لە دوای سووتاندنی چەک؛ سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆسەر باشوور بەردەوامی پێدا

سەرەڕای هەبوونی پرسی ئاشتی لە لایەن ڕێبەری گەلی کوردە و ڕاگرتنی خەباتی چەکداری، لە ١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ هەتا ٢٠ی تەمووز دەوڵەتی تورکیا هەزارو ٦٩٠ هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان ئەنجامداوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ سەرەڕای هەبوونی پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامی بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامی هەیە، ماوەی ٤٢ ساڵە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکی باشووری کوردستان، لە ئاکامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بە هەزاران هاوڵاتی سڤیل شەهیدکران، هەزاران خانوو گوند  خاپوورکران، زیانی بەردەوام بۆسەر ژینگە دروستکراوە، ئەنجامدانی ئەو هێرشانە بۆ سنورەکانی خاکی باشووری کوردستان ئامانجی لە ناوبردنی کورد و لە ناوبردنی تەڤگەرێکی ئازادیخواز بوو، کە بۆ بەدەستهینانی ئازدی و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد خەباتی بەردەوامکردووە.

 

لە  ساڵی ١٩٨٣دا هەردوو دەوڵەتی تورک و عێراق ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بەناوی "هەماهەنگیی و ئاسایشی سنوور"، بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەردوو وڵات بۆ سەرکەوتکردن و لەناوبردنى بزووتنەوەى ئازاییخوازانەى کورد دەتوانن بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکترەوە، بۆیە بە سوودوەرگرتن لەو ڕێککەوتنە و لە دۆخی عێراق لە دوای ساڵی ١٩٩١ دەوڵەتى تورک زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتر هاتە ناو خاکی باشووری کوردستان، پاشان دەوڵەتی تورکیا بەسەدان هەزار جار هێرشی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان کردووە، ٨٥ بنکەی سەربازی بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لە خاکی باشووری کوردستان سەربازی تورکی جێگیرکردووە، هەروەها لە ڕۆژی ٢٥ـی ئایاری ساڵی ١٩٨٣ بۆ سەرکوتکردنى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستان دەوڵەتی تورک، یەکەمین هێرشی بۆ سەر باشووری کوردستان بە زیاتر لە حەوت هەزار سەرباز دەستپێکرد، تا ئێستاش کە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٥ـە هێرشەکان بەهەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو دژی گەریلا و خاک و خەڵکی باشووری کوردستان بەردەوامە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٥دا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە بڕیارێک، کە نابێت هیچ هێزیکی بیانی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، هەوڵی ڕێگریکردنی لە بارەگاکانی دەوڵيتی تورکیادا، بەڵام ئەو بڕیارە پشتگوێ خرا، هەروەها حکومەتی عێراقی لە ساڵ٢٠١٨دا بە فەڕمی داوای ڕاگرتنی هێرشەکانیدەوڵەتی تورکیای بۆسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەڵام تا ئێستە هێرشەکان بەردەوامی هەیە، بۆ کۆتایی هێنان بە هێرش و جینۆسایدکردنی ٤٢ ساڵەی دەوڵەتی تورکیا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا لە ئیمڕاڵییەوە پەیامی سەدەی بە ناونیشانی پرسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکم ڕاگەیاند، بە ئامانجی ئاشتی گەلان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پاشان بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، ١٢یەمین کۆنگرەیی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە،  لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥دا، لە دوو گۆڕەپانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام درا، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری درا، پاشان بۆ ئەنجامدانی نیازپاکی پەکەکە، لە ١٥ ژن و ١٥ پیاوی شەڕڤانی پەکەکە، لەمیانی مەڕاسیمیکی شکۆمەندانە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٥دا، لە ئەشکەوتی جاسەنە لە شاری سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند، ئەمەش نیازپاکی و ڕەگوڕیشەی سەرهەڵدانی پرسی ئاشتییە، بەڕێبەرایەتی "عەبدوڵا ئۆجالان"، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە پاش لەناوبردنی چەک بەردەوامی بۆسەر خاکی باشووری کوردستان هەیە.

