ژنانی بەربژێر ئامادەن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

لەم ڕاپۆرتەدا بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو، ئامادەکارییەکان تەواو بوون و ٢٠ی ئەم مانگە دوو ملیۆن و ٨٩٣ هەزار کەس مافی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدانیان هەیە.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- دوای ئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (٢٠١٨-٢٠٢١) دوو ساڵ درێژکرایەوە، بە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێنج جار وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخرا، دواجار بڕیارە لە ١٨ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەنگدانی تایبەت و دوای دوو ڕۆژ، واتە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

 

لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا ٢٩ لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و ١٦ لیست توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، لە خولی شەشەمدا، ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ بەربژێر ململانێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن.

 

لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، بەپێی راگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٤٦١ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ٨٤٥ هەزار و ٩٧٩ هاوڵاتی بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردووە، کەرێژەی بەشداری هاوڵاتیان دەکاتە ٪٥٩، لە خولی شەشەمیشدا دوو ملیۆن و ٨٩٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ی هەرێمی کوردستاندا سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو کە ئاماژە بە دیاریكردنی ڕێژەیەك بۆ ژنان دەكات، بە لە ٣٠٪ كەمتر نەبێت، دیاری کرا، هەروەها بەشداریی ژنان بە درێژایی پێنج خولی پەرلەمان، بەم شێوەیە بووە؛

 

-لە خولی یەكەمی پەرلەماندا شەش ژن ‌و ٩٩ پیاو پەرلەمانتار بوون. 

-خولی دووەم ٢٧ ژن ‌و ٨٤ پیاو پەرلەمانتار بوون.
-خولی سێیەم ٣٩ ژن ‌و ٧٢ پیاو پەرلەمانتار بوون.
 -خولی چوارەم ٣٤ ژن ‌و ٧٧ پیاو پەرلەمانتار بوون.
 -خولی پێنجەم ٣٤ ژن ‌و ٧٧ پیاو پەرلەمانتاربوون.

 

بەشداری ژنان لە هەڵبژاردندا

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان بەشداری ژنان لە پەرلەماندا دەبینین، هەر خولێکی پەرلەمان ڕێژەی ژنان زیاتر بووە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ تێکۆشان و هەوڵدانی ژنان لە بواری بەشداری کارای سیاسەت و پارتە سیاسییەکان و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە تا بتوانن متمانەی دەنگدەر بەدەستبهنێنن، بەشێكی دیکەش دەتوانرێت باس لەوە بکرێت، کە حزبەکان پێگەی ژنان بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگی هاوڵاتیان و بەکارهێنانی سیستمی کۆتا بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان و تێپەڕاندنی ژنان بۆ ناو پەرلەمان.

 

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، تەنها ٣٦٨ بەربژێری ژن لەسەر ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ بەربژێر خۆیان پاڵاوتەوە، کە ڕیزبەندییەکانی بەمشێوەیە؛

هەولێر، ١١٨ ژن (٢٩.٩%)

سلێمانی، ١٦٢ ژن (٣١.٠٤%)

دهۆک، ٦٦ ژن (٢٩.٢%)

هەڵەبجە، ٢٢ ژن (٤٠.٧%) .

 

هەروەها بەشداری ژنان بە پێی بەشێک لە لیستەکان بەم شێوەیەیە؛

لیستی ژمارە (١٢٩)ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان- ١٧٢ بەربژێری هەیە

لە بازنەی هەولێر لە ٦٤ بەربژێر- ٢١ ژن

لە بازنەی سلێمانی لە ٧٢ بەربژێر-٢٤ ژن

لە بازنەی دهۆك لە ٣٠ بەربژێر -١٠ ژن

 لە بازنەی هەڵەبجەش ٦ بەربژێر- ٢ژن

 

لیستی (١١٤)ی بزووتنەوەی گۆڕان - ٦٤ بەربژێری هەیە

لە سلێمانی ٤٥ بەربژێر- ١٥ ژن

لە هەولێر ١٣ بەربژێر-٤ ژن

لە دهۆک ٣ بەربژێر- هیچ ژنێک نییە

هەڵەبجە ٣ بەربژێر – هیچ ژنێک نییە

 

لیستی ١٦٢ی هاوپەیمانی نیشتیمانی - ٥٩ بەربژێری هەیە

لە بازنەی هەولێر ٢٠ بەربژێر – ٣ ژن

لە بازنەی سلێمانی ٢٧ بەربژێر – ١٦ ژن

لە بازنەی دهۆك ١٠ بەربژێر - ٥ ژن

 لە بازنەی هەڵەبجەش ٢ بەربژێر – ١ ژن

 

لیستی (١٦١)ی ڕەوتی هەڵوێست - ٧٢ بەربژێریان هەیە

لە بازنەی هەولێر ١٦ بەربژێر - ٥ ژن

لە بازنەی سلێمانی ٤٣ بەربژێر – ١٣ ژن

لە بازنەی دهۆك ١٠ بەربژێر -٣ ژن

 لە بازنەی هەڵەبجەش ٣ بەربژێر - ١ ژن

 

لیستی ژمارە (١٣٣)ی هاوپەیمانى هەرێمی کوردستان - ٨٤ بەربژێر

لە بازنەی هەولێر ١٩ بەربژێر - ٣ ژن

لە بازنەی سلێمانی ٤٥ بەربژێر - ١٦ ژن

لە بازنەی دهۆك ١٤ بەربژێر - ٣ ژن

لە بازنەی هەڵەبجەش ٦ بەربژێر – ١ ژن

 

