٨ ژن لە ڕەنگ و نەتەوەی جیاواز تێکۆشان بۆ یەک ئامانج؛ "ئازادی و یەکسانی"

ژنان لە سەرتاسەری جیهان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان لەمێژە خەبات دەکەن و توانیویانە خۆیان لەژێر چنگی دەسەڵات و عەقڵیەتی پیاوسالاری بهێننە دەرەوە و ببنە هێمای تێکۆشان و ئازادی.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ئەو ڕۆژەی كە بووە بە هێمای خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی نایەکسانی جێندەری، ڕێزگرتن لە ٨ی ئادار ڕێز گرتنە لە خەباتی زیاتر لە دوو سەدەی ژنان بۆ نەهێشتنی ئەو چەوسانەوەیەی كە بە هۆی سیستمی پیاوسالارییەوە بە سەریاندا سەپێندراوە، خەباتی ژنان کە لەمێژە درێژەی پێدەدرێت لە ٨ی ئاداردا پەیامی بەردەوامی و فراوانبوونی دەدرێت.

 

 لێرەدا مێژوویەكی كورت دەخەینە ڕوو كە باس لە خەباتی دوور و درێژی ژنان دەكات، ژنانی کورد هەمیشە هەوڵیانداوە بۆ گۆڕینی تێڕوانینی نەرێنی کۆمەڵگە بەرامبەریان و دژی ستەم و هێرش و نادادی لەسەر خۆیان و نەتەوەکەیان بەردەوام لە تێکۆشاندا بوون.

 

لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەی کورد، کۆمەڵگەیەکی نێرسالارە، بەڵام لە مێژووی گەلی کورد دا ژمارەیەکی بەرچاو ژن دەبینرێت، کە جێگە دەستیان لە بواری سیاسەت، هونەر، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا دیارە.

 

خانزادی میری سۆران

لە باشووری کوردستانەوە خانزادی میری سۆران هەیە، که‌ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ناوێکی دیار و جێ شانازییه‌، ناوی ته‌واوی "خانزادی شا قوڵی به‌گی میر سوله‌یمان به‌گی میر سه‌یدی به‌گی میری سۆران"ە، له‌ ساڵه‌‌کانی ناوەڕاستی سه‌ده‌ی ١٦ی زاینیدا لەدایکبووه‌، له کۆتایی هه‌مان سه‌ده‌ و له ساڵی ۱٥۹۷ کۆچی دوایی کردووە، فه‌رمانڕه‌وایی سۆرانی ده‌کرد، له نێوان ئه‌و هه‌موو‌ ناکۆکی و ململانێیه‌ى نێوان میرنشینه‌کان و کێشه ‌و ئاڵۆزی شای ئێران و عوسمانیه‌کان توانیویه‌تی زۆر سه‌رکه‌وتووانه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی میرنشینیه‌که‌ی بكات و سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌ویی فراوان بکات، جگه‌ له‌ دروستکردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمەتگوزاری لە ناوچەکانی ژێر فەرمانڕەوایەتی میرنشینەکە.

 

به‌ پێی نووسراوه‌ مێژووییه‌کان ئه‌و کاته‌ی که‌ "خانزادی میری سۆران" فه‌رمانڕه‌وایی سۆرانی کردووه،‌ دانیشتوانی ناوچه‌ی سۆران و به‌تایبه‌ت هه‌ریر زۆر خۆشگوزه‌ران بوون، له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیدا، خۆی کاروباری میرنشینه‌که‌ی له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ و هه‌موو کاروباره‌کانی ڕاپه‌ڕاندووه‌، هه‌رچه‌نده کتێب و نووسینه‌کان دەربارەی که‌من‌، به‌ڵام ژیان و تێکۆشان و قه‌ڵا و شوێنه‌واره‌کانی هێشتا له‌ کوردستان ماون.