 

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٩١ـوە تا مانگی حوزەیرانى ٢٠٢٤ زیاتر لە ٧٠٠ هاوڵاتیی مەدەنیی باشووری کوردستان بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید و بریندار بوون، هاوکات بەهۆی هێرشەکانەوە نزیکەی ٢٠٠ گوند چۆڵکراون و زیاتر لە ٤٠٠ گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.


لە دوای پرسی ئاشتی و پێکەوەیی، هێرشەکان بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە ڕێگەی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، کە لە ڕێگەی پەیجی فەڕمی خۆیەوە دەیخاتەڕوو، هێرشەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دوای پڕۆسەی ئاشتی بەمشێوەیەیە:

 

مانگی کانوونی دووەم

_لە کاتژمێر ٤:٥٥ خولەکی دوانیوەڕۆی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، لە بانیا چەلکێ لە سنوری ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدی کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا، هاووڵاتییەک بە ناوی "وەهبی سدیق" برینداربوو.

 

_لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی سنوری “گوندی شەهیێ”ی سەر بە ناحیەی دینارتەیان لە قەزای ئاکرێدا کرد و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی مەدەنی کە هاوژینی یەکتری بوون بە ناوەکانی "جەعفەر جەلال نپاخی ٥٨ ساڵ" و "تین محەمەد ٤٧ ساڵ" بۆ کاری کشتوکاڵ و چاندن لەگەڵ چەند هاونیشتیمانیەکی تردا چونەتە گوندی شەهیێ و توشی ئەم ڕووداوە بوون گیانیان لەدەستدا، هەر لە هەمان ڕۆژدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەریان لەسەر ڕێگای سەرەکی گوندی گردجان لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین بە ئامانجگرت،لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە (دوو کەسیان لە ڕەگەزی نێر و دووی تریشیان لە ڕەگەزی مێ)ن. هەروەها هاووڵاتییەک کە ماتۆڕسواربووە بەهۆی بەرکەوتنی بە پارچەی بۆردوومانەکە برینداربووە. تا ئێستا ناسنامەی پێکراوەکان نەزانراوە.


مانگی شوبات

_لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا، سەربازانی تورکیا بە هەڕەمەکی تەقەیان بەرەو ناو گوندی لۆکان لە گەلی شێخزادە لە دەشتی هێرتی سنوری قەزای سیدەکان کرد، لە ئەنجامدا گەنجێکی ٢٤ ساڵە بە ناوی "هەڤاڵ قادر محەمەد" کە پیشەی شوانە فیشەکێک بەر پشتی کەوت و بە سەختی برینداربوو.

 

مانگی ئادار
_ لە ٢ی ئاداری ٢٠٢٥دا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی چڕی بۆسەر چیای لینکی و گەلی ڕەشاڤە لە  دێرەلووک ئەنجامدا. ھێرشەکە بۆماوەی ٤٥ خولەک بەردەوام بوو کە ئەمە گەورەترین و درێژترین ماوەی ھێرشی سوپای تورکیایە لە ھەرێمی کوردستان .

 

_لە ڕۆژی ٤ی ئاداری ٢٠٢٥دا، هلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا، هرشیان کردە سەر گەلی موین لە گوندی بەلڤە لە قەزای ئامێدی، پاشماوەی تەقەمنییەکان لەناو ئاوایی و گوندی بەلاڤەدا کەوتنە خوارەوە.

 

_لە ڕۆژی ٥ی ئاداری ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تۆپبارانی چیای مەتینایان لە گوندی گوهەرزێ کرد، لەوەمی ئەو تۆپبارانەدا، چەکدارانی پەکەکە تەقەیان لە بارەگا سەربازییەکی تورکیا کرد، لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا دەوڵەتی تورکیا بە سەختی بۆردومانی ژاژڵۆا و خەندەکیا لە پست گوندی گەڵاڵە کرد.
 

_ لەکاتژمێر ١١:٤٠ خولەکی ٦ی ئاداری ٢٠٢٥دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەختی بۆردوومانی دۆڵی “ژاژۆلان”یان لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی کرد.

 

_لە کاتژمێر ١:١٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٥دا، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی TNT، زنجیرەیەک ئەشکەوتی لە گوندی سگێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی تەقاندەوە و ئەشکەوتەکانی خاپوور کردن.

 

_ لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥دا، گوندنشینانی شارەدێی بەرمیزە لە قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و ڕووەکی خۆرسک ڕوویان کردە چیای ئاودەل کێوی و مێرگی سەرچەمان. لەسەر ڕێگای گوندنشینەکان سوپای تورکیا بازگەیەکی جێگیرکردووە و دوای وەرگرتنی ناسنامە و کارتی نیشتیمانی لێیان، ڕێگەیان بە گوندنشیناندا کە بچن بۆ کردنەوەی گژوگیا لە سنورێکدا کە سەربازەکان بۆیان دیاریکردبوون و بە مەرجی ئەوەی کە وێنە و ڤیدیۆی ناوچەکە نەگرن.


مانگی نیسان
_لە کاتژمێر ٤:١٥ خولەکی دوانیوەڕۆی ١ی نیسانی ٢٠٢٥دا ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانی “چیای مەتینا”یان لە گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی، لە پارێزگای دهۆک کرد.

 

_ لە کاتژمێر ١٠:٣٦ خولەکی ٩ی نیسانی ٢٠٢٥دا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی چیای کوڕەژارۆیان لە شارەدێی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی کرد. دواتر لە کاتژمێر ٢:٢٠ خولەکدا، سەربازانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تەقەیان بەڕووی گوندی بیریا شیخۆ لە دامێنی چی کوڕەژارۆدا کرد. یەکێک لە فیشەکەکان بەر ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (بەختیار محەمەد ڕەسوڵ) کەوت. ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و سەرجەمیان لە خەودابوون کاتێک فیشەک لە جامی پەنجەرەکەیانەوە چووە ژوورەوە.


_ ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥، تۆپخانەکانی تورکیا لە چیای مەتیناوە تۆپبارانی بەری نزارکێیان لە چیای گارا کرد.


_لە کاتژمێر ٨:٥ خولەکی ١٢ی نیسانی ٢٠٢٥دا، سوپای تورکیا بۆ ماوەی ١٠ خولەک هێرشی کردە سەر چیای مەتینا لە گوندی گورهەرزێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.


_ لە کاتژمێر ١:٣٥ خولەکی ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لەسەر چیای مەتیناوە، تۆپبارانی گوندی “کەفنە مژێ”یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کرد. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی ماهیر ئەسکەندەر بەتەواوی خاپوربوو.

 


_ لە کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی ئێوارەی ١٨ی نیسانی ٢٠٢٥دا ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا ١١ جار تۆپبارانی “گەلی مێوین”ی لە چیای مەتینا لە گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی کرد، لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا و لە کاتژمێر ١١:٠٥ خولەکی شەودا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی هەمان شوێنیان کردەوە.


_ لە کاتژمێر ١٠:٥ خولەک تاوەکو ١١:٢٠ خولەکی بەیانی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، (٥٣) جار گوندەکانی “مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ”یان لە بەری گارە، لە سنوری قەزای ئامێدی، لە پارێزگای دهۆک تۆپبارانکرد،لە کاتژمێر ٧:٥٠ خولەکی ئێوارەی دوێنێدا، هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا، بەچڕی هێرشیان کردە سەر گەلی مێوین، لە چیای مەتینا لە سنوری گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی.


لە کاتژمێر ١٠:٣٢  خولەکی هەمان ئێوارەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، (٥) جار بۆردوومانی هەمان شوێنیان کرد. 

