پێگەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق-دا

زمانی کوردی، کە زمانێکی فەرمییە لە دەوڵەتی عێراق و زمانی دایکە بۆ نەتەوەی کورد لەم دەوڵەتەدا، هەوڵ هەیە بۆ پاشخستنی و فەرامۆش کردنی، بە تایبەت لە بواری پەروەردە و فێرکردندا.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- کاتێک باس لە زمانی کوردی دەکەین ئەو زمانەیە کە ئێستا کوردەکان قسەی پێدەکەن، زمانی هەر نەتەوەیەکیش لە مێژووەکەیەوە هاتووە، ٦٠ هه‌زار ساڵ بەر لە ئێستا ئه‌م ناوچەیە‌ی كه‌ ئێستا‌ پێی ده‌ڵێن كوردستان، ئاوه‌دانی و شوێنی حه‌وانەوە و ژیانی کۆمەڵێک مرۆڤ بووه‌ كه‌ زمانێكیشیان بۆ ئاخاوتن هەبووە، زۆربه‌ی مێژووناسانی به‌ناوبانگیش لەو بڕوایەدا‌ن كه‌ كورده‌كانی ئه‌مڕۆ نه‌وه‌ی ماده‌كانن و زمانی کوردیش بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە، بەڵام گرنگە سەرنج بدەین کە زمانی کوردی لە ئێستادا چ پێگەیەکی لە عێراق-دا هەیە؟

 

ئاشکرایە کە دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی، زانستی و لەشکریی قسەکەرانی زمانەکان ڕۆڵێکی دیاریکەر و کاریگەر لە پاراستن و بەهێزکردن، یان لاوازکردن و لەناوبردنی زمانەکان دەبینن، لەم ڕوانگەیەوە، باڵادەستیی نەتەوەی عەرەب لە سەدەکانی ڕابردوودا، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە نوێیەکان، بە واتای زاڵبوونی گێڕانەوی زاڵی ئەو دەوڵەت-نەتەوانەش بوو کە لە ڕاستیدا نوێنەرایەتیی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوە فەرمانڕەواکانی دەکرد، زمانی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە هەڵگری ئایدیۆلۆژییەک بوون و هەن، کە ئامانجە سەرەکییەکەی بەهادان بە دەوڵەت-نەتەوەکە و دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و نەتەوەی کورد بوو، هەروەها خێزان و خوێندنگەکان، دەوڵەت، میدیا، شەقام، کار، زمانی بیانی بۆ بەرزبوونەوەی پلە و پایەی پیشەیی، کاریگەری هەیە.

 

ناچاربوون نەتەوەی کورد و زمانەکەی قبوڵ بکەن

هەرچەندە کە زمانی کوردی لە عێراق، لە ساڵانی ٧٠کاندا پێگەیەکی لانیکەم بۆ خوێندن پێدراوە، بەڵام نەبووە یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی وڵاتەکە، ئەوکاتەی کە  ئاڵوگۆڕە ناوچەیییەکان و دەستوەردانی نێودەوڵەتی و ڕاپەڕینی گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی بەهێز سەریهەڵدا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزەکان ناچار بوون قبووڵی بکەن کە یەکەی سیاسیی نوێ لەناو دەوڵەتی عێراقدا پێکبێت، ئەو یەکە سیاسییە نوێیە کە بووە خاوەنی هەرێمێک وایکرد کولتوور و زمانی کوردی لە وڵاتەکەدا بەرەو پێشبچێت، ئێستا لە ڕووی پێگەوە زمانی کوردی لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا بووەتە زمانی فەرمی.

 

بە پێی ماددەی ٤ی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بەم شێوەیە باسی زمان کراوە:

یەکەم: زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا، مافی سەرجەم عێراقیەکان پارێزراوە لە فێرکردنی ڕۆڵەکانیان بە زمانی دایکیان، یان بە هەر زمانێکی دیکە لە دەزگاکانی فێرکردنی تایبەتدا.

دووەم: سنووری دەستەواژەی زمانی فەرمی دیاریدەکرێت، چۆنیەتی جێبەجێکردنی حوکمی ئەم ماددەیەش بە یاسا ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:

- دەرکردنی ڕۆژنامەی فەرمی بە هەردوو زمان.

-قسەکردن و وتووێژ و دەربڕین لە بوارە فەرمییەکاندا بە هەریەک لە دوو زمانەکە وەک ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران و دادگاکان و کۆنگرە فەرمیەکان.

