لە تورکیادا ٦٧٥٩ ژن لە ماوەی ١٨ ساڵدا کوژراون ...١
لە ماوەی ١٨ ساڵدا لە تورکیادا ٦٧٥٩ ژن کوژراون، تەنها لە مانگی ئازاری ئەمساڵیشدا ٢٧ ژن کوژراون، لەلایەن دەسەڵات و دادگاکانەوە دۆسیەی کوشتنی ژنان بە خۆکوژی تۆماردەکەن، پارێزەرێکیش دەڵێت زیادبوونی کوشتنەکان دەگەڕێتەوە بۆ کشانەوە لە پەیماننامەی ئەستەنبوڵ و داخستنی ڕێکخراوەکانی ژنان.
مەدینە مەمەدئۆغڵو
ناوەندی هەواڵ – کەدەر، ئەسما، فاتمە، ئۆزجان، گوڵستان، موازیز، گیزەم، سەمیهە، تورکان، ڤیۆلیت، نەسلیهان، مەلتەم، چیغەدەم، شەیدا، گوڵزار، یەڵدز، ئەنگیل، ئایشە، زەینەب، فیلیز، مەیدنە، حەلیمە، ئۆیا، ڕەحمە، نەجلە، گوڵستان، شەریفە، حەسیبە، ئەلیف، لەیلا، فەهریە، هولیا، ئارزو، ئایسەل، ئەسرا، مەلیکە و چەندانی تر، ئەمانە ناوی ئەو ژنانەن لە تورکیادا کوژراون کە دەکرێت چەندین پەڕە بە ناویان پڕ بکرێتەوە، بۆچی بۆ هەموو ژنەکان دەوترێت "کوژران"؟، لەبەر ئەوەی لە ماوەی ١٨ ساڵدا کە ئاکەپە دەسەڵاتی تورکیای گرتووەتە دەست، پیاوان بە هەزاران ژنیان کوشتووە.
لە ماوەی ١٨ ساڵدا هەزاران ژن کوژراون
لە ٨ی ئاداری ٢٠٢١دا ڕاپۆرتی "پێشێلکردنی مافی ژنان لە تورکیادا" بلاوکرایەوە، تێیدا هاتبوو لە ماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوودا ٦ هەزار و ٧٣٢ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ژن نیوز لە مانگی ئازار/٣ی ئەمساڵدا لە تورکیادا ٢٧ ژن کوژراون و هەتا ئێستا ئاماری مانگی نیسان/٤ ئاشکرا نەکراوە.
ژمارەی ئەو ژنانەی لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا کوژران بە مانگی ئازار/٣ەوە بووە ٦ هەزار و ٧٥٩ ژنی کوژراو، بۆیە ئەگەر بەپەلە ڕێگە لە کوشتنی ژنان نەگیرێت ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر دەبێت، ماوەی ١٨ ساڵیشە لە تورکیادا ژنان شەقامەکانیان چۆڵ نەکردووە و هەمیشە دژ بە هێرشەکان بانگەوازییان بۆ دەسەڵات کردووە تا چارەسەری ئەو دۆخە بکات.
ئەو بانگ و هاوارەی کە هەموو جارێک بڵندتر دەبێتەوە، گوێی لێناگیرێت، ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کە کەسی نزیکی خۆیانن، لە کۆڵان، خانوو، شوێنی کار و گشتیدا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و دەکوژرێن.
پەیماننامەی ڕێگریکردن لە توندوتیژی هەڵوەشایەوە
تورکیا ئەو وڵاتەی واژۆی لەسەر پەیماننامەی ئیستەنبوڵ کردبوو، ئەگەرچی هەر لە چوارچێوەی واژۆیەکدا مابێتەوە، بەڵام بە بڕیاری سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵوەشایەوە و دوای هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکەش بەڕێژەیەکی بەرچاو هێرشەکان دژ بە ژنان زیادیکرد، زۆر ڕێکخراوی ژنان بە فەرمانی قەیومی شارەوانییەکانی وەک ئامەد، ئیلح، ماردین و شرناخ داخران، ڕێکخراوەکانی ژنانیش بە هەر شێوازێک بێت پشتیوانییان لە ژنان دەکرد و لە کاتی پێویستدا پارێزگارییان لێدەکردن.
