ١٠ ڕۆژنامەنووسی ژن و تواناکانیان بەرز نرخێندرا.

 

١١ی مانگ، هەولێر/ لە ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری هەولێردا، یادی خەجە باوە پێشەنگی ڕاپەرێنی ساڵی ١٩٩١ی هەولێر کرایەوە، خەجە لە ١١ی ئاداری ١٩٩١دا بە کوچە و کۆڵانەکاندا جاری ڕاپەڕینی دەدا،

 

هەولێر/ بەرامبەر ئەو قسانەی لە دواین کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا لەکاتی قسەکردن و ڕەخنەگرتندا لە خراپی ڕێگاوبانەکان و حکومەتی هەرێم وتی: "حکومەتی هەرێم حکومەتێکی مێیینەی مۆدێلە، کە ناتوانێت داخوازی هاوڵاتیان پڕبکاتەوە" تۆڕی ڕێكخراوەكانی ژنانی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، داوایان لە پەرلەمان کرد ڕێكاری یاسایی بەرامبەر هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەنەكە بگرنەبەر.

 

١٩ی ئادار، دادگای پێداچوونەوە بڕیاری کۆتایی کەیسی سێوان قادری پەسەند کرد.

لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، یەكەم دانیشتنی دادگاییکردنی کەیسی سێوان دەستیپێکرد و لە دوای ١٦ دانیشتنی دادگای سلێمانی، لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠دا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار "دیار مەجید" دەرکرد، خێزانی تاوانباریش بڕیارەکەیان ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە کرد، دواجار لە ١٩ی ئاداردا بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە درا.

 

٢٧ی نیسان، سلێمانی/ بەمەبەستی ئیدانەکردن و دەربڕێنی ناڕەزایی دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەستگیرکردنی چالاکوانان لەلایەن هیزە ئەمنیەکانی سلێمانییەوە، ڕژاک و دایکانی لەچک سپی، لە پارکی ئازادی سلێمانی گردبوونەوە و داوای هەڵوێستیان لە ڕای گشتی و شەقام کرد.

 

٢٣ی ئایار، سلێمانی/ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە هاوبەشی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مرۆیی-CDO، لە باخچەی ڕێکخراوەکە مەراسیمی بڵاوکردنەوە و گفتوگۆکردنی لەسەر پەرتوکی "سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە" ڕێکخرا.

 

٢٥ی ئادار، شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بە سەرۆکایەتی زەینەب موراد، هاوسەرۆک، لە باشوری کوردستان زنجیرە چاوپێکەوتنێکیان لەسەر هەڵویستی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بەڕێوەبرد، نزیکەی سێ مانگی خایاند.

 

٢٨ی ئایار، کەرکوک/ لە هۆڵی لاهای پێنجەمین کۆنگرەی ڕژاک بە دروشمی "بە پەروەردە و ڕێکخستن و پاراستنی ژنان، ئازادی تاک و سیستەمی دیموکراتییانەی گەل گەرەنتی دەکەین" و بە بەشداری ٢٥٠ ژن لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانەوە بەسترا، تێیدا پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراو و کار و چالاکییەکانیان بۆ دوو ساڵی داهاتوو داڕشتەوە، بە دەنگدان ٢١ کەس بۆ بەڕێوەبەری ڕێکخراوە هەڵبژێردران.

 

٢٩ی مانگ، سلێمانی/ دیبەیتی پرسی ژن، له‌ دیدگا‌ فكری و سیاسییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، لە هۆڵی هۆتێل هایکرێست ، لەلایەن مەکتەبی بیر و هۆشیاری یەنەکەوە بەڕێوەچوو، لە دیبەیتەکەدا ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەدار بەشداربوون و بەشێک لە بەشداربووانیش لە چەند پانێڵێکدا لەسەر تەوەری جیاواز وتاریان پێشکەش کرد. 

 

٦ی حوزەیران، سلێمانی/ تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان (١٧ ڕێکخراو و کەسایەتی) دژی بازرگانی بە ژنان یاداشتێکیان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی ڕۆشنبیری و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کرد، کە ئامانجیان کارکردنی ئەو لایەنە فەرمیانەبوو بۆ ڕێگریکردن لەو دیاردەیە.

 

١٦ی حوزەیران، سلێمانی/ دوای ئەوەی لە هەولێر ڕێگەنەدرا شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی پێکهاتوو لە چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و کەسایەت ئەوروپی سەردانی حزب و لایەنەکان بکەن و دەستبەسەرکران، لە شەقامی سالم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست، تێیدا چالاکییەکانی خۆیان ڕاگەیاند و داوایان کرد دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بوەستنەوە.

 

 

٣٠-٣١ی تەمموز لە هۆڵی ئوتێل پادۆڤا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە دروشمی "بەیەکێتی ژنان، شۆڕشی دیموکراتی پێکدەهێنین"، دەستیپێکرد، زیاتر لە ١٠٠ ئەندام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و چەندین ژنی دیکە لە ڕێگەی زوومەوە بەشداربوون و بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، ژنانی ڕێکخراو لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستانیش تێیدا بەشداربوون.

 

لە ٥ی ئابدا بەبۆنەی حەوتەمین ساڵیادی هێرشی سەر شەنگال لەلایەن داعشەوە، شاندێکی ٣ کەسی ڕژاک لەکاتی گەڕانەوەیان لەو شارۆچکەیە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیردەکرێن و دوو لە ئەندامەکان دوای ٣٥ ڕۆژ و یەکێکی دیکەیان دوای ٧١ ڕۆژ ئازادکران.

 

٢٠ی ئاب، هەولێر/ پڕۆژەی بەهێزکردنی بەشداری ژنان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەدا لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە لەسەر ئاستی عێراق ڕاگەیەندرا کە ٣٢ ڕێکخراو لە عێراق کاریان تێداکردووە، لە هەولێر و کەرکوک ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیاری جەندەری ئەرکی بەڕێوەبردنەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

 

٢١ی ئەیلول، سلێمانی/ ڕۆژی ئاشتی جیهانی، دایکانی ئاشتی چوار پارچەی کوردستان لە هۆڵی کورتەباڵاکان بە دروشمی "پێکەوە بەدیهێنانی ئاشتیی مسۆگەر دەکەین" کۆبوونەوە و گفتوگۆیان دەربارەی بەدیهاتنی ئاشتی و ئارامی و وەستاندنی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر کوردستان کرد.

 

٢ی تشرینی یەکەم، بەغدا/ لە کۆشکی سەلام د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ژنانی چالاکوان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە وڵاتدا کۆبوونەوە و باسیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری ژن کرد.

 

١٣ی مانگ، هەولێر/ ژنانی گەڕەکی سیمی خاتوون ئاوا بە دار و سۆندەوە چوونە سەرشەقام و ڕیگەیان نەدا دائیرەی کارەبا پێوەری زیرەک ببەستن و لە گەرەکدا دەریانکردن.

 

٦ی تشرینی دووەم، سلێمانی/ دامەزراوەی ڤیم فاوندەیشن چەند چالاکییەکی تایبەت بە کەمپەینی "ژیان" ئەنجامدا، کە تێیدا بە وێنە و سینەفزیۆن و تۆماری دەنگییەوە کوشتن و خۆکوشتن و ئازارەکانی ژنانیان خستەڕوو.

 

١٧ی مانگ، هەولێر/ کۆبوونەوەیەکی پسپۆڕی سەبارەت بە جیاکارییەکان لە نێوان یاساکان و پارێزگارییکردنی ژنان لە توندوتیژی بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا هۆکارەکانی توندوتیژی خرانەڕوو کە بەشێکیان بۆ قەیرانى ئابووریی، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، بەشوودانی منداڵ گەڕێندرانەوە.

 

١٨ی تشرینی دووەم، سلێمانی/ پێشەنگایەکەی فۆتۆیی لە بەردەم باخی گشتی لەلایەن ڕژاک بۆ بیرهێنانەوەی ئەو ژنانەی کوژراو یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، کرایەوە، پاشان شانۆییەک بە ناوی ئازارەکانی ژن لەلایەن هونەرمەند ئاوارە کەرکوکی پێشکەشکرا.

کەرکوک/ ڕژاک زنجیرە سیمینارێکیان بۆ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە قوتابخانەکان ڕێکخست

ڕانیە/  سیمینارێک لەلایەن نورشەن حسێن، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باشوری کوردستان سەبارەت بە توندوتیژی سەر ژنان پێشکەشکرا.

 

٢١ی تشرینی دووەم، سلێمانی/ ڕژاک سینەفزیۆنێکی لە چایخانەی شەعب سەبارەت بە توندوتیژییەکان پێشکەشکرد.

 

٢٢ی مانگ، سلێمانی/ لە پارکی ئازادی  کۆمەڵەی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە دروشمی "شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنە، توندوتیژی بەرهەمی زیهنیەتی دەسەلاتدارە، ژن سەرچاوەی ژیانە" هۆشیاریان سەربارەت بە توندوتیژی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی بە هاوڵاتیان بەخشی.

 

لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کار و چالاکی جۆراوجۆر و کردنەوەی پێشەنگای بۆ نیشاندانی ئازارەکانی ژنان و بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی، لە شار و شارۆچکەکانی کەرکوک، کۆیە، سلێمانی، گەرمیان، ڕانیە، هەولێر و چەندین ناوچەی دیکە ڕێکخرا.

کار و چالاکییەکان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی درێژەی دەبێت.

 

ت.پ