هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوانی خێزاندار لایەنێکی دیکەی توندوتیژییە دژ بە ژنان ...١

"پێویستە ڕێوشوێنی ڕێگریکردن بگیرێتەبەر"

ئەو ژنانەی بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە ئاوارەبوون، لەو شارانەی تێیدا گیرسانەوە ڕووبەڕووی هەژاری، دۆخی سەختی ژیان، بووەنە ژنی دووەمی پیاوێک و توندوتیژی بوونەوە، بەتایبەت لە رەحای باکوری کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی ژنان بوونە هەوێ (ژنی دووەمی پیاوێک)، لە ماوەی چوار مانگدا منداڵێکی ١٣ ساڵ و گەنجێکی ٢٥ ساڵ کە هەوێیەتییان پەسەند نەکرد، کوژران.

 

مەدینە مەمەد ئۆغڵو

ڕەحا- لەگەڵ ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لە ١٥ی ئازاری ٢٠١١ لە سوریا دەستیپێکرد، تورکیا بوو بە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین پەنابەری سووریا ڕووی تێکرد، شارەکانی ماردین، ڕەحا و دیلۆک کە ناوچەی سنورین زۆرترین پەنابەر هەبوو، بەتایبەتی لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێشێلکارییەکانی ماف و نەهامەتییەکانی ژنانی پەنابەر لەو شارانەدا قوڵتر بوونەوە، ژنانی پەنابەر کە لە دوای شەڕەوە هاتوونەتە تورکیا بەهۆی نەبوونی و ناسەقامگیرییەوە ناچاربوون ببنە هاوژینی دووەمی پیاوێک-هەوێ.

 

لەبەرئەوەی بوون بە هەوێیان پەسەند نەکرد، کوژران

بەپێی ماددەی ١٦١ی یاسای مەدەنیی تورکیا، هەوێ بە "زینا" لە قەڵەم دەدرێت، لە تورکیا نزیکەی ٤ ملیۆن پەنابەری سوری تێدا دەژین، شاری ئورفا لە پلەی چوارەمی دانیشتواندایە، زۆرترین پەنابەری لەخۆگرتووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی پەرسوس، کانی خەزلان، سەرێکانی، ئەیوبییە و حەلیلە.

 

سەرەڕای قەدەغەکردنی بوون بە هەوێ بەپێی یاسا، چۆن و بۆچی ڕێژەی هاوسەرگیری دووەم زیاد دەکات؟ بەپێی هەواڵەکانی لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکراونەتەوە، لە ڕەحا منداڵێکی ١٣ ساڵ و ژنێکی ٢٥ ساڵ بەهۆی ئەوەی پەسەندیان نەبوو ببنە ژنی دووەمی پیاوێک کوژران.

 

ژنانی پەنابەر باوەڕیان بە سیستم نییە

دوای ئەوەی چووینە ناو بازار بینیمان زۆرینەی ئەو ژنانەی پەنابەرن لە نەتەوەی عەرەبن، لەگەڵ منداڵەکانیاندا کارتۆنیان کۆدەکردەوە یاخود کلێنسیان دەفرۆشت، ئەمەش یەکێکە لەو سەختیانەی لە هەر ئاستێکدا بێت ژنان ناچارن بژیوی ژیانیان دابین بکەن، کاتێک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی سەبارەت بە کێشەکانی پەنابەران قسەمانکرد ئاماژەیان بەوەدا کە ژنانی ئاوارەی دانیشتووی شارەکە باوەڕیان بەسیستم نییە، ئەو ژنانە بەهۆی بێباوەڕییانەوە ناتوانن سەختی و دۆخی خۆیان بۆ ڕێکخراوەکان باسبکەن، زۆربەی پەنابەران کاتێک سەردانی دەزگا گشتییەکان و بنکەکانی پۆلیس دەکەن بەهۆی نەبوونی وەرگێڕەوە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە بێ ئەنجام، بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین ژن لەپێناو هاوسەرگیری بەرامبەر بە پارە هاتوونەتە شارەکەوە.

 

"پیاوان هەموو بارودۆخێک بە فرسەت دەبینن"

ژنێک بەناوی هـ.ز. کە دانیشتووی شارۆچکەی ئەیوبیەیە ئاماژەی بەوەدا مانگێک پێش ئێستا هەوێیەکیان بەسەر کچەکەیدا هێناوە لە پەرسوس، "کچەکەم ٨ ساڵە هاوسەرگیری کردووە، پێش مانگێک ئاگاداری هیچ نەبوو کاتێک هەوێیەکی بەسەرداهات، ئێمە نازانین ئەو ژنە کێیە کچەکەم دەبێت چی بکات لەگەڵ منداڵەکانی ئێستا؟ ئەگەر هاوژینەکەی بەجێبهێڵێت لەگەڵ منداڵەکانیدا و ئەگەر بەجێشی نەهێڵێت کێشەکەی دیکەیە، لە پەرسوس ئەو پیاوانەی لەگەڵ ژنەکانیان شەڕ دەکەن، سبەی ژنێکی دیکە دێننەوە ماڵەوە، ئەو ژنانە یان منداڵن یان گەورەن بەڵام هیچیان لەدەست نایەت بیکەن، ئەوی بەسەر ژناندا دێت هەموو جۆرە زەحمەتییەک و چەوسانەوەیە، ئەمە نادادپەروەرانەیە با ژنان فریو نەدرێن".

 

"دۆخی ئابوری بۆ ژنان وەک بەهانەیەک بەکاردەهێنرێت"

ژنێکی سووری لە هەمان ناوچە قسەمان لەگەڵ کرد و ئاماژەی بەوەدا کە زۆرینەی ژنان لە ناچاریدا دەبنە هەوێ، خێزانەکان هەژارن و بەهۆی جەنگەوە ناتوانن بچنەوە ناوچەکانی خۆیان، ناچارن بۆ منداڵەکانیان ئەو کارە بکەن، " هەندێک بە خواستی خۆی و هەندێکیش بەبێ ویست هاوسەرگیری دەکەن، هەندێک هەن پێش ئەوەی یەکتر ببینن خێزانەکەی دێت و دەیباتە ماڵی پیاوەکە، زۆربەی کات ئەو ژنانە دەکرێن بە هەوێ کە منداڵێک یان هەر هاوسەرگیریان نەکردووە، چونکە جگە لەو شێوازی هاوسەرگیرییە هیچ دەرفەتێکی تریان نییە، لەلایەکی دیکەوە، یاوان ئەمە بەکاردێنن و بێ هیچ ڕێگەیەکی فەرمی لە ژنان نزیک دەبنەوە و هاوسەرگیریان لەگەڵ دەکەن".

 

 

"پرۆسەکە لەلایەن کەسێکەوە ڕێکدەخرێت"

س.ح. یەکێکە لەو ژنانەی بووەتە هەوێ و ژنی دووەمی پیاوێک، ئاماژەی بەوەدا کە لەڕێی کەسێکەوە هاوسەرگیری کردووە و ئەو کەسانەش زیاتر ژنن لە بەرامبەر پارەدا هاوسەرگیری ڕێکدەخەن، س.ح. وتی کە پیاوەکە ٢٠ هەزار ملیاری داوەتە ژنەکە بۆی هاوسەرگیری بۆ ڕێکبخات، وتیشی بە خێزانەکەی ڕاگەیاندووە کە دەبێتە ژنی دووەمی پیاوێک و لەبەر ئەوەی ژنیانێکی دڵنیاشی نییە، داوای بڕی ٢٠ هەزار لیرەی داواکردووە ئەگەر لێی جیاببێتەوە، هەروەها ئەو شتانەی گێڕایەوە کە دوای هاوسەرگیرییەکە بەسەریدا هاتووە: "دوای ئەوەی ناوەندگیرەکە لەگەڵ خێزانەکەم قسەیان کرد هاوسەرگیریم کرد، هاوسەرگیرییەکی تری لەم شێوەیە لە خێزانەکەمدا هەیە. ئەگەر ئێمە ڕازی نەبین و بگەڕێینەوە ماڵەوە، ئەوان پارەم دەدەنێ هەندێک دایک ئەمە دەکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەمرن لە برسا".

 

 

"زیاتر لە ناوچە سنورییەکان ڕوودەدات"

کۆمەڵناس ڕوکەن ئەرگونەش ئاماژەی بەوەدا ئەو ژنانەی بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان لە جەنگ هەڵهاتوون و بۆ ڕزگارکردنی خۆیان هاتوونەتە سنووری شارەکانەوە، ڕووبەڕووی هاوسەرگیری دووەم دەبنەوە، ئەو ڕووداوانە بە گشتی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا هەیە، ژنانی پەنابەر ڕووبەڕووی دۆخێکی نامرۆڤانە بوونەتەوە کە زۆرتر لە شارە سنورییەکان باوە.

 

هەروەها وتی: ئێمە دەزانین ئەمڕۆ بە تایبەتی لە ڕەحا و شارە سنورییەکانی دیکە هەمان دۆخ هەیە، ئەو منداڵ و ژنانەی بەهۆی شەڕەوە ناچاری کۆچ بوون بەداخەوە گەورەترین قوربانی جەنگ و وێرانکارییەکانن، ئەم ڕاستیانە پشتگوێ خراون، هەندێک میکانیزمی دەوڵەت پاڵنەری زیادبوونی ئەو دۆخە پەشێوەن و سیاسەتی ناتەواو بۆ پاراستنی ژنان هۆکارن بۆ توندوتیژییەکان".

"ئەم پرۆسەیە زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت"

ڕوکەن ئاماژەی بەوەشدا ژنان دەبنە هەوێ تا ڕووبەڕووی دەستدرێژی، ماددەی هۆشبەر و توندوتیژی نەبنەوە، ئەم دۆخە زیانی گەورە لە ژنان و کۆمەڵگە دەدات، کۆمەڵگە هاوسەرگیری دووەم و لە تەمەنی بچوکدا ئاسایی دەبینێت ئەمەش دەبێتە هۆکارێک تا پرۆسەکە پەرەبستێنێت، لە ئەنجامدا ژنان لە ڕووی سۆزداری، یاسایی و ئابوورییەوە دەبنە قوربانی، بۆ ڕێگریکردن لەم دۆخە پێویستە زەمینەی ژیانی پێویست بۆ ژنانی ئاوارە دروستبکرێت، هەروەها پێویستە ڕێگری لە هاوسەرگیری لە تەمەنی زوو و هاوسەرگیری دووەم بگرێت".

 

سبەی: "هاوسەرگیری ژنی دووەمی پیاوێک لە دژی ئیرادەی ژنان پێشدەکەوێت"

ت.پ