ئەو گۆڕانکارییەی لە شارەکاندا دەستیپێکرد، بە ناوەندەکانی ڕاوێژی ژنانی هەرێمەکان و داخستنی ڕێکخراوەکان بەردەوامی هەبوو، هەتا ئەمڕۆش ئەو دۆخە بەردەوامە و کارمەندی ڕێکخراوەکان دەستگیردەکرێن، ئەمانەش دەتوانرێت وەک بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا بەدەستبخرێن، ئەم دۆسیەیە لە سێ بەش پێکدێت پرسیار دەکەین، "ئایا ژنان لە ماوەی ١٨ ساڵدا چیان بەسەردا هات؟ چ هێرشێکیان کرایەسەر، چۆن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و چۆن تێکۆشانێکیان دەستپێکرد؟"، وەڵامی پرسیارەکانیش دەدەینەوە، لە بەشی یەکەمیشدا بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دیرەن ئەلیف ڤورگون، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی یەکگرتن و بەدەستهێنانی مافی ژنان لقی ئامەد، دەستپێدەکەین.
"بەو یاسایانە هێز دەدەنە پیاوان"
دیرەن ئەلیف ڤورگون ئاماژەی بەوەدا نایەکسانی ڕەگەزی، ئەو بنەمایانەی پاڵپشتی توندوتیژی دەکەن، سیاسەتەکانی نایەکسانی زیاد دەکات و چەندینی دیکە هەن هۆکارن بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان، دەشڵێت دەبێت تێکۆشان دژ بە نایەکسانی لەسەر بنەمای پێکەوەیی بکرێت،
دیرەن باسی لەوەکرد پارساڵ ٢٨٤ ژن کوژراون و ٢٥٥ ژن لە ڕووداوی بە گوماندا مردوون، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٩١ ژن کوژراون، ئەو چالاکوانە کە بەشدارە لە گفتوگۆکان دەربارەی سیاسەت و حکومەت، نمونەی پاشگەزبوونەوە لە پەیماننامەی ئەستەنبوڵ دەدات.
"هانی تاوانباران دەدەن"
دیرەن ئەلیف ڤورگون لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: پەیماننامەی ئیستەنبوڵ دەستپێک بوو بۆ ڕاگرتنی تاوانەکان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، دوای واژۆکردن تێکۆشانی زۆرمان کرد کە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە شەوێکدا بڕیاری پاشگەزبوونەوە درا، ئەو بڕیارەش لە دژی یاسایە، دژی ئەو بڕیارە ئێمە یاسامان خستەگەڕ، کاتێکیش هەڵوەشاندنەوەکە ڕاگەیاندرا ئاماژە بەوەکرا کە لەلایەن ئەو دەوڵەتەوە بڕیاری لەسەر دراوە کە دۆسیەکانی دەستدرێژی سێکسی، توندوتیژی ڕەوا دەکات و بەو دەسەڵاتەی هەیەتی ڕەوایەتی بە توندوتیژی دژ بە ژنان دەدات، ئێمەش لە دژی ئەو توندوتیژیانە هەنگاوێکی خۆمان ناگەڕێنینەوە و لە دژی نایەکسانی دەوەستینەوە و تێکۆشانمان بەردەوام دەکەین.