 

ساکینە جانسز

ساکینە جانسز، پیشەنگ و تێکۆشەری ڕێگای ئازادی و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ساڵی ۱۹٥۷ لە شاری دەرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە دوای کودەتا سەربازییەکەی تورکیا لە ساڵی ١٩٧١ دەچێتە ڕیزی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ، پاشان لەناو ڕیزی شۆڕشگێڕانی کورددا دەمێنێتەوە.

 

لە شاری ئەلعەزیز چالاکانە تێدەکۆشێت، لەوێ لە گەڕەکەکانی (فەوزی چاکماک، یڵماز باغڵەر) کە زۆربەی کوردی عەلەوین خەبات دەکات و گرنگی نەتەوەیی کورد بە بنەما دەگرێت و ڕۆڵێکی چالاکانەی دەبێت لە ڕێکخستنکردنی گەنجانی کورددا، لە ۲۷ تشرینی دووەمی ساڵی ۱۹۷۸ دا بەشداری یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت و لەساڵی ۱۹۷۹ دا لە شاری ئەلعەزیز دەچێت ڕیزی هەڤاڵەکانیەوە.

 

لە کودەتای ۱۲ ئەیلولی ساڵی ۱۹۸۰دا لە زیندانی ئامەد سەرەڕای هەموو ئەشکەنجە و فشارەکانی ناو زیندان دریژە بە تێکۆشان دەدات، لە زیندانەکانی ئەلعەزیز، مەڵاتیا، ئامەد، بورسا و چەناک کایا، ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و لەساڵی ۱۹۹۱دا لەزیندان ئازاد دەکرێت، پاش ئەوە بەشێوەیەکی چالاک بەشداری ڕیزی تێکۆشەرانی کورد دەبێت، ماوەیەک لە فەڵەستین، سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەمێنێتەوە، پاشان دەچێتە چیاکانی کوردستان و بەشداری تێکۆشینی گەریلایەتی دەبێت و لە کۆنگرە و کۆنفرانسی تەڤگەری گەنجان و "پەکەکە" دا بەشدار دەبێت و دواتر دەچێتە ئەوروپا و کار و خەباتی ڕێکخستنی لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوە دەبات، ساکینە جانسز لەگەڵ دوو هەڤاڵیدا بەناوەکانی (فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز) لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس لەئەنجامی هێرشێکی دڕندانەدا شەهید کران.

 

مینا قازی

مینا ئەسکەندەری یان مینا قازی، سیاسەتمەداری کورد و سەرۆکی یەکێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، لە ساڵی ١٩٠٨ لە مھابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، باوکی ناوی ئەحمەد و دایکی ناوی گوڵئەندام بوو، لە تەمنی ١٩ ساڵیدا لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد هاوسەرگیریان کرد و سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە، بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا قازی بووە لە ھەموو بوارەکاندا بووە.

 

ژنێکی لێھاتووی سەردەمی خۆی بووە و لە ساڵی ١٩٤٥ یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند. مینا بووە یەکەم سەرۆکی ئەو ڕێکخستنە، لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی ڕێکخراوی "یایا" کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ژنان بووە، بەم جۆرە مینا خانم لەو ھەولومەرجەدا و لە کاتێکدا کە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداری ژن لە چالاکیی سیاسیدا لەمپەڕ بوون، توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێت لە دەسپێکی ھاتنە مەیدانی ژن بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی.

 

مینا قازی لە ژیانیدا تووشی زۆر ناخۆشی و ناڕەحەتی بووە، لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانی ئێرانەوە تووشی زیندانیکردن و ئەشکەنجە و ئازار بووە، ئەم ژنە خۆڕاگرە لە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن ڕژێمی ئاخوندی ئێرانەوە بۆ ماوەی ١١ مانگ زیندانی کرا و کەوتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژییەوە، کە لە زیندان بوو بەھۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە تووشی نەخۆشی بوو، لە ساڵی ١٩٩١ ڕوویکردە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەکی کەم گەڕایەوە مهاباد، لە ساڵی ١٩٩٨ کۆچی دوایی کردووە.

