لە ڕێگەی سیخوڕییەوە دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان ئامانجەکانی دەپێکێت
دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان نزیکەی ٦٠ بنکە و بارەگای سەربازی هەیە و لەناو شارەکانیشدا بەناوی ڕێکخراو و دەزگاوە بنکەی سیخوڕی هەیە، هاوشانی هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا، هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و تیرۆر و هێرشەکانی بەردەوامە.
تەوار پێنجوێنی
ناوەندی هەواڵ- مێژووی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەگەرێتەوە بۆ ٣٩ ساڵ بەر لە ئێستا، دوای ئەوەی لە ٢٣ی ئایاری ١٩٨٣ دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتی عێراق ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆکرد و یەکێک لە بنەماکانی ئەوەبوو هەردوو دەوڵەت دەتوانن سنوورەکانی یەکتر ببەزێنن بۆ قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر، بۆ ڕاوەدوونانی گروپە هەڵگەڕاوەکان، کە مەبەستی سەرەکییان بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی گەلی کوردە.
لە دوای ئەو ڕێککەوتنە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٨٣ هێرشی کردە سەر ناوچەی بادینان، لەوکاتەوە هێرشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان و بۆردوومانی سنوورەکان بەردەوامە، ساڵی ١٩٨٨ و پرۆسەی ئەنفال دەوڵەتی عێراق ویستی ئەو ڕێککەوتنە بەکاربهێنێت بۆ ڕاوەدونانی کوردەکان تائەودیو سنووری تورکیا، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ڕێگریی لێکرد و لەدوای ئەو ساڵەوە عیراق کاری بەو رێککەوتننامەیە نەکرد.
لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا نەک ١٥ کیلۆمەتر، بەڵکو زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتر سنوری عێراقی بەزاندووە و نزیکەی ٦٠ بنکە و بارەگای سەربازی هەیە کە زیاتر لە ٥ هەزار سەربازی تێدا جێگیر کردووە.
دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی بنکە و بارەگاکانییەوە لە باشووری کوردستاندا کۆنترۆڵی هێرشەکانی دەکات و بە ناوی ڕێکخراو و دەزگاوە لەناو شارەکاندا دەزگای سیخوڕی بنیادناوە و سیخوڕیش لەناو هاوڵاتیاندا دەکات، بەو هۆیەشەوە کەسانی ئازادیخواز، وڵاتپارێزان و تێکۆشەر دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێت، وەک زەکی چەلەبی، شوکری سەرحەد، هەروەها لە ڕێگەی دەسەڵات و هاوکارییەکانی پەدەکەوە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان دەستگیردەکات و سزای زیندانییان بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی وڵات" بەسەردا دەسەپێنێت، هاوشێوەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان وەک بێریڤان ئەیوب و ئومێد بەڕۆشکی و نزیکەی ٨٣ کەسی دیکە.
بە نزیکبوونەوە لە پەیمانی لۆزان هێرشەکانی چڕ کردووە
پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ واژۆکرا و کوردستان کرایە چوار پارچە، دەوڵەتی تورکیا کە تا ئەوکاتە فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو، بووە تورکیای ئێستا و میساقی میللی کە هەموو ویلایەتەکانی موسڵ و کەرکوکی لەناودابوو، کۆتایی پێهات، بەڵام خەونی باڵادەستی و فەرمانڕەوایەتی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کۆتایی پێنەهات و بووە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو دەوڵەتە، بۆ گەڕانەوەش بۆ فەرمانڕەوایی عوسمانی و زیندووکردنەوەی میساقی میللی، بەردەوام دەوڵەتی تورکیا لەناو هێرشی داگیرکاریدایە و جگە لە نکوڵیکردن لە کوردانی باکووری کوردستان، دەیەوێت خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا-ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات و هەرێمی کوردستان-عێراق (بە یەکێک لە هەڵەکانی خۆی دادەنێت کە ڕێگەی بە سەربەخۆی ئەم پارچەیەی کوردستاندا ناوە) لەناوببات و کۆی ناوچەکە تا موسڵ داگیربکات.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا زیانی بە کوردستان گەیاندووە
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە چیاکاندا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و داگیرکردنی ناوچەی زیاتری باشووری کوردستان بەردەوامە، بۆردومانەکان ناوچە سنورییەکانی بەدرێژایی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە قەندیل تا برادۆست و بادینان، گارە و دەگاتەوە سنوری ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە.
بەشێکی دیکەی هێرشەکانی بۆردومانی ڕاستەوخۆی گوند و ڕەز و باخی هاوڵاتیان و بە ئامانجگرتنیانە، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٠ فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردەسەر نەخۆشخانەیەک لە گوندی سەفرە لە شارۆچکەی ماوەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و نەخۆشخانەکە خاپوور بوو، دوو وڵاتپارێزیش تێیدا گیانیان بەختکرد و زیان بە ماڵی گوندەکان گەشت.
لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆردومانی سەیرانگای کونەماسییان کرد کە ٣٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە دوورە و تێیدا خێزانێکی هەشت کەسی بە سەختی بریندار بوون، دوو لە بریندارەکان منداڵن و تەمەنیان لە نێوان ٢-٣ ساڵاندایە، دوو برینداریشیان ژنن، کە یەکێکیان قاچێکی لەدەستدا، چوار بریندارەکەی دیکەش پیاون.
