لە پشت کوشتنی ژنانەوە ...٦

لە گەرمیانەوە چالاکوانێکی بواری ژنان، کێشەکانی ژنان لەو ناوچەیەدا دەخاتەڕوو، کە ڕۆژانە بەردەوام ئامارەکانی توندوتیژی لەو دەڤەرە زیاد دەکات، کە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە بۆ سەروەرنەبوونی یاسا دەگەڕێنێتەوە، داواش دەکات ژنان بەرامبەر توندوتیژییەکان بێدەنگ نەبن.

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە هەرێمی گەرمیان

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان تا دێت زیاتر دەبێت، ڤیان سابیر، چالاکوانی بواری ژنان لە ناوچەی گەرمیان لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بۆ ژنها دوا.

لە سەرەتایی وتەکانیدا ڤیان ئەوەی خستەڕوو زۆرینەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە گەرمیاندا دابونەریت تەواوی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵە، هەروەها جێبەجێنەکردنی یاساکان.

 

ئەو چالاکوانە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە لە ناوچەی گەرمیاندا تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا ناکرێنەوە و بە ئاسانی دەتوانن خۆیان لە تاوانەکان ڕزگار بکەن، بۆیە بەردەوام توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە کوشتن، خۆکوشتن، سوتاندن، لێدان و بێبەشکردنی ژنان لە میراتی و خزمەتگوزارییەکانی وەک خوێندن بەرامبەرییان ئەنجام دەدەرێت.

 

ڤیان لە هۆکاری هەموو ئەم توندوتیژیانەدا دەڵێت "سوکایەتی، لێدان، خۆکوشتن، سوتان و کوشتن، دەگەڕێتەوە بۆ سەروەرنەبوونی یاساکان لە دادگاکاندا و نەبوونی یاسایەکی تۆکمە، کەیسەکانی ژنان لە دادگاکاندا بەو ئاڕاستەیە نابرێت کە دڵخۆشکەربێت، کە ئەو کەیسە بگاتە شوێنی خۆی و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن".

 

یاساکان لە گەرمیاندا بۆ پارێزگاری ژنان ڕۆڵیان نییە

وتەکانی ڤیان ئەوەدەخەنە ڕوو، کە یاساکان بۆ پارێزگاری لە ژنان لە گەرمیاندا هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان نییە، دادگاکان سودێک بۆ کەیسی ژنان نەگەیەنن، لەبەر ئەوە ڕێکخراوەکان هەوڵیانداوە تێکڕا بە یەک دەنگ کار بۆ مافەکانی ژنان بکەن، وە ئەرکی ڕێکخراوەکان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە بەرامبەر مافەکانی ژنان.

 

ئەو چالاکوانە، پێی وایە جگە لە ڕێکخراوەکان دەبێت دەزگا ڕاگەیاندنەکانیش بەرپرسانەتر مامەڵە بکەن و گرنگی زیاتر بە پرسەکانی ژنان بدەن، هۆکارەکانی بۆ کۆمەڵگا شۆرڤە بکەن.

 

هەروەها دەبارەی کاری هاوبەشی نێوان ڕێکخراوەکان وحکومەتیش دەڵێت "ڕێکخراوەکان گرنگن، لاوازی ڕێکخراوەکان و نەبوونی زەمینە سازی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان حکومەت و ڕێکخراوەکاندا هۆکارە بۆ ئەوەی توندوتیژییەکان بەردەوام زیاد بکات".

 

دابونەریت هۆکاری توندوتیژییەکانە

یەکێک لەو هۆکارانەی کە ڤیان بە وردی باسی دەکات بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان، دابونەریتە، کە تەواو لەو ناوچەیەدا ڕۆڵی هەیە، هەر دابونەریت پیاوانی بە کەسی یەکەمی کۆمەڵگا و خێزان داناوە، لەبەرامبەدا ژنانی بە کەسی پلە دوو دیاریکردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی دابونەریتی لەسەر بنیادنراوە.

 

وەک چارەسەرکێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، ڤیان پێی وایە ئەرکەکە تەنها پەیوەست نییە بە ڕێکخراوەکانەوە، بەڵکو دەبێت حکومەتیش کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەو دۆزە بکات، هاوکات لیژنەکانی مافی ژنان لە پەرلەمانەوە چالاک بکرێن و یاسایەکی گونجاویش بۆ مافەکانی ژنان دابڕێژێتەوە.

 

دەبارەی ژنانیش دەڵێت " ڕۆڵی یەکەمیان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان، ژنانیش دەبێت خۆیان لە ئاستی توندوتیژییەکان بێدەنگ نەبن و خۆیان ببنە خاوەن کار و خاوەن بڕیاری خۆیان".

 

ت.پ