ماڵی ژن بووە مۆدێلی شۆڕشی ژن ...٧
"ماڵی ژن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پایەی ژنانە لە هەموو پێکهاتەکاندا"
عەبیر محەمەد
بەڕێوەبەرایەتی و ئەندامانی ماڵەکانی ژن لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە دروستکردن و ڕۆڵ و ئەرکەکانی ماڵی ژن، وتیان: ماڵی ژن شوێنێكه بۆ چارەسەركردن و هۆشیارکردنەوەی ژنان".
قامیشلۆ- بەدرێژایی مێژوو ژنان گەورەترین پشکی زوڵم و ستەمیان بەرکەوتووە، ئەم زوڵمە هۆکارەکەی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە، بۆئەوەی خوداوەندەکان لە مێژوو دووربخەنەوە و سەردەستەکان ببنە دەسەڵاتدار، ئهم بیركردنهوه و سیستمه فهرمانڕهوایه گەشتووەتە سهدهی بیست و یهكهم، نادادپەروەری و ستەم هەرگیز سەرناکەوێت، گەورەترین نموونەش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە کە ژنان جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشت. سەرەڕای ئەم هەنگاوە پیرۆزانە، هێشتا پێویستی بە ناوەندێک یان دامەزراوەیەک هەیە کە ببێتە پاڵپشتی ژنان لە کۆمەڵگەدا و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانیان بکات و ئاگاداری مافەکانیان بێت، لەسەر ئەم بنەمایە ماڵی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزرا و لقەکانی لە سەرانسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە.
"ماڵی ژنی گەڕەکی شێخ مەقسوود هەمیشە لەگەڵ ژنان بووە"
بەڕێوەبەری ماڵی ژن لە گەڕەكی شێخ مەقسودی شاری حەلەب، پەریشان رەشید رایگەیاند، مەبەست لە كردنەوەی ماڵی ژن تەنیا چارەسەركردنی كێشەكان نییە، بەڵكو پەروەردەكردنی ژنانە لە هەموو روویەكەوە، "ماڵی ژن لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە، تەنها یەک لقی ماڵی ژن لە حەلەب هەیە، ئامانجیشی تەنها چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەبوو، بەڵکو پەروەردەکردنی ژنان بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، ئێمە لە نێو ئەو ژنانەدا بووین کە بە پەروەردەکانی ماڵی ژندا تێپەڕین، هەموو ژنێک پێویستی بە پەروەردەکردنی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بزانێت کەسایەتییەکەی چییە و مافەکانی چییە و چۆن ئەرکی لەم ژیانەدا بە شێوەیەکی تەندروست جێبەجێ بکات، هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان ماڵی ژن و کۆمەڵگە و ئەنجومەن هەیە و هاوکاری یەکتر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین سوود بە ژنان و کۆمەڵگە بگەیەنین".
"ماڵی ژنی مەنبج لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە"
بەڕێوەبەری ماڵی ژنی مەنبج، ئیمان هەمشۆ ئاماژەی بەوەدا کە ماڵی ژن دوای ئازادکردنی مەنبج لە چەتەکان دامەزرا، "ماڵی ژنی مەنبج لە سەرەتای ئازادکردنی مەنبج لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزرا، دوای ئەوە سەردانی ژنان بۆ ماڵی ژن زیادیکرد، لەبەر ئەم هۆکارەش بە پێویستمان زانی ٣ ناوەندی دیکە لە ناوچە گوندنشینەکانی مەنبج بکەینەوە، توانیمان بگهینه ژمارهیهكی زیاتری ژنان له منبج، ماڵی ژن دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە و هەر کەسێک دەتوانێت بەشداری بکات و بۆ چارەسەرکردنی ڕووی تێبکات، لە ماوەی کارکردنماندا نزیکەی ١٧٥٥ کێشە چارەسەر کراوە و هەر یەکەیان بە ڕێگەی جیاواز و پێویستی بە چارەسەری تایبەت بەخۆی هەبووە".
"ماڵی ژنی ڕەقە گۆڕاوە بۆ نووسینگەی کۆبوونەوەی زینوبیا"
زەهرا شلاش، وتەبێژی ناوەندی لیژنەی دادپەروەری کۆمەڵایەتیی نوسینگەی کۆبوونەوەی ژنانی زینۆبیای ڕەقە و ناوچە گوندنشینەکانی، خستیەڕوو لە ساڵی ٢٠٢١دا ماڵی ژنی ڕەقە گۆڕدرا بۆ نووسینگەی کۆبوونەوەی زینۆبیا لە ڕەققە و ناوچە گوندنشینەکانی، "ماڵی ژن لە شاری ڕەققە لە سەرەتای ڕزگارکردنی ڕەقە لە چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزرا، لە ساڵی ٢٠٢١ ماڵی ژن گۆڕدرا بۆ نووسینگەی کۆبوونەوەی ژنانی زینوبیای ڕەققە و ناوچە گوندنشینەکانی، لە ڕەققە و گوندەکانیدا ١٩ لیژنەی ئاشتی لە شوێنەکانی وەک خاتوونیە، سەرهابیە، حی ئەلمەدینە، رمێلا، حەی ئەل ئەکراد و ناوچەکانی دیکە هەیە، هەروەها ٢٠ نوسینگە کۆبوونەوەی زینۆبیا هەیە. مەبەست لە کردنەوەی ئەم نوسینگەیە ئەوەیە کە بتوانرێت کێشەی هاوژینان و بەتایبەتی خێزانەکان چارەسەر بکرێت. زۆر دۆسیە دێنە لامان و زۆربەیان پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە، لە ساڵێکدا نزیکەی ١٠٨٠ کەیس چارەسەر دەبن. ئەگەر لەگەڵ ئێمە یەکلایی نەکرێتەوە، ئەوکات دۆسیەکە رادەگرین و دەینێرین بۆ دادگای دادپەروەری کۆمەڵایەتی رەققە".
