سێیەم لەدایکبوونی ڕێبەرێک زیندوو بوونەوەی گەلێک بوو
هەر لەدایکبوونێک واتایەکی تازە بە ژیان دەبەخشێت, واتا بەخشین بە ژیانیش گرێدراو بە شێوازی بیرکردنەوەی خودی مرۆڤەکانە، واتا چی بچێنی ئەویش دەدروویتەوە، بۆ گەلی کوردیش لە دایکبوونی ڕێبەرێک، زیندووبوونەوەی گەلێک بوو.
ژیان عەلی
سلێمانی- هەندێ لە مرۆڤەکان بە لەدایکبوونیان و شێوازی بیرکردنەوە و ژیانکردنیان، وەرچەرخانی گەورە و مێژووی دەخوڵقێنن، ڕۆژی ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لەدایکبوونی ڕێبەری ئازادیخوازان عەبدوڵا ئۆجالانە، یەکێک لەو لەدایکبوونانەیە کە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ژیانی مرۆڤەکاندا بەدیهێنا. ئەو لە کاتێکدا بە دنیا هات کە کەمکردنەوەی بەهاکانی مرۆڤایەتی لەوپەڕی باڵادەستیدا بوون، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە تێڕوانینێکی نوێ بۆ ژیان و بە داهێنانی چەندین تیۆر و ئایدۆلۆژیای نوێ، تێکۆشان لە پێناو ئازادی کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان، هەوڵی ڕزگار کردنی ژیانی تەواوی زیندەوەران لە ژێر زوڵم، نادادی، ستەم و کۆیلایەتی دا، هەر بۆیە ئەم لەدایکبوونە ڕۆژێکی ئاسایی نییە، بەڵکو لەدایکبوونی فکر و فەلسەفەیەکە بۆ خۆڵقاندنی ژیانێکی نوێ.
ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ژیانی خۆی بە سێ قۆناغ هەڵدەسەنگێنێت، ئەوانیش بە؛ لەدایکبوونی یەکەم، لەدایکبوونی دووەم و سێیەم پێناسەی کردوون.
قۆناغی یەکەم لەدایکبوون
لەدایکبوونی یەکەم؛ رۆژی ٤ی نیسانە، کە چاوی بە کوردستان و جیهان هەڵهێنا، لە وڵاتێکی بە بنەمای کۆمەڵگەی سروشتی، کولتووری و ئەخلاقی، کۆمەڵگەیەکی سیاسی، خەباتگێڕ و خۆڕاگر ژیاوە، بەڵام بە سیاسەتێک داگیرکراوە، گەلەکەی لە هەموو ماف و ژیانی مرۆڤی دوورخراونەتەوە، هەربۆیەش ڕێبەر ئاپۆ هەر لە منداڵییەوە بە گەڕان و خەونی ئازادی دەست بە ژیان دەکات، ئەمەش دەبێتە شۆڕشێک بۆ ئازادی بۆ هەموو ژنان و هەموو کۆمەڵگەکان.
قۆناغی دووەم لەدایکبوون
لەدایکبوونی دووەم؛ بەرپاکردنی شۆڕشێکی گەورە و بوونیادنانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەیە بە ناوی کردووە، کە بووەتە گەورەترین شۆڕش لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و گەورەترین شۆرشی ژنانی بەرپا کرد.
بە دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی، گەلی کورد لە کۆمەڵکوژی ڕزگاری بوو، چونکە خەباتێکی نەتەوەیی، نەتەوەیەکی دیموکراتیک و ئینتەرناسیۆنالیست دەستیپێکرد، لەگەڵ ئەوەدا گەلی کورد کولتوور، زمان، ناسنامە و بوونی زیندوو بووەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە دوو وشە کە دەڵێت: "کوردستان داگیرکراوە"، بناغەی کار و خەبات و ڕێکخستنی بۆ کورد و کوردستانیان و هەموو نەتەوەکان دەستپێکرد، وشەی کوردستان هاتە سەر زمانەکان و شۆڕشی لە کوردستان و جیهاندا زیندوو کردەوە، ئەمەش شۆڕشێکی خۆڕسک بوو کە ڕێبەرایەتی لە کوردستان بە هەنگاوێکی نوێ بەرپای کرد.
پوچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی لەدایکبوونی سێیەمی ڕێبەرێک بوو
لەدایک بوونی سێیەم؛ ئەم لەدایکبوونەش پیلانگێڕی نێودەوڵەتی هێزە داگیرکەرەکانی پووچەڵکردووەتەوە، لە بنەچەدا دابڕین لە شارستانیەتی ناوەندی دەوڵەت بەو مانایە دێت کە لە مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی دابڕاون.
ڕێبەر ئاپۆ لەدایکبوونی سێیەمی بە هەنگاوی نوێ و بە پارادایمی نوێ جێبەجێ کردووە، خۆی لە پارادایمی دەسەڵات و دەوڵەتداری و رەگەزگەرایی رزگار کرد و پارادایمی ئازادی ژینگەیی و نەتەوەی دیموکراتیک و ئازادی ژنی بونیادنا، ئەم لەدایکبوونەش بۆ هەموو گەلانی چەوساوە بووە بە ڕێگای ئازادی.
ڕێبەر ئۆجالان دژ بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە سەرمایەدارەکانی جیهان چەمکی "مۆدێرنیتەی دیموکراتیک"ی دامەزراند و ڕێگای چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرسی ئازادی گەلان و ئازادی ژنی وروژاند، ئەمە یەکەم شۆڕش و لەدایکبوونە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە لە کەسایەتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا ڕوویدا.
بە پێشەنگایەتیی ژنان شۆڕشێکی هۆشیاریی و ویژدانی و ئەخلاقی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەچوو، هەموو ژنان بە ئیلهامی تێکۆشانی ئازادییەوە ڕوویان لەم شۆڕشە کرد، ئەمڕۆ لە بەرزترین ئاستدا ژنانی کورد بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشەنگایەتی دەکەن و ئیلهامی تێکۆشانی گەیشتن بە ئازادی بە هەموو ژنانیان داوە.
دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵقوڵاوی ئەو لەدایکبوونە مەزنەیە
دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرەتا لە چیاکانی کوردستان لەسەر دەستی گەریلاکانی ئازادی چەکەرەی کرد و خۆی پێگەیاند، دواتر بووە سەرچاوەی خۆڵقاندنی شۆڕشێک کە توانی شکست بە هێزێکی تاریک پەرەستی وەک داعش بهێنێت و بەم شێوە شۆڕشی ژیانەوەی ژنان جارێکی تر، لەسەر ئەو خاکەی شۆڕشی کشتوکاڵی تێدا پێکهاتبوو، ڕەنجی ژنی تێدا دزرا و ناسنامەی نەتەوەیەکی تێدا شاردرایەوە، دەستیپێکرد و گەیشت بە ئاستێک کە ئێستا سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی تەنیوەتەوە.
هەروەها ئەو دروشمە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە کوشتنی ژینا ئەمینی بوو بە تاکە دروشمێک کە تەواوی جیهانی لەژێر یەک دەنگدا کۆکردەوە و ئیدی چروسکی ئازادی و پشکۆی سەرهەڵدان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی کرد و هەموویان بەیەک دەنگ بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی ئەو دەستەڵاتە فاشیستیەیی کە ٤٣ ساڵە خەڵکی بێ تاوان لە سێدارە دەدات و لەناویان دەبات، بوەستنەوە.
ئێستا درشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە گرنگترین خاڵی هاوبەشی نێوان ژنانی جیهان و کوردستان، ئەمەش ئەو واتایە دەگەیێنێت لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لەدایکبوونێکی نوێی جیهانی لەگەڵ خۆیدا هێنا، بە گەڕانەوە بۆ بەهاکانی خوداوەندەکان هێزی گەورەی هێنایە ئاراوە، لەگەڵ هاتنی خۆیدا ڕۆشنایی بەخشی بە جیهان و هەموو گەردوون.