ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: به‌كارهێنانی سه‌ركوتكاری و نایه‌كسانی لەزیادبووندایە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی مافی مرۆڤیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکوتکاری و پێشێلکاری و زەوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە سەردەمی کۆرۆنادا زیادی کردووە لەچاو پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی - ئه‌منستی ئینته‌رناشیۆناڵ، له‌ ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆیدا سه‌باره‌ت بە‌ مافی مرۆڤ ڕایده‌گه‌ینێت په‌تای كۆرۆنا نادادی و پێشێلکارییەکانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئه‌فریقا و سه‌رانسه‌ری جیهان ئاشكرا ده‌كات كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر زینیدانیان، كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران داناوه‌.

لە ڕاپۆرته‌كەدا ئاماژە بەوەکراوە‌ حكومه‌ته‌كانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست به‌ درێژایی ساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەیەکی چڕ مافی ڕادەربڕینیان زەوتکردووە، تەنانەت له‌ هه‌ندێك شوێندا كارمه‌ندانی كه‌رتی ته‌ندروستیش سزادراون به‌ هۆی ڕاده‌ربڕینیانەوە.

ئه‌منستی ئینتەرناشیۆناڵ ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی  ناوەڕاست و باکوری ئه‌فریقا و سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌گرێت، كه‌ چۆن ئاسته‌نگیان له‌ به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ركردنی په‌تای كۆرۆنادا داناوه‌ و به‌ به‌هانه‌ی په‌تاکەوە‌ به‌رده‌وامی به‌ هێرشكردن بۆسه‌ر مافی مرۆڤ ده‌ده‌ن، هەروەها ئه‌م پێشێلكاریانه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ڕه‌وشی زیندانیان، په‌نابه‌ران، كۆچبه‌ران و کەمینەکان داناوه‌ و كه‌لتوری سه‌ركوتكاری، جیاكاری و نایه‌كسانی به‌رفراوانتر کردووە.

 

له‌ كاتێكدا كه‌ حكومه‌ته‌كانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئه‌فریقا ده‌ستیان داوه‌ته‌ سه‌ركوتكردن و تۆقاندنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕای جیاوازیان هه‌یه، ڕێکخراوەکە له‌ هه‌ندێك شوێندا ڕه‌خنه‌ له‌ شێوازی مامه‌ڵكردن بە په‌تای كۆرۆنا ده‌گرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتیان لەو ماوەیەدا بێدەنگ نەبوون لەئاست پێشێلکاری و نادادییەکان و بەردەوام ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌ مافی مرۆڤ هەموو ساڵێک ڕاپۆرتێک بڵاودەکاتەوە كه‌ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ١٤٩ وڵات له‌خۆده‌گرێت‌.

 

هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتی ئەمنستیدا

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی عێراق و باشوری كوردستان، له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌منستیدا ئاماژه‌ به‌ توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دراوە، هه‌روه‌ها باس لە داخستنی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن لەلایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستگیركردنی چالاكوان و ڕۆژنامه‌نووسان شێروان شێروانی و هاوەڵانی، به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر مامۆستا و كارمه‌ندانی ناڕازی له‌ شاری دهۆك كه‌ بۆ وه‌رنه‌گرتنی موچه‌ خۆپیشاندانیان كردبوو، دەکات. هه‌روه‌ها له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا باس له‌ به‌كارهێنانی توندوتیژی له‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌ شاری سلێمانی دەکات كه‌ له‌ دژی گه‌نده‌ڵی و وه‌رنه‌گرتنی موچه‌ ناره‌زایه‌تییان نیشاندابوو، هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان و ئاسته‌نگکردنی به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و ڕێگریکردن لە کاری ڕۆژنامەنووسان کراوە.

 

بارودۆخی عێراق لە ڕاپۆرتەکەدا

له‌سەر ئاستی عێراق جیا له‌وه‌ی كه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا باس له‌ حاڵه‌تی كوشت و ڕفاندنی چالاكوانان، خراپوونی ڕه‌وشی ژیانی خه‌ڵك و پێشێلکردنی مافی ژنان کراوە، ئاماژە بە ڕه‌وشی كوردانی ئێزدی دراوە کە حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ڵێنه‌كانیان بەجێبهێنن له‌ به‌رامبه‌ر ئێزدییه‌كان و کەمته‌رخه‌میه‌كان خراوتە ڕوو، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا پێشێلکاری لە پاراستنی مافی ئێزدییه‌كان بەتایبه‌ت قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژی شه‌نگال و ژنه‌ ڕفێندراوه‌كان له‌لایه‌ن چه‌تەكانی داعشەوە باسکراوە.

 

ت.پ