ماڵی ژن بووە مۆدێلی شۆڕشی ژن ...٦

خەباتکارانی ماڵی ژنی سوریانی "عەشتاروت دەربارەی كار و چالاكییەكانیان خستیانەڕوو، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە ڕوویان تێدەکەن و چارەسەریان بۆ دەدۆزنەوە، ئێمە گرنگی خۆمان لەناو کۆمەڵگەی سوریانیدا خستووەتەڕوو.

 ماڵی ژنی سوریانی "عەشتاروت" شوێنی پاراستنی مافی ژنانی سوریانییە

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ژنان، هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چالاکییەکانیدا بەشدار بوون، بەتایبەتی ژنان. لەسەر ئەم بنەمایە یەکەم ماڵی ژنی سوریانی بە ناوی عەشتاروت لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ لە شاری قامیشلۆ کرایەوە. ماڵی ژن هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ کۆکردنەوەی ژنانی سوریانی و پاراستنی مافەکانیان، ناوی ماڵەکەش کە عەشتاروتە بە واتای دادپەروەری و زانستی ژنان دێت و بۆ هەموو ژنانی سوریان و چارەسەرکردنی کێشەکانیانە.

 

"ماڵی ژنی سوریانی عەشتاروت ناوەندێکە بۆ پاراستنی مافی ژنان"

ئایدە مەلکێ، بەڕێوەبەری ماڵی ژنی سوریانی-عەشتاروت، بەم شێوەیە باس لە دروستکردن و چالاکییە ڕێکخراوەییەکانی دەکات: "سەنتەرەکەمان لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ دامەزراوە، ناوی سەنتەرەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ ناوی خوداوەندی مێینە عەشتار، کە نوێنەرایەتی دادپەروەری و زانست دەکات. لە سەرەتادا سەختی هەبوو، چونکە کۆمەڵگەی سوریانی ئێمە لەوە تێنەدەگەیشت کە ماڵی ژن هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنانی سوریانیدا، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبوونەوە کە چۆن ڕوومان تێبکەن، هەندێک لە ژنەکان ماڵی ژنیان دەناسی و کێشەکانیان بە ئاسانی بۆمان باسدەکرد، لەلای ئێمەشەوە زانیاریمان بە ژنان دەدا و تێمانگەیاندن کە ئەمە ناوەندێکە بۆ پاراستنی مافەکانیان، بەمشێوەیە کارەکانمان پەرەیسەند، کاتێک ژنان بۆ یەکەمجار سەردانمان دەکەن، ئامانجەکانمان دەخەینەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکانیان لە ڕێگەی شێوازی ڕێکخراوەیی. زۆر ژن هەن کە تووشی ئەشکەنجە دەبن و یەکسەر ڕوو لە ئێمە دەکەن، واتە توانیومانە پەیوەندییەک لە نێوان ماڵی ژن و ژنانی سوریانیدا دروست بکەین".

 

چالاکی ڕێکخراوەیی ماڵی ژنی سوریانی-عەشتاروت

ئایدە مەلکێ، سەرنجی بۆ چالاکی ڕێکخراوەیی عەشتاروت ڕاکێشا و وتی: لەناو ماڵی ژندا ٥ ژن کار دەکەن، ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە لیژنەکانمان دامەزراندووە، لیژنەی دارایی و لیژنەی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و بەدواداچوونی دۆسیەکانی ژنان و لیژنەی ئاشتەوایی. ئێمە کارەکانمان هاوبەش کردووە و هەموو لیژنەکانمان هاوکاری یەکتر دەکەن. ئێمە گرنگیی خۆمان لە کۆمەڵگەی سووریانی خستووەتەڕوو و هەموو خەڵکی کۆمەڵگەکە قسەکانمان و هەڵوێستمان بە گرنگ دەبینن، تا ئێستا زۆر گرفتی خێزانیمان چاره‌سه‌ر كردووه‌، هه‌ندێك له‌و كه‌یسانه‌ش له‌ناو ماڵی ژن چاره‌سه‌رمان كردووه‌ و هه‌ندێكیشیان براونەتە دادگای گەل، دەمانەوێت چارەسەرێکی ئاشتیانە لەناو ماڵی ژندا بدۆزینەوە، هیوامان ئەوەیە کە هەموو ژنانی سوریانی بچنە ماڵی ژنی سوریانی و لێرە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئێمەش هەموو سەرچاوەکانمان بۆ خزمەتکردنی ژنان بەکاردەهێنین.

 

کار و چالاکی کۆمیتەی ئاشتەوایی لە ماڵی ژنی عەشتاروت

نەجا موراد، ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی لە ماڵی ژنی سوریانی، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە كاری لیژنەكەی خستەڕوو و وتی: ئەركی ئێمە چارەسەری کێشەکانە بە ڕێگەی گونجاو، کاتێک کێشەی ژنان دێتە لامان، هەردوولا کۆ دەکەینەوە، قسەیان لەگەڵ دەکەین، لە کێشەکە تێدەگەین و چارەسەرێک دەدۆزینەوە،ئەگەر کێشەکە گەورە بێت دەیبەینە دادگای گەل، هەروەها پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ دادگا هەیە و هەنگاو بە هەنگاو بەدواداچوونی دۆسیەکانی ژنان دەکەین تا کۆتاییان دێت، زۆرجار ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبینەوە بەتایبەت ئەگەر پیاو بەشدار بێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵیەتی باڵادەستی پیاو کە ئەمڕۆ هەمووان ڕووبەڕووی دەبینەوە، هیوامان ئەوەیە کە ژنانی کۆمەڵگەکەمان ئاگاداربن کە ئێمە لایەنگری ئەوانین و تا ئەو جێگایەی کە لە تواناماندا بێت خەبات دەکەین بۆ مافەکانیان.

 

سبەی: کار و چالاکیەکانی ماڵی ژن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا