ژنان دەکەونە بەر هەڕەشەی جەنگ و ململانێکان

دانیشتوانی عێراق دەیان ساڵە لەناو توندوتیژی و شەڕدا ژیان دەکەن، دانیشتوانەکەی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و تەنگژەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەژین، نزیکەی ١٨٪ی دانیشتوانەکەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ڕێژەیە ژنانن.

ناوەندی هەواڵ

 

دروستبوونی شەڕ لە وڵاتە هەژارەکاندا چڕ بووەتەوە و عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەیە کە فاکتەرەکانی نایەکسانی، جیاکاری، ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی، لەگەڵ چڕی کارەساتی سروشتی، قەیرانی خۆراک، زیادبوونی هەڕەشەکانی دیکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەردەوامی دیاردەی تیرۆریزم، بووەتە هۆی دروستکردنی دیمەنێکی نوێی نێودەوڵەتی و زیادبوونی ئاوارەبوون و پەنابەریی.

 

ژنان هەمیشە لە دۆخی دروستبوونی گرژی و ملمانێکاندا خۆڕاگرانە بە ڕووی توندوتیژی سێکسی و جەستەیدا دەوەستنەوە، چونکە سەرچاوەی پاراستنیان کەمترە و تەنها خۆیانن، کەسوکار و خێزانەکانیان لەدەستدەدەن و ناچارن بەرپرسیارێتی بنەماڵەکانیان بگرنە ئەستۆ، یاخود خۆیان بەشداری شەڕەکان بکەن یان هەموو شتێک بەجێبهێڵن و کۆچبەربن بۆ ناوچەیەکی ئارامتر.

 

دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستان، گرێدراو بە یەکتر، دەیان ساڵە لە توندوتیژی و شەڕدا ژیان دەکەن، ماوەیەکی کورتیان بۆ ئاشتی هەبوو، ئەوەندەی نەبرد لە ساڵی ٢٠١٤دا داعش هێرشی کرد و شەنگال و موسڵ و بەشێکی خاکی عێراقی وێرانکرد و ئێستا لە قۆناغی بنیاتنانەوەدایە، بەڵام نزیکەی دوو ملیۆن کەس هێشتا لە ماڵەکانیان ئاوارەبوون.

 

ژنانی عێراق پێویستیان بە هاوکاری هەیە

هێزە میلیشیاکان بەردەوامن لە بەرەو پێشبردنی هێرشەکانیان لە ناوچەکەدا، لەلایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و نەبوونی ئابووری پێویست و تەنگژەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە بوونەتە سەرچاوەی نوێی نائارامی، وایکردووە بە نزیکەی ١٨٪ی دانیشتوانی عێراق لە ئێستادا پێویستیان بە هاوکاری هەبێت لەو ڕێژەیەش زیاترینی ژنانن.

 

لە وڵاتی عێراقدا ژنان خاوەن ئەزموون و پێشینەی توندوتیژی و شەڕی بەر چاویان هەیە، بەپێی چاوپێکەوتنەکانی ئۆکسفام ٨٣٪ی ژنانی ئەم وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هاوژینەکانیانەوە ڕەفتاری توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ٣٣٪ ئازاری دەروونیان چەشتووە و لە هەر پێنج ژن یەکێکیان خۆڕاگری کردووە بەرامبەر توندوتیژی جەستەیی و هاوسەرگیری پێشوەختە، کە وەک کلتورێکی بەربڵاو و نەریتێکی کۆمەڵایەتی لێهاتووە و لە ساڵی ٢٠١١دا ٢١٪ی کچان ئەزموونیان کردووە.

 

ئامارێکی فەرمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو زیانانەی بەر ژنان کەوتووە بەهۆی شەڕەوە لە عێراق:

کۆمەڵکوژی و چەندین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، داگیرکارییەکان لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس و ژنان تیایدا دوو ئەوەندە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە چ لەناو ماڵ و چ لە دەرەوەی ماڵەکانیان.

- زیادبوونی ڕێژەی مردن و بەدخۆراکی بۆ ژنان و منداڵانی تازە لەدایکبوو

- لە ٪٦٠ی مردنی دایکان لە حاڵەتی ململانێ و ڕاگوێزاندا ڕوودەدەن

- یەکێک لە هەر ٥ ژنی ئاوارە لە دۆخێکی مرۆییدا ئازار دەچێژێت

- توندوتیژی سێکسی و جەستەیی

- لەو وڵاتانەی کە بەهۆی ناکۆکییەوە زیانیان بەرکەوتووە، ژنانی گەنج بە ڕێژەی دوو هێندە و نیو واز لە خوێندن دەهێنن بەراورد بە ژنانی گەنج لە بارودۆخێکی تردا.

 

توندوتیژی دژ بە ژنان وەک بەشێک لە ململانێی سیاسی بەکاردەهێندرێت

توندوتیژی جەستەیی و زارەکی و سێکسی دژ بە ژنان و کچان بۆ سەپاندنی ئەجندای سیاسی و ڕیسواکردنی ڕکابەرەکان و تێکدانی کۆمەڵگاکان وەک چەکی شەڕ لە دژی دوژمن بەکاردەهێندرێت، ئەو وڵاتانەی ئەزموونی جەنگیان کردووە بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی ئەم حاڵەتەیان پێوە دیاری دەدات.