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک گوندی شیێ-ی سەربە دینارتیان لە دهۆک بۆردوومان کرد و زیان بە ڕەز و باخی گوندنشینان کەوت.
ئێوارەی ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١، فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەناو گوندی گەڵاڵە لە شارباژێر، ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج.
لە ئاداری ٢٠٢١دا دەوڵەتی تورکیا لە برادۆست ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و دوو هاوڵاتی بە سەختی برینداربوون، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری پیکاپ بووە و دوو سەرنشینی بە ناوەکانی زکری حاجی مەجید و لوقمان چەتۆ تێدابووە، کە هەردووکیان پێشمەرگە بوون و بۆ کاری ئاژەڵداری چوونەتە کۆێستانەکانی سیدەکان، جگە لەمە بەردەوام دەڤەری بردۆست لەژێر هەڕەشەی بۆردومان و سەربازانی تورکدایە کە داوایان لێدەکەن گوندەکانیان چۆڵ بکەن.
دەوڵەتی تورکیا سەدان کیلۆمەتر دووری سنورەکانی بۆردومان دەکات
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ناوچە هاوسنورییەکانییەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو سەدان کیلۆمەتر دوورتر بۆردومان دەکات و لەڕێگەی درۆنەوە هێرشەکانی ئەنجامدەدات کە شارەزایان پێیان وایە ئەو درۆنانەی بەکاردەهێنرێت لە خودی سنوری تورکیاوە هەڵنەستاون، بەڵکو لە بنکە و بارەگاکانی ناو هەرێمی کوردستانەوە کاریان پێدەکرێت.
٢٠ی ئابی ٢٠٢١ فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك لە نزیك شارەدێی باتیفای سەر بە زاخۆ بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێكی مەدەنیان كرد و دوو گەشتیاری عەرەب شەهیدبوون، دوو ڕۆژ دواتر تەرمەكانیان دۆزرانەوە.
لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١دا دەوڵەتی تورکیا بەرەبەیانییەک سنوری پێنجوێن و شارباژێری بۆردومانکرد و نزیکەی نیو کاتژمێر بۆردومانەکە بە چڕی بەردەوام بوو، لە گوندی شێخەڵ مارێنی سنوری شارەدێی زەلان لە شارباژێر باخ و ماڵی هاوڵاتیی مەدەنیی کردە ئامانج و لە پێنجوێنیش زیانی بە چەند زەوییەکی کشتوکاڵیی گەیاند، ئەم بۆردومانە بە قوڵایی ٢٠٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمەوە ئەنجامدراوە.
لە شارۆچکەی چەمچەماڵیش ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی سەیدانی خوارووی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ کرد و بەهۆیەوە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون، هەروەها لە ٨ی مانگیشدا جارێکی دیکە ئۆتۆمبێلێک کرایە جێی ئامانج و بۆردومانکرا، بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکە برینداربوون.
٢١ی ئایاری ٢٠٢٢ دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە گوندی توتەقەڵی لە شارەدێی ئاغجەلەر لە سنوری شارۆچکەی چەمچەماڵی بۆردوومان کرد و پێنج هاوڵاتی شەهید بوون.
دوێنێ، ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ فرۆکەی بێ فرۆکەوان لە بەرەبەیانیدا گوندی بەرلوتی لە باکووری کەلار و دەروازەی شارۆچکەکە ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و بۆردومانکرا، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکە بریندار بوو.
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سوپای تورکیا بە دۆشکە تەقەی لە گوندی کێستەی بەرواری باڵا لە سنوری ئامێدی کرد و بەهۆیەوە دوو ژن برینداربوون کە لەو کاتەدا لەنێو ڕەز و باخی خۆیاندا کاری ڕۆژانەیان بەڕێوەبردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە گوندەکانی سنوری ئامێدی و بەرواری باڵا، وەک هرورێ بەردەوام لەژێر مەترسیدان و داوایان لێدەکرێت نەچنە ناو ڕەز و باخەکانیان و ئاژەڵەکان ناتوانن بلەوەڕێنن چونکە دەکەونە بەر دەستڕێژی سەربازە تورکەکان.
دەوڵەتی تورکیا ئامانجی داگیرکارییە
کۆمەڵکوژی ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٩ لەسەر کورتەک لە بناری قەندیل خێزانێک بە ژن و منداڵەوە کۆمەڵکوژ کران، کۆمەڵکوژی ٥ی تەمموزی ٢٠١٩ لە بناری قەندیل کە دیار غەریب، شۆڕشگێری باشووری کوردستان و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و دوو هاوڕێی تێدا گیانیان بەختکرد، کۆمەڵکوژی سەر چیای گۆیژە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، ئەمانە و چەندین کۆمەڵکوژی دیکە لەناو جەرگەی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدراون، هەروەها لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە زیاتر لە ٤٠٠ گوند چۆڵکراون کە زیاترینیان لە سنوری قەندیل و بادینان و برادۆستن، هەموو ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی ترساندن و شکاندنی ئیرادەی گەل و داگیرکردنی خاکی کوردستانە بە چوار پارچەی کوردستانەوە، بۆ ئەوەش هەموو ڕێگەکانی هێرش و پەلامار تاقی دەکاتەوە و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان دەکات.