 

مەیان خاتوون

مەیان خاتوون، ژنە پیشەنگی کورد لە ساڵی ١٨٧٤ لە شنگال لەدایکبووە، کچی عەبدی بەگی ئێزدیە کە ماوەیەک میری ئێزدیان بوو، لەناو خێزانێکی خانەدانی ئێزدی لەدایکبووە، لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٣-١٩٥٧ بە شێوەیەکی فەرمی میرێتی بۆ کوردانی ئێزدی کردووە و جەنگاوەرێکی بەتواناش بووە.

 

لە ساڵی ١٨٩٢ بۆ ۱۸۹٣ مەیان خاتوون ڕووبەڕووی هێرشی عوسمانیەکان بووەوەو لەلایەن عومەر وەهبی پاشای عوسمانیەکان دەستگیرکرا و داوای لێکرا ئایینەکەی بۆ ئیسلام بگۆڕێت، ئەو سه‌رده‌مه‌ یەکێکه‌ لە سەردەمە دژوارەکانی کوردانی ئێزدی کە رووبەڕووی هێرشی عوسمانیەکان بوونەوە و ژمارەیەکی زۆریان کۆمەڵکوژ کران. کارەکتەری توندی مەیان خاتوونیش بەشێکی پەیوەندی بەو ڕووداوانەوە هەیە کە بە چاوی خۆی بینیویەتی.

 

دوای کوشتنی میر عەلی بەگی هاوژینی پیشنیارکراوە سەعید بەگی کوڕی لە جێگەی دابنرێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی تەمەنی سەعید بەگ بچووک بووە، مەیان خاتوون کاروباری میرنشینی گرتووەتە ئەستۆ، بە هۆی ئەوەی چەندین ساڵ کاروباری میرنشینی بەرێوە بردووە و کۆمەڵگەی ئێزدی لە هەموو شەڕ و پێکدادان پاراستووە، کاتێک سەعید بەگیش گەورە دەبێت و دەبێتە میر، کۆنتڕۆلی میرنشینەکە هەر لە دەستی مەیان خاتوون دەبێت.

 

بە پێی بەڵگە فەرمیەکان کاریگەری مەیان خاتوون نزیکەی ٤٤ ساڵ لە خەبات بەردەوام بووە و ڕۆڵی مەیان خاتوون لەو سەردەمەدا زۆر گرنگ بووە، چونکە جیهان ڕووبەڕووی جەنگی جیهانی یەکەم بووەتەوە و ئەو جەنگەش کاریگەریەکی زۆری لە ناوچەکە و کوردستانیش کردووە، مەیان خاتوون لە ساڵی ١٩٥٨ کۆچی دوایی کردووە.

 

جەمیلە بوحێرد

جەمیلە بوحێرد، ژنە تێکۆشەرێکی جەزائرییە، یەکێک بووە لەو تێکۆشەر و خەباتگێڕانەی بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ بەشداری لە شۆڕشی جەزائیر دژی داگیرکاری فەڕەنسا کردووە لە کۆتایەکانی سەدەی بیست، لە ساڵی ١٩٣٥ لە حەیی قەسبەی جەزائیری پایتەخت لە باوکێکی جەزائیری و دایکێکی تونسی لەدایکبووە، لە کاتێکدا خوێندکارانی جەزائیر لە ڕیزی بەیانیاندا دەیان ووت فەڕەنسا دایکمانە جەمیلە بەدەنگی بەرز دەیقژاند و دەیووت جەزائیر دایکمانە، سەرپەرشتیاری خوێندنگاکە لە ڕیز هێنایە دەرەوە و سزایەکی توندیدا، بەڵام پەشیمان نەبووەوە و لەو ساتەدا هەست و مەیلی تێکۆشەری لا دروستبوو.

