٪٩٠ی بەرووبوومەکان هاوردەی دەرەوەن و بازاڕی جوتیاران شکاوە

ئەگەرچی کەرتی کشتوکاڵ و بە تایبەت گەنم و جۆ لە دوای ساڵی ١٩٩٢ گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە ئێستادا گەنم و جۆ لەلایەن حکومەتەوە ناکرێت و سایلۆی پێویستیش بۆ هەڵگرتنان نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی زەوی باشوری کوردستان گونجاوە بۆ دانەوێڵە و بێستان، بەڵام تەنیا کەڵک لە ٪٥٥ی ئەو زەوییانە بینراوە، هاوکات گەشەکردنێک لە بوارەکەدا دەبینرێت، بە جۆرێک لە ساڵی ١٩٩٢دا ٣٥٥ هەزار دۆنم زەوی بەراو هەبوو، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٦٧ هەزار دۆنم زەوی بەراو هەیە.

 

یەکێک لە بەرهەمە ستراتیژییەکان گەنمە، لە ساڵی ١٩٩٢دا بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ١٨٧ هەزار تۆن بووە، ئێستا لەسەر رووبەری زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆنم زەوی زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم دەچێنرێت. پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەبەرهەمی گەنم ٦٥٠ هەزار تۆنە، بەرهەمی ناوخۆییش زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٨٠ هەزار تۆنە، بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٦، بەرهەمی گەنم لە سەدا ١٦٠ زیاترە لە پێداویستی ناوخۆ.

 

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کەرتی کشتوکاڵ دەکەین لە ساڵی ١٩٩٢ تا ساڵی ٢٠١٧، لەگەڵ ئەو بڕە زۆرەی بەرهەمی گەنم کە لە سەرەوە باسکرا، مەترسییەکە ئەوەیە کە سایلۆکانی کوردستان توانای وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەیان نییە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧دا تەنیا ٢٧١ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، واتە ٪٧٣ی کۆی ئەو گەنمەی بەرهەمهاتووە لە دەرەوەی سایلۆکان دەمێننەوە، ئەوەش نیشاندەرێکی مەترسیدارە و جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە.

 

هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەرهەمهێنانی لە ئاستی پێویستی زیاتره

لە ساڵی ١٩٩٢دا بەرهەمی جۆ ١٢٤ هەزار تۆن بووە، لە ساڵی ٢٠١٧دا بۆ ٩٠٩ هەزار تۆن هەڵکشا، ئەم بەرهەمانە دابینکەری ئاسایشی خۆراکن، بەڵام لەکاتێکدا بەشە خۆراکی مانگانە نەمێنێت، ئەمانەش دەکەونە بەردەم مەترسیی بۆیە پێویستی بە پلانی تۆکمەی حکومەت و سندوقی خۆراک هەیە.

 

لە هەندێک بەروبوومی دیکەشدا هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناخی خود بژێوی. بۆ نمونە پێداویستی هەرێمی کوردستان بە پەتاتە ٨٠ هەزار تۆنە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٧دا ٢١٣ هەزار تۆن بەرهەمهاتووە، هەروەها هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٨٦ هەزار تۆن تەماتە هەیە و ١٣٤ هەزار تۆن تەماتە بەرهەمهاتووە، لە بەرامبەردا هەندێک بەرهەمی دیکە هەیە کورتی هێناوە، بۆ نمونە، بە تێکڕایی ساڵانە تەنیا ٤ هەزار تۆن سێو بەرهەمدەهێنرێت، کەچی هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٥٢ هەزار تۆنە.

 

حکومەت سەرکەوتوو نەبووە لە ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران

لە ساڵی ١٩٩٢دا هیچ ساردخانەیەک نەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا ژمارەیان گەیشتە ١٠٤ ساردخانە، هەرچەند وەک پێویست نەتوانراوە بەهۆیەوە برەو بە پیشەسازیی کشتوکاڵی بدرێت و بڕی پێویستی بەروبوومەکانی تێدا هەڵبگیرێت، هەروەها تا ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ١٩ هەزار خانووی پلاستیکی هەیە، بەڵام وەک پێویست نەتوانراوە ساردخانەی بۆ دابینبکرێت و ساڵانە جوتیاران لە دەمساڵی پێگەشتنی بەرهەمەکانیاندا چەندین تۆن تەماتە و خەیار و بەروبومەکانیان فڕێ دەدەن و باس لەوەدەکەن کە حکومەت سەرکەوتوو نەبووە لە دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

 

نزیکەی ٪٩٠ی بەروبومەکان لە ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرێن

هەر وڵاتێک بیەوێت ئاسایشی خۆراکی خۆی بپارێزێت، دەبێت ٪١٠ی بودجەکەی بۆ سێکتەری کشتوکاڵ تەرخان بکات، بەڵام هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە ئەو بڕە بودجە پێویستە بۆ کەرتی کشتوکاڵ دابین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هاوکارییەکی جوتیاران ناکرێت لە پێدانی تۆو و دەرمان و سیستمی ئاودێریدا، لە کاتی پێگەشتنی بەرهەمەکانیشیاندا لە بازاڕەکاندا ساغ ناکرێنەوە، بەهۆی ئەوەی هاوردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ئێران و تورکیاوە زیاترە و نرخەکەشی لە بەرهەمە ناوخۆییەکان هەرزانترە و بازاڕی جوتیارانی شکاندووە.

 

دەبێت بوترێت لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا، گەزۆ و بنێشت و بەرهەمی دەستیی کوردستان لە بازاڕەکانی حەلەب، دیمەشق، بەغدا و ئیستەنبووڵ دەفرۆشران و ساغ دەکرانەوە. ئێستاش بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕن لە بەرهەمی هاوردەکراوی وڵاتانی دەرەوە و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٪٩٠ی بەرووبوومەکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن.