توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵکشاندایە و دەسەڵات هەوڵی شاردنەوەیان دەدات

دەسەڵات و وەزارەتی ڕۆشنبیری لە ڕێی شاردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و ئاشکرا نەکردنی ئاماری ساڵانەی توندوتیژی دەیانەوێت توندوتیژیەکانی سەر ژنان بشارنەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی نوژنها دەرکەوتووە، لەمساڵدا ٦٣ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- توندوتیژی و کوشتن و ناچاربە خۆکوشتنی ژنان ساڵانە لە هەڵکشاندایە، لەگەڵ بەرزی ڕێژەی توندوتیژییەکان، بەڵام لە کۆی ٣٦٥ ڕۆژی ساڵێک تەنها ڕۆژێک دیاریکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و گرنگیدان بەو پرسە، کە ئەمڕۆ، ٢٥ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە.

 

ئەرکی دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارە ڕێگری بکات لە حاڵەتەکانی توندوتیژی، بەڵام ئەوەی لە باشووری کوردستان بەدیدەکرێت، دەسەڵات خۆی ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی ئەو حاڵەتانە، لە ڕێگەی کەموکورتی لە یاسا و سەروەرنەبوونی دادگاکان، بوونی میدیای سێبەری سەر بە دەسەڵات کە هەمیشە ئاڕاستەی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی دەکات، جگە لەوە کوشتنی ژنان لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیاندا لە ژێر ناوی شەرەف پەردەپۆش دەکرێت، سەرەڕای ئەوانەش هەواڵەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژیان لە ناوەندە فەرمییەکانەوە بڵاوناکرێتەوە بە ئامانجی شاردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوشتن و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان.

 

بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، تا مانگی ئەیلولی٢٠٢١ کۆی گشتی ١٠ هەزار و ٢٨٢ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە، ١٦ حاڵەتی کوشتن، ٤٦ خۆکوشتن، ٦٤ خۆسووتان، ١٠٨ دەستدرێژی سێکسی، ١٠ هەزار و ٤٨ سکاڵا تۆمارکراوە

 

هەروەها لە کۆی گشتی ساڵی ٢٠٢١یشدا، ٢٤ حاڵەتی کوشتن، ٦٢ خۆکوشتن، ٨٦ خۆسووتان، ١٥٣ دەستدرێژی سێکسی،  ١٣ هەزار و ٢٥٩ سکاڵا تۆمارکراوە، هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٨٤ ژن کوژراون یاخود بە خۆکوشتنی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان ساڵانە هەرچەند ئاماری ڕاستەقینە نین، بەڵام هەر بڵاودەکرانەوە، ئەمساڵ نە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکەنەوە نە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان دەدات، بەپێی وتەکانیشیان لەپێناو تێکنەدانی دەروونی کۆمەڵگەیە، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا ئامارەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی سەریان ون دەکرێت و دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەری دژوار دەکرێت.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٦٣ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە

سەرەڕای نەدانی هەواڵ و ئامارەکان ئاژانسی نوژنها ئاماری کوشتنی ژنانی تا ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ کۆکردووەتەوە، بەپێی ئامارەکان تا ئەو بەروارە، ٦٣ حاڵەتی ژن کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن و سووتان تۆمارکراون، ئامارەکان بەم شێوەیەیە؛

هەولێر – ١٦ حاڵەت

سلێمانی – ١١ حاڵەت

زاخۆ – ٧ حاڵەت

کەلار – ٧ حاڵەت

کەرکوک – ٥ حاڵەت

دهۆک – ٤ حاڵەت

خانەقین – ٣ حاڵەت

هەڵەبجە – ٢ حاڵەت

پێنجوێن – ٢ حاڵەت

ڕانیە -٢ حاڵەت

کفری – ١ حاڵەت

کۆیە – ١ حاڵەت

سۆران – ١ حاڵەت

قەڵادزێ – ١ حاڵەت

 

"ساڵانە حاڵەتەکانی توندوتیژی ڕوو لە هەڵکشانە"

ڕائید ڕاز فریا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لقی سلێمانی دەربارەی توندوتیژییەکان لەمساڵدا ڕوونیکردەوە، بە پشتبەستن بە سکاڵاکان حاڵەتەکانی توندوتیژی لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیادیکردووە، زۆرترین ئەو حاڵەتانەش پەیوەندیدارن بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان و سۆشیاڵ میدیا کەلە ئێستادا زۆرترین کێشەی دروستکردووە بۆ خێزانەکان و ژنان.

 

هەروەها ناکۆکی نێوان ئەندامانی خێزانە تادەگاتە ئاستی لێدان ئەمەش دووبارە هۆکارە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکان، وتیشی: کێشە خێزانییەکان سەرەتا لە ترساندنەوە دەستپێدەکات دواتر بەرەو توندوتیژی زیاتر دەڕوات، هەندێک لە پیاوان بەهۆی ئالوودەبوونیان بە مادە هۆشبەرەکانەوە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، بەڵام کێشەی سەرەکی نەبوونی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنی نێوان هاوژینەکانە".

 

"ناوچەکانی دەرووبەری شارەکان پێویستیان بە هۆشیارکردنەوە هەیە"

ڕاز فریا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکان ئاشکرا بکەن وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەستاون بە ئەنجامدانی ڕاپرسییەک بۆیان دەرکەتووە، ناهۆشیاری کۆمەڵگە بەتایبەت لە ناوچە دوورەدەستەکانی شار وایکردووە حاڵەتەکانی توندوتیژی زیادببن، هەر بۆیە بڕیاردرا سیمینار و پڕۆژەکانی هۆشیاری بەڕێوەبەرایەتییەکە نەک تەنها لە ناوشار بەکو لە دەروەی شار زیاتر ئەنجام بدرێت.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری توندوتیژی بەرەو هەڵکشان دەبات"

دەربارەی کاریگەری بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتێکی چەقبەستوو بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی ڕائید ڕاز، باسی لەوەکرد پیاوان لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێیانوایە توندوتیژی لە کلتووردایە و ژن نابێت ئازاد بێت بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ کلتوورێک نییە توندوتیژی پەسەند بکات بەتایبەت بۆ ژنان، بەڵام ئەوەی هەیە بوونی ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری چەقبەستووە، بۆ ئەمەش تاکە ڕێگا هۆشیارکردنەوەی پیاوانە".

 

وەک باسی لێوەکرد، زۆرکات حاڵەتەکانی توندوتیژی لە خێزانەکاندا و ترسی ژنان لە ئاشکراکردنیان حاڵەتەکان دەگەیەنێتە کوشتن، وتی: تەنها ترس لە دڵی ژناندا لەدەستدانی منداڵەکانیانە، وا بیردەکەنەوە نەتوانن منداڵەکانیان بەخێوبکەن، چونکە سەرچاوەی داهاتێکی سەربەخۆیان نییە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد هەرچەن هەوڵ دەدەن بۆ باشکردنی نێوان هاوژینەکان بەڵام زۆرکات ژنان کە هانا بۆ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دەبەن پیاوان هەڕەشایان لێدەکەن، هەر بۆیە کێشەکە گەیشتووەتە سکاڵا و دادگا پاشان جیابوونەوەی لێکەتووەتەوە، لە کۆتایدا وەک ڕێگە چارەسەری ڕائید ڕاز جەختیکردەوە کە هۆشیاری بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا گرنگە، هەروەها پەروەردەی خێزانی و هۆشیاری ناو خێزانەکان بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا تاکی توندوتیژ نەخرێتەوە ناو کۆمەڵگە بەشێکن لە چارەسەرییەکان.