"دەرگای ڕێکخراوەکانیان داخست"
پارێزەر دیرەن باس لەوەدەکات بەهۆی داخستنی دەرگای ڕێکخراوەکانی ژنان، توندوتیژییەکان زیادی کردووە، بە دانانی قەیومەکان دەیان ڕێکخراو داخران، لەو بارودۆخەشدا ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرا شوێنێک نەبوو سەدانی بکەن و بەهۆی ئەوەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە نەیاندەتوانی سەردانی هەموو ڕێکخراوێک بکەن، بەمەش ناچار دەبوون خۆکوژی بکەن، وتیشی: ئێستا لە ئامەددا ڕێکخراوەکانی وەک ÎHD، کامەر، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا و ڕێکخراوی ئامەد هەیە، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، دەتوانن سەردانی ئەو ڕێکخراوانە بکەن، هێرش لە دژی دەستکەوتەکانی ژنان گرێدراوە بە سیاسەتی چاوترساندنی ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا و لەچاو پێشوودا زیادی کردووە، ئەمەش هەمان ئەقڵیەتی پارچەکردنی تەڤگەری ژنان و کوردانە، ئەو ئەقڵیەتە هەوڵ دەدات کورد بوون و ژنان سزا بدات، ئێمەش لەجیاتی ئەوەی بێزار ببین، زیاتر بەهێز دەبین و لە دژی توندوتیژی دەوەستینەوە.
"بە مردنە گوماناوییەکان دەڵێن خۆکوژییە"
دیرەن دەڵێت مردنی گوماناوی ژنان و زیاد بوونی خۆکوشتنەکان لێکۆڵینەوەی ڕاست و دروستیان لەسەر ناکرێت و لە سەرانسەری تورکیاشدا دۆسییەی کوشتنەکانی ژنان بۆ قەدەر جێدەهێڵن: ڕێکخراوەکانی ژنان بە هەند وەرناگیرێن، کوژەری ژنان لەبەرچاون بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتمان نییە بەناوی خۆکوژییەوە دۆسییەکانیان دادەخرێت، ئەو ژنانەی لەلایەن خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن بە خۆکوشتن تۆمار دەکرێت، بەتایبەت ئەوکاتەی کە بکوژ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بێت، ئێمە ناتوانین دەستوەربدەینە ئەو دۆسیانە، چونکە دەیانەوێت ڕووداوەکە بشارنەوە ئێمەش ناتوانین ببینە پارێزەری دۆسیەکان، زۆرجاریش داواکاری ئێمە بۆ چاودێریکردنمان لەسەر کەیسەکان لەلایەن دادگاوە ڕەت دەکرێتەوە.
"دەبێت لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە دۆخەکە بکرێت"
دیرەن ئەلیف ڤورگون ئاماژەی بەوەدا بۆ ڕێگەگرتن لە تاوانە ڕەگەزییەکان، مردنی گوماناوی ژنان، خۆکوشتن و توندوتیژی، دەبێت یەکێتی ژنان لە یەک ناوەنددا دروستببێت، بەو شێوەیە دەوڵەتیش ناچارە ئەو کارەی دەکەوێتە سەریان جێبەجێی بکەن، بانگەوازیشی کرد: دەبێت چاکسازی لە بواری پەروەردە، میدیا و یاسادا بکرێت، هەروەها پێویستە پۆلیس و هەموو ئەندامانی دەزگاکانی ئەرکدارەوە خولی پەروەردەیان بۆ بکرێتەوە، لە دژی کوشتنی ژنان و خۆکوشتن، STK بێتە دەنگ، بۆ ئەوەی کوژەر بدۆزرێتەوە لێکۆڵینەوەکان وردتر بکرێتەوە و کاتێک ژنێک کۆتای بە ژیانی خۆی دەهێنێت، بەڵگەکان کۆبکرێنەوە و دڵنیا ببنەوە کە کردەیەکی خۆکوژییە یان کوشتنە، هەر دۆسیەیەکی کوشتنی ژنان سیاسی بێت یاخود کۆمەڵایەتی دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، دەکرێت خۆکوژی نەبێت، بۆیە گرنگە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا وردتر لەسەر دۆسیەکان ڕابوەستن.
ڕاپۆرتی سبەینێ: ژنانی ماردین، ئیلح، سێرت و ڕەحا: پیاوان سەرۆکایەتیەکی نایەکسانی ڕێکخراوەکان بەڕێوەدەبەن.
ت.پ