کابینەکەی مەسرور بارزانی هیچی بۆ خەڵک پێنەبوو

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ناوی چاکسازی و حکومەتێکی بەهێز بوو، بەڵام نە چاکساز بوو نە بەهێز، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی هاوڵاتی خراپتر و داگیرکاریەکان قوڵتر دەبنەوە.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە دەنگی ٨٨ پەرلەمانتار متمانەی پێ بەخشرا.

 

 کابینەکە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا بەڵێنی گۆڕانکاری گەورە و خزمەتگوزاری زۆری بە خەڵکدا، دروشمی کابینەکەش چاکسازی و حکومەتێکی بەهێز بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕێگەی لێدوان و ڕاگەیاندنەکانەوە دایم جەختی لە ئازادی ڕادەربڕین و شەفافی لە داهاتی ناوخۆی و نەهێشتنی قەیران و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان دەکات.

 

پرسیار ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا کابینەی نۆیەم تا چەن توانیویەتی لە چوارچێوەی بانگەشەکان و دروشمەکانی ئەم کابینەیەدا کار بکات؟

 

لەم ڕاپۆرتەدا بەشێکی کورت لە دۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەتان بۆ دەخەینە ڕوو لە ماوەی چوار ساڵدا:

 

ئێستا و دوای زیاتر لە سێ ساڵ تەمەنی کابینەی نۆیەم، قەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بڕی ٤ ملیار و ٨٨ ملیۆن دۆلار زیادیكردووە، قەیران و ناکۆکی و ململانێی حزبە بەشدارەکانی ئەم کابینەیە گەیشتووە بە ئاستێک، نە داهاتی ناوخۆ دیارە، نە داهاتی نەوت، کەس نازانێت چی لێ دێت و چۆن خەرج دەکرێت.

 

کابینە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا ٨ ترلیۆن دیناری هاوڵاتیان قەرزدارە و دۆخی ئابوری هاوڵاتیانیش بە هۆی گرانی پێداویستیەکانەوە ناجێگیرە و فەرمانبەران و خانەنشینانیش لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا گیان لەدەستدەدەن.

 

٣٥ هەزار کەس کۆچیان کردووە و ئازادی ڕادەربڕین بوونی نییە

لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تائێستا زیاتر لە ٣٥ هەزار كەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە.

 

لەگەڵ ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، دایمە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئازادی بیروڕا لەم هەرێمەدا بەرقەرارە، بەڵام لە ساڵى ٢٠١٩ تا کۆتایى ساڵى ٢٠٢١، ٩٦٩ پێشێلکاریى بەرامبەر ٧٦١ ڕۆژنامەنووس و دەزگاى ڕاگەیاندنى جیاواز ئەنجامدراوە و لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ٨٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانى بادینان بە تۆمەتى جۆراوجۆر دەستگیرکراون و ڕووبەرووی سزادان بوونەتەوە.

 

بە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنییەوە لە هەرێمی کوردستان، ئێران و توركیا هێرشەكانیان بەرەو چەقی هەرێم ئاراستە دەكەن، بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی پاراستنی گەل-هەپەگە تەنها بۆ دوو مانگی ئەمساڵ، لە ١٤ی نیسان بۆ ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دوو هەزار و ٦٥ بۆردومان بە فڕۆکەی جەنگیی و هەزار و ٤٩٣ بۆردومان بە هێلیکۆپتەری جەنگیی هەنجامدراوە.

 

٧٧٩ جاریش ناوچە جیاوازەکان لەلایەن سوپای تورکەوە بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنیی بۆردومان کراوە، بەپێی ئامارەكانی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنی نیسانی ساڵی ٢٠٢١دا لە ماوەی نزیکەی چوار مانگدا، بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە، ٣٥ هەزار دۆنم ڕەز و باخ و كشتوكاڵی هاوڵاتیان سوتان، ٣٥٠ سەر ئاژەڵ لەناوچوون، دانیشتوانی ٢٩ گوند ئاوارەبوون و ١٥٠ گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان کەوتووەتە سەر.

 

لە کابینەی نۆیەمدا هیچ جێیەک بۆ پرسی توندوتیژی ژنان نەکراوەتەوە

ئەم کێشە و گرفتانە زەرەر و زیانێکی زۆری گەیاندووە بە کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بەتایبەتی، توندوتیژییەکان تا دەچێت ڕوو لە هەڵکشان دەکات بە شێوازێک کە ڕۆژ نییە ژنێک بە دەستی پیاوێک نەکوژرێت، وەڵامی سەرۆکی حکومەتیش ئەوەیە کە دەڵێت لە هەموو وڵاتێکدا توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان هەیە.

 

لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا لە کۆی دەرکردن و هەموارکردنی ٢٦ یاسا هیچیان لە چواچێوەی خزمەت بە ژناندا نەبووە و ئەو یاسانەش کە هەیە تا ئێستا هەموار نەکراوەتەوە، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠ بەڕێژەی ٪٣٣ ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەرزبوونەتەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢١ رێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان رایگه‌یاند هیچ دۆسیەیەکی کوشتنی ژنان لەم ساڵەدا بە ئەنجام نەگەیشتووە لە کاتێکدا ١٠١ ژن کوژراون یان خۆیان کوشتووە، هەروەها لە شەش مانگی ئەمساڵدا واتە ٢٠٢٢، ٨٢ ژن کوژراون یاخود خۆیان کوشتووە.

 

ڕێگە بۆ داگیرکاری و کوشتنی ژنان کراوەتەوە

بە وردبوونەوە لە هێرشەکانی دەوڵەتانی داگیرکار بۆ خاکی هەرێمی کوردستان و کوشتنی ژنان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی بوترێت چۆن دەسەڵات دەستی وڵاتانی داگیرکاری واڵاکردووە بۆ هێرش و بۆردومان بۆ سەر نیشتمان. بەهەمان شێوە دەستی پیاوانیشی واڵاکردووە لە هێرش و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.

 

لە لایێکی دیکەشەوە کوشتنی بە مەبەست بووەتە دیاردەیەکی باو لە ناو ئەم کۆمەڵگەیەدا و لە ساڵی ٢٠٢١دا  ٢١٥ ڕووداوی کوشتنی بە مەبەست و ٥٩ حاڵەتی کوشتنی بێمەست  لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، نزیكەی ٦٠٠ تۆمەتباریش دەستگیركراون.

                           

ئەمەی کە ئاماژەمان پێدا مشتێک لە خەرمانێک بوو و سەرۆکی حکومەتیش دایمە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێمە لەم کابینەیەدا سەرکەوتوو بووین، بەڵام ئەوەی کە هەیە، لەبەرچاویشە.