 

بەشێک لە ژنان بەهۆی توندوتیژییەکانە لە ژیانی ئاسایی خۆیان دابڕاون و هێرش دەکرێتەسەریان و لەترسی ئەوەی ڕووبەڕووی هەمان مامەڵەی سوکایەتی پێکراو نەبنەوە، بەشێکیان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگە ڕەسەنەکانیان، بۆیە دوای ئاوارەبوونیان پێویستیان بە دۆزینەوەی شوێنێکی نوێیە بۆ ژیانکردن لە ناو کۆمەڵگەیەکی نەناسراودا.

 

زۆرجار بەهۆی لەدەستدانی هاوژینەکانیان پێویستبووە خێزانەکان بەڕێوەببەن و سەرچاوەی نوێی داهات بدۆزنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی چەندین حاڵەتی ئازار و توندوتیژی بوونەوە. لە نێوان ٥٠٠٠ بۆ ١٠٠٠٠ ژندا لە کاتی شەڕی داعش بە هۆی کۆیلایەتی سێکسی و ناچارکردنیان بە لەشفرۆشییەوە هاتووچۆیان پێدەکرا و دەفرۆشران، کە بەشێکی زۆریان ئێزدییەکان بوون لە عێراقدا.

 

دۆخی ژنان لە کامپەکاندا بە سەختیدا دەڕوات

لەناو کامپی ئاوارەکاندا دۆخی ژنان باشتر نییە، هەرچەندە شەڕی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتایی هات، بەڵام ئەو کابوسەی بۆ ژنانی ناوچەکە جێیانهێشت بۆ ماوەی چەندەها ساڵ بەردەوامی دەبێت، ژنان پێویستیان بە هەوڵدان و خودبوونیادنانەوە هەبوو بۆی بتوانن جارێکی دیکە ژیانێکی نوێ بە متمانە بەخۆبوونەوە دەستپێبکەنەوە و بتوانن ڕووبەڕووی هەر داگیرکاری و هێرشێک ببنەوە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و هاتووچۆی سەربەخۆ، یارمەتی ژنان دەدات کە دەنگی خۆیان لە بڕیارەکانی ناو ماڵدا ببیستن و خۆبەڕێوەبەریی زیاتریان لەسەر کێشەکان پێببەخشێت، کە پەیوەندی بە منداڵەکانیانەوە هەیە و کۆنترۆڵکردنی زیاتریان لەسەر بودجەی خێزان هەبێت.

 

یەکێک لەو ئامرازانەی بۆ شەڕی نایەکسانی جێندەری بەردەستە و یارمەتی ژنان دەدات لەسەر پێی خۆیان بوەستن، یارمەتی نێودەوڵەتییە کە دەتوانێت یارمەتی پرۆگرامەکانی دارایی بدات بۆ گەیشتنی ژنان بە دامەزراندنی پڕۆژە و کاری تایبەت بە خۆیان، بنیادنانی توانای ڕێکخراوەکانی ژنان، یان پشتگیری پرۆگرامی ڕاهێنانی یەکسانی جێندەری.

 

لە عێراقدا تەنیا ١١٪ی ژنانی تەمەنی کارکردن لە دەرەوەی ماڵن لە ٪٩٢ ژنان پێش جەنگ هیچ داهاتێکی مانگانەی ئاسایییان وەرنەگرتووە.

 

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦دا، وڵاتانی ئەندام لە لیژنەی یارمەتیدانی گەشەپێدانی ئۆ ئی سی دی، بە تێکڕایی ٤٠ ملیار یۆرۆ "٣٨٪ی کۆی هاوکارییەکان" بۆ بەرزکردنەوەی یەکسانی جێندەری تەرخانکراوە، ئەمە بەو مانایە دێت کە کلیلی وەبەرهێنان بۆ بەرزکردنەوەی یەکسانی جێندەری، وەک پەروەردە، تەندروستی یان خزمەتگوزاری بۆ ژنان پێویستە چونکە سەرچاوەی دارای کەمتریان هەیە.

 

هەر ئەزموونێک لە داگیرکاری هەمان کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی ژنان

لە عێراق هەموو بەرنامە مرۆییەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە بۆ ژنانی بەرکەوتەی توندوتیژی سێکسی جێبەجێ دەکرێت.

 

ئامانجەکە ئەوەیە کە ئامرازیان بۆ دابینبکرێت تا بتوانن بە باشترکردنی ژیانیان و بیستنی دەنگەکانیان بەسەر ئەو ئەزموونەیاندا زاڵ ببن، چونکە شەڕ و ململانێکان لە عێراق بەردەوامی هەبووە و پێکهاتەکانیش دانەبڕاوبوون لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ناکۆکی و توندوتیژییانەی کە ناوچەکە پیایدا تێپەڕیووە و ژنانیش بەرکەوتەی یەکەمی ڕووداوەکان بوون.

 

شەڕی داعش نموونەیەکی ئەو هێرش و توندوتیژییانە بوو کە ژنان بەهۆیەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی، توندوتیژی، کۆیلایەتی و ئازاردان بوونەوە و دوای نەمانی شەڕیش بۆ ماوەی چەند ساڵێک هەوڵدانێکی زۆریان کرد بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی کۆمەڵگە.

 

ژنان بە هێز و ئیرادەیەکی نوێوە دوای ئەو ئەزموونە تاڵەیان توانییان هەڵوێستیان هەبێت و دەنگی کاریگەرییان هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان و داگیرکەران، چونکە لە ئەگەری هەر هێرش و داگیرکارییەکی دیکە هەمان ئەو زیان و قوربانیانە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، بۆیە دەبێت ژنان خاوەن ڕێکخستن و هێز بن بۆی بەرامبەر هەموو داگیرکارییەکان بوەستنەوە و جارێکی دیکە گورزیان بەرنەکەوێت.