مێژووی ژنانی عێراق لە چەرخی بیستەمدا

مێژووی ژنانی عێراق لە چەرخی بیستەمیندا، چەندین پێشکەوتن و گۆڕانکاری و چالاکی بەخۆیەوە دیوە، نموونەیەکی نوێ هاتە سەر بانێژی شانۆی هاوچەرخ و چاودەبڕێتە بەدەستهێنانی دەستکەوت و تایبەتمەندی فراوانتر بەرەو بوارەکانی فێربوون و رۆشنبیری و پشکێکی واڵاتر لە بواری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا، تا بەسەر یەک پێی هاوسەنگییەوە شان بە شانی پیاو بوەستێتەوە.

 

پەریان ئەحمەد زەردەشت

سلێمانی- ئەگەرچی بواری فێرکردن، بەردی بناغەی بنیاتنانی ڕاپەڕاندنی سەرنج راکێشەر بێت، کە هۆکاری دواکەوتنی ژن لەبواری فێرکردندا دەگەڕێتەوە بۆ بێبەشبوون و سوود لێوەرنەگرتنی عێراق لە تەواوی ڕاپەڕین و پڕۆسەی فێرکردن و رۆشنبیری هاوچەرخ، وەک ئەوەی لە کۆتاییەکانی چەرخی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی چەرخی بیستەم لە میسرو سوریادا ڕوویدا ..
 
دۆخەکە هەر لەسەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی عێراقییەوە لە شوێنی خۆیدا چەقبەستوو بوو، لەلایەکەوە پەیوەست بوو بە زەوتکردنی مافەکان و لەلایەکیترەوە بە باری خۆسەپاندن بە هێز و خواست و ویستەوە. ژنان رۆڵێکی کارایان هەبووە لە ژیانی سیاسیشدا، ئەوەش بە ئاشکراو روونی لە شۆڕشی بیستەوە بەرجەستە دەبێت، بەنموونە لە بەغدا، ژن پێشکەوتنێکی دیاری بەخۆیەوە دی، بگرە هەر لە بواری رەوتی سەربەستی و ئازادی و شکاندنی کۆتی کۆیلایەتی بۆ سیستەمی پیاوسالاری کە چەندین لیژنەی ژنان هاتە کایەوە بۆ پشتگیری کردن و هاوکاری کردنی شۆڕشگێرانی شۆڕشی بیست (ثورة العشرین)، تا پەیوەست بوون و فێربوون و دەرچوونی ژن لە ژێر زەبری کۆتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆتایی هێنان بە پەراوێزخستنی ژنان، ئەوەتا بە هاوکاری و پشتگیری نووسەر و شاعیران ژن دەستی بە شۆڕشێکی نوێ کرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی لەچک و عەبا و پەچە و باڵاپۆشی کە بەن دو ناو و نەریتی کۆمەڵایەتی سەپاندبوویان.
ئەوەی شایانی باسە، هەنگاوە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی پەچە و عەبا لادان، لە دەستپێشخەری کێژۆڵەیەکی تەمەن هەشت ساڵانەوە کە ناوی"(سەبیحە شێخ داوود"ەوە بوو، کە لە ساڵی ١٩٢٢دا بەشداری کرد لە فستیڤاڵی "بازاڕی عوکاز"دا و ئەو دابونەریتەی شکاند.
پاش دوو ساڵ لەو بڕیارە هەنگاوێکی زۆر گرنگی بە دوای خۆیەوە هێنا، کاتێک خوێندنگای "ئەلبارودییە"ی کچان، لە میانەی ئاهەنگی پێشوازی کردن لە میری عێراق "میر غازی" کرد، ئەم کردارەیان ناڕەزایی کەسانی کۆنەپەرستی لێکەوتەوە، بە تەحەداکردنی رای گشتیان لە قەڵەم دا، بەڵام بە پشتگیری کردنی رۆشنبیرو ئەدەبیان، رێگا لەوە گیرا کە بکشێنەوە و پاشگەز ببنەوە ئەو پێداگرتنەش بە روونی لە هەڵبەستەکانی "زەهاوی"دا رەنگی دایەوە، ئەڵبەتە ئەو هەڵبەستانە رۆڵێکی باڵا و دیاریان هەبوو لە بە ئاگاهێنانەوە و هۆشداری کردنەوەی ژنان.
 
ژنانی عێراق منەی داهێنانیان بوو
هاوتەریبی شۆڕشی ژنان، لە بواری فێربووندا و تێکشکاندنی کۆت و بەستەکانی کۆمەڵگا، ژن لە واقیعدا کەوتە منەی داهێنان و پەرەپێدانی ئەو دەستکەوتە، ئەوەتا گۆڤاری لەیلای لێکەوتەوە کە لە ساڵی ١٩٢٣دا  دەرچوو، ئەگەرچی ئەم گۆڤارەش پاش ماوەیەک داخرا، بەڵام هاندەرێکی گرنگ و کارا بوو لە بواری هۆشداری کردنەوەی ژنان بەرەو ئازادی و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، هەر بۆیە رەوتی بەبێ وەستان بەرەو پێشەوە بەردەوام بوو، ئەوە بوو چەندین یانە و رێکخراوی ژنان هاتنەکایەوە لەوانە رێکخراوی "یانەی راپەرینی ژنان" لە ساڵی ١٩٢٤دا بە سەرۆکایەتی "ئەسما زەهاوی" دامەزرا، پاشان چەندین رێکخراوی تر هاتنە دامەزراندن و جەختیان خستە سەر بایەخدان بە لایەنی کۆمەڵایەتی، بەڵام هیچ رێکخراوێک پەیدا نەبوو کە بایەخ بە لایەنی سیاسی بدات.
 تەنها لە ساڵی ١٩٤٣دا "کۆمەڵەی قەڵاچۆکردنی فاشیزم و نازیزم" پەیدا بوو، دواتریش گۆڕا بە "کۆمەڵەی یەکگرتووی ژنان".
 
ژنان لە بواری سیاسیدا کاریان کردووە
ژن لە عێراقدا مێژوویەکی سەربەرزانەی لەسەر ئاستی سیاسی تۆمار کردووە، ئەوەتا مێژووی رۆڵی ژنان لە شۆڕشی بیستدا و لە راپەڕینی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨دا، دیار و پیرۆز بووە و بەشداری کردووە لە شکست پێهێنانی پەیمانی "پۆرتسمس"ی نیوان بەریتانیا و عێراق، کە لە ئەنجامدا حکومەتی ساڵح جەبر رووخا.
 
هاوکات کاریگەری و جێ پەنجەی لە شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨دا دیارە، کە پاش شۆڕش دەستکەوتی مەزنی تۆمارکرد، ئەوەتا پشکی وەزیری شارەوانییەکانی وەدەستهێنا کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراق و،ڵاتانی عەرەب، دکتۆرە "نەزیهە دولەیمی" ئەو پۆستەی وەرگرت و کاریگەرانە بەڕێوەی برد، هەروەها بوو بە سەرۆکی "کۆمەڵەی یەکگرتووی ژنانی عێراق" و چەندین دەستکەوتی بۆ ژنانی عێراق بەدەستهێنا، بە تایبەتی یاسای باری کەسایەتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، کە دەستپێکی چەندین دەستکەوتی دیاربوو، هێزێکی زۆری لە جۆرەها لایەنەکانی ژیاندا بە ژنان بەخشی.
 
بەهۆی خەباتی دریژخایەنی ژنانی عێراقەوە، چەندین دەستکەوت و مافی سیاسیان دەستەبەر کرد، بە تایبەتی پاش روخاندنی رژێمی دیکتاتۆری و پاش ساڵی ٢٠٠٣، کە بەشێوەیەکی بەرچاوی کارا ئاستی بڕیاردەری بەدەستهێنا و چەندین پۆستی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەستەبەرکرد. بەڵام سەرەڕای ئەو رۆڵە کاریگەرە، دەبینین کۆیلایەتی و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی سەردەمانی عوسمانی بە پاڵپشتی حزبە ئاینییە حوکمڕانەکان، لە کۆمەڵگای زۆرینەدا، پێوانەی شەرەفی ژن خۆی لە پارچە قوماشێکدا دەنوێنێت کە بەسەر رووی خۆیدا دەدات و خۆی پیدادەپۆشێ و باڵاپۆشی دەکات و رۆڵی بنیاتنانی لە کۆمەڵگادا لە یاد دەکەن و خۆیان لە ئاست ئەو ئەرکە گرنگ و زۆرەی ژن لەیاد وپشت گوێ دەخەن. کە بە درێژایی حوکمڕانێتی ڕژێمی بەعس گێڕاوێتی.
 
ئەمڕۆ ئەو لایەنانە سەرقاڵی ئەوەن بۆ ئامادەکردنی ژن بۆ بەرەو دواوە بردنەوەی و خستنە سەرپشتی موشەکی کات و رەوانەکردنەوەی بەرەو چەرخەکانی نەفامی و دواکەوتن. جاگەر دەست و بردانە درک بەو بارە نەکرێت و ریزەکان یەکنەخرێنەوە، بەرەو پاراستنی ئەو دەستکەوتانە و رێگا گرتن لە شەپۆلی بەناو ئیسلامەوە کە جڵەویان بۆ ئارەزووە مت و شاراوەکانی خۆیان شل کردووە بەرەو لەناوبردنی نیوەی کۆمەڵگا، ئەوا چەندین چەرخ بەرەو دواوە پاشگەز دەبینەوە و ئەوەش کارەساتەو رەوتی مێژوو پەسەندی ناکات.
 
ت.پ