- داننان بە بەڵگەنامە فەرمیەکان و ئاڵوگۆڕکردنی نامەو دەرکردنی بەڵگەنامە فەرمیەکان بە هەردوو زمان.

- کردنەوەی قوتابخانە بە هەردوو زمانەکە بە پێی یاسا پەروەردەییەکان.

-هەر بوارێکی دیکە کە بنەمای یەکسانی بیگرێتەوە، وەک دراو، ڕەگەزنامە، پول.

 

سێیەم: دامودەزگا فیدڕاڵی فەرمیەکان لە هەرێمی کوردستان هەردوو زمانەکە بەکاردەهێنن.

چوارەم: زمانی سریانی و تورکمانی دوو زمانی فەرمی ترن لەو یەکە ئیداریانەدا کە تیایدا زۆرینەی دانیشتوان پێکدەهێنن.

پێنجەم: هەر هەرێم و پارێزگایەک مافی ئەوەی هەیە زمانێکی ناوخۆیی دیکە بکاتە زمانی فەرمی ئەگەر زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە ڕاپرسیەکی گشتیدا بڕیاریان لەسەردا.

 

هەوڵ بۆ لاوازکردنی زمانی کوردی لە عێراقدا هەیە

ئەو سیاسەتەی کە هەیە بۆ لاوازکردن و سڕینەوەی نەتەوەی کورد، بە شێوەیەکی سەرەکی زمانەکەی کردووەتە ئامانج، دەبینین لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لەمپەر بۆ زمانەکە دروستدەکرێت و بەهۆیەوە کوردەکان سزا دەدرێن، لە عێراقیشدا لە هەرێمی کوردستان کە بە زمانی دایک ئازادی بۆ خوێندن و نووسین و ئاخاوتن هەیە، بەڵام لە عێراقی فیدڕاڵدا کوردەکان هەمیشە ناچارن بە عەرەبی بدوێن، چونکە سیستم و سیاسەت وایکردووە کە عەرەبی فەرمی تربێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمی عێراقن.

 

هەوڵێکی دیکە بۆ لاوازکردنی زمانەکە ئەو بڕیارەی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق، كه‌ له‌ ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا به‌ واژۆی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌زموونه‌كان، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، هەموو ئەو قوتابخانانەی كە خوێندنیان بە زمانی عەرەبییە و بابەتی زمانی كوردی تێیدا دەخوێندرێت، خوێندکار ئەگەر هەر نمرەیەكی له‌ بابه‌تی كوردی هێنابێت، بە كەوتوو بۆی هەژمار ناكرێت، ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەیە بۆ فەرامۆشكردنی زمانی كوردی، كه‌ وادەكات خوێندکار ئەو بابەتە نەخوێنێت و فەرامۆشی بكات، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان وانەی عەرەبی دەخوێندرێت و ئەگەر خوێندکار نمرەی پێویست بەدەست نەهێنێت بە کەوتوو هەژمار دەکرێت.

 

جێی ئاماژەیە، سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە بە فشاری پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عیراق توانیویانە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی هەڵبوەشێننەوە و دەشڵێت: "لە ئێستادا دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، پەروەردەی عێراق ڕایگەیاندووە هەر خوێندکارێک لە زمانی کوردیدا دەرنەچێت ئەوا بە دەرنەچوو هەژمار دەکرێت".

 

هەروەها لابردنی زمانی کوردی لە زۆربەی تابلۆکان لە شاری کەرکوک ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی و ئەمە سیاسەتێکە کە لەسەرخۆ لەسەر زمانی نەتەوەی کورد جێبەجێدەکرێت.

 

زمان ڕێگه‌خۆشکەرە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی تری نەتەوەی کورد و پیادەکردنی ئیدارە خۆجێییەکانی کورد لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە داهاتوودا، چونکە سەرهەڵدان و چالاکبوونی زمانەکان بە واتای سەرهەڵدانی نەتەوەکانە، هەربۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لە جیاتی سیاسەتی پەراوێزخستنی زمانی دایک، کە لەسەر بێپلانی و نەبوونی سیاسەتێکی ڕوونی زمان لە پەروەردە و خوێندن بە کوردی، هاتووەتە ئاراوە، پێویستە وەک پێکهێنێکی سەرەکیی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و ناسنامەی نەتەوەیی لێی بڕوانێ و کار بۆ گەشەپێدانی زمانی نەتەوەیی بکات.