لیستی (١٦٤)ی سەردەم - ٤١ بەربژێر

لە بازنەی هەولێر ٢٢ بەربژێر – ٨ ژن

لە بازنەی سلێمانی ١٠ بەربژێر - ٣ ژن

لە بازنەی دهۆك ٦ بەربژێر - ٢ ژن

لە بازنەی هەڵەبجەش ٣ بەربژێر – ٢ ژن

 

لیستی (١٤٨)ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان - ٦٣ بەربژێر

لە بازنەی هەولێر ١٣ بەربژێر - ٤ ژن

لە بازنەی سلێمانی ٢٢ بەربژێر - ٨ ژن

لە بازنەی دهۆك ٢٢ بەربژێر، ٧ ژن

لە بازنەی هەڵەبجەش ٦ بەربژێر - ١ ژن

 

لیستی (١٤٧)ی کۆمەڵی دادگەری کوردستان - ٥٩ بەربژێر

لە بازنەی هەولێر ١٦ بەربژێر – هیچ بەربژێرێکی ژنی نییە

لە بازنەی سلێمانی ٣٢ بەربژێر – ١٠ ژن

لە بازنەی دهۆك ٦ بەربژێر- ٢ ژن

لە بازنەی هەڵەبجەش ٥ بەربژێر – ٣ ژن

 

لیستی (١٩٠)ی پارتی دیموکردتی کوردستان - ١٩٠ بەربژێر

لە بازنەی هەولێر ٦٤ بەربژێر - ١٩ ژن

لە بازنەی سلێمانی ٧٢ بەربژێر - ٢٢ ژن

لە بازنەی دهۆك ٤٨ بەربژێر-١٥  ژن

لە بازنەی هەڵەبجەش ٦ بەربژێر- ٢ ژن

 

لیستی (١٦٩)ی بەرەی گەل - ١٢٣ بەربژێر

لە بازنەی هەولێر ٤٠ بەربژێر – هیچ ژنێک نییە

لە بازنەی سلێمانی ٤٤ بەربژێر - ١٤ ژن

لە بازنەی دهۆك ٣٥ بەربژێر – هیچ ژنێک نییە

 لە بازنەی هەڵەبجە ٣ بەربژێر - ٢ژن

 

لیستی (١٥٧)ی نەوەی نوێ - ٩٢ بەربژێر

لە بازنەی هەولێر ٢٧ بەربژێر – ٩ ژن

لە بازنەی سلێمانی ٤٨ بەربژێر – ١٧ ژن

لە بازنەی دهۆك ١٣ بەربژێر - ٤ ژن

لە بازنەی هەڵەبجە ٤ بەربژێر – ٢ ژن

 

ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و ئامادەکاری هەڵبژاردن خرایەڕوو

ئەگەرچی ململانێی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ ماوەی خۆی تەواو کرد و ڕۆژی ١٨ و ٢٠ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەشێک لە بەربژێرانی لیستەکان خۆیان لە بەربژێری لیستەکەیان کشاندەوە و دەکرێت گۆڕانکاری لە ژمارەی لیست و بەربژێرەکاندا ڕووبدات.

 

هەروەها بەڕێوەبەرى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە هەولێر ٢٧ هەزار و لە سلێمانى ٧٣ هەزار و لە دهۆک ١٢ هەزار کارتى بایۆمەترى دەنگدان ماوەتەوە و دوای تەواوبوونی وادەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری، ئەو کارتانەى دەمێننەوە، دەکێشرێنەوە و دەبرێنەوە بۆ بەغداد و کەس ناتوانێت دەنگیان پێبدات.

 

ئەیسەر یاسین، وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی ژمارەی ئەو دەزگا و چاودێرى و ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی ڕووماڵی هەڵبژاردنی هەرێم دەكەن، ڕایگەیاندووە، ژمارەی چاودێرانی سیاسی كە تۆماركراوە، گەیشتووەتە ١٣ هەزار و ٤٧٨ چاودێر، جگە لە دوو هەزار و ١٠٠ چاودێری ناوخۆیی كە بەمشێوەیەی خوارەوە بەسەر پارێزگا جیاجیاكاندا دابەش بوون:

هەولێر: ١٣٤٠ چاودێری سیاسی و ٢٥٧ چاودێری ناوخۆیی.

سلێمانی: پێنج هەزار و ١٣٨ چاودێری سیاسی و ٦٤٤ چاودێری ناوخۆیی.

دهۆك: شەش هەزار و ٧٣٥ چاودێری سیاسی و ١٧٢٣ چاودێری ناوخۆیی.

هەڵەبجە: ٢٦٥ چاودێری سیاسی و هیچ چاودێرێكی ناوخۆیی لە ڕێكخراوەكانەوە تۆمار نەكراوە.

 

هەروەها ئاماژەی بۆئەوەشداوە كە چاودێرانی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی ١٣ كونسوڵخانە و ١٧ ڕێكخراو دەكەن، هاوكات ٢٠ دەزگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی و ٤٨ دەزگای ڕاگەیاندنی ناوخۆیی بەشداری لە ڕووماڵكردنی هەڵبژاردنەكان دەكەن.