 

کاتێک لە ساڵی ١٩٥٤ شۆڕشی فەڕەنسا هەڵگیرسا، جەمیلە بوحێرد چووە بەرەی تێکۆشانی ئازادی نیشتیمانی جەزائیرەوە دژی داگیرکاری فەڕەنسا، دواتر چووە ڕیزی قوربانیدەران لە یەکەمینە خۆبەخشەکان بووە لەگەڵ ژنە تێکۆشەر جەمیلە بو عەزە، دوای ئەوەی لە ساڵی١٩٥٧ بە سەختی بریندار بوو خوێنی لێ دەچۆڕا زیندانی کرا، لەوکاتەی لە نەخۆشخانە بوو فەڕەنسیەکان ئەشکەنجەیان دەدا و ماوەی سێ ڕۆژ کارەبایان لێدا، تاکو دانپێدانان لەسەر هاوڕێکانی بکات، بەڵام بەرگەی ئەو ئەشکەنجانەی گرتووە تا بێهۆش بووە، دوایی ئەوەی هۆشی هاتۆتەوە وتوێتی جەزائیر دایکمانە، دوایی سێ ساڵ زیندانی گوێزرایەوە بۆ فەڕەنسا ماوە سێ ساڵ لەوی مایەوە و دواتر لەگەڵ هاوڕیکانی تریدا ئازادکران.

 

ڕۆڵی جەمیلەی تێکۆشەر کاری زنجیرەی گەیاندنی نێوان فەرماندەی شاخ لە بەرەی ئازادی جەزائیر و فەرماندەی شار بووە، لە بڵاوکراوەکانی فەڕەنسادا لە شاردا هاتبوو بڕی ١٠٠ هەزار فرانكی فەرەنسی دەدەن بەو کەسەی کەلـلەسەری جەمیلەیان بۆ بەرێت، بەهۆی قارەمانێتییەکانیەوە لە یەکەمینەکانی لیستی ئەو کەسانەدا بوو کە بە دوایدا دەگەڕان، کاتێک ئەشکەنجەدەرانی شکستیان هێنا لە هەوڵی دانپێدانانی جەمیلە، ساڵی ١٩٥٧ بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، لەوکاتەی بڕیارەکەیان دەردەکرد جەمیلە وتی "دەزانم بڕیاری لە سێدارەدان بۆ دەردەکەن، بەڵام لەبیرمەکەن بە کوشتنی من نەریتی ئازادی دەکوژن لە وڵاتەکەتاندا، بەڵام ڕێگر نابن لەوەی جەزائر ئازاد ببێت".

 

ڕۆژی ٧ی مارس ١٩٥٨ بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکە دیاری کرا، بەڵام جیهان هەمووی ناڕەزایی دەربڕی و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، دوایی ئەو ناڕەزایە بڕیارەکە دواخرا و دواتر فەرمانی زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرکرا، دوایی ئازاد بوونی جەزائیر لە ساڵی ١٩٦٢ جەمیلە لە زیندان هاتە دەرەوە، بووە بەناوبانگترین هێمای بەرەنگاری لە جەزئیردا، کاتێک ناوی ژنانی تێکۆشەری عەرەب دەبرێت جەمیلە بوحێرد بەناوبانگترینیانە.

 

کلارا زەتکین

کلارا زەتکین، سیاسەتمەدارێکی ئەڵمانی چەپڕەو بووە و داکۆکی لە مافەکانی ژنان کردووە، لە ساڵی ١٨٥٧ لەدایکبووە و دوای تەواوکردنی خوێندن وەکو مامۆستا لە قوتابخانەکانی ناوەندی وانەی وتۆتەوە، لەساڵی ١٨٧٥ەوە و لەسەردەمی بسمارک لە پێشەنگی ئەو ژنانە بووە کە لەپێناو ئازادییە گشتیەکانی ژناندا تێکۆشاوە و بەشداریکردووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی سەدان کرێکاری ژنی ئەڵمانی.