 

مانگی ئایار

_لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو درەنگانی دوانیوەڕۆی ١٥ی ئایاری ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا (١٤) جار تۆپبارانی (گەلی سیڤا)یان لە چیای مەتینا لە پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی کرد. هەر ئەمڕۆ، گوندی کەفنە مژێ و چیای گارا، (٩) جار بوونە ئامانجی تۆپخانەکانی سوپای تورکیا.

 

_ دوانیوەڕۆی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، (٢٦) جار تۆپبارانی گوندەکانی (مژێ، کەڤنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە دامێنی چیای گارا لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد. 

 

_لە کاتژمێر ٩:١٠ خولەکی سەر لە بەیانی تاوەکو کاتژمێر ٣:٠٠ی دوانیوەڕۆی ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا (٣٥) جار تۆپبارانی چیای گارا و ناو گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، دێرەشێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارێ لە سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردووە.

 

_ لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥دا ماوەی پێنج ڕۆژە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا بە بەردەوامی تۆپبارانی چیای حەوت تەبەق و بەری نزارکێ لە نزیک گوندی بەریسکێ لە ناحیەی شیلادزێ لە سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک دەکەن. لە ماوەی ئەو پێنج ڕۆژەدا سوپای تورکیا (٢٦) جار تۆپبارانی ئەو ناوچانەی کردووە. 

 

_ لە ڕۆژی ٢٤ی ئایارەوە سوپای تورکیا (٨٣) جار هێرشی کردۆتە سەر چیای نزارکێ، لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی. تەواوی هێرشەکان بۆ سەر یەک شوێنی دیاریکراوبوون و هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی تۆپخانەکانیەوە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی تۆپباران کردووە. 

 

مانگی حوزەیران 

_ لە بەرەبەیانی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، (٤٨) جار تۆپبارانی گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ و سپیندارێ) لە بەری گارە و چیای مەتینا لە پشتی گوندەکانی (گوهەرزێ و بەلاڤا) لە دەڤەری نهێلێ لە سنوری قەزای ئامێدی کرد.

 

_ دوانیوەڕۆی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا بە چڕی تۆپبارانی دەووروبەری گوندی گوهەرزێی لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد.

 

_ لە بەرەبەیانی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا زیاتر لە (١٠٠) جار تۆپبارانی گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کرد و بە دەیان دۆنم دارستان و ترش و ڕەز و باخی گوندنشینانیان سوتاند.


_ لە دوانیوەڕۆی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، (٧٢) جار بۆردوومانی گوندەکانی (دێڕەشێ، گرگاشێ، مژێ، کەفنە مژێ و سپیندارێ)یان لە ناوچەی بەری گارە لە سنوری قەزای ئامێدی کرد. سەرباری سوتانی دەیان دۆنم زەوی کشتوکاڵی، مزگەوتی دێڕەشێ زیانی بەرکەوت و بەشێکی مزگەوتەکە سوتا.

 

مانگی تەمووز

_ سەرباری ئەنجامدانی مەراسیمی نیازپاکی و لەنێوبردنی چەکی (٣٠) گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕۆژی هەینیدا، لە کاتژمێر ٨:٤٠ خولەکی سەر لە بەیانی ١٢ی تەمموزی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا (٥) جار تۆپبارانی (گەلی مێوین و گەلی قەچۆ)یان لە دەڤەری نهێلێ لە سنوری قەزای ئامێدی کرد.


_لە کاتژمێر ١٩:٢٠ خولەکی ئێوارەی ١٨ی تەمموزی ٢٠٢٥دا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، (٢) جار تۆپبارانی (گەلی مێوین)یان لە زنجیرە چیای مەتینا لە سنوری قەزای ئامێدی کرد.


سەرەڕای هەبوونی پرسی ئاشتی لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد " عەبدوڵا ئۆجالان"، لە ١ی کانوونی دووەم بۆ ٢٠ی تەمموزی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا زیاتر لە (١،٦٩٠) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.