"ماڵی ژنی کانتۆنی شەهبا تێڕوانین و هەڵەکانی گۆڕی"
سلاڤا جومعە، ئەندامی ماڵی ژنی کانتۆنی شەهبا، باسی لەو هۆشیاری و بۆچوونانە کرد کە لە بیری خەڵکی شەهبادا دروستکرابوون و ماڵی ژن توانیویەتی بیانگۆڕێت، "ماڵی ژنی شەهبا لە ساڵی ٢٠١٧دا بە ٣ ئەندام دەستیپێکرد، هەر یەکێکیان لە پێکهاتەیەکی جیاواز بوو، ئێمە لە سەرەتای دروستکردنی ماڵی ژندا لەم کانتۆنەدا ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بووینەوە، چونکە کانتۆنەکەمان لە ژێر داگیرکاریدا بوو، چ لە لای داعشەوە چ لە لای سوپای ئازادییەوە، لەلایەکی دیکەوە شەهبا دابونەریتی کۆنی هەبوو، له دهسهڵاتی بهعس دهترسان و له ئاكامدا هیچ قبووڵكردنێك نهبوو، بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوویدا، کاتێک ماڵی ژن هاتە ناو هەموو ماڵێکەوە، هەموو ژنێک ڕاستی ئەم ماڵەی ناسی، ئێستا ئەو بۆچوونە هەڵەیەی کە سەبارەت بە ماڵی ژن وەرگیرابوو، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ دروستبووە، ئەم هەنگاوە سەرکەوتووانە ئێستا ماڵی ژنی فراوانتر کردووە و ناوەندەکانی لە زۆرێک لە ناحیەکانی دیکەی شەهبا دامەزراندووە.
"ماڵی ژنی تەبقا خاوەنداری لە ژنان دەکات"
بەڕێوەبەری ماڵی ژن لە تەبقا، رەجای عەبید رەحیم رایگەیاند، ماڵی ژن لە تەبقا خاوەنداری لە ژنان دەکات و وتی: ماڵی ژن لە تەبقا لە ساڵی ٢٠١٧ كرایەوە و ٧ ناوەندی دیکەی لە ناوچە گوندنشینەکانیدا کردوەتەوە، لە سەرەتادا ماڵی ژن لە چەند لیژنەیەک پێکهاتبوو کە یەکێکیان لیژنەی ئاشتی بوو، ئەرکی سەرەکیمان ئاشتکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان بوو. ماڵی ژن وەک ماڵێک بوو بۆ هەموو ژنان، بە تایبەت لەبەرئەوەی ئەم ئەنجومەنە دەرئەنجامی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتە. لە ساڵانی پێش رزگارکردنی تەبقادا ژنان کۆیلە بوون، هیچ مافێکیان نەبووە، بەهۆی شەڕەوە تووشی دڕندەییەکی گەورە بوون، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی ژنان هەبوو، سهبارهت بهمهش لیژنهی پەروەردە دامهزرا و لهسهر بنهمای گهڕانهوهی ژنان بۆ ژیانی ئاسایی کاریکرد، ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری بەرچاو ڕوودەدات بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە، بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢٢دا و بەپێی بەڵگەنامە و ئەرشیفەکانمان ژمارەی کێشەکان بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەمی کردووە.
"ماڵی ژنی هەرێمی فورات بوو بە بنەمای باوەڕی و هێز بۆ ژنان"
بەڕێوەبەری ماڵی ژن لە هەرێمی فورات، شەها عەلی دووپاتی كردەوە، ماڵی ژن لە هەرێمی فورات بووەتە بنەمای باوەڕی و هێز بۆ ژنان، "ماڵی ژن لە هەرێمی فورات لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزرا و ١٠ ناوەندن، لەو سەردەمەدا توندوتیژی و دڕندەیی و گوشارێکی زۆر لەسەر ژنان هەبوو، بۆ ئەمەش هەستمان بە پێویستی کردنەوەی ناوەندێک کرد. پێش ئەوەی ماڵی ژن دابمەزرێت، ژن بە جیابووەوە دەناسرا چونکە چونکە لێکتێگەیشتن نەبوو، دوای ئەوەی ماڵی ژن دامەزرا لیژنەکانمان دامەزران و کار بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینە هەڵەیە سەبارەت بە ژنان دەستیپێکرد، ڕۆڵی لیژنەکانمان پەروەردەکردنی ئەندامانی کۆمەڵگەیە بە گشتی، هەندێک جار ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبووینەوە، چونکە لە ڕابردوودا یاسای ژنان نەبوو، زۆر کەس ئەمەیان بە دەرفەتێک دەزانی بۆ ئازاردانی ژنان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئاگاداری ئەو ژنانە بووین و تا ئەمڕۆش دەیکەین"
کۆتایی.