جوانکاری، شاردنەوەی جوانی سروشتی ژنان

ژن کە خاوەن جوانییەکە لە سروشتەوە وەریگرتووە، بەڵام سیستمی سەرمایەداری ویستی ئەوەیە ئەم جوانییە لە ژن وەربگرێتەوەو وایکردووە ژنان لە شێوەی ڕووخسار و لاشەی خۆیان ڕازی نەبن، هەربۆیە پەنا دەبەنەبەر نەشتەگەری و شێوەی خۆیان دەگۆڕن .

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- لە کاتیكدا نەشتەرگەری جوانکاری وەک پێویستی پەرەیپێدرا و مێژووناسان پێیانوایە میسرییە كۆنەكان سێ هەزار ساڵ پێش زایین نەشتەرگەریی جوانكارییان ئەنجامداوە، دوای میسرییەكان نووسەر و پزیشكێكی هیندی بە ناوی "سوشا راتا" ٦٠٠ ساڵ پێش زایین نەشتەرگەری جوانكاری بۆ نەرمەی گوێ ئەنجامداوە، لە سەدەی حەوتەمی زایینی "گاس پارا گولیكوز" لە ئیتاڵیا كە بە باوكی نەشتەرگەریی جوانكاری ناسراوە، دوای ئاشنابوونی بە شێوە نەشتەرگەرییەكانی "سوشا راتا"ی هیندی بووە شارەزایەكی بواری جوانكاری و گواستنەوەی پێست، دوای ئەوە ساڵی ١٩٢٨ پزیشکێکی ئەڵمانی بە ناوی "جوزێف" كتێبێكی بە ناوی نەشتەرگەریی جوانكاری بڵاوكردەوە، لە ئێستاشدا نەشتەرگەری جوانكاری لە هەموو جیهاندا بووەتە پیشەیەكی گرنگی جیهانی و ملیۆنان كەس ڕوویان لە ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە كردووە.

 

نەشتەرگەری جوانکاری لە پێویستییەوە بۆ حەز

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت وڵاتە عەرەبییەکان ئەم نەشتەگەریە ڕێگەیەکی تری وەرگرت کە لە پێویستی پزیشکی دەرچووە و تەنها وەک حەزێک بۆ جوانکاری سودی لێدەبینن، لەم ساڵانەی دوایدا و بەتایبەت دوای ساڵانی ٢٠٠٩ جوانکاری لای ژنان لە هەرێمی کوردستانیش ڕێژەکەی بەرزبووەتەوە، باوبوونی نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕاكێشرانی ژنان بۆ لای ئەم دیاردەیە، ئاكامی ڕوانینی کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگە كە لە ژێر كاریگەریی پەروەردە و میدیایەكدایە ئەم شتە زەق دەكاتەوە و وەك نۆرم لە کۆمەڵگەدا جێگیری دەكات، ئەم نەشتەرگەرییە کە بووەتە باو لەلایەن زۆر كەسیشەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، بەڵام ڕەخنەكان نەك ڕوو لە سیستم و بیر و عەقڵییەتێك كە هۆی ئەو دۆخەن، بەڵكوو ڕوو لە تاكەكان و ئەو كەسانەن كە بە جۆرێك قوربانیی ئەو هزر و نۆرمە زاڵانەی ناو کۆمەڵگەن.

 

ژنان کراونەتە ئامانج و کاڵا

ژنان بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەن بوونەتە قوربانی یەکەمی ئەم دیاردە باوە و وەک کاڵایان لێهاتووە، ئەمەش بەرهەمی دەستی ئەو سیستمەیە کە دەیەوێت ژن تەنها سەرقاڵی شێوە و جوانکاری بێت و ژنێکی بێئاگا و ناهۆشیار لە کۆمەڵگەدا بوونی هەبێت، سیستمی پیاوسالار لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنی کردووەتە ئامانج بە شێوەیەک کە دوور لە هەر بابەتیکی دیکەی ناو کۆمەڵگە تەنها خواستی جوانکاری بێت و لە جوانییەکی سروشتییەوە بۆ جوانییەکی دەستکرد هەنگاو بنێت.

 

هەرچەندە مرۆڤەکان کە دەکەونە تەمەنی گەورە و لە گەنجێتی دەردەچن، شێوەی ڕووخساریان دەگۆڕێت و ڕەنگە مەیلی جوانکاری لێیان بدات، بەڵام لە ئێستادا گەنجەکانیش هەر لە تەمەنێکی گەنجەوە خۆیان دەخەنە بەر جوانکاری و دوای ساڵانێک شێوە و ڕووخساریان بە تەواوی تێکدەچێت، لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر نەشتەرگەری جوانکاری بەجۆرێک ڕووی لە زیادیکردووە، کە پزیشکان و پسپۆڕانی ئەو بوارە ڕۆژانە بە دەیان نەشتەگەری جوانکاری ئەنجامدەدەن.

 

نەشتەرگەری جوانکاریی لوت بە پلەی یەکەم دێت و دواتر نەشتەرگەریی پێڵووەکانی چاو، دەرهێنانی چەوری ورگ، جوانکاری ڕاکێشانی دەموچاو بەرزکردنەوەی برۆ و جوانکاریی سنگ و زۆر شوێنی دیکە، ئەنجام دەدەرێت.

 

ئەگەر لەسەر پرسەکانی وەک ژنی جوان كێیە و چۆنە؟ ئایا ژنی جوان ئەو دەموچاو و لاشە دەستکاری کراوەیە؟ ئایا جەستەی جوان ئەو لاشە پارچە پارچە كراوەیە كە ئێستا هەیە؟ ئەی دەتوانین ئەمە بە ئازادی بۆ ژن ببینین؟ بوەستین، بێگومان لە وەڵامدا دەردەکەوێت ژنی جوان دەبێت خاوەن هزری ئازاد و تیكۆشان، ڕۆشنبیر و ژنی بەئاگابێت، ژنی جوان ئەو ژنە نییە کە دەموچاو لاشەی دەستکاری کراوە، ناشتوانین بەمە بڵێین ئازادی، چونکە کاتێک ژنێک ئازاد دەبێت بە هزر ئازاد دەبێت نەک بە شێوە و ڕووخسار.

 

ژنان پێویستیان بە شۆڕشێكی هزری هەیە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەكی یەكسان، شۆڕشێك كە خواستی چەقبەستووی دەسەڵات و دابونەریتی کۆتوبەند بۆ ژنان هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش بە هێزی لە بن نەهاتووی مرۆڤە ئازاد و یەكسانیخوازەكان بەتایبەت ژنی ئازاد كە دەتوانێت ئەو شۆڕشە سەربخات، دێتەبوون.