 

کلارا زەتکین بەھۆی ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە ڕاوەدوونراوە، ساڵی ١٨٧٨ ھەڵھاتووە بۆ زوریخ، تاکو ساڵی ١٩١٧ ئەندامێکی چالاکی حزبی دیموکراسی یەکگرتووی ئەڵمانیا بووە، دواتر چووەتە نێو باڵی چەپی حزبی دیموکراتی یەکگرتووی بێلایەنی ئەڵمانیا، ساڵی ١٨٩١ ڕۆژنامەی ھاوسەنگی دامەزراندووە، ھەروەھا یەکگرتووی سەبارتاکۆسییەی دامەزراندووە کە کورتکراوەی سبارتاکۆسی ئازادکەری کۆیلەکان بووە.

 

ساڵی ١٩١٠ پێشنیاری بۆ سکرتاریەتی نێودەوڵەتی ژنانی یەکگرتوو کردووە لە ٨ی ئاداری ھەموو ساڵێک ئاھەنگ بۆ ژنە تێکۆشەرەکان بگێڕدرێت، لە ساڵی ١٩٣٢ ئەو کاتە کە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا بووە، وتارێکی پێشکەشکردووە کە دواتر بووەتە بەڵگەیەکی مێژوویی، لەو وتارەیدا داوای لە گەلی ئەڵمانیا کردووە دژایەتی فاشیەت بکەن.

 

وەکو ڕێزلێنانێک بۆ کلارا زێتکین ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات وێنەکەیان لەسەر دراوەکەیان داناوە، لە ٢٠ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٣ کۆچی دوایی کردووە.

 

سیلای غەفار

سیلای غەفار لە ساڵی ۱۹۸۳ لە پارێزگای فەرەح لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان لەدایکبووە، کچی تێکۆشەرێکی ئازادیخواز و ڕۆشنبیرێکی چەپە، کاتێک تەمەنی سێ مانگ بوو خێزانەکەی لە ئەفغانستان ڕایان کرد بۆ ئەوەی وەک پەنابەرێک لە پاکستان بژین، چونکە لە خیزانێکی ڕۆشن فکر بوو، بە هاندانێکی بەرزەوە گەورە بووە بۆ هەمیشە شەڕکردن و تێکۆشان بۆ مافەکانی خەڵکی وێران وەک چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی بە یارمەتیدانی منداڵانی ئەفغانی و ژنانی کامپی پەنابەران لە پاکستان دەستی بە پیشەی خۆی کرد.

 

هەمیشە ڕەخنەگرە لە حکومەت و هەموو جەنگاوەرەکان هەروەها هۆکاری ڕیشەیی لە پشت پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ئەفغانی باس کردووە، بە پێشەنگێکی چالاک ناسراوە و ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە زۆربەی کۆنفڕانس و پێشهاتە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکانی سەر ئەفغانستان، وەک بۆن دووەم و کۆنفرانسی لەندەن و ئەوانی تر کە تێیدا قسەی زۆر ڕەخنەیی لەسەر بارودۆخی ئەفغانستان کرد، هەموو ئەم ئەزمونە بووە هۆی ئەوەی کە چالاکانە بەشداری لە سیاسەتدا بکات وەک ئۆپۆزسیۆنێک.

 

وەک وتەبێژی پارتی هاوکاری ئەفغانستان تا ئابی ٢٠٢١ بە وتەیەکی ئاشکرا لە دژی داگیرکاری و شەڕکەرانی ئەمریکا و ناتۆ ناسراوە، لە دیبەیتەکانی تەلەفزیۆنیدا سیاسەتی شەیتانیی داگیرکەران و مینبەرە ئەفغانییەکانی ئاشکرا دەکات و تاوانەکانی حکومەت و شەڕکەرانی دیکەی ناوخۆیی لەسەر خەڵکی ئەفغانستان دەخاتەڕوو.

