قازانجی کۆمپانیاکانی جلوبەرگ و هەڵوەشاندنی ژینگە

کۆمپانیاکانی جلوبەرگ، زەوی و ژینگە وەکو کارگەیەک دەبینن، کە کاری تەنها خزمەتکردنە بە بەرژەوەندییە تێرنەبووەکانی مرۆڤە سەرمایەدارەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری لۆکە دەچێنرێت بۆ مەبەستی بازرگانی جلوبەرگ، بەبێ بیرکردنەوە لەوەی سووڕ یان وەرزی ڕواندنی چۆن تێدەپەرێت، پێگەیاندنی هەریەک لەم کێڵگانە بە ماددەی کیمیایی و دژە مێروو دەبێت، لەبەرامبەردا هەر ناوچەیەک کە وەکو کێڵگەی لۆکەی کۆمپانیاکان کار بکات و ماددەی کیمیایی بۆ گەشەی خێرای لۆکەکان بەکاربهێنێت، زۆرترین نەخۆشی تیادا بڵاودەبێتەوە و هەژارەکان دەبنە قوربانی سەرەکی.

 

هەرێمی بنجاب، بەرهەمهێنەری سەرەکی لۆکەیە لە هیندستان کە زۆرترین ماددەی کیمیایی و دژە مێروو بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستنی کێڵگەی لۆکەکان، بەپێی وتەی بەرێوبەری سەنتەری نەخۆشیەکانی بنجاب، "لە ٧٠٪-٪٨٠ی ئەو منداڵانەی لە بنجابی هیندستان لەدایکدەبن یان نەخۆشی مێشکیان هەیە، یان دواکەوتنی هزری یان کەموکوڕی زگماکییان دەبێت، کە دایک و باوکەکان ناچارن بەدیار مردنی منداڵەکانیانەوە دانیشن، هەروەها تەنها لە یەک گونددا ٦٠ منداڵ دواکەوتنی مێشکیان هەیە، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر ترسناکە".

 

ڤاندانا شیفا، چالاکوانێکی ژینگەییە لە هیندستان ئاماژەی بەوە داوە، "ئەو کۆمپانیایانەی کە تۆوی لۆکە دروست دەکەن و ئەوانەش کە ماددەی کیمیایی بۆ خێرا پێگەیشتنیان دروست دەکەن، ئەوانەش کە دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان دروست دەکەن، یەک کۆمپانیان کە پاکانەی خۆیان دەکەن، بۆیە کاتێک تووشی شێرپەنجە دەبین، دیسان ئەوان قازانجەکە وەردەگرن، ئەوان هەمیشە دەیبەنەوە، خەڵک و سروشتیش هەمیشە دەیدۆڕێنن، لێرە هەموو ڕووداوەکان یەک جۆرن، لە پڕ ڕۆژێک بەرپرسێکی ئەو کۆمپانیایانە دێت و بە جوتیارێکی هەژار دەڵێت، "تۆ ئەوەندە پارە قەرزاری منیت و پارەکەت نەداوە تا ئێستا، بۆیە خاکەکەت دەبێتە موڵکی من، ئەمە هەمان ئەو ڕۆژەیە کە جوتیارەکە دەچێتە کێڵگەکەی و پەرداخێک ژەهری مێرووەکان دەخواتەوە و خۆی دەکوژێت، ئەم دیاردەیە یەکێکە لە دیاردە زۆر بڵاوەکان لە خاکەکەمان".

 

جلوبەرگ چۆن ژینگەمان وێران دەکات؟

جلوبەرگ، دووەم گەورەترین هۆکاری پیسبوونی ژینگەیە لەسەر زەوی، قوماش مادەی پۆلیستەری تێدایە و نزیکەی ١٠٦ کیلۆگرام گازی گەرم لە هەوادا دروستدەکات و کاربۆن فڕێدەداتە بەرگە هەواوە، پێکهاتە ڕەنگکراوەکانی قوماش، بە دووەم گەورەترین هۆکاری پیسکردنی ئاو دادەنرێت لە جیهاندا، زیانەکانی ڕەنگی جلوبەرگ لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە پاش بەکارهێنانیان فڕێدەدرێنە دەریاچەکان، ڕەنگەکانیان و ماددە ژەهراویەکەی ناویان بە ئاسانی بەناو زەریا و دەریاکاندا بڵاو دەبێتەوە و دەچێتە جەستەی ماسییەکانەوە.

 

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ یەک پانتۆڵی کابۆ پێویستی بە کیلۆگرامێک لۆکە هەیە، کە چاندنی یەک کیلۆگرام، نزیکەی ٧٥٠٠ بۆ ١٠٠٠٠ لیتر ئاوی دەوێت، بەڵام لە هەندێ لەو براندە کابۆییانەی بەربڵاوترین و زۆرترین بەکارهێنەری هەیە، ماددەیەکی زیانبەخشی تێدایە بۆ سەر ژینگە، کە ڕەنگی ڕووپۆشکراوی کابۆکە دەچێتە ناو قوڵایی دەریاکەوە و زیان بە ژیانی زیندەوەرە ئاوییەکان دەگەیەنێت و ئاوی خواردنەوەش پیس دەکات، هەندێک جۆری کابۆی تەسکیش لە ماددەی دەستکردی کشۆک بەرهەم دەهێندرێت، کە شیبوونەوەیان زۆر ئەستەمە و ژینگە ژەهراوی دەکەن.

 

هەندێک لە کارگەکان هەستان بە بەکارهێنانی ڕێگایەک بۆ کەمتر پیسکردنی ژینگە، ئەویش لەڕێی دووبارە بەکارهێنانی قوماشی پانتۆڵ و جلوبەرگەکان بۆ دروستکردنی جلوبەرگی نوێ،لین وێلسن، ئابووریناسی شارەزا لە زانکۆی گلاسکۆ، دەڵێت: "کێشەکە لە ڕیشاڵی بەرهەمە جلوبەرگییەکانە کە ٦٥٪ی ئەو جلانەی لەبەری دەکەین لە ماددەی پۆلیستەر دروست کراون"، پۆلیستەریش ماددەیەکی کیمیاییە، لە پاشماوەی پلاستیک و تێکەڵ بە نەوت بەرهەم دەهێندرێت و دەتوێندرێتەوە و ماددەیەکی پلاستیکی خاوی لێبەرهەم دێت، پاشانیش لەڕێی ئامێری تایبەتەوە دەکرێ بە ڕیشاڵ و ماددەیەکی هاوشێوەی لۆکەی لێ دروست دەکرێت، دواتر دەکرێتە خوری و دەزوو و دەنێردرێتە ئەو کارگانەی جلوبەرگ دروستدەکەن، بە نرخێکی هەرزانتریش لەچاو لۆکەی سروشتی دەفرۆشرێت.

 

ساڵانە چەندە ماددەی سروشتی لە ژینگەوە دەردەهێنرێت؟

بەپێی ئامارەکان، ساڵانە جیاکردنەوەی ڕیشاڵەکانی ماددەی پۆلیستەری دروستکراو لە کارگەکانی جلوبەرگدا ٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوت سەرف دەکات، هۆکاری بەکارهێنانی پۆلیستەر دەگەڕێتەوە بۆ سووکی کێشی و بەهێزی ڕیشاڵەکەی و هەرزانی نرخەکەی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شیبوونەوەی ماددەی پۆلیستەر بە سەدان ساڵی دەوێت و بەدرێژایی ئەو ماوەیەش زیانێکی گەورە بە سروشت دەگەیەنێت.

 

ساڵانە ٩٢ ملیۆن تەن جلوبەرگ فڕێدەدەرێت و سەرجەمیشیان ماددەی ژەهراوی و زیانبەخشیان تێدایە و هەریەکەیان ٢٠٠ ساڵیان دەوێت بۆ شیبوونەوە، فڕێدانی ئەم جلوبەرگانە نزیکەی ١.٥ تریلیۆن تەنی ئاو خەسار دەکات و وڵاتە هەژارنشینەکان قوربانی سەرەکی ئەم زیانانە دەدەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دروستکردنی جلوبەرگ ڕێژەیەکی زۆری ئاوی پێویستە.

 

جلوبەرگ پێویستی بە هەزاران تەن لۆکە هەیە، لۆکەش بۆ گەشەکردن پێویستی بە ڕێژەیەکی گەورەی ئاو هەیە، ئەمە ئەو کێشەیەیە کە چین و هیند ڕووبەڕووی دەبنەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕێژەی خەسارکردنی ئاو بۆ ٪٥٠ بەرز بێتەوە،کە قەیرانێکی گەورە بەدوایدا دێت، چونکە ساڵانە ٥ ترلیۆن لیتر ئاو بە بۆیەی جلوبەرگ خەسار دەبێت، هەروەها پاشماوەکانی جلوبەرگیش دەبێتە هۆی زیادکردنی ڕێژەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە رێژەی ٪٦٠ بۆ ساڵی ٢٠٣٠ لە بەرگە هەوادا، زانایان مەترسی ئەم پیشەسازییە بە مرۆڤ ڕادەگەیەنن، کە مرۆڤ لەنێوان جەنگی حەز و مرۆڤبوون و بەرپرسیارێتی ژینگەیی ڕادەوەستێنێت. بەڵام ئەم بابەتە ٣ هێندە گەورەتر و مەترسیدارتر دەبێت تا ساڵی ٢٠٥٠.

 

لەگەڵ زیادبوونی داوای چەرمی هەرزاندا، هەرێمی کانبور لە هیندستان بووە بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی چەرم، هەموو ڕۆژێک ٥٠ ملیۆن لیتر ئاوی ژەهراوی فڕێدەدرێت لە کارگەکانی چەرمەوە. کە ئەم ئاوە دەگاتە ئاوی خواردنەوە و لەشی مرۆڤیشەوە. لە ناوچەیەکی وەکو کانبور دوور لە چاوی جیهان، کۆمپانیا گەورەکان هەرزانترین جۆری چەرم بەدەست دەخەن، لە ئەنجامیشدا ژینگە و مرۆڤ لە ناوچەکە باجێکی گەورەیان داوە و بە بەردەوام کەفێکی سپی ژەهراوی ڕووی ئاوەکەی داپۆشیوە، کە مادەی کرۆمیۆمی ژەهراوی تێدایە، خەڵک لە کانبور تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی پێستی سەیروسەمەرە بوون، زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە پێستیان بۆر و تێکەڵە، کە لە پاشماوەی سوتاوی دەچێت، منداڵە تازە لەدایکبووەکان پێستیان یەک ڕەنگە، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەی سووتای دەردەکەوێت لەسەر پێستیان، بەشێوەیەکی بەرچاو زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بەڵەک بوونی پێستیان هەیە و تووشی شێرپەنجە بوون.

 

تێکدانی دەروونی مرۆڤ و لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون

جلوبەرگەکان لە جیهانی ئێستادا، کۆنترۆڵی هەموو کایەکانی ژیان دەکەن، کۆمپانیاکان سیستمێکی هەڵە و بینینێکی قازانج خوازیان بەخشیوە بە ژیان، ئەوان وایانکرد مرۆڤ بە ڕووکەش هەڵبسەنگێندرێت، پرۆسەی هاوسەرگیری و کار و خوێندنیان، بەست بەو دەرکەوتەیەی کە مرۆڤ هەیەتی، لە ڕێی ڕیکلامەکانیانەوە بە خەڵک دەڵێن "گەر مرۆڤێکی گرانپۆش بیت، دەشێ چانسی خۆشەویستی و هاوسەرگیریت زیاتر بێت و هەموو پێویستییەکانی ژیانت دابین دەبێت".

 

لە ئێستادا لە هەر شەش کەسێک لە جیهان، یەکێک لە جیهانی فاشیۆن کار دەکات، بەم پێیەش جلوبەرگ خۆی لەناو پێویستییەکانی ژیانی مرۆڤی مۆدێرن کۆکردەوە، تیم کاسر، پرۆفیسۆر و دەروونزانی ئەمریکی دەڵێت: "بەپێی سەرچاوەکانمان هەتا مرۆڤ زیاتر بە شوێن سەرچاوە ماددیەکانەوە بێت، زۆرتر پارە و ڕووکەش و پێگەی کۆمەڵایەتی و موڵک بۆی گرنگ دەبێت، وە کەمتریش دڵخۆش دەبێت، لە بەرامبەریشدا زۆرتر تووشی خەمۆکی و کێشەی دەروونی و توڕەیی و پەستانی دەروونی دەبێت، ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە لەگەڵ گرنگیدانی زیاتر بە جیهانی ماددی، کێشە دەروونییەکان هەڵکشانی گەورەیان لە هەموو جیهاندا بەخۆوە بینیوە".

 

ئەمەش هۆکاری ئەو هەموو پەیامەیە کە کۆمپانیاکان پێمان دەدەن و پێمان دەڵێن کە پێویستە چیمان هەبێت بۆ ئەوەی دڵخۆشبین، ئەوان دەڵێن، "سەرجەم پێداویستییەکانت پڕ  دەبێتەوە و دڵخۆش دەبیت کاتێک تۆ خاوەنی ئەم بەرهەمەیت، خەڵک زیاتر خۆشیدەوێیت و ڕێزت دەگیرێت"، دەیەوێت پێت بڵێت کە تۆ بەم جلەوە زۆر سەرنجراکێش دەردەکەویت، بەڵام کاتێک لەبەری دەکەیت دەزانیت کە بەو ڕادەیەش سەرنجڕاکێش نییە، قەڵەو دەردەکەویت یان ناگونجێت لەگەڵتدا، بەمەش خۆت کەمتر لەو ستانداردە دەبینیت کە بۆت دانراوە، هەر بۆیە زۆرێک لە خەڵک کە تێکەڵ بە جیهانی مۆدێل و جلوبەرگ دەبن متمانەیان بە خۆیان نامێنێت.

 

هەندێک لە کۆمپانیاکان کەسانی بەناوبانگ بەکاردەهێنن تا بازاڕ بۆ جلوبەرگەکانیان پەیدا بکەن، ئەوان ئەو کەسانەی کە "هیچ جلێک دووبارە ناکەنەوە" بە کەسانی "کەشخە" و "ڕێکپۆش" ناودەبەن، بەمەش زیادەڕەوی کردن لە کڕیندا لە ئاستێکی زۆر بەرز دایە، سەرچاوەیەکی سەرەکی بازاڕی جلوبەرگ دەڵێت: کە کەسێکی ئاسایی لە ئەمریکا، نزیکەی نیوەی جلەکانیشی ناو ژوورەکەی لەبەر نەکردووە.

 

دەزگای "ئیلین ماک ئارسەر" خستوویەتیە ڕوو، ڕێژەی لەبەرکردنی ئەو جلانەی هەمانە بە ڕێژەی ٪٣٦ کەمیکردووە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٥، لە هەمان کاتدا ڕێژەی بەرهەمهێنانیشی زۆر زیادی کردووە.

 

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی، ٪٤٠ی ئەو جلانەی لە زۆربەی وڵاتاندا خەڵک دەیکڕن، لەبەری ناکەن، ئەوان دەڵێن کە پێویستە باوەڕ بەو جلانە بهێنین کە هەمانە و دوورکەوینەوە لەو بازاڕانەی دەیانەوێت بازرگانی بە ئاستی داراییمانەوە بکەن، پێویستە جلوبەرگ هیچکات فڕێ نەدرێت، بەڵکو پارێزگاری لێبکرێت و بە شێوازی جیاواز بەکاربهێندرێت، پاشان بدرێت بەو کەسانەی کە پێویستیانە، چونکە لەبەرکردنی جل بۆ ٩ مانگ بەڕێژەی ٪٢٠ بۆ ٪٣٠ی کاریگەرییە خراپەکەی لەسەر ژینگە کەم دەبێتەوە.