 

لۆرا جەین ئادامس

لۆرا جەین ئادامس لە ساڵی ١٨٦٠ لەدایکبووە، چالاکوانی نیشتەجێی ئەمریکیا، ڕیفۆرمخواز، توێژەری کۆمەڵایەتی، کۆمەڵناس، بەڕێوەبەری گشتی و نووسەر بووە، پیشەنگێکی گرنگ بوو لە مێژووی کاری کۆمەڵایەتی و مافی دەنگدانی ژنان لە ئەمریکا، ئادامس هاوس هولی شیکاگۆی دامەزراند، یەکێک لە بەناوبانگترین خانووەکانی نیشتەجێکردنی ئەمریکا، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی فراوانی پێشکەش بە خێزانە هەژارەکان کرد، کە بە زۆری خێزانە کۆچبەرەکان بوون، لە ساڵی ١٩١٠، لۆرا جەین ئادامس بڕوانامەی ڕێزلێنانی هونەری لە زانکۆی یەل پێبەخشرا و بووە یەکەم ژن کە بڕوانامەی ڕێزلێنانی لە قوتابخانەکە وەرگرتبوو لە ساڵی ١٩٢٠دا، هەروەها دامەزرێنەری یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا بوو.

 

داکۆکیکارێک بۆ ئاشتی جیهانی و بە دامەزرێنەری پیشەی کاری کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا ناسرابوو، لە ساڵی ١٩٣١دا بوو بە یەکەم ژنی ئەمریکی کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، یارمەتی ئەمەریکای دا بۆ تیشک خستنە سەر ئەو کێشانەی کە خەمی دایکان بوون، وەک پێداویستی منداڵان و تەندروستی گشتی ناوخۆ و ئاشتی جیهانی، لەوتارەکەیدا کە "سوودوەرگرتن لەژنان لەحکومەتی شارەکە"دا، پەیوەندی نێوان کارەکانی حکومەت و خێزانی گەڕاندەوە، کاتێک لۆرا جەین ئادامس لە ساڵی ١٩٣٥ کۆچی دوایی کرد، بەناوبانگترین کەسایەتی گشتی ژن بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

 

ژنانی کورد تێکۆشانی مێژووییان لە سەردەمی نوێدا زیندوو کردەوە

لە سەردەمی ئەمڕۆدا، تێکۆشان و خەباتی ژنان لە تەواوی وڵاتانی جیهان و هەرچوار پارچەی کوردستان بەردەوامی هەیە، ژنان لە ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق و زۆرینەی وڵاتان بەهۆی بوونی ڕژێمە فاشیستی و دیکتاتور و دەسەڵاتی دوواکەوتوو و چەق بەستووەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووشی دۆخی خراپتر و مەترسیدار دەبن.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان کە ڕژێمی بەعسی سوریا تەواوی مافەکان پیشێل دەکات و ڕێگە بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دراوە هێرش بکات، هێرش و دەستدرێژییەکان بەهەموو شێوازەکانیەوە بۆسەر ژنان زیادیکرد، بەڵام ئەو خەباتەی لەمێژە ژنان بەردەوامیان پێداوە، لە ساڵی ٢٠١٢ گۆڕا بۆ شۆڕشێکی مەزن و بە "شۆڕشی ڕۆژئاوا" لە جیهاندا دەنگی دایەوە، دەبینین ئەم شۆرشە کە پیشەنگەکەی ژنان بوون، لە ڕووی هۆشیاری و ئابووری و سیاسی و پاراستن و کلتوور و زمان دەستیپێکرد و ئەمڕۆ ڕووناکی خۆی بەخشیوتە گەلانی چەوساوە.

 

ڕژێمی ئێران ٤٤ ساڵە، بە زۆر و کوشتاری و نایەکسانی ڕاەگەزی و سەرکوتکردنی ژنان لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە لە بەرامبەریدا ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران و بە تایبەتی ژنانی کورد دەیان ساڵە بێ پشوو دژ بەو دەسەڵاتە خەبات دەکەن و بە پێی توانا بەرپەرچیان داوەتەوە، دەبینین لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە ئەو خەباتەی ژنان بووەتە شۆڕشێکی نوێ و ماوەی نزیکەی ٧ مانگە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوامی هەیە و ژنان چیتر بیدەنگ نابن و ناگەڕێنە دواوە.